جیاکاریى و چەوساندنەوەى ژن لەنێو کایە کۆمەڵایەتییەکاندا.. ستیڤان شەمزینی
چەوساندنەوەى رەگەزى مێینە لە پێش هەر شتێکدا و لە پێش ئەوەى وێنەیەکى یاسایى و سیاسیى وەربگرێت چەوساندنەوەیەکى کۆمەڵایەتییە کە لە دامەزراوەى خێزانەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە سەرەکیترین کایە کۆمەڵایەتییەکان و لەوێشەوە ئەم کێشەیە رەنگێکى یاسایى و سیاسیی وەرگرتووە، هەڵە نییە هۆکارى بنەڕەتى جیاکاریى و چەوساندنەوەى ژن لە کایەکانى تردا گرێ بدەینەوە بە کایە کۆمەڵایەتییەکەوە کە ژنى وەک مەخلوق و کائینێکى کەمتر لە پیاو سەیر کردووە و ناچارى کردووە نوچ بدات لە بەردەم ویستى رەگەزى نێرینەدا کە ویستێکە بۆ چەوساندنەوە و کۆنترۆڵکردنى ئەویدى ژن. تۆ سەیر بکە هەر لە سەرەتاى لە دایکبوونى منداڵێکی کچەوە ئەو جیاوازییە رەگەزییە دەستپێدەکات لەوەى پێشوازیکردنى کۆمەڵ و خێزان لە لە دایکبوونى کچێک زۆر سارد و سڕترە لە لە دایکبوونى منداڵێکی کوڕ، بەڵکو زۆرجار هەر مایەى پێشوازیکردن و خۆشحاڵیش نییە.
دوا بە دواى ئەوەش لە پرۆسێسى ناولێنانى هەر یەک لە کچ و کوڕدا بەر حاڵەتێکى لەم چەشنە دەکەوین ئەمیش بەوەى ناوى کچان دەنێن (ناسک- تریفە- خونچە- پەپولە- سروە..هتد) لە بەرامبەریشدا ناوى کوڕان دەنێن (پۆڵا- تۆڵە- سەرباز- بەهێز- سەرچڵ- سەرکەش.. هتد) خۆى لە خۆیدا ئەم ناولێنانە هەنگاوێکى سەرەتایى و گرنگى سایکۆلۆژیی و عەقڵێتیى سیستمى پاتریاکییە بۆ جیاکردنەوەى دوو رەگەزەکە لە یەکتر، رەگەزێکیان کە مێینەیە ناسکتر و لاوازتر و سۆزدارترە لە رەگەزەکەى تر کە نێرینەیە، بەم پێیەش هەریەکەیان دەبێت هەڵگرى ناو و نازناوێک بن لەگەڵ خەسڵەت و تایبەتمەندییە فسیۆلۆژیى و بایۆلۆژییەکانیاندا هاوتەریب بێت. لە روانگەى عەقڵێتى باوکسالارییشەوە جیاوازییە فسیۆلۆژیی و بایۆلۆژییەکانى ئافرەت مایەى نەگبەتییە و فاکتۆرێکیشە بۆ ژێردەستەکردن و رەوایى بەخشین بۆ ملکەچپێکردنى رەگەزى مێینە. ئەمە تەنیا دەتوانێت ئەوەمان وەبیرخاتەوە چۆن رەگەزى سپى (سپى پێست) شەرعیەتى دەدا بە خۆى، بە بیانووى جیاوازیى رەنگى پێستەوە پاکتاوى زنجى و (قولە) رەشەکان بکات، هەمیشە رەگەزى ئەنگلۆسەکسۆنى بە بەهانەى رەگەزى باڵا و شانازییکردن بە چاوى شین و پێستى ناسکى سورباوى خۆیانەوە ژیانیان لە ئەفریکاییەکان کردە دۆزەخێکى زەمینى، لە کاتێکدا ئەم حاڵەتە خۆی لە خۆیدا رێژەیییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە چاویلکەى رەشەکانەوە (سپى)بوون ئەوپەڕى ناشیرینبوون و بێزراویى بووە، هەروەک کۆمەڵناسى ناسراوى عێراقى (د.عەلی ئەلوەردى) نموونەیەک لەم بارەیەوە دەهێنێتەوە چۆن کۆمەڵە رەشپێستێک گاڵتە بە سپى پێستەکان دەکەن چوونکە زۆریان لەلا ناشیرین بوون.
ئەم هەڵاواردن و جیاکارییەى نێوان دوو رەگەزەکە بە بیانووى جیاوازیى فەسڵەجییەوە، دەمانخاتە بەردەم کۆمەڵێک پرسیار و تێڕامان: ئەى بۆچى جیاوازییەکیانى پیاو نەبۆتە فاکتۆرى نەگبەتى و چەوساندنەوەى نێرینە؟ تەنانەت لە قۆناغى دەسەڵاتى رەهاى دایکدا (ماتریارکى) رۆژێک لە رۆژان پیاو نەچەوساتەوە، بەڵکو شتێک نەبووە ناوى چەوساندنەوە بێت!!، ئاخر چ هێز و کارکردێک وا دەکات کۆمەڵە جیاوازییەک ببێتە هۆى چەوساندنەوە؟ یان گریمان ژن لە هەموو روویەکەوە لە پیاو کەم هێزتر و کەمتواناترە ئەى چى لۆژیکێک رێگە دەدا بە پیاو لەسەر سترۆکتۆرى ماسى گەورە ماسى بچووک دەخوات ژن بچەوسێنێتەوە و ئازارى بدات و بیکات بە پاشکۆى خۆى؟. دواتر بڕوانن چۆن لە چوارچێوەى خێزاندا جیاوازیى دروست دەکرێت لەنێوان منداڵانى کچ و کوڕ، هەر لە سەرەتاوە کچ رادەهێنرێت و فێر دەکرێت پابەندى چوار دیوارى ماڵ و چوارچێوەى خێزان بێت و هێدى هێدى دەبێت خۆى بگونجێنێت لەگەڵ ژیانى چێشتخانە و دواجاریش ببێتە باشترین کابان و لە هەمان کاتدا پارێزگاریى لە شەرەفى بنەماڵە بکات کە راستەوخۆ بە جەستەى ئەوى مێینەوە نوساوە و لە هەر خروقاتێک لە دەرەوەى ترادیسیۆنى خێڵ و کولتوورى بنەماڵە، شەرەفى بنەماڵە و خێڵ روشاوە و ئەو کەسەشى لاساریى و سەرپێچییەکى لەم چەشنە بکات ژیانى مەحکومە بە مەرگ!!، چوونکە لە دیدى پیاوسالاریى خێڵگەراییدا بەهاى شەرەف لەسەروو هەموو بەهاکانى ترەوەیە تەنانەت لە سەرووى ژیانى مرۆڤیشەوەیە!.
لە بەرامبەریشدا کوڕ بزێوە و بەشداریى چالاکى وەبەرهێنان دەکات و ئەکتیڤانە رۆڵ لە ژیانى ئابووریدا دەگێڕێ و دەبێت هەر لە سەرەتاوە وێنەیەکى بچوککراوە و فۆتۆکۆپیکراوى باوکى خۆى بێت و جێگەى وى بگرێتەوە، ئەم کائینەى ناوی کوڕە پێویستە شەرم نەکات و قسەى لەسەر هەموو شتەکان هەبێت و رۆڵى کاراکتەرى باوک نمایش بکات لە غیابى باوکدا چ غیابى کاتى بێت یان بەردەوام. لێرەوە دەبینى کۆمەڵگەیەکت هەیە لە سەرەتاى ژیانى ئەو دوو مرۆڤەوە بە نێر و مێ ناونراون، بەشێوەیەکى سیستماتیک و توندوتیژ کار لەسەر جیاکردنەوە و دوورەپەرێزییان لە یەکتر دەکات و دەیەوێ بە هەر یەکێکیان بڵێت تۆ خاوەنى تایبەتمەندیى خۆتیت و پێویستە سوننەت و یاساى ژیان و خەسڵەتى رەگەزیى خۆت بپارێزیت، تۆى ژن دەبێت کەم قسە بکەیت و لە کاروبارى پیاواندا بێدەنگى هەڵبژێریت و جوانترین ئەدگارى کۆمەڵایەتیت بە (شەرەف)ى و شەرمنییە، هەروەک ئەو پەندە کوردییەى دەڵێت (پیاوى شەرمن شانەیەک ناهێنێت، بەڵام ئافرەتى شەرمن شارێک دەهێنێت) کەچی دەبێت ئەوى پیاو بێ چاو و روو بێت و بەردەوام ئامادەیى لە کۆڕ و کۆمەڵى پیاوماقووڵاندا هەبێت و هەموو چالاکییەکانى ژیانى خێزان بگرێتە ئەستۆى خۆى، بەم شێوەیە کار لەسەر هەردوو رەگەزەکە دەکرێ بە تایبەتى لە تەمەنى هەرزەکاریدا کە بەتەواوەتى لێکدى جوێ دەکرێنەوە و تا راددەیەکى زۆریش دوورەپەرێز دەبن لە یەکتر و تەنانەت نامۆ دەبن بە یەکتر و کەمترین زانیارییان لەسەر تایبەتمەندییەکانی یەکدى دەبێت.
هاوکاتیش لە هەناوى خێزاندا کوڕ وەک شازادەیەک مامەڵە دەکات و قسەى زیاتر دەخوات و زیاتر گوێى لێدەگیرێت و بایەخى پێدەدرێت، تەنانەت لە زۆرترینى ئەو شتانەى پەیوەندییان بە ژیان و چارەنووسى کچ یان خوشکەوە هەیە ئەوەندەى گوێ لە باوک و برا دەگیرێت نیو هێندە حیساب بۆ بۆچوونى کچەکە خۆی ناکرێت!!، ئەمە بە تایبەتى لە مەسەلەى زەواجدا، هەربۆیە دەبینین لێشاوێک لە زەواجى زۆرەملـێ دروست دەبن لە هەناوی ئەمەشدا خێزانى ناتەندروست سەر دەردەهێنێت، دواجاریش نەوەیەکى سەقەت و نەخۆش بەرهەم دەهێنێت. لەلایەکى ترەوە ئەو پۆلێنبەندیی و جیاکارییە دەستدرێژیى دەکاتە سەر کۆى لایەنەکانى ژیانى مێینە بەتایبەتى لە ممارەسەکردنى رەمەکى سێکسدا، چوونکە ئامێرى زاوزێکردن و کۆى جەستەى ئافرەت (عەورەت)ە و سنوورێکى قەدەغەکراو و مینڕێژکراوە کە خواوەند لە قووڵایى ئاسمانەوە نەهى کردووە لە بەریەککەوتنى لەگەڵ جەستەى نێرینەدا، بۆیە هەر نزیکبوونەوەیەک لە یەکترى بریتى دەبێت لە شکاندن و بەزاندنى سنوورى خواوەند!! ئەوەش گەورەترین تاوانە لە ژیانى هەر مرۆڤێکدا و دەبێتە مایەى نەفرەتى ئاسمان، هاوکات لێسەندنەوەى ژیان لەسەر زەوى!. هەرئەمەشە بۆتە هۆى بەرپاکردنى کوشتارێکى بێشومار لە ژنانى ئەم وڵاتە بە ناوى پاراستنى شەرەف و کڕینەوە و شوشتنەوەى ناموسی تکاو!.
ناموسپەرستى کە رەگەزێکى کوشندەى کولتوورى کوردەوارییە یەکێکە لەو نەریتە قێزەونانەى تیرۆر و کوشتنى ژنانى کردۆتە کردەیەکى ئاسایى بگرە پڕ شانازیى و بەختەوەریى، دەبینین ئەو (قارەمانانەى) دەستیان چۆتە گیانى خوشک و دایک و کەسوکارییان بە ناوى پارێزگارییکردنى شەرەفەوە، مایەى خۆشحاڵى خەڵکن و هەروەک ئەوەى سەروەریى و (بطولە)یان نواندبێت بەسەر زەویدا دەڕۆن و لە کۆڕى پیاواندا شانازیى بە کردەوەکەیانەوە دەکەن و کۆمەڵگەش پەنجەى شەرەف و خاوەن ناموسییان بۆ درێژ دەکات، ئەم کولتوورى کوشتن و بڕینە کە رەگى لە مێژووى کورددا داکوتاوە و یەکێکە لە نەریتە پریمتیڤ و هەرە نێگەتیڤەکانى کۆمەڵگەى ئێمە هێشتا وەک تابۆیەک و وەک هەڕەشەیەک بەسەر سەرى هەر ژنێکى کوردەوە ئامادەیى هەیە، کاتێکیش دەڵێین ئەم نەریتە، نەریتێکى کوردییە بەو مانا نییە ژن کوشتن لەنێو گەلانى ترى دنیادا بوونى نییە، بەڵام ژن کوشتن و بەهانەى کوشتن لە وڵاتانى تر رەهەند و مانا و هۆکارى ترى هەیە، کاتێک لە سوێد ئافرەتێکى بە رەسەن سوێدیى دەکوژرێت بە ماناى پارێزگارییکردن نییە لە شەرەف بەقەدەر ئەوەى مانا و ناولێنانى ترى هەیە! چوونکە لەوێندەر ممارەسەى سێکس پرۆسیسێکى ئاساییە و هیچ تابۆیەکى لەسەر نییە و وشەى (شەرەف)یش لە قامووسى ئەواندا نەناسراوە، تەنانەت نووسەرێکى سوێدیى “نینا برۆک” لە کتێبێکدا بە ناوى (لە ژێر لێفە پەمەییەکەوە) شانازیى بە کۆمەڵگەکەیەوە دەکات بەوەی منداڵانى بێژى ناوناوە (منداڵانى عەشق)، بەڵام کوشتنى (فادیمە شاهینداڵ) لەلایەن باوکییەوە راستەوخۆ کوشتنێکى شەرەفى بوو کە باکگراوەندەکەى کولتوورى کوردییە و بەشێک بوو لە پرۆسەى گێڕانەوەى ئابڕووى بە حیساب تکاوى بنەماڵە.
هەرچەندە خەڵکانێکى زۆر بە تایبەتى لە ناوەندى رۆشنبیریى (ئەنتجلینسیا)ى کوردیدا هەوڵدەدەن ریشەى ئەم نەریتە ببنەوە بۆ قورئان و ئیسلام و دین تۆمەتبار بکەن، بەڵام لە گەلێک سیاق و رووى جیاوازەوە دەتوانین بگەینە ئەو بڕوا و ئاکامەى ئەم کولتوورە پەیوەندییەکى زۆر لاوازى بە ئیسلامەوە هەیە کە دەکرآ بڵێین بە تاڵە دەزوویەکى زۆر باریک پێوەى بەستراوەتەوە، ئێمە ناڵێین هیچ پەیوەندییەکى بە کاریگەریی ئیسلامەوە نییە و ئاینى ئیسلام ژنى وەک پلە دوو سەیر نەکردووە، تەواو بەپێچەوانەوە پێمانوایە ئیسلام کەمترین رۆڵ و سەنگ و حورمەتی بە ژن رەوا بینیوە، بەڵام پرۆسەی کوشتنی ژن لە ئیسلامدا لەو کوشتنانە جیاوازترە لە کۆمەڵی کوردەواریی پیادە دەکرێت، ئەویش بە بەڵگەى ئەوەى لە قورئاندا ئاماژە بەوە دراوە هەر (زانى- زانیە)یەک کە هێشتا کوڕ و کچن و نەچونەتە ناو بازنەى هاوسەرییەوە بە گەواهیدانى چوار کەسى هۆشمەند دارکاریى دەکرێن بە بێ لەبەرچاوگرتنى جۆری رەگەز، ئەگەریش چووبونە ناو بازنەی هاوسەرییەوە و پەیوەندیى غەیرە شەرعیان دروست کرد دیسان بە گەواهیدانى چوار کەس هەردووکیان پێکەوە سەنگەسار دەکرێن!!.
کەچی کولتوورى کوردیی و نەریتى کڕینەوەى شەرەف بەبێ ئەوەى پێویستى بە گەواهیدان هەبێت بە تەنیا ئافرەتى تێدا تاوانبار دەکرێت و هەر بە تەنیا ئەویش دەبێتە قوربانى ئەم نەریتە، بە پێچەوانەشەوە پیاو شانازیى بە کارەکەیەوە دەکات و وەک بەسەرهات و پاڵەوانێتى لە کۆڕ و کۆمەڵدا دەیگێڕێتەوە. ئا لێرەوەیە دەگەینە ئەو قەناعەتەى چەوساندنەوەى ژن بەر لە هەموو شتێک چەوساندنەوەیە لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەر لە ژێر رۆشنایى ئەم راستییەشدا بەو ئەنجامە دەگەین گۆڕینى یاسا بە دیاریکراویى یاساى بارى کەسێتى عێراق کە ئیلهامى لە سیستمى پیاوسالاریى و ئیسلامەوە وەرگرتووە و جەخت لەسەر چەوساندنەوەى ژنان دەکاتەوە بە بێ کارکردن بۆ گۆڕین و وەرچەرخاندنى کولتوورى کۆمەڵگە هەوڵێکى ئیفلیج و ناتەواوە، کەواتە لە پاڵ گۆڕینى یاسا پێویستمان بە پرۆسێسێکى مێژوویى هەیە بۆ گۆڕینى ترادیسیۆن و بنیادە کولتوورییەکانى کۆمەڵگەى کوردەواریى کە کۆمەڵگەیەکە یەکێک لەپایە کولتوورییەکانى خۆى لەسەر چەوساندنەوەى ژنان و جیاکاریى نێوان دوو رەگەزەکە راگرتووە.
ستیڤان شەمزینی
—————————-
تێبینی: ئەم وتارە لە بنەڕەتەوە بەشێوەی ئیرتیجالی لە گردبوونەوەی ناڕەزایی تیرۆری “فادیمە شاهینداڵ” لە سوێد لە ساڵی 2002 خوێنراوەتەوە، پاشتر نوسراوەتەوە.