Skip to Content

ئایا لەم وڵاتەدا کەمی سامان کێشەی نادادیە یان سیاسیەکان و سیستەم گەندەڵن ؟.. ‏ن. یاسین لەتیف

ئایا لەم وڵاتەدا کەمی سامان کێشەی نادادیە یان سیاسیەکان و سیستەم گەندەڵن ؟.. ‏ن. یاسین لەتیف

Closed
by ئاب 16, 2026 General, Opinion
image_print


‏هیچ نیشتمانێک لەسەر ئەم زەوییە بێ سەروەت و سامان نییە، هیچ خاکێکیش بە نەزۆکی و بێ ڕزق و بێ سامان دروست نەکراوە. لە هەموو سوچێکی ئەم هەسارەیەدا سەرچاوەو داهات و تواناکان و دەرفەتی ژیان هەن. بەڵام کارەساتەکە هەمیشە لە خاکەکەدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کێ بەڕێوەی دەبات، کێ جڵەوی دەسەڵاتی بە دەستەوەیە . کاتێک کەمینەیەک دەسەڵات و سەروەت و سامان قۆرخ دەکەن، و سەرچاوەکان لە جیاتی تەرخان کردنی بۆخزمەتی مرۆڤ
‏بۆ خزمەتی هەژموون و دەسەڵات و ستەمکاری و تۆقاندنی خەڵک بەکاردێنن، ئەو کاتە نەک تەنها هەژارەکان تەنانەت دەوڵەمەندیش لە نیشتمانی خۆیدا دەبێتە هەژار، و هاووڵاتی لەسەر خاکی خۆی دەبێتە نامۆ. مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی بێئیرادەو زەلیل و کۆیلە ، لەمێژوودا جیهان وەک پارچە کێکێک دەرکەوتووە کە هێزە ڕکابەرەکان دابەشیان کردووە سنوورەکان کێشران، ناوچەکانی نفوز دابەش کران، و ئیمپراتۆریەت و دەوڵەت و نوخبە سیاسی و ئابوورییەکان یەک لە دوای یەک بەسەریدا هاتن.
لە ناو هەر پارچەیەکدا، سیستەم و حاکم هەبوون کە ناوەکانیان جیاواز بوو، بەڵام هەمان پرسیار وەک خۆی مایەوە: کێ خاوەنی سامان و داهات وسەروەتەکەیە؟ و کێ سوودی لێ دەبینێت؟ کاتێک سەروەتی نیشتمانەکان دەبێتە قۆرخی کەمینەیەک و مۆنۆپۆڵی دەکەن بۆ خۆیان و نەوەکانیان و بنەماڵەکانیان ، لە کاتێکدا تەواوی خەڵک لەناو هەژاری و بێکاری و تەنگوچەڵەمەی ژیاندا دەناڵێنن، کێشەکە لە خاکەکەدا نییە، بەڵکو لە شێوازی بەڕێوەبردنی خێروبێرەکانیدایە، لە شێوازی ناڕێکیە لە دابەشکردنیدا و لە غیابی دادپەروەری و لێپرسینەوە و هەلی یەکساندایە لە چەوتیو ناڕێکی سیستەمە سیاسیەکەدایە .

