Skip to Content

ئەی عەشق تۆ لە کوێی تەنیایی کوشتمی؟*.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

ئەی عەشق تۆ لە کوێی تەنیایی کوشتمی؟*.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 4, 2021 General, Poems

هەموو وەرزەکانی من
بە تەنهایی و بەدیار خەونێکی تەنیاوە
کەڕوویان کردووە
زەمەن بەنێو تەنهاییەکەمدا رەت ئەبێ و
ئاوڕێک لەو مەیتە کەساس و کۆنە
هەزار ساڵەیە ناداتەوە
سیگارەکەم هەروەک خۆم بێ نەوا
لە ژوورە چۆڵەکەمدا هێدی هێدی
بۆ رۆحی تەزیوم ئەسووتێ
ئاوێنە شکاوەکەی ژوورەکەم
هەمیشە بێزارە لەو درزەی چۆتە دڵی و
لەو گۆرانییە سواوانەی
هەموو رۆژێک پیاوێک
بۆ تەنهایی خۆی لەبەردەمیدا ئەیچڕێ
گیتاری خەونەکانم
وەڕس بوون لەو میلۆدییە دێرینەی
هەموو شەوێک
پیاوێکی ونبوو لە خۆی
بە پەنجەی خەمۆکی ئەیژەنێ
هەتاو لە درزی پەنجەرەوە
هەموو بەیانییەک بە خێرایی سڵاو ئەکات و
دەبینێ هەمان پۆشاکی تەنیایی دوێنێ و
بێزاریی پێرێم لەبەردایە
ئیدی لێم زوویر دەبێت
دەڕوات، دەڕوات، دوور دەڕوات
کە لە مەغریبەوە ئاوا دەبێت
لە دڵی خۆیدا دەڵێت
بەڵکو ئەمجارە ئەستێرەیەک میوانی بێ و
دەست لەملانی یەکتر
لەناو بێشکەی رامووساندا
دیلانێ بکەن
مانگ بە دزی ئەستێرەکانەوە
بەتیلە چاو لێم دەڕوانێ
چاوەڕوان دەکات خەنجەرێک
لە جەرگی تەنهایی وەردەم و
بنێرمە خوازبێنی شەونمێکی تەڕ
لە ژێر رووناکی خۆیدا
پێکی ماچەکانمان هەڵدەین
دەیەوێت نزیک بێتەوە
بە گوێمدا بچرپێنێ
ئەی میری تەنهایی
بڕۆ گوڵێکی پەژموردە مارە بکە
ئادرێسی ئەو گوڵەش
لەنێو گیرفانی رەشەبا دەربهێنە
بەڵام ناوێرێت نزیکتر بێتەوە
لە ترسی دڵپیسی دەریا
دەکشێتەوە و ون دەبێت،
لەو کاتانەی دەمەوێ
نامەیەک بنووسم بۆ خودا
سکاڵای خۆمی پێ بگەیەنم
رەشەبا تووشم دەبێت
ئەو، کاغەزی دەستم ئەفڕێنێ
زۆرجاری تریش لێی دەپاڕێمەوە
ئادرێسی گوڵی پەژموردەم پێ بدا
لە ناکاو غەیب دەبێت و
توند گیرفانی شەرواڵەکەی دادەخا
بیریشم لەوە کردەوە
بڕۆم و لێی بدزم
بەڵام کولتووری دووزمان
خێرا هەواڵ دەداتە رەشەبا و
پێکەوە شاڵاو دەهێنن
دەریا بە شەپۆلەکانیدا
نامەیەکی تەڕ تەڕم بۆ دەنێرێ
نوسیوویەتی ئەی ئاقڵترین شێت و
شێتترین ئاقڵ
تەنهاییەکەت هەروەک قووڵیی من وایە
هەموو بەلەم و پاپۆڕێک
تەنها بەسەرماندا تێدەپەڕن و
ناوێرن بێنە ناو ناخمانەوە
دەترسن لەنێو قوڵاییەکەماندا بخنکێن و
هیچ کات نەتوانن بگەڕێنەوە سەرەوە
تۆ ئەبێت لەوە بگەیت
بەلەمەکان بە خێرایی تێدەپەڕن
بێ ئەوەی بیر لە هێمنی قووڵایی و
بێدەنگی زمانی ناوەوەمان بکەنەوە
زۆر ئامۆژگاریی کردم بەوەی
شەپۆلەکانی ئەم تەنهاییە
بکەم بەگژ پاپۆڕێکی شۆخ و شەنگدا
رایپێچم بۆ بینینی ناوەوەی
هەستی پەنگخواردووی خۆم
باران لە وەرزی پایزدا
بە دوودڵییەوە قسەم لەگەڵ دەکات
دەیەوێت پێم بڵێت من و تۆ
وەک یەکتر سەرچاوەی ژیانەوەین
من کیڵگەکان زیندوو دەکەمەوە و
تۆش دڵە مردووەکان دەژێنیتەوە
باران وتی، بەڵێ باران وتی
ئەوەی سەیرە و دڵم دەرزیئاژن ئەکات
هەڵکردنی چەترێکی قەترانییە
لەژێر بارینی شیعرەکانت و
خۆش نەکردنەوەی گریانی چاوانت
کە هەر دڵۆپێک فرمێسکت
شمشێرێکی ئێجگار تیژە
بۆ هەڵدڕینی جەرگی تەنهایی
باران وتی، بەڵێ باران وتی
هاوڕێ کێ لە من و تۆ تێدەگات؟
وەک یەک فرمێسک دەڕێژین
هەزارەها گوڵ بە ئەسرینمان دەڕسکێ
خەڵک ستایشی باخەوان دەکات
هەزارەها کانیاو لەسەردەستمان دەژێتەوە
خەڵک سوپاسی هەور ئەکەن
تۆ ببینە من و تۆ چەندە بێ شانس و
چەندە قوربانی بەخشندەیی خۆمانین
ئاسمان من لە ماڵی خۆی دەردەکات و
تۆش بەخەنجەرێکی کول
خەونەکانت سەردەبڕدرێن
هەوا منی خۆش ناوێت و دەمگرینێ
تۆش ژیان پشتی تێکردوویت و
ملوانکەی خەیاڵەکانت ئەپچڕێنێ
زەوی چارەی منی ناوێ وشکم دەکاتەوە
تۆش جەنگەکان بلوری دڵت ئەشکێنن
من لەسەفەری ئاسمان و زەویدا تەنهام
تۆش لەم گەردوونە تاریکەدا
فانۆسێکی وێڵ و بێ هاودەمیت
وەرە هەردووکمان خۆمان بکوژین
پێش ئەوەی من
لە رەحمی دایکە هەور بێمە دەرەوە و
پێش ئەوەی تۆش
لە هێلکەدانی شیعرێکی تردا لەدایک بیتەوە
ویستم دڵی بارانی هاوڕێم نەشکێنم
لەسەر باڵەخانەی ژیانەوە
خۆم هەڵدەمە شیوی مەرگەوە
لەم کاتەدا کە وەسوەسەی خۆکوشتن
کۆڵانەکانی مێشکمیان داگیرکردبوو
کۆترە شینکەیەکی رۆژهەڵات
کاتژمێری سفری خۆ کوشتنمی کرد
بە کاتژمێر یەکی شەیدابوون
تێیگەیاندم زووە بۆ خۆکوشتن و
درەنگە بۆ عاشقبوون
وتی وەرە لەگەڵم بفڕە و بفڕە و بفڕە
بفڕە بۆ ناو زەمەنی موحیبەت
بفڕە بۆ ناو کێڵگەکانی سۆز
چیدی بیر لە مێژووی کارەسات مەکەوە و
چرای عەشقی من هەڵبکە
چاوە ئەبڵەقبووەکانم بڕییە چاوی و
تەنیا توانیم بڵێم
ئەی ئەستێرەی بەختم
تۆ لە کوێی؟ تاریکی خواردمی
ئەی عەشق
تۆ لە کوێی تەنهایی کوشتمی؟

*ناونیشانی شیعرەکە هەڵگێڕانەوەی ناونیشانی شیعری “ئەی مردن تۆ لەکوێی ژیان کوشتمی”ی هەژار موکریانییە، بەڵام بێ سوودوەرگرتن لەناوەڕۆکی شیعرەکەی مام هەژار.

Previous
Next
Kurdish