 
	میللەتێکی سواو …. نەوزاد بەندی
لەم ٣٠ساڵەی دواییدا ، ڕوخسارێکی نویێی کوردیمان نەبینی لە ڕوویەک لە ڕووەکانەوە ڕێزی لێبنرێ ،کەچی دەیەھای وەک بەھمەنی قوبادی و دارین زانیار و کۆچەر بیرکار لە ھەندەران ڕێزیان لێ نرا و وەک باشترین فیلمساز و باشترین گۆرانیبێژ و باشترین زانای بیرکاریی بە جیھان ناسێنران ..
ھۆکاری ئەم سووک تەماشاکردنەی خود ،بریتیە لەو ھەستی خۆ بەکەمزانین و سووکتەماشاکردنەی ھاوڵاتیان لەلایەن  دەسەڵاتێکی  خێڵەکی و بەربەرییەوە ،کە ناتوانێ بێجکە لە خۆی و لایەنگرانی خۆی ،ڕێز لە  کەسێکی تر بنێت  ،ئەڵێ  پاروو  لە دەم بکەوێتە خوارەوە بۆ ناو کۆش باشە ..
ئەبینیت ئەگەر خەڵاتێک ھەبێ ،ئەوەندە ھیچ و بێ مانایە شایانی باسکردن نییە و ..ئەدرێتە کەسێکی  ھەزار جار خەڵاتکراوی بێ ھونەر..کەسێکی دەیەھا ساڵ لە ھەموو داھێنانێک بەری و لە ھەموو  چالاکییەک  کەنارگیر ..
یان ئەگەڕێن   کوردێکی پیر  کە سەری لە گۆڕ دەلەرزێت ، یان  ھەر بە تەواوەتیی مردووە و گۆڵمەزێکی بە ناوی  ڕێزلێنانەوە بۆ ساز دەکەن کە مەرایی و ماستاوکردن و کاسەلێسیی لێ دەتکێ ..
ئەم خاکە بەو جۆرەیە ..بەو جۆرەیش دەبێت ..بۆیە گەیشتۆتە بن بەست لە ھەموو  بوارەکاندا و ..لە جیاتی نەوت بەڕێوە ببات  ،نەوت بەڕێوەی دەبات  و ..لە جیاتی دەسەڵات خزمەت بکات ،خزمەت ی دەسەڵات دەکات و ..لە جیاتی بەرەو سبەینێ  بڕوات ،بەرەو چاخی  ئاغایەتیی خل  ئەبێتەوە .
نەوزاد بەندی


 
			 
			 
			