نیشتمان هێندەی پێویستی بە حوکمڕانییەک هەیە کە سەروەت و سامان بکاتە مافی هەموو ڕۆڵەکانی (نەک ئیمتیاز بۆ تاقمێکی کەم)، هێندە کێشەی کەمیی سەرچاوەی نییە. لە کاتێکدا سامان و داهاتی وڵات هێندە زۆرە ئەگەر لە ژێر هەژمونی نوخبەی سیاسی درۆزن و گەندەڵ و فاسد و سۆزانی سیاسی نەبوایە و بە دەستی کەسانێکی دڵسۆزو عاقڵمەند بوایە هیچ کەسێک لەم وڵاتە بێ کارو هەژارو کرێنشین نەئەبوو ، هیچ کەسێک بێبەش نەئەبوو لە چاودێری تەندروستی لە دۆخی نەخۆشکەوتندا ، هیچ کەسێک بێ بەش نەئەبوو لە خوێندنی خۆڕایی ، هیچ کەسێک دوچاری ستەمکاری و چەوساندنەوە نەئەبوو ، هیچ کەسێک کرامەتی نەئەڕوشا بە دەستی کۆمەڵێک مافیاو ستەمکار ، هیچ کەسێک لە وڵاتەکەی خۆی هەڵنەئەهات بۆ وڵاتانی ڕۆژئاواو ونەفرەتی لەو ژیانە نەئەکرد کە لەلایەن کۆمەڵێک چەتە کراوەتە دۆزەخ ، چونکە لەم وڵاتادا مرۆڤ خەونەکانی لە گۆڕ نراوە ، هیواو ئاواتەکاتی سپێراوەتە نادیار ، هەموو ماف و ئازادیەکانی لێ زەود کراوە ، ئومێدو پڕۆژەی بوون و ژیانی لە گۆڕ نراوە بۆیە ڕادەکات بەرەو بە دیهێنانی خەونەکانی ، لای ئەو بە دیهێنانی خەونەکانی لە ئۆرپایە ، لەم ڕۆژانەدا تەنها بە سرنجدان و بینینی ئەو مەشهەدە تراژیدیا کۆچڕەوەیەی لە تیڤیەکانەوە شاهیدی بووین کە لە مەغریبەوە بەرەو ئەسپانیا هەڵدەهاتن دیمەنێکی تراژیدی ئنسانیمان نیشان دەدات ، سینارۆیەکی سیاسی ئابڕوبەرانەمان بۆ دەردەخات لەم سەردەمەدا کە هەموو ئینسانەکان لە دونیای ڕۆژهەڵاتدا خەونەکانیان لە گۆڕنراوە ئەگەر دەرفەت هەبێت هیچ کەسێک لەم دۆزەخانە نامێننەوە ، وەکو کوردستانەکەی لە مەڕ خۆیشمان کە هەزاران گەنجی دڵ پڕ لە هیوا کۆچیان کردو بۆ بە دیهێنانی خەونەکانیان ڕویان کردە ئۆرپا ، بەڵام بە داخەوە چەندین کەسیان لە دەریای ئیجە خنکان ، ئەوان پێیانوابوو خەونی ئەوان لە ئێستادا لە ئۆرپایە ، چونکە مرۆڤەکان لێرە دەبێت نیوەی ژیانی لە ڕیزی بێهودەییدا بوەستێت ڕیزی پووچی بۆ سرەی بەنزین و غازو نەوت و تەنانەت ئەو مووچە کەمەی کە بەشی ژیانی ناکات ، ژیانی مرۆڤ لێرەدا لە لایەن کۆمەڵێک چەتەی سیاسیەوە کراوەتە سەراب و بێمانایی .
کوردستانێک کە لەسەر دەریای نەوت و غازدایە کە چی بۆ بتڵێک غاز چەندین ڕۆژ چاوەڕێ بکەیت و سرەی بۆ بگریت ، لەم وڵاتەی ئێمەدا ٣٣ملیار دۆلار بە ناوی وەهمی قەرزەوە دزراوە بۆ کۆمپانیای سیاسیەکان هەمووی براوەتە ئۆرپا بۆ کۆمەڵێک بنەماڵەی دزو چەتە ، کە چی گەنجەکانی ئەم وڵاتەش بێکارو بێماڵو حاڵن و لە سەر شۆستەکان دەسوڕێنەوە . کەواتە داهاتو سامانی ئەم وڵاتە هاونیشمانیانی ئەم وڵاتە لێی سودمەند نابن تەنها نوخبەیەکی سیاسی دەیدزن .


‏ن. یاسین لەتیف

Previous
Next