Skip to Content

کێرڤی کاریگەری سۆشیالیزم لای دۆرثی لیڤسەی شاعیری کەنەدیی.. عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)

کێرڤی کاریگەری سۆشیالیزم لای دۆرثی لیڤسەی شاعیری کەنەدیی.. عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)

Closed
by ته‌مموز 18, 2021 General, Literature

دەستپێک
وردبوونەوە و ڕۆچوونە نێو بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی و هەڵوەستەکردن لەسەر شاعیرە ڕادیکاڵەکانی ئەو بزووتنەوەیە، ئەو بەرچاوڕوونییە بۆ خوێنەری کوردزمان دەڕەخسێنێت کە بتوانێت، گەوهەری داهێنانە جوانەکانی نێو ئەو بزووتنەوەیە ببینێت و بخوێنێتەوە. ئەدەبی ڕادیکاڵیزم و شۆڕشگێرانەی لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە کەنەدا بەتایبەتی لە دەیەی سییەکان و چلەکاندا گەیشتە چڵەپۆپە. ئەو بزووتنەوە ڕادیکاڵە گەلێ نووسەر و ئەدیبی ڕایدکاڵی هێنایە دەرەوە لەوانە ئەبراهام کڵین و جین بورتن و دۆرثی لیڤسەی و ژمارەیەک بڵاوکراوە و گۆڤاری رادیکاڵ و شۆڕشگێرانە و هەروەها چەند یانەی ڕۆشنبیریی هاتنە دامەزراندن و بڵاوکردنەوە. دۆرثی لایڤسەی یەکێک بوو لەو دەنگە شیعرییانەی لەو سەرەتایەدا بە هێزێکەوە هاتە مەیدان و کەوتە چالاکی هەمەجۆری سیاسیی و ئەدەبیی. بۆ ئەوەی دۆرثی لیڤسەی بناسین، باشترە لە سەرەتاوە ئاوڕێک لە بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی بدەینەوە.

بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی
بزووتنەوەی شیعر لە وڵاتی کەنەدا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە سەرەتای دۆزینەوە و دەست بەسەرداگرتنی ئەم کیشوەرە لەلایەن هەردوو زلهێزی ئەو کات بەریتانیا و فەرەنسا. شیعرە بەراییەکان لە سەدەی حەڤدە بەگشتی لەلایەن ئەو کەسانەوە نووسراون کە سەردانی یان گەشتی ئەم وڵاتەیان کردووە و شیعریان تیا نووسیوە وەک یەکەمین بەرهەم کە بڵاو کرابێتەوە شیعرێکی ڕۆبەرت هەیمەن بوو لە ساڵی ١٦٢٨. بەڵام یەکەمین شیعریی درێژ لەمێژووی وڵاتی کەنەدا دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٨٢٥ کە ئۆلیڤەر گۆڵد سمیس نووسیویەتی و بڵاوی کردۆتەوە. سەبارەت بە کتێبی شیعریش یەکەمین کتێبی شیعری لە کەنەدا چاپ و بڵاو کرابێتەوە کتێبی “خاکی خەون”ی چارڵس مەیر بوو کە لە ساڵێ ١٨٦٨دا هاتە بڵاو کردنەوە. هەر لە سەدەی حەڤدەهەم گروپی “شاعیرانی کۆنفیدراسیۆن” هاتە دامەزراندن کە ئەندامانی گروپەکە بریتی بوون لە چارڵس جی دی ڕۆبەرتس و ئارشیبلاند لامپمان و بلیس کارمەن و دونکان کامبڵ سکات و ولیەم ویلفرێد کامبڵ. لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا بەتایبەتی ساڵی ١٩٠٧ کتێبێکی شیعری شاعیر ڕۆبەرت سێرڤس چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە ڕەواجی زۆری بۆ پەیدا بوو و زۆر بەناوبانگ بوو تەنانەت لەسەدەی بیستەم زیاتر لە سێ ملیۆن دانەی لێ فرۆشرا. ئەم سەرکەوتنەی ڕۆبەرت بووە هاندانی چەندین شاعیری تر لەوانە تۆم مەکڵنس. دەیەی بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم گروپی مۆنتریاڵ هاتە دامەزراندن کە لە کۆمەڵێ شاعیری گەنج پێکهاتبوون لەوانە ئەی جەی ئێم سمیس، ئەی ئێم کڵەین، ئێف ئاڕ سکات کە بوونە هۆی گەشەپێدان و بەرەو پێشچوونی شیعری مۆدێرن لە شاری مۆنتریاڵ(دووەم گەورەترین شار لە وڵاتی کەنەدا ) . لە شاری تۆرۆنتۆش دۆرسی لیڤسەی ڕۆڵی بەرچاوی گێرا لە پەرەپێدانی بزووتنەوەی شیعر لەو شارە مەزنەی کەنەدا. هەروەها جگە لە پەرەپێدان و دامەزراندنی چاپخانە و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، گۆڤارەکانێش توانیان بەڕۆڵی خۆیان تەکان بە بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی بدەن لەوانە گۆڤاری “شیعری کەنەدیی” کە لە ساڵێ ١٩٣٥ لەلایەن پراتەوە هاتە بڵاوکردنەوە. لە ناوەڕاستی دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو شیعرەکانی ویڵسن ماکدۆناڵد خوێنەری بەبڕشتیان هەبوو. دوای جەنگی جیهانی دووەم جۆێکی تر لە شاعیران سەریان هەڵدا کە بۆ نوخبە دەیان نووسی، ئەمانیش جەیمس ڕینەی، جەی مەکفێرسن،لیۆنارد کۆن بوون. لە هەمان کاتدا هەندێکی تر لە شاعیران وەک ئارڤینگ لەیتن، ڕەیمۆن سۆستەر، هاڕۆڵد ستاندیشلویس دودێک بەرەو ئاڕاستەیەکی تر هەنگاویان نا و زمانی سادەی خەڵکیان لە شیعرەکانیان بەکار دە‌هێنا. لە دەیەی شەستاکان هەستی ناسیونالیستیش بووە هۆی برەو پێدان و هاتە مەیدانی چەندین دەنگی نوێ، لەوانە : مارگریت ئات ود، مایکڵ ئۆنداتج و لیۆنارد کۆن و ئیلێ مەندەل و مارگەرێت ئەڤیسۆن. دوای ئەوەش ڕۆژنامەی “تیش” کە قوتابییەکی شاعیر لە زانکۆی بریتش کۆڵۆمبیا لە شاری ڤانکۆڤەر لەسەر ڕێچکەی شاعیرانی “بلاک ماونتێن” دایمەزراند، گەلێ لە شاعیرانی دەیەی شەستەکان لە شاری ڤانکۆڤەر پێگەیاند لەوانە بی پی نیکۆڵ و جەیمی ڕید و جۆرج بۆوەرینگ و فرێد واه و فرانک دەیڤی و دەفنی مارلات و دەیڤد کوڵ و لیۆنێڵ کیرنس. دانانی خەڵاتی حاکمی گشتی کەنەدا بۆ شیعر لە سەدەی بیستەم ڕۆڵی خۆی بینیوە لە پاڵپشتی و هەروەها سەپۆرتی شاعیران و بزووتنەوەی شیعریی. شاعیرانی نەوەی نوێی لە کەنەدا سنوورەکانی خۆیان تێپەڕاند و داهێنانیان پێشەکەش کردووە لەوانە : برایەن برێت، کێن بابستۆک و پاتریک لەین و بیری دێمبستەر و ..تاد، تێکۆشان مۆری ئاگایی و هەست و نەستیان و خستنە سەر نەخشەی وێنەی شیعریی کەنەدیی.(١)

بەرچاوترین کتێبی ئەنسۆلۆژی شیعری کەنەدیی بریتییە لە “کتێبی نوێی ئۆکسفۆردی شیعری کەنەدیی” لە نووسینی مارگەریت ئات ودە، ساڵانەش لە کەنەدا چوار خەڵاتی شیعریی هەن کە بریتین لە خەڵاتی حاکمی گشتی کەنەدا و خەڵاتی خەڵاتی گریفن بۆ شیعر و خەڵاتی جێرەڵد لامپێرت و خەڵاتی پات لۆسەر. بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی لە قۆناغی ڤیکتۆریاوە یەکسەر گواسترایەوە یان بازیدا بۆ قۆناغی پۆستمۆدێرنیزم بێئەوەی بە قۆناغی مۆدێرنیزمدا تێبپەڕێت، چونکە کاریگەری شیعری ئەمریکیی هۆکار بوو بەتایبەت شاعیرانی وەک کارڵ ساندبێرگ و ڤەیکەڵ لێدسەی. بەڵام سەبارەت بە بەشی فەرەنسی زمانی بزووتنەوەی شیعریی کەنەدیی ئەمیش بە مێژوویەکدا تێپەڕیوە. ساڵی ١٨٣٠ یەکەمین کتێبی شیعری بەزمانی فەرەنسی لە کەنەدا بڵاو کراوەتەوە. لەسەدەی حەڤدەهەم بزووتنەوەی ئەدەبی بە زمانی فەرەنسی لە کەنەدا هاتە مەیدان و لەسەدەی نۆزدەهەم قوتابخانەی مۆنتریاڵ (٢) هاتە دامەزراندن و شاعیرانی کەنەدیی بە زمانی فەرەنسی شان بە شانی بەشی ئینگلیزی زمان ڕۆڵی مێژوویی خۆیان بینیوە لە سازکردن و بەرجەستەکردنەوەی ئەو بزووتنەوەی شیعرییەی کە کەنەدا و کەنەدییەکان شانازی پێوە دەکەن.

دۆرثی لیڤسەی و مارکسیزم
دۆرثی لیڤسەی سەرەتای دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو ، کاتێک دەچێتە پاریس دوو هۆکار وای لێدەکەن سەرسام بێت بە مارکسیزم. یەک ئەو ئەزمە ئابوورییەی کە یەخەی جیهانی سەرمایەداری گرتبوو. دوو : ئەو دۆست و هاوڕێیانەی کە دۆرثی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردن. لێرەوە دۆرثی لەگەڵ کۆمۆنیستەکانی پاریس دەست دەکات بە چالاکی و هەڵسوڕانی سیاسیی. ئەم باوەڕە لەگەڵ دۆرثی شاعیر بەنێو مێژوودا درێژ دەبێتەوە. ئەوەتا نزیک بە نیو سەدە دوای بوونی بە سۆشیالیست، لە چاوپێکەوتنێکدا لێێ دەپرسن کە :
-ئایا بەنێو بڕگەی نائومێدی دەیەی پەنجاکان وەک کۆمۆنیستێک تێپەڕیوویت؟
-بەڵێ.
-بۆچی تۆ ئێستاش خۆت بە سۆشیالیست دەزانیت؟
-بەڵێ، چونکە بڕوام بە نیزامی سەرمایەداری نییە.(٣)
ئەمە وەڵامی دۆرثی لیڤسەی شاعیری کەنەدییە کە تا ئەمڕۆش وەک ئایکۆنێکی سۆشیالیستیی لەنێو بزووتنەوەی ئەدەبی کەنەدیدا تەماشا دەکرێت و دەخوێنرێتەوە. ئەم شاعیرە لە نێو خێزانێک کە هەڵگری باکگراوندێکی ڕۆشنبیر و ئەکادیمی بوو، گەورە بووە. باوکی جەی ئێف بی لیڤسەی بەڕێوەبەری ئاژانسی دەنگوباسی میللی کەنەدا بووە و دایکیشی فلۆرێنس ڕانداڵ لیڤسەی ڕۆژنامەنووس و شاعیر بووە. لە دوانزەی مانگی تشینی یەکەمی ١٩٠٩ لە شاری وینیپیگ لە هەرێمی مانیتۆبای کەنەدا لەدایکبووە. ساڵی ١٩٢٠ دەگوێزنەوە بۆ شاری تۆرۆنتۆ لە هەرێمی ئۆنتاریۆ . ساڵی ١٩٣١ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانکۆی تۆرۆنتۆ بەدەست دێنێت و پاشانیش بڕوانامەی دبلۆم لە هەر لەو زانکۆیە لەبواری کاروباری کۆمەڵایەتی دەوردەگرێت. ماوەیەکیش لە زانکۆکانی بریتیش کۆڵۆمبیا و سۆربۆن ددخوێنێت. لەساڵی ١٩٣١ لیڤسەی سەردانی پاریس دەکات و لەوێدا دەبێتە کۆمۆنیست. ساڵی ١٩٣٣ پەیوەست دەبێت بە حیزبی کۆمۆنیستی کەنەداوە و لەژمارەیەک ڕێکخراوی کرێکاریی و جەماوەریی دەست دەکات بە هەڵسوراویی و چالاکیی. لەوانە یەکێتیی بەرگریکارانی کرێکارانی کەنەدا و یەکێتیی کەنەدییەکان دژ بە جەنگ و ڕاسیزم و هاوڕێیانی یەکێتیی سۆڤییەت و یەکێتیی یەکبوونی کرێکاران.(٤) ساڵی ١٩٣٥ دەچێتە شاری ڤانکووڤەر و لەوێ لەگەڵ هاوڕێ سۆشیالیستەکەی دەنکان مەکنەیر هاوسەرگیریی دەکات و دوو منداڵیان دەبێت بەناوەکانی پیتەر و مارسیا. ساڵی ١٩٤٠ پێشنیاری گۆڤاریکی شیعریی دەکات بۆ هەریەک لە ئانا ماریەت، فلۆریس مەکلارین، دۆریس فێڕنە تا لەدەرەوەی بازنەی شاعیرانی مۆنتریاڵ بتوانن برەو بە بزووتنەوەی شیعری ڕادیکاڵی کەنەدیی بدەن. ئاڵن کڕاوڵی دەبێتە سەرنووسەری گۆڤارەکە و ژمارەی یەکەمی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤١ دەردەچێت کە تایبەت دەبێت بە شیعری هاوچەرخ. دوای کۆچی دوایی هاوژینەکەی لە ساڵی ١٩٥٩، لیڤسەی لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ لە پاریس و ئینجا باکووری ڕۆدیسا کە دەکاتە زامبیای ئێستا دەست بە کار دەبێت. لەنێوان ساڵانی ١٩٥١ تا ١٩٨٤ لە ژمارەیەک زانکۆکانی کەنەدا وانە دەڵێتەوە.(٥) ساڵی ١٩٨٣ بروانامەی دکتۆرا لە زانکۆی ئاثاباسکا بەدەست دێنێت و دۆرثی دوای مێژوویەک لە بەخشش و داهێنان لە هەرێمی بریتیش کۆڵۆمبیا خەڵاتی کتێبی ئەو هەرێمەی بەناوەوە دەکرێت و لە دوای ساڵی ١٩٨٩وە ناوی ئەو خەڵاتە دەبێت بە خەڵاتی شیعریی دۆرثی لیڤسەی.(٦)

ناوەڕۆکی شیعرەکانی دۆرثی لیڤسەی
ناوەڕۆکی شیعرە بەراییەکانی ئەم شاعیرە کەنەدییە،سیاسین و تەنانەت چینایەتیشن. دۆرثی لەدەیەی سییەکان و چلەکان چەپ و مارکسیی بووە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەسەر بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا هەبووە. ناوەڕۆکی شیعرە بەراییەکانی ئەم شاعیرە لەدەوری چەند بابەتێک گرنگ و هەستیاری ئەو ڕۆژگارەن وەکو مۆرکی فیمینست بوون و مەسەلەی ژن و مافەکانیان، مەسەلەی جەنگ و خەبات دژ بە ڕاسیزم و مەسەلەی خەباتی چینایەتی کرێکاران.دۆرثی یەکەمین شاعیری کەنەدیی بووە کە دەربارەی دەنگی شۆڕشگێڕانەی واقیعییەتی کۆمەڵایەتی و کرێکارانی پیشەسازی دوواوە.(٧). دۆرثی لەشیعرێکدا دەڵێت :

من ئه‌و ئافره‌ته‌م
نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یبینی
من هه‌ر ئێسک و ده‌فری له‌ قوڕ دروستکراو نیم
من ئه‌و ئافره‌ته‌م
که‌ ڕق و خۆشه‌ویستی ده‌ناسێ
ڕق له‌و زنجیره‌ی که‌ دایک و باوکان دروستی ده‌که‌ن
له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی
که‌ له‌وانه‌یه‌ پیاو ئازاد بکات.
که‌ تا هه‌نووکه‌ش به‌خێرایی له‌وه‌فادا ڕایگرتووە.

من ئه‌و ئافره‌ته‌م
نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یبینی.
به‌سه‌ر عەشقدا هەنگاو بنێ و
ژورێکیشم بۆ ساز بکەی.(٨)
بەرگریکردن لە بەها و ئینسانییەتی ژن، پایەیەکی سەرەکی شیعرەکانی دۆرثین، ئەمەش خاڵی گەش و جوانی شیعرەکانییەتی. ئەم بەرگرییە لە مەوقیعییەتی ژنبونەوە نییە ئەوەندەی لە مەوقیععەتی سۆشیالیستبوونەوە سەرچاوەی گرتووە. دیارە شاعیر هەر لەسەر کێشە و مەسەلە جێندەرییەکان ناوەستێ و ئەو وەک شاعیرێکی مارکسیست لەڕێی شیعرەکانییەوە ڕۆدەچێتە نێو ژیانی کرێکاران و مەسەلەی هەلومەرجی کارکردن وەک سەعات کاری زۆر و هەقدەستی کەم وێنا دەکات

هاوڕێ ئازیزەکەم
ئەوە بوو بە چەندین ساڵ لەنێوان
زۆر خێرا بوونی هەریەکەمان و
تێکۆشانی سەربەخۆمان
ئێستا دەتبینم سەر ماش و برنج
بێ خەو
بێ ژیان و بێ پاڵتۆ
بەڵام لێوڕێژی لە خەبات
لەهەرکات زیاتر نزیکین لەیەک
نزیکتر لەوەی گیانمان پڕ لە خۆشەویستی بێت.(٩)

دۆرثی لە شیعری کەتەلۆنیا کە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی چەپبوونی شاعیرە. ئەم شیعرە وەک ڕایەن ڤان دێن بێرگ دەڵێت ” شیعری کەتەلۆنیا زیاتر شیعرێکی دۆکیومێنتارییە کە لەنێو بزووتنەوەی شیعری مۆدێرنی کەنەدیی جێی خۆی کردۆتەوە”(١٠)دیارە ئەم شیعرە و هەندێ شیعری تر دۆرثییان کرد بە پێشەنگ لە هەڵوێست نواندن و دەربڕینی بیروباوەڕی شۆڕشگێرانە. دۆرثی لیڤسەی وەک دیسمۆن پەیسی دەڵێت” یەکێکە لە گرنگترین شاعیرانی نەوەی خۆی لەکەنەدا، ئەو نەوەیەی کەلەنێوان هەردوو جەنگی جیهانیدا هاتە خەمڵان”.(١١)ئەم خەمڵاندنە لەڕووی شیعرییەوە ڕوو لە هەوراز تەکانیدا و نەوەستا، بەڵام لەڕووی جیهانبینی سیاسیی شاعیرەوە(ئایدیۆلۆژیا)ەوە دۆرثی نەیتوانی تا کۆتایی تەمەنی لەهەناوی دەقە شیعرییەکانیدا دەست بە مارکسیزمەوە بگرێت. بۆیە لیڤسەی لەگەڵ پاشەکشەی وردە وردەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و مارکسیزم لە کەنەدا، ئەوەیش وردە وردە پاشەکشە دەکات و خۆی لەگەڵ هەر ئەو سیستەمە دەگونجێنێت کە سیستەمی سەرمایەدارییە.واتا لیڤسەی لە شاعیرێکی مارکسییەوە بەرەو شاعیرێکی مۆدێرنیستی سەر بە مۆدێرنخوازانی ئەدەبی کەنەدی، کە بە قوتابخانەی مەیپڵ لیڤ ناسراوە، هەنگاوی ناوە. لیڤسەی هەر لەسەرەتاوە لەسەر دووڕیاندا خۆی بینیوەتەوە. یان خۆی لەسەر دوو ئاراستەدا بینیوەتەوە ؛ ئاراستەی ستاندارتی نێونەتەوەیی و خۆجێیی یان لۆکاڵیی.
کە جێم دێڵی
نەخەندەی هەتاو دەبینم
نە ڕژانی تریفە لە شەوی هاوین.(١٢)
یان بۆ لۆرکای شاعیر دەنووسێت
کاتێ تۆ ژیای
ڕۆژ لەچاوەکانتەوە دەبریسکایەوە
ئێستا گزنگی خۆر سەرگەردانە و
مەشخەڵی وەڵام نادۆزێتەوە.(١٣)
لیڤسەی تێکۆشاوە لەسەر هەردوو ئاراستەکە ئیش بکات. بۆیە بێهۆ نییە دۆرثی کە دەڵێت ” من بەدوای بێبایەخییەوە وێڵبووم، نەک بەشوێن شاعیرانی پرۆلیتاریا- ئێمە زۆر لەوەوە دوورین- بەڵام بۆ هەندێک گوزارشتکردنی ڕەسەنایەتی ئەزموون پەیوەست بووە بەشێوازی ژیان و خەباتی خەڵک لەکەنەدا.”(١٤)
بەمجۆرە بیروباوەڕی مارکسیزم و سۆشیالیزم لای ئەم شاعیرە کەنەدییە وەک کێڕڤی پەلکەزێڕینە لەسەرەتاوە لە سفرەوە دەست پێدەکات و دوایی دەگاتە ئاستێکی گونجاو و ئینجا وردە وردە دێتە خوارەوە و کەمڕەنگ دەبێتەوە. لەگەڵ کاڵبوونەوەی زیاتری بیروباوەڕی سۆشیالیزم لەسەر چالاکییە مەیدانیی و زیهنییەکانیدا ، دۆڕثی پێبەپێ لەئەدەبی کەنەدی باو و زاڵ دەچێتە پێشەوە و لەلایەن دەسەڵاتەوە خەڵات دەکرێت و تەنانەت خەڵاتێکی ساڵانەشی بەناوەوە دەکرێت. دواجار ئەم شاعیرە لەسەرەتا شۆڕشگێڕەی کەنەدا لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٦ لەتەمەنی ٨٧ ساڵیدا ژیانئاوایی هەمیشەیی لە شیعر و ئەدەب و خوێنەرانی ئینگلیزی زمان دەکات.

ئەنجام
سەرەنجام لەو ڕاستییەوەی کە ئەدەب و هونەر دەرئەنجامی گەشەی ئابووری کۆمەڵگەن و پێبەپێێ گەشە و بەرەوپێشجوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ململانێی چینەکان، ئەو بزووتنەوەیەش گەشە دەکات و دەچێتە پێش یان پاشەکشە دەکات. ئەدەبی پرۆلیتاریای کەنەدیش وەک بزووتنەوەیەکی ئەدەبیی رادیکاڵی کۆمەڵگەی کەنەدیی، گەلێ شاعیر و نووسەری کەنەدای لەسەرەتای سەدەی بیستەوە پەلکێشی نێو ئەو بزووتنەوە چینایەتییە کردووە و بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەیەی کەنەدا بووە. لیڤسەی دەکەوێتە سەردەمێکەوە کە هەلومەرجەکە بۆی لەبار بووە و توانیویەتی بەهەوڵەکانی خۆی جێپێی خۆی لەنێو بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی قایم بکات.ئەم شاعیرە سەرەتا وەک مارکسیستێک دێتە مەیدان و بە دەقە شیعرییەکانی گوزارشت لەو باوەڕەی دەکات، تا دەبێت بە یەکێک لە ئایکۆنە ڕادیکاڵەکانی نێو بزووتنەوەی شیعری کەنەدیی. دۆرثی لەڕێی دەقە شیعرییەکان و چاوپێکەوتنەکانییەوە لەسەر هەرسێ تەوەرە بنچینەییەکانی مەیدانی خەباتی ئەو سەردەمە( بەرگری لە ژان و مافەکانیان، خەبات دژ بە ڕاسیزم و جەنگ، بەرگری لە کرێکاران و خەباتی کرێکاریی) پێداگری دەکات و جێ دەستیشی دیارە. پاشان وردە وردە کێڕڤی کاریگەری مارکسیستبوونەکەی ڕوو لە خوار دەچێت و ئەو باوەڕە شۆڕشگێرانەیەی لا کاڵ دەبێتەوە تا کار دەگات بەوەی لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی حکومەتی کەنەدا خەڵات بکرێت و پاشانیش خەڵاتێکی بەناوەوە بکرێت.

سەرچاوە و پەراوێز
(١)دۆرثی لیڤسەی شاعیری پێشکەوتووخوازی کەنەدیی کتێبی خانمەکەی نێو ئەم شیعرە، شارایەک لە شیعری بیانیی، ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) دەستنووس ئامادە بۆ چاپ.
هەروەها بڕوانە : https://en.wikipedia.org/wiki/Dorothy_Livesay
(٢)گروپی مۆنتڕیاڵ یان گروپی مەکگیڵ یان بزووتنەوەی مەکگیڵ حەلقەیەک بوون لە نووسەرانی نوێخوازی کەنەدیی کەلەناوەڕاستی دەیەی بیستەکانی سەدەی بیستەم لە شاری مۆنتڕیاڵی کەنەدا لەناو زانکۆی مەکگیڵ هاتە دامەزراندن. حەلقەکە بریتیبوون لە لیۆن ئەدەڵ و جۆن گلاسکۆو ئەی ئێم کلێن و لیۆ کێنەدیی و ف ڕ سکات. کاریگەری شاعیرانی وەک ئەزرا پاوەند و ئێلیۆت و ئاودینیان بەسەرەوە بوو.
(٣)بڕوانە گۆڤاری (شیعری کەنەدیی – کەنەدییەن پۆوتری) ژمارە ٣ ی ساڵی ١٩٧٨ لاپەڕەکانی ٨٧-٩٧، چاوپێکەوتن لەگەڵ دۆرثی لیڤسەی سازدانی : داگ بیردسلی و ڕۆسمەری سولیڤان. بۆ خوێندنەوەی تەواوی دیدارەکە سەردانی ئەم لینکە بکەن.
http://canadianpoetry.org/volumes/vol3/sullivan.html
(٤)https://en.wikipedia.org/wiki/Dorothy_Livesay
(٥)بڕوانە وتاری دۆرسی لایڤسەی نووسینی عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ) ڕۆژنامەی هەواڵ ژمارە ٤٠٢ ی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٠ لاپەڕە ٨. جێی ئاماژەیە ئەوکات بەهەڵە ناوی لیڤسەی بە لایڤسەی نووسراوە.

(٦)خەڵاتی شیعری دۆرثی لیڤسەی خەڵاتێکی ساڵانەیە لە هەرێمی بریتیش کۆڵۆمبیا دەدرێت بە باشترین کتێبی شیعریی.ئەم خەڵاتە لەڕاستیدا لەژێر چەتری خەڵاتی کتێبی هەرێمەکانی بریتیش کۆڵۆمبیا و یۆکۆن پۆلینبەند دەکرێت. مەرجی پێدانی یان بەخشینی ئەو خەڵاتە بە شاعیران ئەوەیە کە دانیشتووی ئەو ئەو دوو هەرێمە بن یان لانی کەم لەپێج ساڵدا سێ ساڵ لەو هەرێمانە بووبیتن. ئەم خەڵاتە لە ساڵی ١٩٨٩ وە بەناوی دۆرثی لیڤسەیەوە ناونراوە.
(٧)The Social and Lyric voices of Dorothy Livesay
Charles Robert Boylan
Master Of Art UBC 1964 page 1.
(٨)دۆرثی لیڤسەی شاعیری پێشکەوتووخوازی کەنەدیی کتێبی خانمەکەی نێو ئەم شیعرە، شارایەک لە شیعری بیانیی، ئامادەکردن و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) دەستنووس ئامادە بۆ چاپ.
(٩)Right hand Left hand A true life of the Thirties
Erin, Ont. Press Porcepic, 1977
(١٠)
Dorothy Livesay’s Catalonia
Ryan Van Den Berg
https://spanishcivilwar.ca/sites/spanishcivilwar.ca/files/VandenBerg_Catalonia.pdf

Canada and the Spanish Civil War website.
(١١)دێسمۆند پەیسی پێشەکی کتێبی هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی دۆرثی لیڤسەی(١٩٢٦-١٩٥٧)
My changing times.word press.com

(١٢)و(١٣) دوو کۆپڵە شیعری دۆرثی لیڤسەی شاعیر لەئینتەرنێتەوە وەرگێراون و وەرگێڕدراون.
(١٤)Colonization Or Exclusion Dorothy Livesays wayward Modernism from the 1940S. Esther Sanchez –Pardo
Atlantis Journal Vol. 22 No.2 December 2000 page 167-186

تێبینی : ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی رەوت ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٢١ بڵاو بۆتەوە.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish