
قه‌یرانی خوێنه‌ر و خوێنه‌ری قه‌یران … عه‌باس جه‌میل جێماو
بیانوهێنانه‌وه‌ی زۆرێك له‌خوێنه‌ر و نووسه‌ر و ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر رۆشنبیری حیساب ده‌كرێن، گوایه سه‌رقاڵن به‌بژێوی ژیان و كێشه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی..هتد، بۆیه دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه له خوێندنه‌وه، به‌ومانایه‌ی هۆكارگه‌لێكی شه‌رعییان هه‌یه، كه نه‌په‌رژاونه‌ته سه‌ر خوێندنه‌وه، هه‌روه‌ها جۆرێكی دیكه‌ی بیانوو هه‌یه، كه له‌بری خوێندنه‌وه ئه‌و داتایانه‌ی له‌نێو كتێب هه‌ن به ئاسانی له‌رێی كه‌ناڵه جیاوازه‌كانی راگه‌یاندن و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ست ده‌كه‌ون، ئه‌مه بۆته مایه‌ی تێكه‌ڵكردنی قه‌یرانی خوێنه‌ر و خوێنه‌ری قه‌یران.
هاتنی كۆرۆنا و كه‌ره‌نتینه‌كردن، بیانوویه‌كی كۆمێدی دایه ده‌ست ئه‌وانه‌ی، كه پێشتر نه‌یانده‌خوێنده‌وه، ئێستا گوایه مادام له‌ماڵه‌وه‌ن، كه‌واته كاتی خوێندنه‌وه‌یان له‌به‌رده‌سته، ئه‌مه ئه‌و نالۆژیكییه‌یه داتایه‌كمان پێده‌به‌خشێت، كه پێشتر ئه‌و به‌ناو رۆشنبیر و نووسه‌رانه نه‌یانخوێندۆته‌وه و ته‌نها به‌جه‌سته له‌سه‌ر كایه‌ی رۆشنبیری حیساب بوون، ئه‌گه‌رنا خوێندنه‌وه پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه و هیچ بیانوویه‌كی گه‌ره‌ك نییه تاكو به‌دوای قه‌یراندا بگه‌ڕێن.
قه‌یرانی خوێنه‌ر و خوێنه‌ری قه‌یران دوو كێشه‌ی جودان له‌بواری مه‌عریفیدا، ره‌هه‌ندی یه‌كه‌م، كه خوێنه‌ری قه‌یرانه، كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و جه‌هاله‌ت ده‌بات ئه‌گه‌ر ئه‌م دیارده‌یه به‌رده‌وام بێت، چونكه خوێنه‌ری قه‌یران به خوێنه‌واری موناسه‌باتی ده‌وترێت، كه له ئه‌نجامی خوڵقاندنی ئه‌و فه‌زا ته‌ماویه، یان ئه‌و كه‌شه ئاڵۆزه‌ی لێره‌و له‌وێ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و ناچار ده‌بن بخوێننه‌وه، نمونه‌ی سه‌رده‌مه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ یان كه‌ره‌نتینه، یان فیراری زه‌مه‌نی به‌عس…هتد.
قه‌یرانی خوێنه‌ریش بریتیه له نه‌بوونی خوێنه‌ری جددی، یان ئه‌وانه‌ی ئاماده نیین پاره له كاغه‌ز سه‌رف بكه‌ن، به‌كۆمه‌ڵێك بڕو بیانوو، كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كرد، نموونه‌ی ئێستای به‌ناو پایته‌ختی رۆشنبیری، كه خاونی ئه‌م رسته نامه‌عریفییه‌ن، له‌كاتێكدا زۆرێك له‌خه‌ڵكه‌كه‌ی شه‌ڕی وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌و نازناوه‌یان ده‌كرد شاره‌كه (پایته‌ختی رۆشنبیری) بێت، جیا له چه‌ند ده‌زگایه‌ك به ئاماژه‌ی چه‌ند سیاسییه‌ك به‌ڕێوه ده‌برێت بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی تاك و حیزبی، هه‌ر ئه‌مه‌شه وای كردووه هیچ ده‌زگایه‌كی چاپه‌مه‌نی یان رۆشنبیری نه‌چێته سه‌ر و له‌نیوه‌ی رێ مایه‌پوچ ده‌بنه‌وه.
خۆ ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م فه‌زایه به سه‌ر شوێنه‌كانی تردا بگشتێنرێت.. ئه‌وكات ده‌بینین به‌هه‌مان نه‌غمه گۆرانی بۆ یه‌كتر ئه‌ڵێن و قه‌یرانی خوێنه‌ر ده‌بێته ئه‌مری واقیع.
بۆیه به‌شێكی زۆر له خوێنه‌ری ئاسایی، به‌پاڵپشتی ئه‌وه‌ی قه‌یرانی به‌رده‌وام هه‌یه، نابینین روو بكه‌نه كتێبخانه‌كان به‌مه‌به‌ستی كڕینی كتێبێك، یان به‌دوای ده‌قێكه‌وه بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌ڵسه‌نگاندنێك بكه‌ن، یان به‌راوردكاری و جیاوازیه‌ك له‌نێوان ده‌قی ره‌سه‌ن و ده‌قی دروستكراو بكه‌ن، یان جیاوازی له‌نێوان ئه‌و بابه‌تانه بكه‌ن، كه به‌گڵۆپی سه‌وزی حیزبی دێنه چاپكردن.
له‌قه‌یراندا ئاساییه خوێنه‌ر دووچاری دووركه‌وتنه‌وه بێ له خوێندنه‌وه، چونكه ئه‌وكات ئینسان سه‌رقاڵی خۆ رزگاركردنه له كێشه‌كانی رۆژ، به‌ڵام لۆژیك نییه خوێنه‌ر به‌دوای قه‌یرانه‌وه بێت تاكو بخوێنێته‌وه، ئامانجی سه‌ره‌كی قسه‌ی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م پنته‌یه.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ش هۆكاری هه‌مه چه‌شنی هه‌یه، ناكرێ قه‌تیس بكرێ له‌چه‌ند خاڵێكدا، چونكه خوێندنه‌وه ده‌رهاویشته‌ی به‌شێكی نه‌بڕاوه‌ی قه‌یرانی شارستانیه‌ته، یان روونتر بڵێین بۆ خۆی دیارده‌یه‌كی شارستانییه و سه‌ره‌تایه‌ك بووه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مه‌عریفه و پێكه‌وه‌یی و كه‌ره‌سته‌ی رۆژانه‌ی په‌یوه‌ست به گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری…تاد.
لایه‌نێكی دیكه‌ی قه‌یران ئه‌وه‌یه، كه كوردی خوێن و عه‌ره‌بی خوێن، بیانووی ئه‌وه‌یان وه‌رگرتووه، كه ده‌قه‌كان به‌زمانێكی خراپ نووسراونه‌ته‌وه، ماوه‌یه‌كی زۆر به‌هۆی بڵاوكراوه‌كانی بابه‌تگه‌لێكی عه‌ره‌بی یان ئینگلیزی..هتد، كه ده‌كران به‌كوردی، دیاره مه‌به‌ست له نه‌وه‌ی شه‌سته‌كان و هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابووردوو، كه ئێستا كتێبێك ده‌بینن كراوه به‌كوردی، ده‌ڵێن له‌زه‌مه‌نی خۆیدا به‌زمانی عه‌ره‌بی خوێندوومانه‌ته‌وه، له‌راستیدا ئه‌وان نه‌یان خوێندۆته‌وه، به‌ڵكو ته‌نها ناو و ناونیشانه‌كه‌یان بیستووه، بۆیه ئێستا هه‌رچی زیاتره به‌په‌له ده‌یخوێننه‌وه.، كه‌واته پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی له‌كاتی سه‌پێندراودا وه‌كو كاتی كه‌ره‌نتینه كردن خوێ درووست ده‌كاته‌وه، وه‌ڵامی ئه‌مه به‌گومانێك ده‌ستپێده‌كات، كه رابردووی ئه‌و ته‌رزه خوێنه‌ره هه‌مان ئێستایه كه ده‌یبینین.
ماوه‌یه‌كه له‌ناو توێژی نووسه‌ران كۆمه‌ڵه كه‌سێك په‌یدابوونه، كه پێشتر كتێبیان ده‌كڕی نه‌یان ده‌خوێنده‌وه، كه‌چی ئێستا له‌م سه‌رده‌می كرۆنایه مێشكیان بردووین گوایه خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ن، له‌كاتێكدا دێن كتێبی ده‌ستی دوو ده‌خوێننه‌وه، چۆن خوێندنه‌وه‌یه‌ك، ئه‌ویش ته‌نها گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌تی ناو ده‌قه‌كان ده‌خوێننه‌وه، یان هه‌ر كوردی ئه‌خوێننه‌وه له‌كاتێكدا ئه‌بێ نووسه‌ر له خوێنه‌ری ئاسایی جیابێته‌وه‌و بزانێ به‌های تیوری نووسین چی یه.
بۆ نمونه.. كاتێك ماركیز ئه‌خوێنینه‌وه یان كافكا یان سارته‌ر یان نه‌جیب مه‌حفوز یان هارۆكی موراكامی، ده‌بێ جیایان بكه‌ینه‌وه، چون هه‌ریه‌ك له‌مانه ستایڵی نوسینیان سه‌ر به تیۆرێكن، هه‌یانه واقیعیه یان خه‌یاڵیه یان واقیعی ئه‌فسانه‌یی یان په‌روه‌رده‌ییه یان رۆمانی مۆدێرنه…تاد، نموونه‌ش ئه‌وه‌یه كاتێ جه‌نگیز ئه‌تیماتۆڤ ئه‌خوینینه‌وه ده‌بێ بزانین بۆچی له‌رۆمانی ماڵئاوا گوڵساری ئه‌سپ وه‌كو كارێكته‌ری سه‌ره‌كی له جێگه‌ی مرۆڤه .
قسه‌كردن له‌باره‌ی ده‌قه‌وه چێژی خۆی هه‌یه، هه‌روه‌ها تێڕوانینیش له‌كاتی خۆیدا بۆ نووسه‌ر به‌های خۆی هه‌یه، سه‌ربه‌خۆیش مه‌رجێكه له‌مه‌رجه‌كانی ئایدیای خوێنه‌ر، تاكو بزانێ ئایا چ جێگه‌وڕێگه‌یه‌كی گرووپ به‌ندی گرتووه، ئه‌م خوێنه‌ری قه‌یرانه هیچ یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌ی تیانییه، ئه‌گه‌ر گرووپ به‌ندیش بكات، چونكه هه‌م خوێنه‌ر و هه‌م نووسه‌ر، دوو كارێكته‌رن، كه ده‌بێ په‌یوه‌ست بن به‌ئایدیاوه، ئه‌مه قسه‌ی سارته‌ره له كتێبی ئه‌ده‌ب چییه.
به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بۆ خوێنه‌ر ده‌بێ بزانێ بۆچی رۆمانێك یان ده‌قێك زووتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر فكری ده‌كات یان بۆچی نایكات، بۆ نموونه كۆنستانتین گۆرگیۆ له‌رۆمانی كاتژمێر 25 باس له به‌میكانیك بوونی مرۆڤ ده‌كات، ئه‌مه پێشبینی نووسه‌ره، هه‌روه‌ها ئه‌لیۆت له‌ده‌قی شیعری وێرانه خاك دابڕانێكی له‌گه‌ڵ رابردوو درووستكرد، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر خوێنه‌ر دانا، كافكا له رۆمانی ئه‌مریكا پێشبینی ئه‌وه‌یان كردووه، كه مرۆڤ ئه‌گاته ئه‌و قۆناغه‌ی كه بوونی زیاده، بۆیه خۆكووشتن باشترین چاره‌سه‌ره، ئه‌مه ئایدیایه‌كی تایبه‌ته، كه خوێنه‌ر به‌لای خۆیدا راده‌كێشێ، له‌كاتێكدا ئه‌م ده‌قانه پێش و پاشی شه‌ڕی سارد نووسراون، كه‌چی خوێنه‌ری قه‌یران له‌بری ئه‌وه‌ی چێژی ئه‌و ده‌قانه له نووسینه‌كانیاندا ره‌نگبداته‌وه، تازه به‌تازه هاتوون به‌زمانی شكاوی كوردی ئه‌م تێكستانه ده‌خوێننه‌وه، له‌كاتێكدا ده‌بوو خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكردایه، كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌ك بڵێی خاوه‌نی ئه‌و ده‌قانه دوێنێ نووسیبێتیان، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه له سه‌رده‌می خوێنه‌ری قه‌یرانین، نه‌ك قه‌یرانی خوێنه‌ر، خوێنه‌ری سه‌رده‌می قه‌یرانیش له‌كاتی به‌سه‌رچوو ئه‌خوێنێته‌وه، مه‌به‌ست له‌كاتی به‌سه‌رچوو، ئه‌و كاته‌یه كه زه‌مه‌ن هیچ به‌هایه‌كی نه‌ماوه، ئه‌گه‌رنا ده‌بوو ئه‌و خوێنه‌رانه، كه ته‌مه‌نێكه له‌نێو خوێندنه‌وه و نووسین بوونه، یاده‌وه‌رییان هه‌بوایه له‌گه‌ڵ ئه‌و تێكستانه.
هیچ نووسه‌رێك یان هیچ خوێنه‌رێك له قه‌یراندا فریای ئه‌وه ناكه‌وێ ده‌قێك به‌راوردی ده‌قێكی تر بكات، یان كێ پێش ئه‌وی تر نووسیوێتی، بۆچی نووسراوه..؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م خوێنه‌ری قه‌یرانه له‌زه‌مه‌نی خۆیاندا شاره‌زای ده‌قی ره‌سه‌ن نه‌بوونه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر جاك بریڤه‌ریان نه‌خوێندبێته‌وه نازانن مانای ده‌قێك چیه و بۆچی پڕیه‌تی له‌جیاوازی ره‌گه‌ز، وه‌ختێ ئه‌مانه نه‌خوێنرابێته‌وه، به‌م كاته دره‌نگه فریای به‌راوردكاری ناكه‌ون، ئه‌گه‌ر بێت و ده‌قه‌كانی فلۆبیر نه‌خوێننه‌وه، حه‌تمه‌ن ناتوانن په‌تاته خۆره‌كانی فه‌رهاد پیرباڵ به‌راورد بكه‌ن، چونكه ئه‌سڵه‌ن پێشتر نه‌یان خوێندۆته‌وه.
له چێژی خوێندنه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر كه‌سێك توخمی فیكری ئه‌ده‌بی نه‌خوێنێته‌وه ناتوانێ بخوێنێته‌وه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بێت و كتێبی 3 وتاری رۆڵاند بارت یان كتێبی چێژی ده‌ق نه‌خوێنیته‌وه، حه‌تمه‌ن نازانی چێژ چییه.
بۆیه خوێنه‌ری ناو قه‌یران له‌م تیورانه تێناگات، چونكه فیكری ئه‌ده‌بی ناخوێنێته‌وه، له‌ده‌ره‌نجامدا ته‌نها ئه‌توانن بڵێن ده‌قێكی خۆشه‌و هیچی تر، به‌وپێیه‌ی چێژی خوێندنه‌وه فیكری نوێ به‌رهه‌مدێنێ نه‌ك به‌م چه‌شنه‌ی ئێستا باسی لێوه ده‌كه‌ن.
رۆماننووسی نوێ به‌هه‌موو ئیمكانییه‌تێكی یان به‌ته‌وزیف كردنی یاده‌وه‌ری خودی خۆی به حه‌بكه و كه‌ره‌سته‌كانی رۆمان شوناس به‌ده‌ست ده‌هێنێ، خوێنه‌ری قه‌یران پێی وایه به ئینشا یان په‌خشان نووسین ئه‌توانێ رۆمان بنووسێ، یان پێی وایه به چیرۆك كردنی شیعر یان به‌شیعر كردنی چیرۆك توانیوێتی ده‌قێك بنوسێ، له‌كاتێكدا ئه‌مانه هونه‌ری نووسینن.
هونه‌ری نووسین له‌قه‌یراندا خۆی به‌رجه‌سته ناكاته‌وه بۆ ئه‌وی تری خوێنه‌ر، بۆ نموونه ئه‌وه بۆته باو، كه‌خوێنه‌ری قه‌یران هه‌موو دایكێك به میهره‌بان ده‌ناسێ و هه‌موو باوكێكیش به زاڵم، ئه‌مه تێنه‌گه‌یشتنه له‌هیومانیزم، به‌وپێیه‌ی كه خه‌سڵه‌تی مرۆڤ باش یان خراپ له‌نێوان نێر و مێ جیاوازی ناكات، بۆیه به‌رجه‌سته‌كردنی دایك وه‌كو میهره‌بانێك له‌ده‌قه‌كاندا به‌وپێه‌ی یه‌كه‌م خاوه‌نی یاده‌وه‌ری منداڵه، باوكیش له‌كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و زاڵمه، ئه‌مه بۆته سه‌وابتی بیركردنه‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌م بیرۆكه‌یه زۆر سۆزدارییه نه‌ك مه‌عریفی، چونكه له ئه‌ده‌بدا ئه‌وپه‌ڕی بێ سلوكی ئه‌گه‌یه‌نێ نێر و مێ جودا بكرێته‌وه له ره‌فتار، باشترین نمونه‌ش له‌و جیاكارییه نا لۆژیكیه له ده‌قه‌كانی شێرزاد حه‌سه‌ن ده‌بینین، كه له‌راستیدا حیكایه‌تی جێگیر لای دایكه و حیكایه‌تی جوڵه‌ریش لای باوكه، باشترین نموونه‌ش نۆڤلێتی (حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم) ه.
له‌قه‌یراندا جۆرێكی تر له نووسه‌رمان هه‌یه له‌به‌ر بێ كاری دێت ئه‌م بنێشته ئه‌جوێته‌وه‌و جارێكی تر جیاوازی نێوان نێر و مێ له ئه‌ده‌بدا ئه‌كه‌ن، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر وشه‌ی سێكس له نووسینه‌كه‌ی ده‌ر بهێنین وه‌ك ئه‌وه وایه هیچی نه‌چنیبێت، ئه‌مه ده‌یسه‌لمێنێت كه خوێنه‌ر له‌پێناوی چه‌پاندنی سێكسی ده‌خوێنێته‌وه، كه كاری هه‌رزه‌یه، نه‌ك خوێنه‌ری جددی، بۆیه نووسه‌ریش ئه‌و داواكارییه وه‌كو به‌ندبێژی گۆرانی له‌نووسینه‌كانی ره‌نگده‌داته‌وه.
كافكا له رۆمانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر كێشه‌ی له بیرچوونی یه‌ك جانتا له‌لایه‌ن كارڵ ماڵسۆوه دنیایه‌ك بیانۆ دێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كلارادا حیواره‌كه به‌رده‌وام بێت، كه‌چی ئه‌وه‌ی مایه‌ی نه‌نگیه رۆماننووسی ئێمه بۆ سوێندیش یه‌ك حیواری سه‌رنجڕاكێش پێشكه‌ش ناكات، ئه‌و پرسیاره‌ش دێته پێشه‌وه بۆچی رۆمانی كوردی گرێیه‌كی تیانییه خوێنه‌ر له‌سه‌ری هه‌ڵوه‌سته بكات و بچێت وانه‌یه‌ك له‌لای فرۆید یان یۆنگ یان جاك لاكان بخوێنێته‌وه.
خوێنه‌ری قه‌یران هه‌ر به‌رووكه‌ش ده‌خوێنێته‌وه، هه‌ر به‌سه‌تحیش ئه‌نووسێ، بۆیه به‌رده‌وامیان تێدا نییه، به‌واتای درێژدادڕی یان به‌كارهێنانه‌وه‌ی جوڵه‌كان له زمانی رۆژانه.
ئانا كارنینا ئه‌ڵێ ئه‌گه‌ر كتێبێك دووجار پێت نه‌خوێندرایه‌وه، بۆ یه‌ك جاریش موسته‌حه‌قیت نییه بیخوێنیته‌وه، چونكه فه‌لسه‌فه‌ی ناو چیرۆكه‌كه ناتگه‌یه‌نێته حیكمه‌تی بابه‌ته‌كه، نووسه‌ر ده‌بێ له قسه‌كانیدا حیكمه‌ی هه‌بێ، ئه‌گینا هه‌موو كه‌سێك ئه‌توانێ بنووسێ و ببێته نووسه‌ر له رووه گاڵته‌جاڕییه‌كه‌وه، له‌كاتێكدا له‌نێو ئه‌و هه‌موو ئاڵۆزی و فره‌یی له‌قه‌یرانه‌كان، مه‌به‌ست له‌قه‌یرانی رۆژانه و ئه‌توانین بڵێین نقومبوون له‌نێو قه‌یرانه‌كان له زۆرێك له‌سه‌رده‌مه‌كان، ده‌بوو نووسه‌ری كورد باشترین ده‌قی بنووسیبا، ئه‌مه له‌ناو هونه‌رمه‌ندانیشدا ده‌بوو باشترین شانۆ فیلم مۆزیك گۆرانی نیگاركێشی.. هتد، به‌رهه‌م بهێنرابا، كه ئه‌ویش بۆ خۆی جۆرێكی تره له گوتاری ئاڕاسته‌كراو به رووی گوێگر و بینه‌ر، ئه‌مه بۆ خۆی ده‌لاله‌ت له‌وه ده‌كات، كه هه‌موویان له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب و خوێندنه‌وه‌دا راستگۆ نیین، له‌كاتێكدا زۆربه‌یان كتێبخانه‌یان هه‌یه وه‌رشه‌یان هه‌یه ستۆدیۆیان هه‌یه، ئێستا بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێ ئه‌مانه خوێنه‌ر و گوێگری قه‌یرانن.
دیاره مه‌به‌ست له‌هونه‌ر رووی ده‌مم له ره‌سه‌نایه‌تی نییه، نموونه‌ی ئه‌و مه‌قام و گۆرانیه و بابه‌ته توحفه ئاساكانی فۆلكلۆری كوردی نییه.
لایه‌نێكی دیكه‌ی قه‌یرانی خوێندنه‌وه، ئه‌وه‌یه كه‌سێك نابینین په‌نجه بۆ به‌راودكارییه‌كان ببات و قسه‌ی خۆی هه‌بێ، له‌به‌رامبه‌ردا وه‌ك بیانوویه‌ك ده‌ڵێن باوی ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری نه‌ماوه، كه ده‌بێ له‌هه‌موو كاتێكدا گرنگی به‌م ته‌وه‌ره بدرێت و له بڵاوكراوه و گۆڤار و موناقه‌شه‌ی رۆژانه‌دا ره‌نگبداته‌وه، بۆئه‌وه‌ی كه خوێنه‌ر چیدی به ده‌قی وه‌رگیراو یان لاسایی كردنه‌وه خۆی سه‌رقاڵ بكات و زه‌مه‌ن به‌فیڕۆ بدات.
بۆ كۆی ئه‌و ره‌هه‌نده ئه‌ده‌بییانه‌شی، كه به‌مه‌به‌ستی جه‌ده‌لی ئه‌ده‌بی قسه‌مان ڵێوه‌كردووه، یان په‌نجه‌دانان له سه‌ر كه‌موكوڕییه‌كانی ره‌وته‌كه، ده‌كرێ ئاماژه به پیاچوونه‌وه‌و باشتركردنی بكه‌ین، كه هاوكات ئه‌مه له جیهانی عه‌ره‌بی و رۆژهه‌ڵاتی ناوینیش به‌گشتی بوونی هه‌یه، كه زه‌مه‌نێكه وه‌كو ده‌ردێك سه‌ریهه‌ڵداوه، هه‌روه‌ك رۆژنامه‌نووسی عه‌ره‌ب سه‌قه‌ر ئه‌بو فه‌خر له خوێندنه‌وه‌یه‌كیدا له ژێر ناوی (عه‌ره‌ب و خوێندنه‌وه) دا ده‌ڵێت، یه‌كێك له هۆكاره هه‌ره دیاره‌كان بۆ ئه‌م كێشه‌یه، غیابی پڕۆژه‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی رۆڵی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی ریشه‌ییه، هه‌روه‌ك ئه‌بینین لێره‌یش، له‌م جوگرافییه‌ی خۆماندا به‌هه‌مان حاڵه‌تدا تێده‌په‌ڕین، كه مه‌به‌ست لێی خستنه‌وه سه‌ر ئاقار و رێڕه‌وی درووستی خۆیه‌تی.
كاتێك لێره‌وه زانیمان خوێنه‌ری قه‌یران كێیه، ده‌توانین حوكمیش به‌سه‌ر قه‌یرانی خوێندنه‌وه بده‌ین، چونكه قه‌یرانی خوێندنه‌وه له‌ئه‌نجامی ئه‌و دۆخه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه نه‌وه‌ی پێش خۆیان به‌م ستایڵه مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌ك ده‌قدا كردووه، بۆیه كه داوای ده‌قێكی نایاب یان جوان ده‌كه‌ین، ئه‌و بیانووه دێته‌وه، كه هه‌رچییه‌ك بنووسین و به‌رهه‌م بهێنین، به‌های نییه، چونكه قه‌یرانی خوێندنه‌وه‌یه، ئه‌مه كاریگه‌ری خوێنه‌ری قه‌یرانه نه‌ك قه‌یرانی خوێندنه‌وه.