Skip to Content

ئەگەری بەهێزبوونەوەی عێراق.. ئاوات ئەسعەدی

ئەگەری بەهێزبوونەوەی عێراق.. ئاوات ئەسعەدی

Closed
by ئاب 28, 2021 General


تورکیا و ئێران بانگهێش کرابوون بۆ “لووتکەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی”. بەڵام ئاستی ئامادەبوونیان بەڵگەی ئەوەبوو، کە بەهیوای ئەوەن، ئەم هەوڵەی کازمی سەرەک وەزیرانی عێراق، لەوەی عێراق بە‌هێزبێتەوەو رۆڵی نێوەندگیریش لە کێشە و ململانێکانی ناوچەکەیا ببینێ، شکست بێنێت. تەنانەت میدیاکانی هەردوو وڵات بەئەنقەست بایەخێکی ئەتۆیان بەو لوتکەیە نەدا، وەک ئەوەی شتێ زۆر لاوەکی بێت. یان هیچ رووی نەدابێت. هۆکاری ئەمەش بێگومان ئەو راستیەیە، کە هەر دوو وڵات بەرهەڵستی گەڕانەوەی عێراق ئەکەن لەوەی، بتوانێت ببێتە، یان ببێتەوە هێزێکی ئیقلیمی. ئاشکرایە کە بەهێزبوونی عێراق شتێکە لە گۆڕەپانی ململانێی هێزو دەسەڵات لە ناوچەکەدا پێچەوانەی بەرژەوەندیە ستراتیژیەکانی هەر دوو وڵاتەکەیە. هەر دووکیشیان پێیان باشە، عێراق هەردەم لاواز بێت و ئەگەر کراش بتوانن بیکەنە “پاشگر”ی تەواوی خۆیان.
خۆ ئەگەر عێراق لە چەند ساڵی داهاتوودا توانی وەک دەوڵەتێ یەکگرتووی سەربەخۆ بمێنێتەوە و، نغرۆ نەبێتەوە، ئەوا گومانی تیا نیە، کە هێشتا کاتێ زۆری ماوە، تا ئەوەی لە بارا بێت، بەسەر ئەو هەمووە ئاڵۆزیی و کێشانەی هەیەتی، زاڵ بێت، بۆ ئەوەی ببێتەوە هێزێکی ئیقلیمی و شایستە، کە حیسابی بۆ بکرێت.
هەر لەم روانگەیەوە ئەم دوو پرسیارە ئاوێتەیە راست ئەبنەوە لەبەردەم مرۆڤا:
یەکەم: ئایا بەهێزبوونەوەی عێراق هەر بەشێوەیەکی گشتی مومکینە، ئەگەر مومکینیش بێت، ئاخۆ چەندی کات ئەوێت؟
دووەم: ئاخۆ ئەبێت ئەوسا پێگەو هەڵوێست و چارەنوسی “هەرێمی کوردستان” لە ئەگەری بەهێزبوونەوەی عێراق وەک هێزێکی بەتوانا چی بێت؟
ئەوەی کە تا رادەیە زۆر مسۆگەرە، رەنگە دوو شت بێت: ئەو دوو “هێز”ەی خاوەنی دەسەڵاتن لە “هەرێمی” کوردستان، یەکبوونیان لەسەروی مەحاڵەوەیە. لام وایە کەسیش چاوەرێی شتێکی وا ناکات. کەواتە هەرێم ناتوانێت هێزێکی سەربازی نیمچە بە توانا دروسبکات، بۆ بە رەنگاریبوونەوەی پێشهاتە قورسەکان… لەهەمان کاتدا هەردوو هێزە دەسەڵاتدارەکە تا بۆیان بکرێت پەیوەندیە دەرەکیەکانیان بە تورکیا و ئێرانەوە ئەپارێزن، ئەگەر بەهێزتریشی نەکەن.
پێشبینیکردنی داهاتوو مەبەستی ئەم چەند دێرە نیە. بەڵام ئەکرێت پێشبینی ئەوە بکرێت، کە لە گۆڕەپانی ململانێی نێو هێزە گەورەکاندا، هێزە بچوکەکان ئەگەر ژیرو هوشیار نەبن، ئەوا زۆر خێرا ئەکەونە بەر گورزی کوشندەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish