Skip to Content

ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنفرانسی ساڵانەی “ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان”

ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆنفرانسی ساڵانەی “ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان”

Closed
by حوزه‌یران 4, 2020 General


ڕۆژی (٣١/٥/٢٠٢٠)، ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان، بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامەکانی، لە کەشوهەوایەکی شۆڕشگێرانە و هاورێیانەدا کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی سازدا.
هاوڕێیانی ئامادەبوو چەند باس و بابەتێکی گرنگیان لە کۆنفرانسەکەدا تاووتوێ کرد:

یەکەم: خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی کار و چاڵاکییەکانی ناوەند لە یەک ساڵی رابردوودا.

دووەم: گفتوگۆی تێروتەسەل لە سەر هەلومەرجی ئەمڕۆی دونیا بە گشتی و کوردستان و عێراق بە تایبەتی، لە سەروبەندی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و قۆناغی دوای کۆرۆنا. دەستنیشانکردنی ئەرکەکان و ئاسۆکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان لە بەر ڕۆشنایی ئەم هەلومەرجەدا.

سێیەم: هەڵسەنگاندن و هەلوێستی ناوەند لە سەر ناڕەزایەتییەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووی بەغداد و شارەکانی تری عێراق. هەروەها ئاسۆکانی بەردەوامی و درێژبوونەوەی ئەم نارەزایەتییە جەماوەریییە بەرفراوانە، کە ئەمڕۆ کوردستانیشی گرتۆتەوە و نارەزایەتییەکان گەیشتونەتە جێگەیەک، کە ئەگەر جەماوەری ناڕازیی کوردستان ڕیزەکانی خۆی یەک بخات و ڕێگەی دروستی خەبات بگرێتە بەر و شوناسی هێزەکانی لەبەر چاو ڕوون بێت و ڕێگە نەدات شەپۆلی پۆپۆلیستی و کۆنەخواز سوار ملی ئەم ناڕەزایەتییە بن، ئەوا لە ڕاستیدا ئەم دەسەڵاتە بۆرژوازییە ستەمکارە، چارەنووسی تەنها لەناوچوونە، کە بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەورەترین ستەم و چەوساندنەوەیان بە سەر کرێکاران و موچەخۆران و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە. هەروەها گفتوگۆ و دیالۆگێکی کراوە لە سەر ئەلتەرناتیڤی سیاسی بۆ داهاتووی کۆمەڵگای عێراق و کوردستان و فۆڕمی گونجاوی کارکردنی ڕێکخراوەیی پڕ بە پێستی ئەم قۆناغە و ئەم ساتە مێژووییەی سەدەی بیستویەک.

چوارەم: کردنەوەی دەرگای دیالۆگ و دیبەیتی سیاسی و فکری لەگەڵ دەستە و گرووپ و ڕێکخراوە چەپەکان بە گشتی و چەپی شۆڕشگێڕ بە تایبەتی (مەبەستیش لە چەپی شۆڕشگێر ئەو گرووپ و ڕێکخراوانە دەگرێتەوە کە باوەریان وایە گۆڕینی سیستەمی سەرمایەداری و بنیاتنانی سۆسیالیزم لە ڕێگای شۆڕشگێرانە و جەماوەرییەوە بەدی دێت، نە لە ڕێگای پەرلەمانی و ڕیفۆرمی قۆناغبەقۆناغی ئەم سیستمە، نە لە ڕێگەی کودەتای کەمیەنەیەکی چەکدار و دابڕاو لە ئیرادەی جەماوەری خوارەوەی کۆمەڵگە). ئەم دیالۆگەش لە پێناو دوو ئامانجدایە: (1): کۆتاییهێنان بە پەرشوبڵاویی دەستە و گرووپ و کەسایەتییە سەربەخۆکان و کۆبوونەوەیان لە دەوری پلاتفۆڕمێکی سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕ. (2): کارکردن لە ئاستێکی فراواندا لەگەڵ چاڵاکوانانی نێو ڕیزەکانی کرێکاران و هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست لە مەیدانی پراکتیکدا و هەوڵدان بۆ کارکردن لە چوارچێوەی “بەرەی یەکگرتوو”دا.

پێنجەم: هێنانەپێشی گفتوگۆی سۆسیالیستی دەربارەی بابەتەکانی (تەندروستی و پەتا جیهانییەکان، ژنان، پەروەردە، ژینگە، گۆڕانی کەشوهەوا و …هتد) و کارکردنی زیاتر لە سەریان لە داهاتوودا.

شەشەم: بەردەوام بوون لە سەر پرۆژەکانی بڵاوکردنەوەی ئەدەبیات و چاپکراوی سۆسیالیستی و گرنگیدانی زیاتر بە لایەنی هۆشیاریی سۆسیالیستی.

حەوت: دەستنیشانکردنی چەقی خەباتی ئەم قۆناغە لە دەوری دروشمەکانی (پڕوپاگەندە، هاندان، ڕێکخستن).

ناوەندی لێکۆلینەوەی سۆسیالیستی – کوردستان
2/6/2020

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish