Skip to Content

قەسیدەی  دەفتەری یادەوەریی دێوانەیەک … شیعری: ستیڤان شەمزینی

قەسیدەی دەفتەری یادەوەریی دێوانەیەک … شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 3, 2020 General

بیرتە بە دزی پاسەوانەکانی تاریکییەوە
مۆمێکمان داگیرساند
بە بەرچاوی تیغی تیژی شەرەفەوە،
ئەشقمان جەخماخەی دا
لەودیوی پەرژینی نائومێدییەوە،
عەتری دێوانەبوونمان ئەدا
لە بەرۆکی پەیکەرە سیخناخبووەکەی هەست
هەموو رۆژێ لە پرچی زەردی هەتاوەوە،
گیتارمان بۆ فانۆسەکان ئەژەنی
لە کەنار دەریاوە، شیعرمان
بۆ کانییەکی نیشتمان ئەخوێندەوە
چەشنی تریفەی مانگ،
مشتێ رووناکیمان ئەکردە کۆشی شەوەوە
بارانی سۆزمان،
کێڵگەی وشکبووی ماچی سەوز ئەکردەوە
لە دەربەندی خەیاڵەوە،
ئەوینمان بۆ خەرەندی رۆح ئەخستە خوارەوە
سەیری ئاسمانمان ئەکرد،
ئەو دەمانەی هەورەکان پڕ بە خۆیان ئەگریان
بیرتە، بە نیگایەک، بە خەندەیەک
کودەتامان بەسەر بێدەنگی دڵدا کرد
دەستی ژان و خەمە ئاڵەکانمان ئەگرت
بەرەو ئاواییەکانی شادیی
بە پێنووسی جوانیی
سەمفۆنییمان بۆ کۆچی باڵندەکان ئەنووسییەوە
بڕیارماندابوو، پێکەوە لە ئاودا بسووتێین و
لە ئاگریشدا بخنکێین
هەموو حەسرەتمان چێکردنی ماڵێک بوو
لە کەنار تاڤگەکانی ئەندێشە
ماڵێک پڕ بێ لە گوڵ،
تاکو ببێتە ژوانگەی چی پەپوولە سەرگەردانەکانە
لە سەفەردا بووین، لە دەرەوەی مێژوو،
لە دەرەوەی جوگرافیاکان
سەیرمان ئەکرد،
تاکو بزانین ئاو دڵی نەرمی خۆی لە کوێوە ئەهێنێ
بیرمان لەوە ئەکردەوە،
ئاگر ئەو نیگا گەرمانەی لە کام زەمەنەوە هێناوە؟
لە چرکەی بێزارییەکانما،
قوم قوم ئاوی سازگای لەشتم ئەخواردەوە
لە بێدەنگییەکانما،
پەروانە ئاسا خۆم لە ئاگری ناخت هەڵدەسوی
دوو موسافیر بووین، بێ بڕانەوە
قووڵایی گەردوونی ئەشقمان ئەبڕی
لە خاڵی پایانی ئەو گەردوونەدا
جادووییانە بە یەکتر ئەگەشتینەوە!
پێمبڵێ، بیرتە
کاتێ دەستمان دایە دەستەمۆکردنی دڵی یەکتر؟
سپێدەیەکمان پڕ پڕ کرد
لە جریوەی چۆلەکە سەرخۆشەکان
وەک گەڵایەک بە سەر پشتی رەشەباوە
شار و وڵاتان ئەگەڕاین
ئەمانووت ئەشقمان پێکێک شەراب بوو
بۆ ئەبەد مەستی کردووین
بە دوای بنەچەی ئەو ترێیەدا ئەگەڕاین
شەرابی ئەشقی لێ دروست ئەکرێ
خەیاڵمان، لە رێگە پێچاوپێچەکانی پایزدا،
وێڵی بەهارێک بوو
لە گەڵاڕێزانی ئەستێرەکاندا،
چاومان لە دوو گیانیی ئاسمان بوو،
بە ئەستێرەی نوێ و
بە ئەستێرەی دەروون سووتاوترەوە
ئەو دەمەی، باران لە دەستی خودا رژا،
پێکەوە تنۆکەکانمان ئەژمارد
هەر تنۆکێک، ئەسرینی خودا بوو،
بۆ خەونی زڕاوی ئاشقەکان
بیرتە ئەو کاتەی “با”ی ئەوین،
هێمن هێمن هاتە ناو خوێنمانەوە
حکایەتی ئەو کۆتاییانەت لە هزرا ماوە،
مامانی سەرەتاکان بوون؟
سەرمان ئەخستە ناو ئازارەکانی یەکتر،
فریشتەکانمان دەخستە پێکەنین
لە رێگە دوورەکانەوە هاتبووین،
سەفەری ئەشق نزیکی ئەخستینەوە
لە چاوی یەکتردا،
رەنگەکانی پەلکەزێڕینەمان ئەبینی و شرۆڤە ئەکرد
پەڕاوی تۆز لێنیشتووی دڵداریمان،
لە مۆزەخانەی ژەنگگرتووی ناخ دۆزییەوە و
پەڕە پەڕە هەموویمان خوێندەوە
کە هەر لاپەڕەیەک، هەزارەها ئاواز و
سەدان سرووتی لە خۆ گرتبوو،
هەر ئاواز و سرووتێکیش
قەتماخەی هەزارەها برینی دێرین بوو
ئێستا ئەڵێم بیرتە، کۆڵۆمبۆس ئاسا،
کیشوەری ئەشقمان دۆزییەوە؟
زەماندەومان بۆ دەزگیرانیی
گوڵەباخ و پەپوولە ئامادە ئەکرد
چاوی ئیرەییمان بڕیبووە،
توانەوەی بەفر لەسەر سینگی چیا
پێدەکەنین بەوەی “با”ی شەماڵ
پرچی سەوزی درەختی دەئاڵۆزکان
دەگریاین هەر کات گێژەڵوکەی نەفرەتلێکراو
دڵی باخچەکانی ئەشکان
پرسەمان دائەنا
بۆ ئەو نەمامە دڵخۆشەی ئەبووە کۆڵەوژی ئەشق
ئەچووینە رۆخی رووبار
تا چیرۆکی رێبوارانی تینوومان بۆ بگێڕێتەوە
ئەهاتینە لای قاوەگرەوە،
حکایەتی تاڵی وجودمان بەدرۆیەک شیرین بکا
هەر پێکەوە هەڵوژەی ترشی ژیانمان
لە دەمی مردن هێنایە دەرەوە
لە گۆشەنیگای خەونەوە،
چیلکەمان لە شارە زەردەواڵەی واقیع وەرئەدا
لەمدیو ماڵی ئەهریمەنەوە،
مەستانە جۆلانەی پەرییەکانمان رائەژەنی
ئێستا پێت ئەڵێم بیرتە لە پاشماوەکانی مێژوو،
تەنێ ئەشقمان هەڵگرتەوە؟
لە تەمی نوستالیژیا، تەنێ رووناکی رێگەمان
بۆ ئاوێتەبوون لە یەکدا دۆزییەوە
من بە دەفتەری بیرەوەرییەکانما ئەچمەوە،
تەنیا وێنای تۆی تیا ئەچنمەوە
تۆش لە ئاوێنەکەدا بۆ بینینی خۆت،
بەدڵ بیر لە رۆژانی پێکەوەییمان بکەوە
ئەفسانەیەکمان لە توانەوە
خستۆتە ناو لاپەڕە پەرش و بڵاوەکانی دیرۆکەوە
کە تاهەتایە بەسەر زاری لەیلا و مەجنونەکانەوە
وەک سروود بوترێتەوە

(نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس)
12-1-2017

Previous
Next
Kurdish