Skip to Content

منم ژەنەراڵی عەشق.. ستیڤان شەمزینی

منم ژەنەراڵی عەشق.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 22, 2021 General, Poems

منم ژەنەراڵی عەشق
ئەوە منم هەموو رۆژێ بە کلیلی عەشق
دەرگای ژەنگگرتووی دڵەکان ئەکەمەوە،
ئەوە منم بە تێشوویەک شیعری رۆمانسییەوە
بێ پشوودان بێستوونی عەشق هەڵدەکۆڵم
ئەوە منم هەموو رۆژێ وەک دەریا فێ دەمگرێ
کەفوکوڵم بە یەک نیگا هێور هێور ئەبێتەوە
ئەوە منم خوێن لە زامەکانمەوە دەچۆڕێ
“نای” هەناسەم بە پەنجەی “با” ئەژەنرێ
ئەوە منم وەک زریان بەسەر شارەکاندا ئەدەم
کوخە کۆنەکانی کولتوور لەگەڵ خۆما ئەبەم
ئەوە منم بە پۆشاکی خەمەوە بە تەنیا رێ ئەکەم
سروودی فیغان لەسەر جەستەی دێوانەیەک ئەنووسمەوە
ئەوە منم دەستی گەڵاکان ئەگرم بەرەو بەهار
شمشاڵی غەریبیم ئەگاتە گوێی فریشتەکان
ئەوە منم وەک ژەنەراڵی عەشقێکی ناکام و نامراد
سترانی فیراق لەسەر تەرمی خۆم ئەچڕم
ئەوە منم بە کوچە تاریکەکانی سۆزا گوزەر ئەکەم
لە ئەشکەوتی دابڕاندا چرای دەستم بەرئەبێتەوە
ئەوە منم لە کۆتا خاڵی گەردوونەوە دەنگی گریانم دێ
کاسە شەرابی بوون و خۆشبەختیم لێ ئەڕژێ
ئەوە منم حکایەتی وەرینی سەوزترین گەڵا بۆ پایز ئەگێڕمەوە
نە پایز تێدەگات و نە بەهار گەڵاکەم پێ ئەبەخشێتەوە
ئەوە منم ژەنەراڵی عەشقێکی بێ پایان و بێ بن
نەرگسیترین رۆح و هەستێکی لە شەونم نەرمترم هەیە
ئەوە منم ژیانم بە کۆڵێ دەردیسەریی گەمارۆ دراوە
لە باکووری زەوییەوە تەمبور بۆ ئازارەکانم لێ ئەدەم
ئەوە منم بە فڕینی پۆلە ریشۆڵەکان تا شێتی شاگەشکە ئەبم
لەگەڵ رنوە بەفردا تا ئەودیوی سنووری خەیاڵیش چووم
ئەوە منم بە لاشەیەکی سستەوە جەنگی عەشقم هەڵگیرساند
بۆ یەکەمجار من بووم مۆرفینم خستە قاوەی تاڵی ئەوینەوە
ئەوە منم تاکە ژەنەراڵی ئیمپراتۆریای خاپووری دڵ
سەدان سەربردەی نەبیستراو و مەحاڵ ئەبەمە ژێر گڵەوە
ئەوە منم هەزاران شیعرم لە ستایشی خۆشەویستیا هۆنیوەتەوە
ئەوە منم چاکەتێکی شڕ و سەرێکی پڕ ئێش و ژانم هەیە
هەموو سامانم دڵێکی گەش و دیوانێک و پێنج ئیرۆیە
ئەوە منم سبەینان سڵاو بۆ فریشتەکان ئەسەنمەوە و
ئەمەوێ رۆژێ لە ناو ئەو پۆلە فریشتەدا بتدۆزمەوە
ئەوە منم ئەندێشەکانم زۆر ئاڵۆزن و لە تالووکەدان
ئاوێنەی شکاوی دڵم وێنای رووخسارمی شێواندووە
ئەوە منم یەک جار دێم و هیچ کات دووبارە نابمەوە
هەر منم تا هەتایە لە ژووری خەونەکانت نایەمە دەرەوە
ئەوە منم خاوەنی ژوورێکی سارد و بێ جۆش و شەوق
وەک پەڕاگەندەیەکی تۆقیو خۆم لەپشتی سێبەرەکەمەوە شاردۆتەوە
ئەوە منم پێ بە پێ، هەنگاو بە هەنگاو، لە ماراسۆندام بەرەو مەرگ
پێش مەرگم ئەمەوێ لە وەنەوزێکی کورتتدا لە دایک بمەوە
ئەوە منم پێک لە دوای پێک ڤۆدگای خەستی عەشق ئەخۆمەوە
بە مەستی شانامەی جوانیت بۆ هەموو جیهان ئەخوێنمەوە
ئەوە منم خۆم داوەتە بەر خۆرەتاوی وەرزی ئەڤینداری
لە جیاتی ئامێزی گەرم، سەرقاڵم بە چنینەوەی دووریت
ئەوە منم تەماشای دەریاکانم ئەکرد کە پێکەوە وشکیان کرد
بینیم ئەستێرەکان بە کۆمەڵ بەرەو فەلەکێکی تر کۆچیان کرد
ئەوە منم شایەتم لەسەر خۆکوشتنی مانگ لە نیوە شەودا
نە توانیم ئەم چیرۆکە بۆ زەوی و نە بۆ خودا بگێڕممەوە
ئەوە منم سەیری هەرەسی گاشەبەردی دڵڕەقیم ئەکرد
لە تاودا سەرم خستە باوەشی دڵی نەرمی خۆمەوە
ئەوە منم لەودیو قەفەزەکانەوە بۆ بولبولەکان شین و زاریم بوو
نە توانیم دەرگای قەفەز بکەمەوە و نە گۆرانییەکەیان بسەنمەوە
ئەوە منم دەرگای هەموو ئاڵۆزیی و سەختییەکانم کوتیوە
جگە لە پەنجەرەی عەشقێکی سەرابئاسا هیچی ترم بەروودا نەکراوە
منم ژەنەراڵی عەشقێکی قووڵی بێکۆتایی و سەرکەشانە
ژیان هەمووی تۆوی مەرگە، تەنێ عەشق هەموو ژیانە
من ژەنەراڵی عەشق

Previous
Next
Kurdish