Skip to Content

یاداشتنامەی موسافیرێک کە هەر تەنها شیعری هەیە   …  شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

یاداشتنامەی موسافیرێک کە هەر تەنها شیعری هەیە … شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by نیسان 7, 2019 General, Poems

                                            

لە فڕۆکەخانەوەی نێودەوڵەتی شارەوە تا ژووری دانیشتنی ماڵ
کێوێک زبڵ و
گردێک غەدر و
ڕووبارێک لە درۆی سپی و
قەزناخێک لە وردەگلەیی خەست و
خۆڵ دێنە بەر دیدەی شیعرێکم
هۆپێک دەکەم بۆ دڵنیابوون دەستێ دەخەمە نێو دڵی وردە پێکەنینەکانی مرۆڤە برسییەکانی شار
گوللەی هاواری دەستفرۆشی گوزەرەکەش بەبن گوێما گیزە دەکا
لەسەر پشتی جادەکانی ئەم تەمەنە لەڕولاوازەی غەدردا
دەستگێرەکان بۆ چەند هەزار دینارێک و
سواڵکەرێکی چوار پێنج ساڵان بۆ
لەفەیەک
بێوەژنێک بۆ گەیشتن بە مەرزەکانی قورتاربوون
شوفێرێک لەتاو مەنگەنەی بێدەرەتانی ژیان و
کچێک لەحەژمەت تەنیایی و
گەنجێک بەنێرگەلەی نێرینەیی ژیانەوە
سواری سەری شیعرم دەبن و
هەڵی دەدەنە نێو ژوورێک لەبیرکردنەوە و لە ڕامان
وشەکانم یەک یەک دێننە قسە و دەڵێن هۆ شاعیرەکەی نێو خەمی مەملەکەتی چینایەتی
وەک هەمیشە بوویتە لێرە
تۆ باوەڕت خۆرەتاوە و
بۆچی بۆ برسییەکانی شار شیعر ناکەی بە کولێرە.
*
گەیشتمە شاری تۆقین و دڵەڕاوکێ
بە شەقامەکانی بیرکردنەوە تیژڕەوانە تێدەپەڕێم
تۆزی ترسی خەیاڵێکی فیرعەونانەم لێ دەنیشێ
پاسکیلێک لە تەپ و تۆز دەدات بەتەکما و
خۆم لادەدەم لە تەکسییەکانی لاموبالاتی خەڵک
بەنێو جادە دڵگوشراوەکانا هەتا ماندوو دەبم دێم و دەچم
تابلۆکانی سەر دیواری کارەساتە جەرگبڕەکان دەخوێنمەوە
کۆڕنیشی غەم دەمبا بەرەو پردی ڕقێکی ئەستوور کە دەبینم
یەک یەک دوو دوو یان بە کۆمەڵ دانیشتوون و
لەگەڵ دەنگی گۆرانی موسەجیلەکەی سەیارەکە پێکەکانیان هەڵدەدەن و
لەداخی وەزعەکە هەر وەک خۆیان دەڵێن، خۆ مەست دەکەن.
جادەکانم لا کورتتر و تەسکترە
هەنگاوەکانم خێراتر بێ ویستی خۆم بەرەو کۆڵانێکی کۆن بەس پڕ لەیادەوەری دەمبەن
دڵم دەگوشرێ و غەریبی ڕابردووم وەختە سەر بکا
دڵم دەبێ بەپارچەیەک لە خەم و ڕق و تووڕەیی
ڕێک وەک ئەو ساتەی لە
نزیک دەروازەی بازگە ڕەشەکەی شێراوە
دەستێ لەسەر جامی سەیارەکە دەبێتە چەسپی دووقلی وڕووت لیدەنێ
(ساعدنی حجي ساعدنی اللە خلیک)
دەبێ بە پەتێکی ئەستوور ودەچێتە ملی پێکەنینەکانی ڕۆژم
وشەکانم هەر لە تاوەی خەمێکی گەورەتر لە خەم دێنە قسە و
دەڵێن مەشخەڵ هۆ شاعیرەکەی نێو خەمی مەملەکەتی چینایەتی
وەک هەمیشە بوویتە لێرە
تۆ سەرچۆپی خۆت گڕ بدە
چونکە شیعرت جەنگاوەرێکی دلێرە.
*
بۆ بەیانیش بەلای قشڵەی نیگەرانیدا دەڕۆم و تێدەپەڕم
لە چەمی ئافاتی ژیان دەپەڕمەوە و بەناو خەمچییەکان و
گوزەری ئازار و ناڵیندا دەڕۆم
لای حەسیرەکەی نێو یاددا و لە دوکانی دوودڵیدا شەربەتێکی (عصیر رمان) دەخۆمەوە
گوێ لە دوو پیرەژنی بەردەم قاپییەکی دیوار نزمی کوێرلەمە هەڵوەریو دەگرم کەوا دەڵێن
(ئێستا خۆشترە لە جاران. بەڵام ڕەزای هەمەرە ڕەشەکان قورسە!)
لە چایخانەکەی نەفریندا
لەسەر سووچی بازاڕەکەی حەسرەت تیاییدا دێتە بارین
دەیان گورگی قژ لوول قژ لوول
چنگ پڕ لە غەدر دانیشتوون
چای ڕەشی تاوان و زوڵم ئەخۆنەوە
خەریکن خاوە ئەکەنە یاسای دارستانی بێخاوەنی ئەم شارە ڕەنگینە
دێمەوە ناو شار و لە دەرمانخانەی فەخری دەپرسم: ئاخۆ حەبی تاراوگە ڕەوێنیان هەیە؟
شەقاوێک لەملای گازینۆی منەوەرە دوو پیکابی پڕ لە شورتەی ئیتحادی
قۆڵم دەگرن دەڵین دەعوای نۆستالیژیات لەسەرە و تۆ بۆت نییە خەیاڵ بکەی ئەی تاوانبار
نەخوازەڵا باس لە مافی کرێکار کەیت و شانیشی بۆ بدەیتە بار
*
لەپاڵ دیوارە لەبغکراوەکانی کۆڵانە شەکەتەکان
ماندوو بوونم خەریکە بڕستی ڕۆژم لێ ئەبڕێ
زوو زووش لێم ئەپرسن ئاخۆ نیازت نییە بێیتەوە؟ نەکەی کوڕە نەجاتت بووە و هەڵەی وا هەرگیز نەکەی!!
نەکەی بێیتەوە قەدری خۆت لە دەست دەدەی
ئای چەند دڵپاک و چەند نەزاکەتن ئەو خەڵکە..ئاخر بۆیە خۆشم ئەوێن
ئەوان نازانن من بەروح لەگەڵ ئەوانم و
بەجەستەش لەناو تاراوگەی سارد و سڕدا
ئەوان نازانن من لەگەڵ هەر تەقینەوەیەک و رووداوێکدا چەند شپرزە دەبم
نازانن لەگەڵ هەناسەکانی ئەواندا چۆن دڵی شیعرم لێدەدا و
وشەم دەبێ بە نارنجۆک
دەڵین مەشخەڵ وەک چۆن بوویتە بە قەڵای شکۆ و جێێ شانازی
هەر وا بە و نەهێڵی هەرگیز وشەکانت لەبەردەم پارە و ستەمدا بێنە سەر چۆک

کانوونی دووەم و شوباتی ٢٠١٩
کەرکووک – ڤانکووڤەر

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish