Skip to Content

چووین شوورا دامەزرێنین، چینەکەشمان لە دەستدا!؟.. عبدالرحمن محمد(مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

چووین شوورا دامەزرێنین، چینەکەشمان لە دەستدا!؟.. عبدالرحمن محمد(مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)

Closed
by شوبات 24, 2021 General


(زیاتر ڕووی دەمم لە چەپ و کۆمۆنیستەکانە)

بەقاڵەکەی گەڕەکی ئێمە، کاری وایی دەکرد، مرۆڤی دەهێنایە پێکەنین تا ڕادەی بوورانەووە.سەردەمانی شەڕی عێراق-ئێران بوتڵی غاز دەستنەدەکەوت، حاجی ئەفەنی دەیگوت: هەر بتڵێک غاز دەبێت کیلۆیەک مێخەکی لە گەڵدا بکڕی! دەوڵەتیش پێ دەچوو لەو کاتەدا، کاتێک شتوو مەکی هاوردە دەکرد لە هند و وڵاتانەووە، ئەو مێخەکەیان بە سەردا ساغ کردبێتەووە، لە کۆتاییدا، خۆی لە ملی دایک و خوشکەکانی ئێمەدا دەبینیەووە،وەک ملوانکە!
من، ئێمە، هەموومان، کەم و زۆر لە بزووتنەووەی چەپ و کۆمۆنیستیدا کارمان کردووە، مارکس و کۆمۆنیزم و زێدەبایی و ماتریالیزمی دیالکتیکی و مێژوویمان وەک ناوی خۆمان لە بەرە!؟ بۆ نموونە؛ لە زانکۆ بووین، جارێکیان، مامۆستایەکمان پرسیارێکی لە تاقیکردنەووە هێنابوو،ئایا ماتریالیزمی مێژوویی چیە؟ بڕوا بکەن، لە قوتابیە؛ ئیسلامیەکان و نەتەووەیەکان و چەپ و کۆمۆنیستەکانەووە،بە تایبەتی قوتابیە کوردەکان ، هەمومان ٪ ٩٠مان هێنابوو!؟ مامۆستاکە دەیگوت، ئەم قوتابیانە دەبوایە ٪١٠٠ وەرگرن، بەڵام نابێت، چونکە ئەو کاتە وەک کارل مارکس، دەبن بە فەیلەسوف!؟
با بێینە سەر بەقاڵەکانی سیاسەتی کوردی و کەمێک هەڵیانسەنگێنین، چونکە تا ئێستا هەر ئەوان ئێمەیان هەڵسەنگاندووە، هەندێک جار، هەندێک هاوڕێمان پێش ئێمە وویستبوویان هەڵیانسەنگێن، یا لە زیندان توندکراون یا کوژراون، بەڵام بێدەنگیش سنووری هەیە!؟، کۆمەڵەی ڕەنجدەران، کۆمەڵەیەکی مارکسی لینینی بوو، دەتوان بڵێم ڕۆژێک لە ڕۆژان نیووەی کورد لە ڕێکخستنەکانیدا بوو١ بەڵام ڕابەرەکەی و سکرتێرەکەی نەوشێروان موستەفا، لە کۆتایی تەمەنیدا دەیگووت، هیچ کاتێک مارکسی نەبوومە!؟ بەڵکوو، لە گەڵ مەلا و خەڵکە مەزهەبیەکاندا زیاتر نزیک و دۆستایەتی هەبوو!؟ لە کاتێکدا هەزاران کەس بە بێ بڕوایی چونە گۆڕەووە لە سەر دەستی بەرنامەکەی ئەو بوو!؟ بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، کە زۆربەیان، بێ دەستنوێژ هەڵگرتن؛ سیاسەتیان نەدەکرد!؟ ئەو پێشمەرگەیە چی لێ دەکەن، چی پێ دەڵێن؛ کەوتبووە شەڕێکەووە، هاواری دەکرد دەیگوت: ئێستا چیبکەم، بەردێک نیە خۆم بدەمە پاڵی، لای خوا و پێغەمبەریشیان لێم بڕیوەتەووە تا لێیان بپاڕێمەووە و ڕزگارم بێت و فیشەکێکم بەرنەکەوێت لەم شەڕەدا!؟
مەلا بەختیار،ئەندامی حیزبێکی سۆشیال-دیموکرات، دابڕانێکی داناووە، کە کۆمەڵیک مرۆڤی بێ باوەڕ ڕابەرایەتی دەکەن، دژی هەموو باوەڕێکی مەزهەبیە، بە تایبەتی ئیسلام، بەڵام ئێستا دەڵیت: من سونیم و بڕوام بە هەموو پێغەمبەران و قورئانی پیرۆز هەیە!؟ وە هەروەها گۆشتی بەرازیش ناخۆم! لە کاتێکدا ئاڵای شۆڕشی دامەزراند، کە کۆمۆنیزمێکی عەیارە ٢٤ بوو!؟ جا خۆ، ئێستا کۆمەڵە و یەکێتی نیشتمانی دەتوانن مەلا بەختیار سزا بدەن بە تاوانی، تابووری پێنج، بۆ ئیسلامیەکان، وەک لە چاوپێکەوتنەکەیدا دیارە، چەند پەرۆش و لایەنگری ئیسلامە!؟ بە ڕاستی تا دەمرین، شتی سەیر و سەمەرە دەبینین!؟
حیزبی شیوعی عێراقی، یەکەم حیزبی کۆمۆنیستیە لە عێراق( ئەوەی باشە زۆری خەڵک نازانن شیوعی و کۆمۆنیست هەر یەک مانایان هەیە، لە سەر بزووتنەووەی کۆمۆنیستی ناژمێردرێن!)، وەک بینیمان لە خوارووی عێراق لە گەڵ سەدر و شیعەکاندا یەک لیستیان هەبوو لە هەڵبژاردندا!؟ ئێستاش سەریان بڕوات نوێژیان ناڕوات!؟ پێ دەچێت ئەمان لێیان تێک چوبێت، لە جیاتی مانیفێستیان خوێندبێتەووە، قورئانیان خوێندبێتەووە!؟
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی سازمانی کوردستانەکەی دامەزران، زۆربەمان کەوتینە ژێر تەئسیریەووە، زۆربەی کۆمۆنیستەکانی عێراق پەیوەست بوون پێوە و لە دەورەی ئامۆزشیەکانیاندا بەشداریان کردووە، دوایی هەر مەنسوور حیکمەتی سکرتێری،کە کەسی یەکەمی حیزبەکە بوو، بە خۆی و قەڵەمەکەیەوە لێی دەرچوو و حیزبێکی تری دامەزراند، ئیتر تەشکیلات و ڕێکخستنەکانی لە نێوو کرێکاراندا چی بە سەر هات، کێشەی خۆیانە!؟ لەو کاتەووە ئەو بزووتنەوەیە لە ناوچەکەدا، تووشی سەرە سوڕێیەک بووە، خۆی بە پێووە ناگرێت!؟
کۆمەڵەی سازمانی کوردستان، ئێستا هەر کۆمۆنیستە، بەڵام لەو زڕگوێزە دایانیانیشاندووە، دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی باشووری کوردستان دەبێت ڕێگەیان پێ بدەن، تا کارێک بکەن!؟لە بەر ناسکی و ساوایی بارودۆخی هەرێمی باشووری کوردستان، ئەم کۆمەڵەیە،پێ دەچێت نەوێرێت و جورئەتی ئەوەی نەبێت بڵێت و پرسیار بکات، ئایا باشوریەکان، ئێووە کەی لە ساوایی دەردەچن؟! بەڵام بۆ ماوەی چەندین ساڵە گوێم لە هیچ کار و چالاکیەکیان نەبووە، هەر خەریکی ئینشیعابن(ئینشقاق) جیابوونەووە بە دیالێکتەکەی خۆیان!؟ گۆم ڕێ نەکات، ئیتر بۆگەن دەکات!؟
کۆمۆنیزمی کرێکای عێراق، هەر مەنسوور حیکمەت، دامەزرێنەر و فەیلەسوف و هیدایەتکەری بوو، ناشوکری نەبێت، ئێستا خاوەن ٥ پێنج حیزبین ئەگەر زیاتر نەبێت!؟ چونکە بۆنم کردووە، دوو سێ نەفەرێکی تریش خەریکی دانانی پلاتفۆرمی کاری ڕێکخراوێکی ترن!؟، کە هەمووی لەم حیزبەووە دابەش بوون!؟ بڕوا بکەن، ڕیزی خەڵکانی ناڕازیی و چەوساوەیان وا پەرش و بڵاوکردۆتەووە، دەسەڵاتی کوردستان، هێندە بێ منەت بوووە لەو چینی کرێکارە، بە دوومانگ جارێک مووچەیان دەداتێ، بە لێبڕینەووە!؟ بە مانایەکی تر، ئەم کۆمۆنیستانە، چزووی چینەکەیان دەرهێناووە، تا خۆیان ێەکلا دەکەنەووە!؟ بۆ شوورا ڕۆیشتین! چینەکەشمان خستە سەری!؟
کۆمۆنیزمی نوێ، هاوڕێیەکمان لەم ڕۆژانەدا، پەرتوکێکی بە چاپ گەیاند، لە ژێر ناوی کۆمۆنیزمی نوێدا، بە گوێرەی داتاکان بێت، ئەم هەمووە کە باسمان کردن، لە ژێر چەترێکدا کۆ بکاتەووە!؟ ئێستا من بۆ خۆم، چاوەڕوانی ئەم کۆمۆنیزمە نوێیەم، دەڵێم بەڵکو ئەمەیان دوا پەرتوووک بێت و بکەوینە سەر ڕێچکە!؟
من بە مافی ڕەوایی هەر کەسێک و گروپێکی دەزانم، کە بۆ خۆی ئازاد بێت لە ڕێکخستن و هەڵبژاردنی ڕەوتی سیاسی خۆیدا، بەڵام تەئسیرات و لایەنە نێگێتیڤەکانی سەر ئەو لێکترازانە سیاسیانە لە سەر کۆمەڵگا و چینی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بە تایبەتی،دەبێت لە بەرچاو بگیرێت!؟ لە گەڵ هەر دابەشبوونێکدا، سەدان مانگرتنی چاوەڕوانکرا و توشی شکست دەبێت!؟ دەیان مرۆڤی شۆڕشگێڕ سارد دەبنەووە!؟ سەدان یەکێتی ناوەندەکان، دەبنە دژ و بگرە دوشمنی یەک!؟ دەیان ڕێکخراوی جەماوەری دەتوێنەووە ، لە کاتێکدا هەزاران خەڵکی ستەمدیدەی کۆمەڵگایان گرتبووە خۆیان!؟ دیان ساڵ چوونە دواووە، تا جارێکی تر ، کۆمەڵێکی تر، نەوەیەکی تر، دێن ودەبنە خاوەنی بزووتنەووەکە!؟
زۆرێک لە ئێمە ومانان، کە ڕێکخراوبووینە، خاوەنی ڕێکخراوی خۆمان بووینە،ئەندامی گروپێک بووینە، دەزانین و هەستی پێ دەکەین، کە چۆن پشتت دەشكێنێت ئەو هەموو دابەشبوونە!؟ کە چۆن هاوڕێکەی دوێنێت لێ دەبێتە دوژمنی ئەمڕۆ!؟ کە چۆن هەزاران،خەڵکی ئاوارە و منداڵ و ژنانی چەوساوە و کرێکارانی بێکار و مامۆستایانی بێ مووچە سەرگەردان دەبن و نازانن ڕوو لە کوێ بکەن!؟
