شانۆنامەی ڤان کوخ تووشی کۆرۆنا دەبێت.. نیهاد جامی
شانۆنامەیەکی کورتە بریتیە لە کۆمەڵە دیمەنێکی شانۆیی، هەر دیمەنێک گوزارشت لەدنیابینی تابلۆیەکی ڤان کوخ دەکات، دیکۆر بریتیە لە تابلۆیەکی ڤان کوخ، کە بەپێی دیمەنەکان دەست نیشان دەکرێت، روناکیش هەمان تابلۆیە کەبەسەر پانتاییەکەدا پەرش بووە.
بۆ ئەوەی تەواوی شانۆنامەکە وێنەیەکی ڕوون ببەخشێت، هەوڵ ئەدەین هەر دیمەنێک وەک نووسینێکی سەربەخۆ دابنێین، ئەو تابلۆیەش دابنێین کەوا دەیالۆگ و ڕوداوی لەسەر بنیاتنراوە
تابلۆی پەتاتە خۆرەکان
مێزێک لەناوەراستی شانۆ دانراوە، خانەوادەیەک ژمارەیان پێنج کەسە بەدەوری مێزەکە کۆ بوونەتەوە، لەدواوەی شنۆ تابلۆی پەتاتە خۆرەکان نیشان دەدرێت، هەمان تابلۆ بۆتەوە ڕوناکی لەبەرزایی شانۆوە دەدرێت لەخانەوادەکە
کچە مناڵکارەکە: هێشتا ئێمە دەتوانین بجولێین
دایک: دڵخۆشبە کچەکەم ئێمە زیندووین، تابلۆیەک دەمانپارێزێت لەمردن
باوک: ئێمە زیندوو نین، مردوویەکی هەڵواسراوین
کچە مناڵکارەکە: باوکە کەی دەتوانین بچینە دەرەوە، بیری شەقام ئەکەم
داپیرە: “فنجانەکە بۆ دایک درێژ دەکات تاوەکو قاوەی بۆ تێبکات” کچم خواردنەکەت بخۆ، دەرەوە مردنە
کچە مناڵکارەکە: دیسان پەتاتە
باوک: خەڵکانێک ئێستا لەسەر چرپای نەخۆشخانەکان چاوەڕێی مردنن
دایک: ئەو مناڵە چیداوە لەو باسانە
کچە گەورەی ماڵ: ئێمە لێرە دەمێنینەوە، پێویستمان بە چوونە دەرەوە نیە
“هەمووان سەیری دەکەن” دەی وا سەیرم مەکەن، وەک ئەوەی من هۆکاری پەتا ونەخۆشیەکان بم، بەلام ئێستا ئەو ماڵە ئارامترین شوێنە
باوک: حەز ئەکەم بێدەنگ بینەوە، ئێمە زیاتر لە سەد وسی ساڵە قسە ناکەین، هاتینەوە دەنگ بۆ ئەوەی وەک کاتی خۆی بکەوینەوە قسەکردن
کچە مناڵکارەکە: یانی من ئێستا تەمەنم بەرەو سەت و پەنجا ساڵی دەڕوات
دایک: “بەدەم شۆخیەوە” ئەی چی ئێستا تۆ پیر بوویتە
کچە مناڵکارەکە: هەموومان پیر بووین
داپیرە: “فنجانی قاوەکەی بەدەستەوەیە” ئێمە هێشتا دڵمان لێ دەدات
کچە گەورەی ماڵ: من دڵم تەنیا بۆ نیگارکێشێک لێ دەدات
کچە مناڵکارەکە: رەنگە ئێستا ئەو شێتە، بەدەم پەتاوە چاوەروانی پیربوونی خۆی بکات
کچە گەورەی ماڵ: بەسە بێدەنگ بە، دەنا دەزانم چۆن لەکاتی خەو ئەترسێنم
کچە مناڵکارەکە: باوکە پێی بڵێ با شەو نەمترسێنێت
باوک: “دەست بەسەری کچەکەیدا دێنێت و هەڵدەستێتەوە، هەندێک پەتاتەی پاشماوەی ژنەکەی بۆ خۆی تێ دەکات” کەس ناتوانێت کچی من بترسێنێت
دایک: هەست ئەکەم دڵم لێ نادات، دەمەوێت بمرم
داپیرە: هەموو شتێک ڕەنگی قوڕی گرتووە
باوک: من هیچ نابینم “وەک کوێرێک دەست دەکوتێت تا بچێتەوە شوێنەکەی خۆی دابنیشێت”
کچە گەورەی ماڵ: مەسیحی پیرۆز فریامان بکەوە، دڵمان نەمرێت
کچە مناڵکارەکە: باوکە ئەترسم شتێک بڵێ، ئێوە بۆ ناجولێن، باوکە! “هەڵدەستێتەوە لەشوێنی خۆی تا بزانێت کەس جولە دەکات، نائومێد دەبێت و بێدەنگ لەشوێنی خۆی دادەنیشێت، هەمان تابلۆی دواوەی شانۆ بەرجەستە دەکەن، ئەو تابلۆیە تێکەڵی مۆسیقای دواخوانی مەسیحی مۆزارت دەبێت.
تابلۆی چاوگەرمکردن
دنیای سەر شانۆ یەک پارچە زەرداییە، ئەویش بەهۆی تابلۆکە و ڕوناکیەکەوە، ڤان کوخ وئۆگستینا پاڵکەوتوون، ڤان کوخ لەناو دانپیانانەکانیدایە، بۆیە هەست دەکەیت لەهەموو ساتێک زیاتر لەو دیمەنەدا هەست بە ئارامی دەروونی دەکات، تەنانەت لەڕووی دەربڕینی دەیالۆگیشەوە هێمنترە لەچاو دیمەنەکانیتر.
ئۆگستینا: کەوابێت هیچ خەونێک لەسەر پالێتی ڕەنگی تۆ بۆ من ناچێنرێت
ڤان کوخ: من ڕەنگم نیە، خۆم ڕەنگم، کە خۆشم ڕەنگ بووم، ناتوانم ببم بە پالێتێک بۆ هەڵکۆلینی تۆ
ئۆگستینا: ئەوەیە عەشق لای تۆ؟
ڤان کوخ: من ئەوەم لای عەشق، نەک عەشق ئەوە بێت لای من، ئەوەم کە گوێچکەیەکم دەبڕم بۆ تۆ، بەڵام تۆ کێیت؟ ئەوەیان نازانم، هیچ کام لەئێمە عەشق نین، بەڵکو ئێمە لای عەشقین نەک خودی عەشقەکە بین.
ئۆگستینا: ئەوە شێتیە کە بەرەو کۆتاییمان دەبات
ڤان کوخ: کۆتایی نیە تەنیا مردنی پەیوەندیەکە، وەک لەبارچوونی مناڵێک، کامەیان بۆ تۆ گرنگترە؟ بۆ من سوتاندنی تابلۆیەک بەئازارترە لە گوێ بڕینێک بۆ پەیوەندیی.
ئۆگستینا: ئەوە لوتکەی شێتی تۆیە
ڤان کوخ: مەگەر لەتابلۆیەکی مندا تۆ عەقڵت بینی بێت، یاخود ڕەنگێک هەبێت بۆ عەقڵ
ئۆگستینا: هەست ناکەیت تۆ شەرمەزاری بۆ خۆشەویستی؟
ڤان کوخ: هەمیشە لەهاتنە دەرەوەی چیرۆکەکان شەرمەزاریەکان بۆ منن، لەکاتێکدا ئەوەی ئێوە وەک شەرمەزاری دەیبینن، من وەک خۆشەویستی بۆ هونەر سەیری دەکەم، ئێوە ئەوەیتر نابینن، چونکە لەو کاتەدا تەنیا ژیانی پێکەوەییتان بەلاوە مەبەستە.
ئۆگستینا: مرۆڤێک نەتوانێت پارێزگاری لە عەشقەکەی بکات و بیپارێزێت، چۆن دەتوانێت باس لەخۆشەویستی بۆ هونەر بکات، پیرۆزیی لەکوێدایە؟
ڤان کوخ: ئاخۆ لە کتێبی پیرۆز باس لەوە کراوە؟
ئۆگستینا: ئەوە چ پەیوەندیی بەو کتێبەوە هەیە؟
ڤان کوخ: کەوایە پیرۆزیی شتێکە لە ئاسمانەوە، نەک لەمانەوەی هەمیشەیی پەیوەندیی، من لەوە تێدەگەم عەشق پێویستی بە دڵسۆزی و وەفا هەیە، بەڵام ئەو قسەیە بۆ من هیچ ناگەیەنێت، مەگەر کاتێک هونەرەکە بکوژم و بۆ تۆ بژیم، ئەوەشم هەرگیز پێ ناکرێت.
ئۆگستینا: دەتوانیت هەردووکیان بەیەکەوە بەڕێوە بەریت.
ڤان کوخ: سەیرکە ئۆگستینا من قەشە نیم لێرە کار بکەم و لەئاسمانیش چاوەرێی پادداشت بم، کاتێک هەردووکیانم هەبوو، لەبنەرەتدا نابمە خاوەنی هیچیان.
ئۆگستینا: دڵنیابە جێهێشتنێک جێت دێلم هەموو ژیانم حەسرەتم پێ بخوازیت.
ڤان کوخ: گومانم لەوەدا نیە، بەڵام بیرت نەچێت، تابلۆیەک هەیە تۆ تیایدا هەمیشە وەک بەردەوامی زیندوویت لەمندا
ئۆگستینا: ئەوە تاکە میراتێکە لەشێتێکەوە بەجێ ماوە
ڤان کوخ: هیچ کاتێک ناتوانین عەقڵ بکەینە میرات، ئەوە شێتیە دەبێتە میراتی بەسەرچوو
ئۆگستینا: هەوڵدە شتێکیتر بڵێیت تا دڵنیابم وەک ڕەنگی تابلۆکان دەمێنمەوە.
ڤان کوخ: تۆ لەناو تابلۆکەدایت، نەک لەناو ژیان
ئۆگستینا: تۆش لەدەرەوەی مندایت، نەک لەناوەوەم
“بێ ئاوڕدانەوە دەڕوات و جێی دێلێت، ڤان کوخ دەستی خستۆتە پشت سەری وەک ئەوەی بیر لەشتێک بکاتەوە پەیوەندی بە ڕۆیشتنی ئەو نەبێت بەقەد ئەوەی پەیوەندی بە تابلۆیەکی نوێیەوە هەبێت”
تابلۆی شەوی پڕ ئەستێرە
روناکیەکی شین زاڵ دەبێت بەسەر پانتایی شانۆ، لەقوڵاییدا تەواوی دیمەنەکە تابلۆی شەوی پڕ ئەستێرە داگیری دەکات، مۆسیقای تریفەی مانگی بتهۆڤن دەبیسترێت، لەپیشانگایەکی شێوەکاری دەچێت، چەند کەسێک لەقوڵاییدا دەردەکەون کە سەیری تابلۆکە دەکەن، ئەوان دەمامکیان بەستووە لەترسی نەخۆشی، نواندنی ئەکتەرەکان وەک بەشێکە لەناو تابلۆکەدا، ئەکتەرەکان بەپێی کات دواوەی شانۆکە جێ دێلن تاوەکو بتوانن لەرەهەندێکی دوورترەوە لەتابلۆکە بڕوانن، ڕوناکیش هەمان کەشی تابلۆکەی درووست کردووە
ڤان کوخ: ترسی من لەمردن نەبوو کاتێک خەریکی ئەو کارە بووم
فرۆید: بەڵام نەستی تۆ دەریدەخات تۆ فۆبیای مردنت هەیە
ڤان کوخ: ئەو قسەیە ڕەنگە بۆ دەروونشیکاری تۆ تەواو بێت، بەڵام بۆ ئەو کارەی من قسەیەکی ناتەواوە، کاتێک ئەو کارەم دەکێشا مرۆڤ لەسەرانسەری دنیا بەهۆی نەخۆشیەوە بەلادا دەکەوتن و دەمردن، بەڕادەیەک هەستت دەکرد ژیان بەهایەکی نەماوە
فرۆید: ئەتوانی پێم بڵێی ئەو ڕەنگی شینە داپۆشینی ترس نیە لەشەودا نەبادا بمریت و کەس فریات نەکەوێت
ڤان کوخ: لەماوەی دوانزە مانگدا کە خەریکی ئەو کارە بووم هیچ شەوێک کارم لەو تابلۆیەدا نەکردووە
فرۆید: بەڵام تابلۆکە ناوی شەوی پڕ ئەستێرەیە
ڤان کوخ: ئەوەیە کێشەکە، من لەڕۆژدا کارم دەکرد و شەوم وەک ژیان دەبینی بۆ گەڕانەوەی ڕەنگ، شەوی تاریکم بە شین دەبینی، ئەوە گەڕانەوەی روناکی بوو لەڕێی ئەستێرەکانەوە “دەرواتە لای تابلۆکە” تۆ لێرە بڕوانە ئەو خانووانە ئەو مرۆڤانەی تیا بوو کە نەیاندەتوانی لەماڵەکانیان بێنە دەرەوە
فرۆید: ئەوە زۆر بۆ من گرنگ نیە
ڤان کوخ: بەرێز فرۆید تۆ هەر خۆت بە لارێدا نابەیت، بەڵکو دەتەوێت کتێبێک لەبارەی ڤان کوخ بنووسیت کە من نیم، بەڵام سەرەنجام بۆ من هیچ گرنگیەکی نیە تۆ چ کتێبێک لەو بارەیەوە دەنووسیت
فرۆید: من تەنیا مەبەستمە حەقیقەتی دەروونی تۆ بخەمە ڕوو، کە کەس هێندەی تۆ نەترساوە، ویستوتە لەڕێی رەنگی شینەوە مردن بیر خۆت بەریتەوە
ڤان کوخ: ئەوە رێی تێدەچێت، هەموومان مردن دوور دەخەینەوە، من لەپەنجەرەیەکەوە دەمروانیە ئاسمان تا شەو ببینم، دەمویست ئەستێرەکان لەشەودا بگوازمەوە بۆ ماڵەکان تا بتوانن لەژیان دڵنیابن.. بۆ ئەوەی تاریکی ناو خانووەکانیان ڕۆشن بێتەوە
“لەو کاتەدا فرۆید لەتابلۆکە وورد بۆتەوە و چۆتە سەیرکردنی بەشی خانووەکان”
فرۆید: ئەو گەردەلوولی رەنگە بەسەر خانووەکان هێندەی ترسە نەخۆشی نیە
ڤان کوخ: ئایا تۆ دڵنیایت نەخۆشی و مەرگ بەو ڕادەیە نین؟ ئەتوانی دەمامکەکەت فڕێ بدەیت؟
فرۆید: بەڵام بۆ ئەوە بکەم؟
ڤان کوخ: ترس لەمردن هەڕەشەکردنە لەژیان، من دەمەوێت نیشانی بدەم، تۆ دەتەوێت توێژینەوەکانتی تیا بەرجەستە بکەیت، سەرەنجام ئەوە ئاوێنەیەکە لەڕێی رەنگەوە پێی دەگەمەوە، کەچی تۆ پێویستت بە ساغ کردنەوەی تیۆرە ئامادەکراوەکەتە بەسەر کارەکەمەوە
“رووناکیەکە خەریکە کز دەبێت تاوەکو لەناوەڕاستی شانۆکەدا هەردووکیان دەمێننەوە بەرەو ڕووی تابلۆکە دەچن و لەناو تابلۆکەدا وون دەبن”
تابلۆی بەند کراوەکان
روناکی و دیکۆر پێکەوە بەشداری دەکەن لەکەشێکی تایبەتی ڤان کوخیانە بۆ تابلۆی بەندکراوەکان، کۆمەلە ئەکتەرێک بەدەوری یەکتری لەو زیندانە دەسوڕێنەوە، وێنەی دواوەی شانۆ وێنەی ئەوانە لەزیندانەکەدا، کە هەمان حالەت بەرجەستە دەکات، روناکی کەشێکی خنکێنەرو بێ هیوای درووست کردووە، لەدەرەوەی بازنەی زیندانیەکان، فرۆید لەگەڵ کەسێکیتردا بە دەمامکەوە چاودێریان دەکەن، دەستکێشیان لەدەستە، بەشێوەیەک کە خۆیان دەپارێزن لە نەخۆشی.
زیندانیەکان بەیەکەوە قاچیان بەزەویدا دەکوتن، بێ ئەوەی هیچ بڵێن ئەو دەنگەی هەیە لەڕێگەی قاچەکانیان بەرجەستەی دەکەن، ئێمە لەناو زیندانیەکان ڤان کوخ دەناسینەوە، بەڵام نازانین بۆچی دەستگیر کراوە، وەک چۆن تا وورد بینەوە لەدیمەنەکە تێدەگەین هەموو بەشدارانی تابلۆی پەتاتە خۆرەکان لەو زیندانە بەند کراون، هەروەها هەندێک ەکس لەوێ دەبینین، پێشتر هەرگیز نەمانبینیوون.
ڤان کوخ تەندروستی تەواو نیە، لەپڕ کۆکە و پژمینی ئەو دەپەڕێتەوە بۆ بەشێک لەزیندانیەکانیتر وتێکەڵی دەنگی پاژنەی پێلاوەکانیان دەبێت، فرۆید ئامۆژگاری هاوڕێکەی دەکات ئەوێ جێ بێلن، بە پەلە دەچنە دەرەوەی زیندان.
ڤان کوخ: چیتر ناکرێت ئومێدمان بە دەرەوە بێت
باوک: من دەمەوێت لەماڵەکەی خۆمدا لەباوەشی دایکم بمرم
داپیرە: کوڕم من لێرەم، پێکەوە دەمێنینەوە
کچە مناڵکارەکە: لەڕادیۆ گوێبیست بووم پێویستە لەماڵەوە بمێننەوە “دەگریێت” دادە من دەمەوێت بڕۆمەوە ماڵەوە، ئەوێ ئارامە لەوێبین نامرین
کچە گەورەی ماڵ: “باوەش لەخوشکە بچکۆلەکەی دەدات” ئێرە باشتر بەقوربان ماڵەوە پڕ کراوە لەخێوی ترسناک، لەخانەوادەی ترسنۆکەکان
دایک: کچەکانم هێمن بنەوە، کەمێک دوور بکەونەوە لەو پیاوە شێتە با نەخۆش نەکەون
“کچە گەورەی ماڵ خۆی لە ئامێزی دایک دەردەکات و دایک مناڵە بچکۆلەکەی لەباوەش گرتووە، کچەکە بەرەو لای ڤان کوخ دەڕوات، دەست دەخاتە سەر شانی”
کچە گەورەی ماڵ: هێشتا دڵم بۆ تۆ لێ ئەدات، تا لەم سینەیەدا دڵێک هەبێت لێ بدات، مردن زۆر دوورە لەمن
ڤان کوخ: کە لێرە دەرچووین دەچینە کێلگەی گوڵە بەڕۆژەکان تابلۆیەکت دەکێشم لەنێوان قژی تۆ و گوڵی گوڵە بەرۆژەکان جیاوازی نەکرێت
کچە گەورەی ماڵ: کەسێک ئەو دەرگایە بکاتەوە، لە دەرەوە مەترسن، دەرەوە لێرە ترسناکتر نیە، بە شەقام سزامان بدەن، دەرمانکەن لێرە، سبەینێ وتاری رۆژنامەکانتان بە درۆیەک مەڕازێننەوە مەڵێن گەورەترین هونەرمەند بەو نەخۆشیە مرد.. گە ربمرین نەخۆشی ئێوە دەمانکوژێت، لێمانگەڕێن بڕۆینەوە ماڵەکانمان.
کچە مناڵکارەکە: عەسکەرە ناشیرینەکان دادەم ڕاست ئەکات لێمانگەڕێن بڕۆینەوە ماڵەکانمان
“ئەو دەیالۆگە هەر یەکەو لەشوێنی خۆی دەیلێت، تاوەکو دەنگەکان یەک دەخرێت و لەشێوەی کۆرس بەیەکەوە دەیلێن، دەرگا دەکرێتەوە، بەڵام دیار نیە دەرگاکە لەکوێیە، چونکە تەنیا دەنگی کرانەوەی دەبیستین، لەشێوەی نواندنی سلۆمۆشن هەریەکەی بەلایەکدا دەڕوات، تەنیا ڤان کوخ نەبێت بەرەو ناو تابلۆکەی دواوە دەچێت، لەپڕ هەموو لەسەر شانۆ وون دەبن، دەبینین ڤان کوخ لەدواوەی شانۆ خەریکی نیگار کێشانە، نیگاری ئەو زیندانەو ئەوەی ڕوویدا دەکێشێت، کە تەواو دەبێت، بە حەسرەتێکەوە ئاوڕ لەبینەران دەداتەوە، وەک ئەوەی بانگهێشتیان بکات بۆ بینینی کارەکەی”
تابلۆی ئۆگستینا
“ریستەورانتەکەی ئۆگستینایە، بەڵام کەس لەوێ نیە، تەنیا خۆی دانیشتووە، بەهەمان شێوەی کە لەتابلۆکەی دواوەی شانۆ دەردەکەوێت، جگەرەی بەدەستەوەیە، پەرداخێک بیرەی لەپێشە، ماوەیەک بێدەنگ دەمێنێتەوە، کاتێکیش دەکەوێتە قسەکردن تا ئەو کاتەی هەڵدەستێتەوە، ناجولێت، ئاراستەیەکی دەست نیشان کردووە بۆ قسەکردن”
خەڵکانێک لەزینداندان ئومێدیان بەهاتنە دەرەوە هەیە، تێناگەن دەرەوە زیندانێکە بۆ بەردەمی پەتی سێدارە، کەس رێی ناکەوێتە ئێرە، چاوەروانی کردنی هەر کەسێک هیچ نیە جگە لە بێمانایی، ئەوە منم ژیانی خۆم لێ زیادە، دەبێت بترسین لەو شوێنەی تیایداین ببێتە گۆڕستانمان، بەڵام من بچم بۆ کوێ ئەوەی هەمە هەر ئێرەیە، ماڵ وشوێنی کار، کاتێک پیاوە سەدریە سپیەکان هاتن دەڵێن دایبخە، بە هێمنیەوە دەڵێم، من لەماڵم.. ناتانەوێت لەماڵەوە دانیشم، کەس هەیە لێرە، ئەوە ئێوەن، بەبێ لەدەرگادان خۆتان کردووە بەماڵەکەمدا، ژوورەکەی دواوەیان پێ نێشان ئەدەم کە لێرە ئەخەوم.
“هەڵدەستێتەوە، قومێک لەبیرەکەی بەردەمی ئەدات، سەیری دواوەی ریستەورانتەکەی ئەکات، کورسیەکە هەڵدەگرێت و دەیباتە شوێنێکی تر وەک ئەوەی شوێنەکە بۆ میوان ئامادە بکات، یاخود لیژنەی تەندروستی بێنە ئەوێ، بە دوای ئەوە مێزە بچکۆلە بازنەییەکەی بەردەمی کورسیەکەی بیرەکەی لەپێش بوو لە سوچێکیتر دایدەنێت، خۆشی لەشوێنێکیتر تەماشایان دەکات، کە لەگەڵ کورسی ومێزەکە سێگۆشەیەکیان درووست کردووە”
“کچە گەورەی ماڵ خۆی دەکات بە ریستەورانتەکە، دەچێت لەسەر کورسیەکە دادەنیشێت و قاچ دەخاتە سەر قاچ و بە پەنجەیەک ئاماژە بۆ ژنەکە دەکات کە بچێت بەلایەوە”
ئۆگستینا: “بە فیز وبێزاریەوە” بەڵێ
کچە گەورەی ماڵ: پێکێک شەرابی سوور
ئۆگستینا: نیە.. نیمانە، تەنیا ڤایرۆس هەیە، بۆت بێنم
کچە گەورەی ماڵ: وی چەند ترسناکیت
ئۆگستینا: هەڵسە .. هەڵسە تا داخی دنیام بەتۆ دەرنەکردووە
کچە گەورەی ماڵ: زۆر بێ ئەتەکێتی
ئۆگستینا: هەستە هەی ىی ئەتەگ
کچە گەورەی ماڵ: سۆری ناتوانم، دەزگیرانەکەم ئێستا دێت
ئۆگستینا: لەوە ناچێت تۆ خەلکی ئەم شارە بیت
کچە گەورەی ماڵ: وایە گیانەکەم، من دۆستی ڤان کوخم، کچی ڕەنگم
ئۆگستینا: چی؟ وتت چی؟ کا بی لێرەوە تا بتکەم بە دوو کەرت
کچە گەورەی ماڵ: چیە ئەترسم حەزت لێی کردبێت، ئەو بیر لەکەسانی لەجۆری تۆ ناکاتەوە
ئۆگستینا: وایە گیانەکەم، لەوە دەچێت تۆ زۆر شارەزای هونەر بیت، بۆیە بیر لەتۆ ئەکاتەوە
کچە گەورەی ماڵ: ئۆی مەدام من نیگار ناکێشم، بەڵام شێوەکاران بەهۆی سەلیقەو جوانبینیم شەیدام بوونە
ئۆگستینا: دەتوانی سەیری ئەو تابلۆیە بکەیت، ئەوە گەنجێک کێشاویەتی، بەخەیاڵی منەوە کێشاویەتی، بزانم کارەکەی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
کچە گەورەی ماڵ” “لەشوێنی خۆی هەڵدەستێتەوە، بە لەخۆبایی بوونەوە کەمێک لەتابلۆکە دەچێتە پێشەوە، زۆر خراپ پۆرترێتی تۆی کێشاوە، چرچەکانی ڕووخسارتی نەشاردۆتەوە
ئۆگستینا: ئۆی سوپاس یانی زۆر شارەزا نیە وانیە
کچە گەورەی ماڵ: بمبورە، بەڵام ئەوە ڕاستیەکەیە
ئۆگستینا: وایە ئەو کەسەی کێشاویەتی، لەوە دەچێت زۆر بێ بەهرە بێت، ئەوە کاری دەزگیرانە نوێیەکەی تۆیە
“لەم قسانەدا ڤان کوخ دێتە ژوورەوە”
ڤان کوخ: خانمە جوانەکان رۆژێکی دوور لەنەخۆشیتان باش
ئۆگستینا: ئۆ ڤینسینت! رۆژێکی باش بۆ تۆش
کچە گەورەکەی ماڵ: گیانەکەم ئەوە چیە گوێت لێ بوو ئەو ژنە گالتەی پێت دەکرد، دەیوت ئەو تابلۆ خراپە تۆ کێشاوتە
ئۆگستینا: نەموت خراپ، ئەوە بە عەشقەوە کێشاویەتی، تۆیت هێندە خۆپەرستیت بەس خۆت ئەبینیت
ڤان کوخ: خۆشەویستی لەچارەنوسی مندا نیە، کەسانی وەکو من گرفتە دەروونیەکانی گیرۆدەی تەنیایی کردووە.
ئۆگستینا” “ڕوو دەکاتە کچە گەورەی ماڵ” خۆ گوێت لێ بوو یانی پێش هاتنی کۆرۆنا بۆ سەر دڵی فت ئەکرێی
کچە گەورەکەی ماڵ: گیانەکەم شتێک بڵێ
ڤان کوخ: باشتر وایە بڕۆین بۆ کێلگەی گوڵە بەڕۆژەکان
ئۆگستینا: دانیشن بۆ خۆتان لێرە، دەرەوە هەمووی نەخۆشیە، بڕوا مەکەن بگەن بەوێ دەستگیر دەکرێن
کچە گەورەی ماڵ: جا تۆ بۆ خەمی ئێمەتە، خۆمان ئەزانین چی ئەکەین پێویستمان بەتۆ نیە ئامۆژگاریمان بکەیت، فەرموو با بڕۆین گیانەکەم
“قۆڵ دەکات بەقۆڵی ڤان کوخ ولەوێ دەردەچن”
ئۆگستینا: “بێدەنگ لێیان دەڕوانێت، بەدوای هەنگاوەکانیان دەڕوات، لەگەڵ دەرچوونیان ئاوڕ لەتابلۆکەی خۆی دەداتەوە” هیوای خێراترین هەڵامەت و کۆکە و چاو سووربوون وتەنگ بوونی هەناسەتان بۆ دەخوازم
کێلگەی گولە بەرۆژەکان
دواوەی شانۆ تابلۆی کێلگەی گولەبەرۆژەکان داگیری کردووە، دەنگی قەڵە ڕەش دەبیسترێت، تابلۆکە بۆ بەرزایی ئاسمان دەڕوات و لەوێشەوە تێکەڵی ڕوناکی دەبێت، روناکیش بە تۆنی هەمان تابلۆ بڵاو بۆتەوە،کچەگەورەی ماڵ ئاسودەیی خۆی دەخاتە ڕوو بەهۆی بوونی لەکێلگەی گوڵە بەڕۆژەکان، ئەوەش لەڕێگەی دەستدان لەشوێن وتاو نا تاوێک نزیک بوونەوە لە ڤان کوخ کە خەریکی نیگارکێشانی کچەیە هەردووکیان دڵخۆشی خۆیان دەخەنە ڕوو، بەلام ڤان کوخ بەهۆی نیگارکێشانەوە کەمتر کاردانەوەی دەبێت، هەندێک جار لێی نزیک دەبێتەوە تا بەو شێوەیەی دەیەوێت ڕایبگرێت، وەک خۆ توڕەکردن لە مناڵێک ئاوا سەرکۆنەی دەکات کە لەشوێنی خۆی نەجولێت، سەرەنجام تابلۆکە لەسەر ستاندەکە دادەگرێت ولێی وورد دەبێتەوە ولەسەر چۆکەکانی بەرامبەر بینەران دادەنیشێت و کچەش بەرەو لای دێت تاوێک لەپشتیەوە دەوەستێت و سەیری تابلۆکە دەکات، دواتر بەتەنیشتیەوە دادەنیشێت، لەگەڵ ئەودا سەیری تابلۆکە دەکات
ڤان کوخ: جوانی دەستگیر ناکرێت، تەنیا کاتێک نەبێت کە خۆی فڕیدەداتە ناو ڕەنگ و ئەو کاتە تێدەگەین ئەوە فڵچە نیە نیگاری دەکێشێت، بەڵکو قژی کچێکە کە دەیەوێت لەناو ڕەنگدا خۆی نیگا بکات
کچە گەورەی ماڵ: من و گوڵە بەڕۆژەکان بە ئاستێک تێکەڵ بووینە ناناسرێینەوە
ڤان کوخ: سرووشت وژن دوانەیەکن ناتوانین لەیەکیان جیا بکەینەوە، ئەوە وا دەکات پێکەوە ببن بە تابلۆ
کچە گەورەی ماڵ: خەڵکی بۆ ناتوانن وەک تۆ سەیری ژن بکەن
ڤان کوخ: هەمووان سەیر دەکەن، بەڵام نیگاکانمان لەیەکتر ناچن
کچە گەورەی ماڵ: کەس لەتۆ ناچێت
ڤان کوخ: تۆنێک هەیە لەنێوان گوڵە بەرۆژەکان و ناوەوەی تۆ، ئەوە بۆ خەڵک نائومێدیە، بۆ من جوانیە
کچە گەورەی ماڵ: دەی هەر ئەوەیە نایەلێت تۆ تەنیا پیاوێک بێت، نا گەر خەڵکی لەگۆشت و خوێن بن، تۆ لەڕەنگ و تابلۆیت
ڤان کوخ: هەوڵدە هیچ کاتێک ئەو قسەیە فەرامۆش مەکە، تەنانەت لەساتی توڕەبونیشدا
کچە گەورەی ماڵ: رۆژێک نیە لەمندا بۆ توڕە بونی تۆ
ڤان کوخ: زۆر خۆت وابەستەی من مەکە، من نابم بەهی هیچ ژنێک
کچە گەورەی ماڵ: بەپێی رۆژەکان وات لێدەکەم، من بکەیت ب ەتابلۆیەکی هەمیشەیی کە لەنیگار کێشانم تەواو نەبیت و هەمیشە کاری تیا بکەیتەوە
ڤان کوخ: سەختە جوانیەک هەبێت ناتەواو بێت و تەواو نەبێت، گەر ژیان وا بوایە، ئەو کات پێویستمان بە هونەر نەدەبوو
کچە گەورەی ماڵ: بەپێچەوانەوە ئەوە وا دەکات هونەر پێویستیەک بێت
“ڤان کوخ سەیری دەکات، سەرەتا لەتۆ نەدەگەیشتم و بۆ من سەخت بوو تێگەیشتن لەتۆ، ئێستا شتەکان زۆر ئاسانن شێتی تاکە شتێکە لەسەر خوانی تابلۆیەک کۆمان دەکاتەوە، هەردووکیان دەست دەکەن بە پێکەنین، ڤان کوخ تابلۆکە هەلدەگرێت و کەرەستەکانی کۆ دەکاتەوە، کچەش هەلدەستێت تا بەیەکەوە بڕۆن، هێشتا تەواو خۆیان کۆ نەکردۆتەوە، روناکی تابلۆکە رەنگی بەرەو کز بوون دەچێت تا تەواو تاریک دادێت، تەنیا گوێمان لەدەنگی قەڵەڕەشەکانە کە لەناو تاریکیەکەدان
تابلۆی شەقامێک لەئاوڤێ
لەدواوەی شانۆ تابلۆی شەقامێک لە ئاوڤێ دەردەکەوێت، دەنگی باران دێت، دوو کچ لەلای چەپ دەبینرێن، ئەوانە هەردوو کچە گەورە و بچوکەکەی ناو تابلۆی پەتاتە خۆرەکانن، لەدواوەی شانۆکە چاومان بە باوکیان ئەکەوێت، تەواو پیر بووە و چاوەکانی لەدەست داوە، بە گۆچانەوە ڕێ دەکات، لەناوەڕاستی ڕێگاکەش دوو ژن دەبینین بەرەو لای باوک دەڕۆن، ئەو دوو ژنە دایک و داپیری خوشکەکانن، بەڵام سیمایان ناچێتەوە سەر ئەو کاتەی لەتابلۆی پەتاتە خۆرەکان ئەوانمان بینی، بەڵکو هەردووکیان زۆر گەنجتر دێنە بەرچاو، ئەو دیمەنە تێکەڵەیەکی زەمەنیە و زیاتر لە خەونێکی فرۆیدیانە دەچێت، بەوەی خوشکەکان لەناو زەمەنی ئێستادان، باوک کەوتۆتە زەمەنی ئایندە و پێشبینی بۆ داهاتووی دەکرێت وای بەسەر بێت، دایک و داپیر گەڕانەوەیە بۆ ناو زەمەنی یادەوەری، زەمەنی هێشتا دایک شووی بە باوک نەکردووە.
دایک: دایکە ئەوە ئەو کوڕەیە کە دەمەوێت شووی پێ بکەم
داپیرە: گەنجێکی قۆز دیارە، وا بکە خێرا مناڵتان ببێت، پیاوان لەو ڕۆژگارەدا متمانەیان پێ ناکرێت، نەبادا وازت لێ بێنێت.
دایک: حەز ئەکەم دوو کچمان هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ خەمی ئەوەت نەبێت، پیاوێکی ڕاستگۆیە، هەر بەڕاستی عاشقم بووە، تاکە کێشەی ئەوەیە کە توڕە دەبێت، قسەی لەگەڵ ناکرێت، ئەو دەمەی هێمنیش دەبێتەوە وەک مناڵ دەگریێت و داوای لێبووردنم لێ دەکات
داپیرە: هەموویان وان خێرا هەڵدەچن، زووش پەشیمان دەبنەوە، باوکیشت هەر وابوو،
دایک: دایکە پێم ناخۆشە خراپ باسی باوکم بکەیت، ئەو تۆی زۆر خۆش ئەویست
داپیرە: ئەی ئەو گەنجەش تۆی خۆش ناوێت
“سەیری یەکتر دەکەن و دەیدەنە قاقای پێکەنین، لەو کاتەدا باوک گەیشتۆتە بەردەمیان”
دایک: گیانەکەم ئەوە دایکمە
باوک: “دەستی ماچ ئەکات” خۆشحاڵم خانم گیان، بەو ئومێدەی لەم نزیکانە زیاتر یەکتر ببینین.
داپیرە: بەدڵنیاییەوە هەر کەی سەردانتان کردین دەرگای ماڵ بۆ ئێوە کراوەیە، دەی مناڵەکان من کارم هەیە دەڕۆم.
“داپیرە جێیان دێلێت، خوشکەکان چاودێری ئەو دیمەنە دەکەن، بەرەو لای دایک و باوکیان دەڕۆن، لەکاتێکدا باوک خەریکی گۆڕینەوەی هەستی خۆشەویستیە لەگەڵ دایکدا و باوەشێک گوڵی پێشکەش کردووە، یەکێک لە گوڵەکان دەدات لەقژی”
کچە مناڵکارەکە: دایکە “ڕووی لەدایکیەتی”
دایک” چی؟ دایکە؟ ئێوە تێکچوونە من دایکتان نیم
کچە گەورەی ماڵ” باوکە “ڕووی لەباوکیەتی”
باوک: کچینە ئێوە کێن؟ ئێمە مناڵمان نیە، دایک وباوکی ئێوە نین
کچە مناڵکارەکە: هەر ئەوەندەیە خۆشەویستیەکەت، ئاوا من کچە جوانەکەی باوکمم
باوک: “بەپێکەنینەوە” ئێوە شۆخیمان لەگەڵ دەکەن، کێ ئەو بەزمەی ناوەتەوە
کچە گەورەی ماڵ: خەڵکی لەشەقامەکان ئەمرن، نەخۆشی ناو ماڵەکانیشی گرتۆتەوە، وا باشتر نەبوو لەماڵەوە بوونایە، نەک ئاوا خۆتان شێت کردووە کە مناڵەکانی خۆتان ناناسنەوە
دایک: گوێبگرە کچەکە خەریکە خراپ سنوری خۆت دەبەزێنیت
کچە منالکارەکە” “بۆ خوشکەکەی” دادە وایە دەبێت بەڕێزەوە لەگەڵ دایە قسە بکەیت
باوک: دایە دایەتان لەچیە، ئێوە شێت بوونە
کچە گەورەی ماڵ: خەڵکی مناڵی شێت بێت لەشەقام دەڵێت مناڵەکەم بلیمەتە وەک بیکاسۆ
کچە منالکارەکە: ئێوەش بە ئێمە دەڵێن شێت، ئەی ئەوە داپیرە چوو بۆ کوێ؟
دایک: بووەستن، دەزانم تەواو پەستم دەکەن، بەڵام قەینا، ئێستە ئێوە پێتان وایە ئێمە دایک و باوکی ئێوەین؟
کچە مناڵکارەکە: بەدڵنیاییەوە
کچە گەورەی ماڵ: باوکە ئەو تەمسیلە خراپە چیە ئەیکەیت، ئەو شەبقە و گۆچانە چیە، خۆ یەکجار وا پیر نەبوویت، ئەی تۆ دایکە ئەو ئارایشتە گەنجانەیە کەی لەگەڵ تەمەنت گونجاوە
دایک: ئێوە بووەستن وتتان من دایکی ئێوەم وانیە
کچە مناڵکارەکە: نا بەڵکو ئێمە مناڵی تۆین
دایک: ئۆف خوایە ئەوانە شێتم ئەکەن، باشە قەینا بەڵام چۆن دەبێت دایکتان بم و هاوتەمەنی ئێوە بم
کچە گەورەی ماڵ: وااای دایکمان چەند ناسک بۆتەوە ئەلێی تازە بیست وپێنج ساڵە تەمەنی
کچە گەورەی ماڵ: چیتە دایکە، عەقڵت لای خۆت نەماوە
دایک: گوێبگرە خاتوون تا ئێرە ڕێزم گرتی لێرەوە بەسە
“لەو کاتەدا دەبینن باوک بەهێمنی لەوان دوور کەوتۆتەوە، چونکە چۆتەوە سەر ئاستە زەمەنیەکەی خۆی وەک کوێرێک ڕەفتار دەکات”
دایک: دەلاچن ناخۆشتان کرد “پاڵ بەکچەگەورەکەیەوە دەنێت و بەرەو لای هاوسەرەکەی دەڕوات” چیە گیانەکەم بێزار بوویت
باوک: تۆ کێیت؟
دایک: هەقی خۆتە ئەو دوو ژنە شێتیان کردین
کچە مناڵکارەکە: “دەچێتە بەردەمی باوکی” باوکە سەیری چاوەکانم بکە
باوک: دەنگت ڕێک دەچێتەوە سەر دەنگی کچە بچکۆلەکەم
کچە گەورەی ماڵ: لەخوا بەزیاد بێت خەریکە هۆشتان دێتەوە بەر
دایک: من لەهیچ شتێک تێناگەم، “بۆ باوک” کچی چی، تۆ کەی ژنت هێناوە تا کچت هەبێت
باوک: لەوە دەچێت خەون ببینم، تۆش لێرەیت گیانەکەم
کچە گەورەی ماڵ: با ئەو تەمسیلە بەرینەوە ماڵەوە لەگەل داپیرە لەوێ تەواوی بکەین
باوک: ماڵ؟ ئەتوانین بچینەوە شوێنێک ماڵ بێت
کچە مناڵکارەکە: باوکە خەڵکی لەماڵەوە دەرناچێت، ئەوە ئێمەین ماڵەکانمان جێ هێشتوەو هاتووین قسەکانمان لەشەقام بکەین
کچە گەورەی ماڵ: باوکە قسە بۆ تۆ ئەکەین
کچە مناڵکارەکە: باوکە تخوا سەیرم بکە
باوک: خۆزگە کچەکانم، خۆزگە بمتوانیبا سەیرتان بکەم، بیست ساڵ زیاترە من کوێر بوومە چۆن سەیرتان بکەم
دایک: من لەهیچ شتێک تێناگەم، پێویستمان بە پزیشکی دەروونیە پێمان بڵێت هەموو ئەوانە خەونن و هیچیتر
باوک: کچم کوا دایکتان؟
کچە مناڵکارەکە: ئەوەتا
باوک: دەستی بخەرە دەستمەوە
“کچە مناڵکارەکە، دەستی دایک دەخاتە دەستی باوکەوە”
باوک: هێشتا هەمان گەرمی دەبەخشیت بە ڕۆحم، من لەتۆ تێدەگەم، ئەگەر ساڵەکان منیان کوێر کردوو، مناڵەکانیان بەگەنجی هێشتەوە، نیگەران مەبە، کە تۆش بوویت بەقوربانی ساڵەکان و عەقڵت لەدەستدا، گرنگ ئێمە ماڵێک هەبێت بچینەوە ئەوێ.. کچینە ئێوە ووتان ماڵمان هەیە وانیە؟
کچە مناڵکارەکە: بەڵێ باوکە
باوک: لەدایکتان توڕە مەبن، تکایە بمانبەنەوە ماڵەوە
کچە گەورەی ماڵ: فەرموون
“کچە بچکۆلەکە دەستی باوکی گرتووە، کچە گەورەش قۆڵ دەکات بە قۆڵی دایکی، ئەو ڕێگایە دەگرن کە شوێنەکە دەچێتەوە سەر کۆڵانی ئەودیوو، ئەوان لەبەرچاو وون دەبن، ڕوناکی دەکوژێتەوە، بۆ ماوەیەک تەنیا تابلۆکەی ڤان کوخ دیارە و هیچیتر”
تابلۆی بالکۆنی قاوەخانەیەک لەشەودا
قاوەخانەیەک باگراوندی دواوەی شانۆکەیە، لەبالکۆنی قاوەخانەکەش خەڵکانێکی کەم دەبینرێن، چرایەکی زەرد بالکۆنەکە و حەوشی قاوەخانەکەی ڕۆشن کردۆتەوە، هەموو ووردەکاریەک لەبارەی شۆستە وبەشی سەرەوەی خانووەکان، دەرکەوتنی درەخت و دیمەنی شەو وەک ئەوەی لە تابلۆکەی ڤان کوخ نیشان دراوە، لەو دیمەنەی دواوەی شانۆ نیشان دەدرێت، لەپێشەوەی شانۆکەدا هەوڵ دراوە بەشێکی ئەو وێنەیە بەرجەستە بکرێت، لەڕێگەی کەشێک کە کورسی ومێزەکان وڕوناکی سەرەوە کە هەمان تابلۆیە لەو هەیوانە دەدات، خەلکانێکی کەم لەسەر کورسیەکان دانیشتوون، هەندێک لەکورسیەکانیش لەوە دەچێت بەهۆی درەنگی کاتەوە، خەڵکانێک چۆلیان کردبێت.
لەسووچێکی قاوەخانەکەدا، فرۆید بەتەنیا دانیشتووە، خەریکی خوێندنەوەی کتێبە، لە ووشەکان وورد دەبێتەوە، سەری لەسەر کتێبەکە هەڵدەگرێت، هەندێک تێبینی تۆمار دەکات بەهۆی ئەو ڕۆژمێرەی لەسەر مێزەکەی بەردەمی دانراوە، کە قەڵەمێک وفنجانێک قاوەو پەرداخێک ئاوی لەسەر دانراوە، لەگەڵ تۆمار کردنی تێبینیەکانی دەکەوێتە قسەکردن، دەیەوێت ئەو دیمەنەی پێشوو شی بکاتەوە، لە ئاستی زەمەنیەوە بیباتە ناو تیۆرە تایبەتیەکەی خۆیەوە.
فرۆید: کۆکردنەوەی زەمەنەکانی ڕابردوو لەگەڵ ئێستا و داهاتوو، تێگەیشتنە لە کەسێتی ڤان کوخ، ئەوەش تێگەیشتنی دەروونشیکاریە بۆ کەسێتی، کاتێک باوک لەتابلۆکەدا وەک پیرێکی کوێر دەخەینە ڕوو، کەوا بوونی ئەوە لە ئایندەدا، ئەوە بەرزە منی کارەکتەرە، کە ڤان کوخ لەخۆیدا بەرجەستەی کردووە، وێنەیەک لەئایندەدا بۆ خۆی وێنای دەکات، ئەو وێنەیە تەماهی دەکات لەگەڵ ئارەزوو لەڕێگەی رابردووەوە، کاتێک لەگەڵ دەزگیرانەکەی لەگەنجیدا ژوان ساز دەکەن، ئەو دەمەی دەزگیرانەکەی لەگەڵ دایکیدایە، ئەو ساتە بۆ ئارەزوو پەیوەندیکردنەوەیە لەتەک بەرزە مندا، لەنێوان ڕابردوو لەگەڵ ئایندەدا.
“کاتێک ئەو دەیالۆگانە دەڵێت، هەمیشە سەر بەرز دەکاتەوەو لەبەر خۆی قسە دەکات و دەینووسێت، هەندێکجار بیر دەکاتەوە، هێل بەسەر ووشەکاندا دێنێت، کاتێک هەست بە ناتەواوی بۆچوونەکەی دەکات، لەپڕ وەک ئەوەی شتێکی گرنگی بکەوێتە خەیاڵ”
من وەک خود لەڕێی کچەکانیەوە بەرجەستە دەبێت، کە ساتەوەختی دەروونێکی کامل و تەندرووستە، ئەویش دەبێتەوە خاڵی پەیوەندی ئێستا بەدوو زەمەنەکەی ڕابردوو، کۆی ئەو سێ زەمەنە لەنێوان ئارەزوو و من و بەرزە مندا، وێنەیەکی ڕوونی ڤان کوخ دەخاتە ڕوو لەناو کارە شێوەکاریەکانیدا
“لەو کاتەدا قاوەخانەکە تەواو چۆل بووەو تەنیا فرۆید لەوێ ماوە، لەوە دەچێت شەو بەتەواوی باوەش بە بەرەبەیان بکات، نیگای دەچێتە سەر کورسیە بەتاڵەکان، کتێبەکەی دادەخات، ئاو دەخواتەوەو رۆژمێرو قەڵەمەکەی هەڵدەگرێت و دەیخاتە گیرفانی پاڵتۆکەی کە بەتەنیشت خۆی هەڵواسراوە، هەڵدەستێتەوە.. بۆ ئەوەی قاوەخانەکە بەجێ بێلێت، دیمەنی دواوەی شانۆ کە تابلۆکەی ڤان کوخە، بەتەواوی دیار نامێنێت، دەبێتە پانتاییەکی تاریک، ڕوناکی سەر شانۆش کز دەبێت، پەستیەک بەتەواوی ڕووی فرۆیدی داگیر کردووە، سەیرێکی ئاسمان دەکات، بە پەستیەوە قاوەخانەکە بەجێ دێلێت”
تابلۆی ژووری نووستنی ڤان کوخ
لەدواوەی شانۆ ژوورەکەی نیشان دەدرێت، تەواوی کەل وپەلی ژوورەکەی وەکو چرپای نووستن ودوو کورسی ومێزێک و خاولی و چەند وێنەیەکی هەڵواسراو، لەلای چەپ دەرگایەک هەیە و لەدواوەی ژوورەکەش ئەو پەنجەرەیەش دەبینین کە دەڕوانێتە دەرەوە، هەمان وێنەلەسەر شانۆ دەردەکەوێت، کورسیەکەی تەنیشت چرپاکە ئۆگستینا لەسەری دانیشتووە، لە ڤان کوخ دەڕوانێت، کەوا لەناو پێخەفەکەیدا دانیشتووە، مێزەکەش دەکرێتەوە هەمان پەتاتە خۆرەکان، وەک ئەوەی دەسپێکی نمایشەکە بێت، کورسی لای دەرگاکەش فرۆید لەسەری دانیشتووە هەموو نیگایەکی چڕ کردۆتەوە سەر ڤان کوخ، وەک ئەوەی دوا تێبینیەکانی لەزهنی خۆی تۆمار بکات، هەر هەموویان دەمامکیان بەستووە و دەستکێشیان لەدەستە.
ئۆگستینا: کاتێک سێبەر نەخۆش دەکەوێت، ڕەنگ تاریک دەبێت، من لەناو تابلۆکەدا پیر دەبم
ڤان کوخ: هێشتا کەمێک جوانی بەبەر ئەو ژیانەوە مابێت لەناو فیگوری تۆیە لەو تابلۆیەدا
ئۆگستینا: ئێمە ژیانێکمان نەماوە لەوەی ژیاین، گەر ژیانێک بوونی مابێت، تەنیا لەو ساتەوە دەست پێدەکات، کە تۆ نیگارت کێشاوین
ڤان کوخ: ویستم جوانیەک شاراوەیە نابینرێت ئەوانە نیشان بدەمەوە، ئۆگستینا.. تۆ لەوە باش تێدەگەیت، کە من لەژیاندا عەشق هاوڕێم نەبوو، سەفەرێک هەبوو هەمیشە دەیبردم بۆ ئەوەی دنیای پێ ڕەنگ بکەمەوە، من عاشق نەبووم، کەچی چێژێکی زۆرم لە عەشق دەبینی، تۆ ڕاست ئەکەیت بەدوای تابلۆکان مرۆڤەکان دەچنە ناو ژیانێکی ترەوە، عەشق تا ئەو شوێنە بوو کە وێنەکە نەکێشراوە، دوای ئەوە هەموو شتێک تەواو دەبوو.
ئۆگستینا: من لەتابلۆکەی خۆمەوە لەوە تێدەگەم، عەشقی تۆ بۆ من تا ئەو کاتە بوو کە تابلۆکە کێشرا.
ڤان کوخ: تۆ دەتویست دوای تابلۆکەش عەشقەکە بەردەوام بێت؟
ئۆگستینا: نەک بەردەوام، بەڵکو بڕوام وابوو ئەوە پەیمانێک و دیاریەکە بۆ نەمریی.
ڤان کوخ: بەڵام ڕێک وایە، کێشەکە لەچۆنیەتی تێگەیشتنە بۆ نەمریی، تۆ ویستوتە نەمریی دیل بکەیت لە خانویەکدا، لەکاتێکدا هونەر دیل ناکرێت، موڵکی هەمووانە، دەبێت لەپانتاییەکی ئازاد بژیێت.
ئۆگستینا: ئێستا باش لەوە تێدەگەم “سەیری پەتاتە خۆرەکان دەکات” بەڵام کەسانێک هەن ئێستاش لەوە تێناگەن “سەیری فرۆید دەکات” وەک ئەوەی کەسانێک هەن دەیانەوێت لەناو دەرونشیکاری ئازادی کۆت بکەن و بیخەنە قالبێکەوە.
“لەو کاتەدا کەمێک کورسیەکەی دەسوڕێنێت، بۆ ئەوەی چیتر بەدیار ڤان کوخەوە نەبێت، لەو کاتەدا بەرامبەر بینەران دانیشتووە، وەک ئەو ساتەی کە لەتابلۆکەیدا نیگاری کێشرابوو”
فرۆید: ئاخۆ کاتی ئەوە نیە دەرگا لەبینەران بکەیتەوە تا کارەکان ببینن.
ڤان کوخ: کاتی ئەوەیە تۆ ئازادی کارەکان سەرکوتبکەیت وەک ئەوەی ئەتەوێت، ئاوا لەبارەیانەوە بنوسیت.
فرۆید: بەبێ نووسین تێگەیشتن لە دۆخ و کەسێتی هونەرمەند بە ناڕۆشنی دەمێنێتەوە.
ڤان کوخ: بیرت نەچێت کاتێک تابلۆکان دەبینن و کتێبەکەی تۆش ئەخوێننەوە، کەسانێک دەڵێن ئەوە ڤان کوخە فرۆیدیەکەیە، ئەوەش وەک تۆمەتێک دەبێت کە بەناوی تۆوە دەلکێت، کە ئەوە ڤان کوخ نیە، بەڵکو دەرونیشکاریە سەپێندراوە بەسەر مندا.
فرۆید: پێویست ناکات هێندە ئازاری خۆت بدەیت، چونکە خۆت ئەزانیت ئێستا نەخۆشیت، پێویستت بە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە تا لەپێناویدا بجەنگیت، دەنا مردن یەخەت ئەگرێت.
ڤان کوخ: ژیانێک هەیە ئەبەدیە، بۆیە نابێت بترسین بەدیار نەخۆشیەکەوە کە ئاخۆ ئەمانکوژێت، بۆیە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو نەمریە بکەم، ئەتوانم خۆم کۆتایی بەخۆم بێنم، نەک نەخۆشی کۆتایی بەمن بێنێت.
فرۆید: ئەوە شێتیە، دەتوانم ناوت بەرم بە کەسێکی شیزۆفرینی، لەکاتێکدا باس لەژیانی ناو تابلۆکان دەکەیت، لەولاوەش مردن بۆ خۆت پێشنیار دەکەیت.
“ڤان کوخ لەناو نوێنەکەی هەڵدەستێتەوە، دەچێتە لای تابلۆی پەتاتە خۆرەکان کە بە جولەی تابلۆکە وەستاون و ناجولێن، ئەوانە وایان کرد، پێشنیاری مردن درۆ بێت، نەمریەک هەبێت، دەرگا لەنوسەرانی وەکو تۆش بکاتەوە تا بتوانن شوێنێک بۆ ژیانی خۆتان بدۆزنەوە.
“لەو کاتەدا فرۆید هەڵساوەتەوە سەر پێ و لەتابلۆی ئۆگستینا وورد بۆتەوە دەیەوێت لەنهێنی کارەکە بگات”
ڤان کوخ: ئێستا کاتی ئەوەیە دەرگا بکەیتەوە و بێن کارەکان ببینن، بەر لەوەی زۆر شت کۆتایی بێت، دەبێت دەرگا لەنهێنیەکان بکەینەوە، جوانیەکان نە هی منن نە دەبن بە هی تۆ، جوانیەکان سرووشتێکی ناو ژیانن، کە هەموومان چێژی لێ دەبینین.
“فرۆید بەرەو لای دەرگاکە دەڕوات تا دەرگاکە بکاتەوە، روناکی سەر فرۆید دەکوژێتەوە، ڤان کوخ بزەیەک دەکات و دەچێتەوە نێو پێخەفەکەی تا بخەوێت، دەنگی هاتنی بینەران دێت کە دێنە ژوورەکە، روناکی سەر ئۆگستینا وپەتاتە خۆرەکان دەکوژێتەوە، روناکی لەسەر ڤان کوخیش نامێنێت، ئەوەی دەبینرێت، تەنیا تابلۆکەی دواوەی شانۆیە، کە ژوورەکەیە بەبێ ئەوەی هیچ مرۆڤێکی لەناو بێت”
نیهاد جامی

