ڕۆشنبیریی هەرزان و پێگەی لە بزوتنەوەی ڕوناکبیرییدا … ئەحمەد ڕەزا
لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووداو لە ئەمەریکا، ڕەوتێک سەری هەڵدا بە ناوی تیۆری ” ڕۆشنبیریی جەماوەریی”ەوە.. ئەم ڕەوتە دژ بە ڕەوتی ڕۆشنبیریی جەماوەریی وەستانەوەو ئەوجۆرە ڕۆشنبیرییە بەربەرەڵاو گشتیی و ساویلکانەیەیان، بە مەترسیی گەورە ئەزانی لەسەر ڕۆشنبیریی باڵا.. یەکێک لە پێشەنگەکانی ئەم تیۆرە ماکدۆناڵد بوو کە پێی وایە: ڕۆشنبیریی جەماوەریی، ڕۆشنبیریی باڵا ڕائەماڵێت، بە هۆی ئەوەوە، کە ئەمجۆرە ڕۆشنبیرییە، ئاسانە بۆ تێگەیشتن و کەمترین کۆششی زەینیی پێویستە بۆ ئەوەی تاکی کۆمەڵگە بە ئاسانیی لەگەڵیا بڕوات. ئەمجۆرە ڕۆشنبیرییە بە ئاسانیی ئەتوانێت پارە پەیدا بکات و هەموو کایەکان بچنێتەوەو بینەرو گوێگرێکی زۆریش کۆبکاتەوە. بەڵام ڕۆشنبیریی باڵا زنجیرەییەو بەرەبەرە پاشخانی مەعریفیی بۆ دروست ئەبێت و پێویستیی بە هەوڵ و خۆماندوو کردنی زەینیی هەیە.. هۆکاری مەترسییەکەش لەوەدایە، کارەکتەرەکانی ڕۆشنبیریی باڵاش, بۆ جێ خۆ کردنەوەو پەیداکردنی دراو، لە ئاستی هونەرە باڵاکەیان دائەگرن و پێویستیان بەوە هەیە دڕ بە عەوام بدەن و پەیام بگەیەنن، کە دەرەنجامەکەی بەوجۆرە ئەشکێتەوە، ڕۆشنبیریی باڵا بەهۆی تەریککردنی لەلایەن کۆدەنگی عەوامەوە، تێکەڵ بە ڕۆشنبیریی جەماوەریی ئەبێت، ئەوەش ئەبێتە مایەی لەناوچوونی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا.
بۆردیۆش لەم بارەیەوە ساڵی ١٩٨٤ ئەڵێت: ” ئەوەی بە چێژی باش دائەنرێت، پەیوەستە بە نەریتی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوەوە، وەک شێوازی ژیان و شێوەی ڕەفتاریان”.
ئەبێ نهێنیی ئەوە لە چیدا بێت، لەدوای ڕاپەڕینەوە، کۆمەڵگەی کوردیی ڕەوتی ژیانی ئەگۆڕێت و جۆری ڕەفتاریشی بەرەو ئەو ئاراستەیە ئەڕوات، کە ڕۆشنبیریی جەماوەریی جێ بە ڕۆشنبیریی باڵا لێژ بکات؟ ئایا ئەم گۆڕانکارییە خۆڕسکن؟ یان هەموو کاریگەرە باڵاکانی ناو کۆمەڵگە ” کە لە حزبەکاندا خۆی ئەنوێنێ”، بە پێی سیستمێکی دیاریکراو، کار ئەکەنە سەر چێژی گشتیی و دەستگیرۆیی ڕۆشنبیریی هەرزان ئەکەن؟
لە ئێستادا، سەرجەم کایە ڕۆشنبیرییەکان، لەژێر فشارێکی گشتیدان، لە ڕەتاندنێکی بەردەوامدان لە لایەن ڕۆشنبیریی جەماوەرییەوە، بەسەر هەردوو ڕۆشنبیریی گشتیی و ڕۆشنبیریی باڵادا.
ڕۆشنبیریی گشتیی: ئەوجۆرە ڕۆشنبیرییە خۆڕسکە فۆلکلۆرییەیە، کە سەردەمی پێش پیشەسازیی سەری هەڵداوەو ڕۆشنبیریی تەواوی خەڵک بووە بەوجۆرەی لەگەڵ ژیانیاندا گونجاو بووە.. ئەم ڕۆشنبیرییە بەرهامی مەزنی نییە، بەڵام هەندێک تایبەتمەندێتیی گرنگی هەیە، بەوپێیەی ڕەسانایەتیی تێدایەو لە کۆمەڵە ڕاستەقینەکانەوە سەری هەڵداوە.
ڕۆشنبیریی باڵاش: هاوشێوەی ڕۆشنبیرییە باڵاکانی وەکو کارە کلاسیکیی و ڕۆمانسیی و واقیعییە مەزنەکان پۆلین ئەکرێت.. نمونەی کارەکانی ” مەحوی و نالی و مانی و گۆران و قادر دیلان و ڕەفیق چالاک و ئەنوەر قەرەداخی و کامکارو عەبدەو سمکۆ ناکام و ئەوانی دی”
بەڵام ڕۆشنبیریی جەماوەریی: ڕۆشنبیرییەکی ساختەو دیزاین بۆ کراوە، بۆ سەرنجڕاکێشانی خاوەن ئاستە نزمەکان دروستکراوە.. کەمترین تایبەتمەندێتیی تێدایە.. وەرگرەکان لە خەڵکانی بەکاربەرو نێگەتیف و هەڵچووەکانن.. هەڵبژاردنی لای ئەوجۆرە وەرگرانە، تەنها کڕین و نەکڕینی بەرهەمەکەیە.. بە پلەی یەک ئەم ڕۆشنبیرییە قوتکراوەتەوە بۆ:
١_ هەڵمژینی توانای تاک.
٢_ سەوداکەدنی بازاڕیی بە هونەرەوە، بۆ پەیداکردنی سەرمایە.
٢_ هێشتنەوەو پارێزگاریی کردن لە چینی دەسەڵات.
٤_ پەکخستنی تواناکانی باڵا بوون.
ماکدولاند لەبارەی ئەم ڕۆشنبیرییە جەماوەرییەوە ئەڵێت: ” لە شوێنی باڵاوە دیزاین ئەکرێت و ئەدرێتە دەست سەرمایەدارەکانەوە.. ئەمە پاوانخوازییەکی سیاسییەو بۆ دروستکردنی دیکتاتۆرییەتە”.
لە هەرێمەکەی باشوردا، تەوای سیاسییەکان لە هەموو حزبەکاندا، دەستگیرۆیی تەواوی ئەم باندانە ئەکەن، لە هەموو کایەکانی ئەدەب و هونەردا، لە بەرامبەریشدا بە توندی بەرامبەر بە ئەدەب و هونەری باڵا وەستاونەتەوەو لە گوشینی بەردەوامدایە. ئەویش بە فەرامۆشکردن و پشت تێکردن و هەراسان کردنیان.
دەسەڵات و دەستڕۆشتوانی کوردو خاوەن بڕیارەکانیان لە سەرجەم حزبەکاندا، ڕاگەیاندنەکانیان خستووەتە خزمەتی ئەم هەڵتۆقیوانەو لە سەرجەم کایەکانیشدا، لەیبوک و باوەڕ پێکراوی خۆیان هەیە، لەڕێی میدیاکانیانەوە، کە زۆرترین بینەر دەستەبەر ئەکەن، کۆمیدیای تەهریج و ئەدەب و هونەری کاڵوکرچ ئەکەن بە زەینی وەرگرداو بەرنامەو توانای زۆریان ئەخەنە بەردەم.. بەڕاددەیەک لە ئێستادا لەلایەن زۆرێک لە نوسەرە جاددەکانی دوێنێوە، ئەمڕۆ ڕەواج بەم ڕۆشنبیرییە ئەدەن و ئاست نزمەکانیش شانازیی پێوە ئەکەن.
حزبی کوردی و دواتریش لەیبوکەکانیان، بەرپرسیارن لە داڕمانی ڕۆشنبیریی باڵا.. کە فاکتەری سەرەکیی و یەکەمینە ئەم دۆخە ناجێگیرو لە مۆلەقەی کۆمەڵگەیە.