Skip to Content

فرمێسکەکانم نابینرێن تەنیا خۆم گوێم لە هاژەیانە..8..خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

فرمێسکەکانم نابینرێن تەنیا خۆم گوێم لە هاژەیانە..8..خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئاب 18, 2020 General, Literature

بەشی هەشتەم..

ستیڤان: پیاوێکی سەرگەردانم و هیچ لە هونەری ژیانکردن نازانم، رقم لە ئەتەکێتی بۆرجوازیانەیە و لەسەر هیچ شتێگ ئۆقرە ناگرم.
لیزا: کاتێک ژیان هۆکارێک دەداتێ بۆ مردن، تۆ سەد هۆکار نیشانی مەرگ بدە بۆ ژیان!. لە پەنجەرەی ژیانەوە بۆ هەموو شتێک بڕوانە، بیر لە مەرگ مەکەرەوە، چوونکە ئەو هیچ پەنجەرەیەکی نییە بۆ روانین. پێویستە لە روانگەی ژیانەوە بۆ ژیان بڕوانین، چوونکە هیچ شتێک لە ژیان گرنگتر نییە بۆ تێگەیشتن لە خودی ژیان و چۆنێتی ژیانکردن.
ستیڤان: ئاخر پیاوێکی دڵشکاوم و لە دەمی ئاوابووندام. چاپلن دەڵێت بە قەد پێکەنینی خەڵک بە گرتە کۆمیدییەکانم بۆ خۆم لە ناخەوە گریاوم. ئەمە هەمان داستانی منیشە، بە قەد ناسکیی شیعرەکانم دڕک لە رۆحم چەقێنراوە، بە قەد میهرەبانیم بۆ کەسانی تر، ئازار دراوم. هێندەی پیتی شیعرەکانم غەدرم لێکراوە و دڵم شکێنراوە. ئیدی ئاوا دەبم. راستە ئاوابووم بەڵام لە ئاوابوونیشدا تابلۆیەکی جوانم.!.
لیزا: هیچ شەوێک کۆتایی ژیان نییە، لە کۆتایی هەموو شەوێکدا دیسانەوە خۆر هەڵدێت و مزگێنی بەرەبەیانێکی نوێ دەدات، ئەم پرۆسەیەش پێی دەوترێت هیوا کە هەرگیز نامرێت. هەرگیزیش بێ ئومێد بە، لە یادت بێت جوانترین بارانەکان لە رەشترین هەورەکانەوە دەبارن.
ستیڤان: کاتم کەم ماوە لە ژیاندا، کاتێک بووم بەسووتوو لەگەڵ پاشماوەی یادگارییەکانم بژی، بەڵام کە بیرت کردم و من ون ببووم لە ژیاندا مۆمێک داگیرسێنە و سووتانی منت بیر بکەوێتەوە.
لیزا: نەخێر هەموو رۆژێک لەگەڵ یەکەم تیشکی هەتاو چاوەڕێی هەڵاتنی پێکەنینتم، هەموو شەوێک لەگەڵ یەکەم تریفەی مانگ چاوەڕێی وشکبوونی ئەسرینتم. ئاخر وەک گەڵایەک دەتیبنم بە رەشەبای پایز سەما دەکەیت و لەگەڵ یەکەم گزنگی بەهاردا لە دڵی مندا دووبارە سەوز دەبیتەوە.
ستیڤان: بەم نزیکانە دەوەرێم و دەبمە بیرەوەریی. رۆژێک دێت بۆ تۆ دەبمە یادگارییەکی جوان، بەڵام پڕ فرمێسک. رۆژێک بانگم دەکەیت لە بری خۆم شیعرەکانم وەڵامت دەدەنەوە. شەوێک مۆمێک هەڵدەکەیت بە دیار یادەوەرەییەکانی ئەم رۆژانەوە!. من لێرە نابم، بەڵام هەستت پێدەکەم تەنانەت ئەگەر لە دڵی خۆشتا ناوم بهێنی، من بەشێکم لە تۆ یان لە مێژووی تۆ، هەرچەند شنەبایەکی تەمەن کورتیش بم لە وجودی تۆدا، بەڵام هەمیشە لە چاوەڕوانی هەڵکردنەوەی ئەم شنەبایەدا دەبیت. لێ داخی گرانم من لەو شنەبایانەم یەک جار هەڵدەکەم و هەمیشە وەک خەیاڵێک و خەونێکی خۆش لە چینی یادەوەریتدا دەمێنمەوە.
لیزا: تۆ مافت نییە بمریت، مانگ بۆ دڵخۆشیی ئاسمان تیشکی داوێ، منیش بۆ خۆشبەختی تۆ تیشکی تەمەنم پەخش دەکەم.
ستیڤان: ئای لە تۆ!!. دەزانیت تۆ چیت لە من کردووە؟ زۆر زۆر بە توندیی منت بە ژیانەوە بەستۆتەوە، تۆیت ناهێڵیت بمرم!. ئەگەر لە سەرەمەرگیشدا بم بانگم بکەیت بۆ ژیان بە راکردن بەرەو تۆ دێم، چوونکە ژیان واتە تۆ، واتە زەردەخەنە شەرمنەکانی تۆ، واتە ناسکی و نیانی تۆ، واتە ئامێزی میهرەبانی تۆ.
لیزا: زۆرجار وەک باخچەیەکی پۆشتەی پڕ گوڵ خۆت دەنوێنیت، زۆرجاری تریش وەک درەختێکی رووتەڵە و زڕ و بێ گەڵا!.
ستیڤان: تۆ نازانیت گەڵاکانی پێکەنینم هەموو وەریون. کەچی وەک پیرە درەختێکی بێ گەڵا بە رووتی لەسەر پێی خۆم وەستاوم، هەرچەند تەوریشیان لە دڵ و لەشم دابێ قرنجاندوومی وشکی نەکردووم. گەلێک رەشەبا و گەردەلوولم بەزاند و خۆم راگرت لە بەردەم هەڵمەتی بێ بەزەییانەیاندا، کەچی ئێوە وا دەزانن ئەم وەریوییە تاوانی خۆمە، وا تێدەگەن سوچی خۆمە گەڵایەک بە قەدمەوە نەماوە ببێتە سەیوانی رێبوارێکی عاشق.
لیزا: کێشەم ئەوەیە تۆ هەستت ناجوڵێت بۆ ئەو هەموو عەشقەی من، لە کاتێکدا ئاگرێکم و هەر گڕم لێ دەبێتەوە!! تۆ هێشتا حاڵی نیت عەشقت منی ژیاندەوە لە هەمان کاتدا کوشتوومی!!.
ستیڤان: من ئەو یوسفەم فڕێدراومەتە بیری تەنهاییەوە، زولێخاکەشم نەک وازی لە عەشقم هێنا بەڵکو یەکەم کەس بوو لە بیری کردم.
لیزا: زۆرجار وەک جێنی مارکس ئارەزووم دەکرد پەککەوتەی سەر جێگا بیت بۆ ئەوەی خزمەتت بکەم و دڵنیا بم لە مانەوەت!، بەڵام هەنووکە دەخوازم چاک ببیتەوە لەو نەخۆشییە!. پەڕی نوێ دەر بکەیتەوە تاکو باڵی فڕین پەیدا بکەیتەوە، ئیدی گرنگ نییە بۆ کوێ دەفڕیت، گرنگ ئەوەیە بتوانیت بفڕیت. بفڕە بفڕە بە ئازادیی خۆت بفڕە، باڵندە نابێت بە ناوی خۆشەویستییەوە مافی فڕینی لێ زەوت بکرێت.
ستیڤان: تاکە شتێک لە تۆم بووێت ئەوەیە بە تایبەتمەندییەکانی خۆمەوە منت خۆش بوێت، من بە نیازی عەشق لە دەرگای دڵتم داوە، ناچار نیت دەرگاکە بکەیتەوە، بەڵام هەر کردتەوە خۆت دانێ بۆ یاری قورس و ریسک و سەرچڵی!!. من بەم جۆرە دەمەوێت بێمە نێو ژیانی تۆوە و رۆژەکانت بە تیشکی ئەوین رۆشن بکەمەوە.
لیزا: دوو کێشەم هەیە، یەکەم تۆ لە مردن دەترسیت، دووەمیش نەخۆشییە جەستەییەکەت ناهێڵێت ریسک و گەمەی دژوار بکەیت، بە پێچەوانەوە زۆر جار بە لاوازیی دەتبینم لە بەرامبەر نەخۆشیدا.
ستیڤان: بۆ نەخۆشی ناچەمێمەوە، من کرمێک لە نائومێدیی هەناوی خواردووم! فرمێسکەکانم نابینرێن تەنیا خۆم دەیانبینم و گوێم لە هاژەیانە!. چیرۆکی من چیرۆکێکە لە داستانە تراژیدییەکان، نە شکسپیر دەتوانێت بیکاتە شانۆنامە، نە کازانتزاکیس بۆی دەکرێتە رۆمان، نە گارسیا مارکیز دەرەقەتی گێڕانەوەی دێت. نە هۆلیۆدیش سیناریۆی وا غەمگینی کردۆتە فیلم. من کوڕی منداڵدانی ژان و نەوەی رەسەنی دڵسووتانم. ئەوەی دەیڵێم دەزانم چییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە خەڵک ناتوانن بگەنە نیوەی واتاکەشی، وەک ئەوەی بە زمانێکی هەسارەیەکی تر بدوێم.
لیزا: حەزم لە ئامێزی پڕ میهری تۆیە، جەستەی تەزیوم بە ئاگردانی رۆحت گەرم دەکەمەوە، دڵی پەڕاگەندەم لە ماڵی دڵتدا دەشارمەوە، تینوێتیم لە کانیاوی چاوە بەهارییەکانتدا دەشکێنم، وەک کۆترێکی بێلانە لە نێو پیاوێتی تۆدا هێلانەیەک بۆ خۆم چێ دەکەم.
ستیڤان: دەتوانم تۆ لە شیعرێکدا بنووسمەوە، نا، نا، چی ئاوی دەریاکانە بکەمە حیبر، سینگی سپی چی ئەستێرە هەیە بکەمە لاپەڕە، هێشتا ناتوانم میهرەبانی و جوانی تۆ بنووسمەوە، ناتوانم نیوەی هەستی خۆم لەو هەموو دێڕەدا جێگە بکەمەوە، چوونکە پانتایی هەموو کەون تەنگ و تەسکە بە بەری عەشقەکەمان!!. ئاخر من لە دڵی تۆوە هەڵدەقوڵێم جۆگەلە دەبەستم بۆ ناو رۆحت، تۆش لە عەشقی منەوە دەبارێی و رێچکە دەگریت بۆ ناو هەستم.

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی
——————————————————
تێبینی:
ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون

Previous
Next
Kurdish