لە ئەوروپا کە دەبینین، سەرۆک حیزبێک، ڕێکخراوێک، وەزیرێک، یانەیەکی فۆتباڵ، لە شکستێکدا، دەست لە کارکێشانەووەی خۆی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت: با کەسێکی تر جێگەی من بگرێتەووە!؟ من نازانم، چۆن شەرم ناکات سکرتێری پارتیکی سیاسی بە تایبەتی چەپ و کۆمۆنیست، کە دەڵێت ئەوە بۆ سێهەم و چوارەم جار بە سکرتێر و بەرپرسی کۆمیتە ناوەندی و مەکتەب سیاسی هەڵبژێردرایەووە،لە کاتێکدا دەسەڵات و تەجرووبەی ستالین و شاوشیسکۆمان بینیووە!؟، لە کاتێکدا، لەو هەموو کاتەدا، کارەکانی تەنها بستێک نەچوەتە پێش!؟ ئەگەر بچوایە پێش کارەکانی، سەدان کەسی تر، دەستیان هەڵدەبڕی و خۆیان هەڵدەبژارد بۆ سەرکردایەتی ئەو حیزبە!؟ دەنا، زۆربەی حیزبەکانی کوردستان، سەرکردەکانیان، بە تێکڕایی دەنگ هەڵدەبژێردرێن( با بەین خۆمان بێت، عەیبە وڵاتانی بیانی با پێمان نەزانن! )
دەڵێت من بڕوام بە مەزهەب و پرەنسیپە ئاینیەکانە، بەڵام هێشتا خۆی بە ڕابەر و موفەکیری ڕێکخراوێکی بێباوەڕ دەزانێت، ئامادەش نیە بەرپرسیارێتیەکە چۆل بکات بۆ یەکێکی تر!؟ برا بڕۆ لە حیزبێکی مەزهەبی ناوت بنووسەوو و ببە ئەندام!؟کەسی وا هەیە؛ دەیان جیابوونەوو و ئینشقاق بە هۆی کەلە ڕەقی ئەووەوە ڕوویداووە لە حیزبەکەیدا، هێشتا ئامادە نیە، چۆڵی بکات!؟ ئەی ئیتر دەسەڵاتی دیکتاتۆری چۆنە!؟
هەمووویان لە بەقاڵەکەی گەڕەکی ئێمە دەچن، غاز و مێخەک پێکەووە دەفرۆشێت! ئارد بکڕیت دەبێت کیلۆیەک بزماری کەوشیشی لە گەڵدا بکڕیت! بە ڕاستی مرۆڤی کورد، ئەگەر بۆ ساتێک، مێشکی ئاسوودە بکات و کەمێک لاپەڕەکانی مێژووی ژیانی خۆی هەڵبداتەووە، دەبینێت لە چی، نیفاقێکدا ژیاووە، چۆن چەواشەکراووە!؟
کۆمەڵێک هاوڕێ لای پەنجەرەکەووە ڕاوەستابوون،بانگمیان کرد، مەلا رەحمان، مەلا رەحمان، وەرە ،تەماشاکە، ئەو مانگایە دەفڕێت! منیش بە پەلە ڕامکرد بۆ لای پەنجەرەکە، تا ببینم بزانم مانگا چۆن دەفڕێت، ئەوان(مەبە ستم سیاسیەکانە) دایانە قاقای پێکەنین بە من، گوتیان :
بڕوات کرد، مانگا دەفڕێت؟
منیش گوتم: لە بەر ئەووەی ئێووەم بە ڕاستگۆ دەزانی!

عبدالرحمن محمد(مەلا ڕەحمان ئاوارەکان)
azzady22@gmail.com
22/02/2021

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish