Skip to Content

خوێندنەوە باشترین دەرمانە (چیرۆکە تەکسی) … ن/جەلال قادر

خوێندنەوە باشترین دەرمانە (چیرۆکە تەکسی) … ن/جەلال قادر

Closed
by كانونی دووه‌م 31, 2020 General, Literature


لە هەورازەكەی كۆڕنیش سەردەكەوتم، موسافرێك دەستی بەرزكردەوە. تەكسییەكەم هێواش كردەوە . موسافرەكەم خێرا دەرگەی پشتەوەی كردەوە و لەسەر كورسییەكە لێی ڕاكشا.

  • بۆ كوێ …؟
  • تۆ جارێ لێخووڕە، پاشان پێتدەڵێم……
    سەیرێكی رووخسارییم كرد، سەروگوێڵاكیم بەدڵ نەبوو، هەر بە شێت دەچوو.
    مرۆڤێكی تەمەن شەست ساڵ، درێژ و باریك و ڕەقیتە. پێدەچوو ڕدێنی تازە تاشی بێت، چونكە سێ چوار شوخت بە ڕوومەتییەوە بوون.
    لەپڕ هاتەوە یادم، كە ئەمە (ڕەزە شێتە) شوفێرەكانی بێزار كردوە. وەك دەڵێن، هەركە سواری تەكسی بوو، ئیتر بەتۆپزیش دانابەزێت.
    چ ڕۆژێكی شوومە تووشمان بە تووشی موسافرێك بووە، كەڵە ڕەق و شەڕانی و شێت.
    لەدڵی خۆمدا وتم: هەڕچۆنێك بێت، دەبێت هەوڵدەم بە قسەی خۆش لە شوێنێكدا قەناعەتی پێ بهێنم و دایبەزێنم.
    لە گەڕەكی (شۆراو) تێپەڕین بەرەو بازگەكە. پێمگووت: ڕەزە گیان…خەریكە لەشار دەردەچین، تكایە پێمبڵێ بۆكوێ دەتەوێت بچیت؟
  • من حەز بەوبەر ناكەم، خێرا بگەڕێوە ناوشار.
    ناچار پێچم دایەوە. دووبارە بەرەو كۆڕنیش، لە پردەكەی خاسە پەڕییمەوە و دووبارە لەشار دوورکەوتمەوە.
  • ڕەزە گیان … تكایە ماشێنەكەم بەنزینی تێ نەماوە، ئەوە گەیشتینە بازگەكەی (قەرە هەنجیر) پێمبڵێ بۆ كوێ دەچیت؟
  • نا نا.. من حەز بەوبەرش ناكەم. .. بگەڕێوە!.
  • ئەگەر بتگەڕێنمەوە ناوشار بەڵێنم پێدەدەیت دابەزیت؟
  • نەخێر…من حەز بەم شارەش ناكەم!.
    -حەز بەوبەرو ئەمبەر ناكەیت ، حەز بە ئێرە ناكەیت، ئەی حەز بەچی دەکەیت؟!
  • من حەزدەکەم هەرچی زووە بمرم.
  • بۆ حەزدەكەیت ئاوا زوو بمریت؟
  • ئاخر، من ئێرەم تاقی كردۆتەوە هیچ خۆش نییە.
  • ڕەزە گیان، بۆ سەفەرناكەیت بۆ ئەوروپا ؟
  • ئەوێشم تاقیكردۆتەوە. هیچ خۆش نییە. ڕاستی من حەزدەکەم بمرم و بچم بۆ ئەوسەر دونیا.
    _ بەڵام، تا ئێستا كەس لەوسەر دونیا نەگەڕاوەتەوە، چۆنچۆنی دڵنیابین كە ئەوێ هەیە ؟
  • گرنگ نییە هەیە یان نییە ، گرنگ ئەوەیە من دەزانم ڵێرە خۆشترە !.
  • بە چ بەڵگەیەك؟
  • لەبەرئەوەی ئەوێ دایک و باوکمی ڵێیە!
    بەم وتەیەی حەپەسام، تا چەند خووڵەکێک سەرسام و بێدەنگ بووم. بیرم لە چارەسەرێک دەکردەوە.
    لەئاوێنەکەوە سەیری ڕەزەم کرد، خەواڵووبوو. گوێم لە دەنگی بوو، لەبەرخۆیەوە دەیگووت: ئای کە بێزار و ماندووم.
    دەستم برد، لەناو دەشبووڵی ئۆتۆمبیڵەکە، یەک دوو کتێبم دەرهێناو دامە دەستی و گووتم : ڕەزەگیان…بۆئەوەی بێزار نەبیت لەژیان، خوێندنەوە باشترین دەرمانە بۆ تۆ.
    کتێبەکانی لەدەستم وەرگرت و تەماشایەکی بەرگەکەی کرد و وتی : خێرا ماشێنەکە ڕاگرە و دەمەوێت ئەم کتێبانە بخوێنمەوە.
Previous
Next
Kurdish