Skip to Content

ژیانی دوێنێ و ئەمڕۆمان … محەمەد بەرزی

ژیانی دوێنێ و ئەمڕۆمان … محەمەد بەرزی

Closed
by ئایار 21, 2020 General

ئاشکرایە بە درێژایی ئەو مێژووە پڕ لە کارەساتانەی نەتەوەکەمان ، کورد سەدان شۆڕش و ڕاپەڕینی دژی داگیرکەرانی تورک و فارس و عەرەب کردووە ، بەڵام هەتا ئێستا نەیتوانیوە پارچەیەک لە پارچەکانی وڵاتەکەی ئازاد بکات . بێگومان بۆ نزیکەی ٤٠٠ ساڵیش دەچێت ، هۆکارەکانی شکستە یەک لە دوای یەکەکانمان ، هەمان هۆکارەکانی ئەمڕۆمانن . هەموو جارێک داگیرکەران توانیویانە بە زیرەکیی خۆیان ، کورد فریو بدەن و شۆڕش و قوربانی و نەهامەتییەکانمان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار بهێنن ، بەڵام بە داخەوە کورد چ لە ئاشتیدا و چ لە شەڕدا ، نە پلانی هەبووە و نە بیرکردنەوەش . ئەوەتا شوکری فەزلی شاعیر بە شیخ مەحمودی حەفید دەڵێ : ( ئیش کە ڕووی ئێستا لە هەورازە ، سەرەولێژی نەکەی … فکری وردیشی ئەوێ ، هەر بە دوعا و نوێژی نەکەی ) . بێگومان هەر بزوتنەوەیەک ، چ لە شاخ بێ ، یان لە شار ، ئاوێتەی عەقڵ و قەڵەم و بیرکردنەوە نەبێ ، مەحاڵە ڕووناکی ببینێت . ئەوەی شایانی باسە بارودۆخی کوردی باشور لە چاو پارچەکانی تردا ، تا ڕادەیەک باشتر بووە ، چ لە هاوبەشیکردنی لە پۆستە باڵاکانی دەوڵەتی عیراقدا ، چ لە بارودۆخی کۆمەڵایەتییدا ، کەچی ژمارە و تەمەنی بزوتنەوە چەکدارییەکانی باشور ، زیاتر و درێژتر بوون . جا جگە لە بزوتنەوەکانی شێخ مەحمود و بارزانی ، کە تەمەنییان کورت بووە ، ئەوا شۆڕشی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ ، کە بە یارمەتی ئێرانی داگیرکەر نزیکەی سیازدە ساڵ و نیوی خایاندووە ، ئەنجامەکەشی بە بەرژەوەندی ئێران و زیانی گەورەی خۆمان و دووبەرەکییەک هەرەسی هێناوە ، کە ٥٦ ساڵە ئێسقانی کورد دەهاڕێت . پاشان شۆڕشی نویێ یەکێتی و گوڵانی پارتیش ، میللەتەکەمانی ڕووبەڕووی پاکتاوی ڕەگەزی و ڕاگوێزان و کاولکردنی گوند و باژێر و دەریایەک خوێن کردووە . خۆ کاتێکیش ئەمەریکا گورزی گەوەرە لە سەددام دەسرەوێنێت ، شۆڕشگێرەکان لە شاخەوە دێنە خوارەوە و حکومەتێکی کوردیی دادەمەزرێنن ، جا ئەگەر چەمکی شۆڕش بریتی بێ لە : ( ڕاپەڕین بە ڕووی زوڵم و زۆرداریدا ، بە ئامانجی گۆڕینی هەموو دامودەزگا و دەسەڵاتەکانی ڕژێمی ڕابوردوو ، بۆ هێنانە کایەی ڕژێمێکی سیاسی پاکوبێگەردی عادیلانە و لە سایەیدا ماف و ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی بۆ هاوڵاتییان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەستەبەر بکات ) . ئێستا جێگای خۆیەتی بەراوردێک لە نێوان بارودۆخی پێش و پاش هەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشانەدا بکەین و با بزانیین تا چ ئەندازەیەک سەرکردەکانی کورد ، هەڵگری بیری شۆڕشگیریی و دروستکردنی دەوڵەت بوون و تا چەندیش توانیویانە گۆڕانکاریی لە ژیانماندابکەن .
ئاشکرایە هەموو حکومەتەکانی عیراق ، بە پێی پلانی ستراتیجی هەنگاویان ناوە ، لەبەر ڕۆشنایی ئەو پلانەنەدا توانیویانە بە سامانی نەوت وڵات ئاوەدان بکەنەوە ، بەڵام پشتییان تەنها بەو سەرچاوەیە نەبەستووە . چونکە سامانی نەوت دوو مەترسی لە خۆگرتووە ، یەکەمیان وەک کشتوکاڵ سامانێکی هەمیشەیی نییە و ئەگەری تەواو بوونی هەیە . دووەمیشیان هەر کاتێک نرخی لە بازاڕەکاندا دابەزێ ، یان لە کاتی جەنگدا وێران بکرێت ، وڵات تووشی نابووتی و کیشەی گەورە و گران دەکاتەوە ، هەر وەک حاڵی ئەمڕۆی حکومەتەکەی هەرێم . هەر بۆیە شان بە شانی نەوت ، گرنگیان بە کشتوکاڵ و پیشەسازیش داوە و توانیویانە تا ڕادەیەکی ئێجگار زۆر ، بە کشتوکاڵ ئاسایشی خۆراک دابین بکەن ، ڕێگری لە چوونەدەرەوەی دراوی قورس بگرن ، وڵات لە فشاری دەرەکی بپارێزن ، بە بەروبۆمەکانیشی کەرەسەی خاو بۆ پیشەسازی ئامادە بکەن و ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەی پێ پتەو بکەن ، لە کۆتاییشدا هەلی کار و ژیانی شایستە بۆ هاوڵاتییەکانییان مسۆگەر بکەن .. هەر بۆ نموونە پێش هەڵگیرساندنی ئاگری شۆڕشەکانی کورد ، جوتیارانی نزیکەی ( ١٧٥١ ) گوندی ئاوەدانی کوردستانی باشور ، بە ئارامی سەرقاڵی چاندنی تووتن و چەندین بەروبۆمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بوون . خۆ ئەگەر هەر گوندێک ٤٠ ماڵبووبێت و هەر ماڵەی چوار سەر خێزانیش بوو بێ ، ئەوا تەنها تووتن ، توانیویەتی بژێوی ( ٢٨٠١٦٠ ) کەس دابینبکات ، ئەمە سەرباری بژێوی هەزاران کرێکار و فەرمانبەرانی کارگەکانی جگەرە و پوختەکردنی تووتن و کاسبکاران و ئەو شۆفێرانەی تووتنییان گوێزاوەتەوە . پاشان لە نێوان ساڵەکانی ( ١٩٦٥ و ١٩٧٤ ) دا هەشت هەزار تەن تووتنی ئەو گوندانە فرۆشراوە بە چەندین وڵاتی وەك : ( ئەمەریکا ، بەریتانیا ، بەلجیکا ، یەکێتی سۆڤییەت و هەنگاریا ) و داهاتێکی ئێجگار زۆریشی بە دوای خۆیدا هێناوە ، کەچی تا ئەمڕۆ زوربەی هەرە زۆری ئەو گوندانە چۆڵن و داریان بەسەر بەردییانەوە نەماوە ، جوتیارەکانیش ، یان ئەنفال کراون ، یان کۆچییانکردووە . خۆ ئەگەر تاکە تاکەیەکیشیان خەریکی تووتن بن ، دیارە لەبەر جگەرەی هاوردە ناتوانن بژێوی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن . پاشان هەر تەنها لە شارێکی وەک سلێمانیدا و لە نێوان ساڵەکانی ( ١٩٥٤ و ١٩٨٢ ) دا ، حکومەتاکانی عیراق توانیویانە بەنداوی دەربەندیخان و دوکان ، کارگەکانی : جگەرە و پوختەکردنی تووتن ، چیمەنتۆی سەرچنار و تاسڵوجە ، شەکر ، جلوبەرگ ، بیبسی و ئاوی بانیخێڵان و بەردی مەڕمەڕ دابمەزرێنن و هەلی کار بۆ هەزاران کەس دابین بکەن ، بە پێچەوانەی ئەمڕۆوە ، کە کار چۆتە قاتی . ئەوەی جێگای داخە لە جیاتی ئەوەی شۆڕشگێرەکان بە سامانی نەوت و پارەی زۆری ناوخۆ و حکومەتی عیراق ، گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە و گرنگی بە کشتوکاڵ و پیشەسازی بدەن و پڕۆژە و کارگەی نوێ بخەنە پاڵ کارگە کۆنەکان و ژێرخانێکی ئابوری پتەو دروستبکەن ، کەچی ئامێرەکانی کارگەی ستراتیجی شەکر ، کە ساڵانە پێویستی بە ١٢٠ هەزار تەن چەوەندەر بووە ، لەگەڵ کارگەی جگەرە بە کیلۆ هەراج دەکەن ، یەکیکیان دەکەن بە مۆزەخانەوە و ئەوەی تریان بە باڵەخانە و کارگەیەکیش نامینی بە ناوی جلوبەرگەوە ، بەمەش دەرگا بە ڕووی دامەزراندنی هەزاران کەسدا دادەخەن . ئاخر ئەگەر شۆڕشگێرەکان بیریان لە دواڕۆژی کورد بکردایەتەوە ، نە دەبوو ئامێرەکانی بەنداوی بێخمە تاڵان بکەن ، کە بیرۆکەی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧ و ئامانجیشی بوژاندنەوەی ناوچەیەکی فراوانی کوردستان بووە . خۆ ئەگەر تەواو بکرایە دەبوو بە گەورەترین بەنداوی عیراق و توانای بەرهەمهێنانی ( ١٥٠٠ ) مێگاوات کارەبا

و گلدانەوەی ١٧ کیلۆمەترە سێجا ئاوی دەبوو . ڕێگەی لە لافاو و وشکەساڵی دەگرت و خاڵێکی فشاریش دەبوو بۆ سەر عیراق . ئاشکرایە پێش شۆڕشەکانمان ، ساڵانە بە پێی ژمارەی خوێندکاران ، خوێندنگای نوێ کراوەتەوە ، مناڵی پاشا و وەزیر و کەسانی هەژار ، لە سەر یەک مێز دادەنیشتن . پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان سەدان جار لە پەیوەندییە قرچۆکەکانی ئەمڕۆمان باشتر بوون . حکومەتەکانی عیراق لە جیاتی ئەوەی بە شڕەخۆری و پارە و زەوی تاڵانی ، کۆشک و تەلار و باڵەخانە ببەن بە ئاسماندا ، هەزاران خانوویان بۆ کرێکار و فەرمانبەرانی بێ دەرامەت دروستدکردووە . وڵات بە عەقڵ و بیرکردنەوە و دڵسۆزی گەشەدەکات ، هەر عەقڵیشە بتوانێ گۆڕانکاری مەزن بکات ، نەک فرۆکەی تایبەت و ئوتێل و مۆڵ و کردنەوەی خوێندنگا و زانکۆی بۆش و بەتاڵی تایبەتی . ئەگەر مێژووی خوێناوی شۆڕشەکانمان ، داروپەردووی ٤٥٠٠ گوند و ١٨٠ هەزار ئەنفال و ٥ هەزار سورەگوڵی هەڵەبجە و ٨ هەزار بارزانی بێ گوناح و چەند هەزار پیشمەرگەی شەهیدی سێدارە و سەنگەر و شەڕی ناوخۆی لە خۆی گرتبێ ، ئاخر کەی ڕەوایە بەرهەمەکەی ئەم حکومەتە پاوانخوازە بێ ، کە میللەتێکی ڕووسور و قارەمانی خستۆتە سواڵ . ئەرێ بە ڕاست لە کتێبی گینس و دنیادا ، شۆڕشگێڕ هەیە بەمجۆرە شۆڕشی کردبێت ؟ . بێگومان هەر ئەمجۆرە حوکمرانییانەش بووە ، یەک بە یەکی ئەمارەتە کوردییەکانی داوەشاندووە و ڕاپەرین و شۆڕشەکانی بە ئاشبەتاڵ و گۆڕی بە کۆمەڵ و لە دەستدانی خاکی شیرین و پیرۆزی نیشتمان ، کۆتاییان هاتووە . لە جیاتی ئەوەی بەهەشتێکیمان بۆ بنیات بنێن لە جاران جوانتر بێ ، کەچی نیشتمانێکی ئاوەدانیان بۆ کردووین بە دۆزەخێک ، لە هیچ نیشتمانێکی دنیا ناچێ .

تێبینی : بۆ زانیاری بەنداوی بێخمە سود لە سایتی ویکیپیدیا وەرگیراوە .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish