Skip to Content

کورتەنامەی شیعریی ( بەشی سیازدەم ).. فەتاح حەسەن

کورتەنامەی شیعریی ( بەشی سیازدەم ).. فەتاح حەسەن

Closed
by حوزه‌یران 9, 2021 General, Poems


کاتێك،
بەرچاوم تاریك دەبێ
خەریکم دەتوێمەوە وەکو مۆم.
کە،ناوی تۆ دەهێنم
دەگەشێمەوە.دەبمەوە بەخۆم.


کە،ژنێکت خۆشویست
مانای ئەوە نییە،
کەسی دیکەت خۆشنەوێ .. نا،
خۆشتبوێن..
بەڵام وەك ئەو.. نا.


کە، دەتبینم
ماندوێتیم دەحەسێتەوە
چەشنی کرێکارێك
کە، هەقدەستی کاری ڕۆژەکەی
دەخاتە تەنکەی باخەڵی.


هێندە دڵم دەشکینی
بڵیی هەتبێ
ئەو پارچەگۆشتەی
پێیدەڵێن دڵ.


من خۆشەویستی تۆم
بۆ پێت نەوتم دەردت گرانە
نەمگووت چون..
تۆ خۆشەویستیی منی.


خەڵکی کۆڵانی خۆمان،
گەڕەکی ئەوبەر،
شاری بەفروڕەشەباش
ڕقیان لێتبێ.
دڵنیابە..
پڕبەهەستم خۆشمدەوێی.


دراوسێیەکم هەبوو
ڕۆژی چەندجارێك،
گوێم بەدەنگی دەزرنگایەوە
هاواری لەمندالەکەی دەکرد
لەکۆڵان بێتەوە
ئەوەتەی عاشق بووە
تاریکیش دادێ
هاواری، نابیستم.


کە،تۆ هێندە دڵت ڕەق بێ
کۆتایی هێنان،
بەخۆشەویستتیی ئەمن و تۆ
ئەمڕۆ درەنگە..
سبەی زوو نییە.


2020
فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish