سەفەرێکی گشتێنراو، بە ناو ئەفریقانامە و ئەمریکانامەی “پێشەوا کاکەیی”دا… دیار لەتیف
پڕۆژەی یەکەم: ئەفریقانامە، بە تامی شیعر
بەر لەوەی باس لە دەق بکەین، هاوکات جۆری دیاریکردنی دەقیش گرنگە و، سوودمان پێدەگەیەنێت بۆ شیکردنەوە و دەستنیشانکردن.
پڕۆژەی یەکەم، لەو ژانەرەیە کە بە تەواوی سرکە دیاری ناکرێت. جۆرە دەقێکە، زۆرتر لە ژانرێک بەشداری پێکراوە.
بەر جۆر و شێوەیەک لە فەزای شیعر، گێڕانەوەی یاداشتی و چیرۆکی دەکەوین، بەڵام هاوزەمان بیرمان نەچێت لە دواییدا دەگەینە پنتێک، یەک لەو تێبینییەی زەروورە باس بکرێت، ئەوەیە کە، کەمتر بەر شیعرییەت دەکەوین.
دوا خاڵیش بۆ خوێنەر ئەوەیە، بە هۆی زۆر هاتنی ناوی شوێنەکان، کەم تا زۆر ڕۆحی دەقەکەی بارگران کردووە؛ خۆ نووسینی پەراوێز لە دەرەنجام بنووسرابا باشتر بوو، ئەویش بە هۆکاری ئەوەی شیرازەی تەرکیزی خوێنەر تێکنەچێت.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بنووسم: بەر جۆرێک لە دەقی ناباو، تازە، خودان فۆرمی سەربەخۆ دەکەوین.
……………
پڕۆژەی دووەم: زەمیننامە، بە تامی شیعر
لێرەدا پڕۆژەی دووەم، لە توێی بەرگێکدا لەگەڵ پڕۆژەی یەکەمە.
“زەمیننامە، بە تامی شیعر،” کە شاعیر ئاماژەی بەوە داوە “قەسیدە ـ شیعر.” درووست وابوو “قەسیدە ـ پەخشان” نووسرابا؛ چوونکە ئەوەی هەیە قەسیدەیە، بەڵام بە چەژەی پەخشانییەوە. لێرەدا ڕیتمی پەخشانیی زاڵترە، وەک لەوەی شیعرگەرایی بێت.
لەم پرۆژەدا، کە پرۆسەیەکی فیکری قووڵە لە زەمین، بە گشت دیاردەکانەوە. شاعیر، گەشت دەکات، گەشتیکی هزریی و ڕۆحی، بەر دەیان پرسیاری لێ ڕامێنراوی بیر لێکەرەوە دەکەوین. ئەم دەقە، دەقێکی پەخشانییە، بە فۆرمێکی تێپەڕیو لە زمانی لیریک.
زەمیننامە، خاوەن زمانێکی تۆکمەی پاراوی کوردییە، لەم دەقەدا: ڕۆحییەتی شیعر فەرامۆش نەکراوە؛ دەقێکە هاوشێوەی فاوست، بەرەو قووڵاییمان دەبات.
…………………
پڕۆژەی سێیەم و چوارەم: ئەمریکانامە، بە تامی شیعر “ڕۆمانە شیعر/ قەسیدە.”
ئەم دەقەیە، لە دوو پڕۆژە پێکدێت، دوو سەفەر، بە ئەمریکای باشوور و ئەمریکای باکووردا.
شاعیر، بە جۆری گەڕیدەیەکی شیعریی بە نێو شار و دێهاتەکان، بە دەشت و سەوزاییەکاندا تێدەپەڕێت و، وێنە شیعرییەکان ڕاو دەکات. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، چرکە شیعرییەکان لە پێناو شیعر خۆیدانین، بەڵکوو لە پێناو گەیاندنی ماناشدان. شاعیر ڕۆمانسانە، بەڵام ڕۆمانسێکی فیکریی و ڕۆحیی؛ نەقدی مۆدێرن دەکات و لە گرفتەکان دەڕوانێت.
دەقی ئەمریکانامە، دەقێکی دیموکراسە؛ دیموکراس بەو مانایەی زیاتر لە ژانرێک بەشداری پێکراوە. دەقێکی دەوڵەمەندە بە کۆمەڵێک کانزای ئەدەبیی و دەرە وێژەیی و، زیاتر لە ڕەهەندێک هەڵدەگرێت و، دەقێکی کیمیاگەرە.
ئەمریکانامە، مانیفێستێکە بۆ ڕۆحگەرایی و جوانیی و ئەڤین و، داوانامەیەکە بۆ ئاشتی جیهانی. شاعیر، لە خۆیدا بانگەشە دەکات بۆ تێکەڵکردنی کلتوورەکان و نزیکبوونەوەی خزمایەتی لە نێوان مرۆڤایەتی.
خاڵێک دەبێت بەر باسی بدەین، لەم دەقەدا لەگەڵ شیعردا، ناوی ڕۆمانیشی هەڵگرتووە؛ بەڵام ئەدای کارەکتەری بەرامبەر خەفەکراوە. خاڵیکیتر ئەوەیە، لە هەردوو ئەفریقیانامە و ئامریکانامەشدا، ناونیشان کەمتر هونەرین و، بە ئەدەبی کراون، بەڵام سواونین و، لە ڕووی ئەدەبییەوە فۆرمێکی تازە وەردەگرن.
لەم دەقی ڕۆمانە شیعرییەدا: زمان میتافیزیکانە گوزارشت لە زەوی و ژیان و دیاردەکان ناکات، ئەوەی هەیە زمانێکی ماتڕیاڵی، بەڵام بە هەناسەیەکی ڕۆمانس و عیرفانییەوە. شاعیر، زۆر وردکارانە دەچێتە زەینی خوێنەرەوە، لەو ڕووەوە کە پەسنی شوێنەکان دەکات. کارامەیانە فۆرمێک لە وێنە، لە ڕیتمی خوێندنەوەدا، باڵادەست دەبێت.
ئەمریکانامە باس لەخود نییە، وەک ئیندیڤیدواڵ؛ بەڵکوو باس لە گشت لە ڕوانگەی خودێکەوە، کە بۆ جیهان و نادیارەکان دەگەڕێت و دەڕوانێت. ئەم دەقە خاوەن تەرزێکی جودا و شێوە و ڕامانێکی ترە، کە دەکاتە ئەدەبێکی تایبەت.
٢٥/ ٠٦/ ٢٠١٨