فیستیڤاڵی گه‌ڵاوێژ و چه‌ند سه‌رنجێك… سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
نكۆلی له‌وه ناكرێت كه فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ، نه‌ریتێكی ئه‌ده‌بی ساڵانه‌یه و یه‌كێكیشه له چاڵاكییه ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییه به‌رچاوه‌كان، كه ساڵانه له سلێمانی ئه‌نجام ده‌درێت و تیایدا چه‌ند كه‌سێك ده‌بنه براوه‌ی خه‌ڵاته‌كان له چه‌ند بوارێكه‌وه. به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك به وردی، چاودێری ئه‌و فیستیڤاڵه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كردبێت، ده‌زانێت پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره، ساڵ له دوای ساڵ، به‌و فیستیڤاڵه‌وه ده‌بینرێت. ئه‌م پاشه‌كشه‌یه، چ له سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژاردنی ده‌قه‌كان بێت، به‌و پێیه‌ی گه‌لێكییان ده‌قی كرچ و كاڵ و نا هونه‌ری و شایسته‌ی به‌شداری پێكردن نین (چ جای بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه) یاخود ده‌ست نیشانكردنی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان بێت، كه په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆیان به‌و ژانره‌وه نییه كه پێیان ده‌سپێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بكه‌ن. زۆرجار له فیستیڤاڵه‌كانی گه‌لاوێژ و ئه‌وانی تریش، كه‌سانێك ده‌كرێنه لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان، كه بواری كاركردنیان لێكۆڵینه‌وه و ڕه‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق نییه، به‌ڵكو چیڕۆكنووسه، ده‌بێته لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی چیڕۆك، شاعیره، ده‌بێته لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعر. ته‌نانه‌ت تیایان دایه، خۆی ئه‌زموونێكی ئه‌وتۆی له بواری نووسینی چیڕۆك نییه، كه چی چیڕۆكی كه‌سانی دیكه‌ش هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ. بێگومان مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی شاعیر یاخود چیڕۆكنووس بوو، ئیدی له بواری هه‌ڵسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی شاره‌زا و به توانا بێت. خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی، پاشخان و زانیارییه‌كی زۆری بابه‌تی و زمانه‌وانی و ڕۆشنبیری گشتی ده‌وێت. ته‌نانه‌ت له ڕووی زمانه‌وانیشه‌وه، ده‌بێ ئه‌و ده‌قانه هه‌ڵبسه‌نگێنرێن و كه‌موكورتی زمانه‌وانیان دیاری بكرێت. گه‌لێك جار، ده‌یان هه‌ڵه له ده‌قه‌كان له ڕووی ناوه‌ڕۆك، مانا، زمانه‌وانی، به سه‌ر لیژنه‌كه‌دا تێپه‌ڕیون ، كه نه‌یانبینیوه یاخود شاره‌زاییان لێ نه‌بووه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆكارێك كه هه‌میشه ده‌قی كه‌سانێك خه‌ڵات ببه‌ن، كه له ده‌ره‌وه‌ی فیستیڤاڵه‌كه زۆر له نووسه‌ران به ناشایسته‌یان بزانن. به‌ڵگه‌شم بۆ ئه‌و قسه‌یه‌م ئه‌وه‌یه، كه هیچ فیستیڤاڵێكی گه‌لاوێژ نه‌بووه، بێ ڕه‌خنه‌گرتن و توڕه‌بوونی چه‌ند شاعیرێك، یاخود چیڕۆكنووسێك كۆتایی هاتبێت. بێگومان ئێمه ده‌زانین، هه‌رگیز هیچ لیژنه‌یه‌كی هه‌ڵسه‌نگاندن له هه‌ر بوارێكه‌وه بێت، هه‌مووان له كاره‌كانی و بژارده‌كانی ڕازی نابن و نین، وه‌ك چۆن په‌یامبه‌رانی خوا، هه‌موو كه‌سێك لێیان ڕازی نه‌ده‌بوون، به‌ڵام ئه‌وه گرنگه، كه به پێوه‌رێك كاربكرێت، كه هه‌وڵبدرێت كه‌مترین ڕه‌خنه، سه‌رنج و تێبینی، له‌م ڕووه‌وه بخرێته ڕوو. هه‌ڵبه‌ته، له چه‌ند ڕۆژی ئایینده‌دا، بیست و پێنجه‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ، كه به یۆبیلی زیوینیش ناوده‌برێت، به‌ڕێوه ده‌چێت و چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌و به‌ریش، ناوی به‌شداربووانی ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵ بڵاوكرانه‌وه. له باره‌ی ده‌قه‌كانه‌وه، تا ئێستا كه‌س زانیارییه‌كی ئه‌وتۆی نییه، چونكه هێشتا فیستیڤاڵه‌كه نه‌كراوه، وه‌لێ ئه‌گه‌ر له ڕووی چه‌ندایه‌تی فیستیڤاڵه‌وه بڕوانینه به‌شداربووان، ئه‌وا هیچ گومانێك له‌وه‌دا نامێنێته‌وه، كه فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ، سه‌د هه‌نگاو بۆ دواوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، بێگومان ئه‌مه له به‌ر ناوی به‌شداربووان نا، كه ڕه‌نگه كه‌سانی نه‌ناسراو بن له نێوه‌نده ئه‌ده‌بییه‌كه، به‌ڵكو له جۆر و ژماره و به‌شداربووانی ڤیستیڤاڵه‌كه، كه ئاماژه‌یه‌كی ڕوونی پاشه‌كشه و نه‌مانی سه‌نگ و به‌های ئه‌ده‌بی و مێژوویی و مه‌عریفی ڤیستیڤاڵه‌كه‌یه، لای نووسه‌رانی كورد. ئه‌گه‌ر ژماره‌ی به‌شداربووان، هاوتای شوێن و پێگه‌ی جواگرافی بكه‌ین، ئه‌وا ئه‌م فیستیڤاڵه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه، نه هه‌رێمیش، به‌ڵكو له بازنه‌ی به‌رته‌سكی چه‌ند ده‌قێكی ئه‌ده‌بی كه ڕه‌نگه زۆر ساده‌ش بن ده‌خولێته‌وه. چونكه نووسه‌ران چ له ئاستی ده‌ق و چ له ئاستی شوێن و شاره‌كانیش بێت، به‌شدارییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌م فیستیڤاڵه نه‌كردووه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه، كه دواتر ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌ین. بۆ بیست و پێنجه‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ، 8 لێكۆڵینه‌وه كه ( 4 هی نووسه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتن، 2 یان هی قه‌زای سۆرانن، 1 هی سلێمانی، 1 هی دهۆك) به‌شدارن، له ژانری شیعردا، 11 شاعیر به‌شدارن (5 سلێمانی، 6 كه‌ی تر، هه‌ر یه‌ك و هی شاره‌كانی هه‌ولێر و به‌رلین و كۆیه و چه‌مچه‌ماڵ و دهۆك و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانن) له ژانری چیڕۆكدا 7 چیڕۆك كه ( 4 یان هی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و 3 یه‌كه‌ی تر هی سلێمانی و دهۆك و چه‌مچه‌ماڵ) ن. گه‌ر سه‌رنج له ئاماری به‌شداربووان, شوێن و شاره‌كانی كوردستان بده‌ین، ده‌بینین نیوه‌ی به‌شداربووانی فیستیڤاڵه‌كه نووسه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتن، بێگومان ئه‌مه‌ش نۆڕماڵه، چونكه ئه‌وانیش مافی به‌شداریكردن و بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتیشیان هه‌یه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، ده‌بێ هه‌ڵوه‌سته له ئاست پاشه‌كشه‌ی نووسه‌رانی سلێمانی و هه‌موو شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان بۆ نمووونه (كه‌لار، هه‌ڵه‌بجه، ڕاپه‌ڕین، ئاكرێ، خانه‌قین، كه‌ركوك، سه‌ید سادق، قه‌لادزێ)…تد له فیستیڤاڵه‌كه‌ش بكه‌ین. ئه‌م فیستیڤاڵه له سلێمانی به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌م شاره پایته‌ختی ڕۆشنبیرییه، به ده‌یان نووسه‌ر و شاعیر و چیڕۆكنووسی به توانای تێدایه، كه‌واتا بۆچی به‌شداری ناكه‌ن؟ كه‌می نووسه‌رانی به‌شداربووی ئه‌م شاره و شوێنه‌كانی دیكه‌ش، ئاماژه‌یه‌كی ڕوونه كه نووسه‌ران متمانه‌یان به‌و فیستیڤاڵه نه‌ماوه و وه‌ك هه‌ر كارێكی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕۆتینی لێی ده‌ڕوانن. به پێچه‌وانه‌ی سه‌ره‌تاكی ئه‌م چاڵاكییه كه ناو و سه‌دا و ده‌نگی به هه‌موو كوردستان و شوێنه‌كانی دیكه‌ش بڵاو ده‌بووه‌وه. ئه‌م به‌راوردكردنه له ڕووی ده‌ق و جوگرافیاوه، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه گه‌ڵاوێژ، ساڵ له دوای ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه دواوه و ئه‌و به‌ها ئه‌ده‌بییه‌ی نامێنێ و كاڵ ده‌بێته‌وه كه پێی ده‌ناسرایه‌وه. دیاره ئه‌مه‌ش هۆكاری خۆی هه‌یه. به بڕوای من، ناشێ چاڵاكییه ئه‌ده‌بییه‌كان هه‌ر ته‌نها بۆ زیادكردنی ژماره و خستنه سه‌ری زنجیره‌ی مێژوویی چاڵاكییه‌كان بێت. به‌ده‌ربڕینێكی تر، ناشێ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك نه‌ریتێكی مێژوویی و ساڵانه، به‌رده‌وامی به چاڵاكییه‌ك بده‌ین، له سه‌ر هه‌ژماری پاشه‌كشه‌ی ئه‌ده‌ب و ده‌قی ئه‌ده‌بی و داهێنه‌رانه، بۆیه زۆر ئاسایه ڕێكخه‌رانی فیستیڤاڵ، ساڵێك ئه‌م چاڵاكییه به‌ڕێوه نه‌به‌ن و ڕایبگه‌یه‌نن ئه‌و ده‌قانه‌ی به‌شداربوونه له ئاستی فیستیڤاڵێكی وا دانین. ئێمه ساڵانێكه، ته‌نانه‌ت له بواره هونه‌رییه‌كه‌ش، ده‌سته‌واژه‌ی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌كار دێنین، بێ ئه‌وه‌ی بزانین مۆركه‌كانی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی چین؟ وا ده‌زانین ئه‌گه‌ر چه‌ند میوانێك، یاخود نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندێكی پله ده‌ی وڵاتێك، كه له وڵاته‌كه‌ی خۆی كه‌س نایخوێنێته‌وه به‌شداربوو، ئیدی فیستیڤاڵه‌كه ده‌بێته نێوده‌وڵه‌تی. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر به پێوه‌ری ئاستی به‌شداربووانی نووسه‌رانی كورد، له سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستاندا سه‌یری قیستیڤاڵه‌كه بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین كوردستانیش نییه و بگر لۆكاڵییه، چونكه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پێكهاته ڕۆشنبیریی و جوگرافیی و ناوچه‌یه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی نییه. ئه‌م فیستیڤاڵه، بۆچی پاشه‌كشه‌ی كرد؟ بۆچی نه‌یتوانی وه‌ك سه‌ره‌تاكانی به داهێنان وجۆش و خرۆشێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بیانه‌وه به‌رده‌وام بێت و نووسه‌ران له‌و چاڵاكییه كۆبكاته‌وه؟ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه وه‌كو خوێنه‌رێك، ده‌مانه‌وێت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له ئاست ئه‌و پاشه‌كشه‌یه بكه‌ین و له ڕوانگه‌ی خۆمانه‌وه ده‌ست نیشانی ئه‌و خاڵانه بكه‌ین، كه بوونه‌ته هۆكاری ئه‌م پاشه‌كشێیه و دابه‌زینی ئاست و توانای ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌كان و به‌شداری نووسه‌ران. ده‌كرێ له‌م خاڵانه كورتییان بكه‌ینه‌وه:_
یه‌كه‌م:_
زۆرترین ڕه‌خنه، كه له په‌راوێزی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و فیستیڤاڵه گیرابێت، ئاراسته‌ی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان كراوه. بڕوا ناكه‌م هیچ فیستیڤاڵێك بێ گازانده و ڕه‌خنه و تێبینی نووسه‌ران، له‌م باره‌وه كۆتایی هاتبێت. به‌شێكی زۆر له شاعیران و چیڕۆكنووسان، بڕوایان وایه ناداد په‌روه‌ریی، له پێدانی خه‌ڵاته‌كانه‌وه هه‌یه و ده‌قێك خه‌ڵات وه‌رده‌گرێت، كه به به‌راورد له گه‌ڵ ده‌قێكی دیكه كه براوه‌ی فیستیڤاڵ نه‌بووه، زۆر لاوازه. گه‌لێك جار وه‌ك خوێنه‌رێك، ده‌قێكی براوه‌ی فیستیڤاڵم خوێندۆته‌وه، به ڕاستی شایه‌نی به‌شداری پێكردنیش نه‌بووه، چ جای بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی ده‌قه‌كان. ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی وه‌ك باسمان كرد، كه زۆرجار له دیاریكردنی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان، كێماسی گه‌وره هه‌یه. چیڕۆكنووسێكی گه‌نج ده‌كرێته ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن، كه خۆی ئه‌زموونێكی ئه‌و تۆی نییه، ئیدی چۆن ده‌توانێ ده‌قی داهێنه‌رانه و ئاسایی له یه‌كتری جیابكاته‌وه؟ یاخود ئه‌كادیمیه‌ك، كه بواره‌كه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی شیعره، وا ده‌زانرێت هه‌مان شاره‌زایی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی چیڕۆك و ڕخنه و لێكۆلینه‌وه‌ش هه‌یه. بۆیه ئه‌م تێبینیانه، تێگه‌یشتنێكی لای نووسه‌ران دروستكردووه، كه ساڵ له‌دوای ساڵ له فیستیڤاڵه‌كه دوور بكه‌ونه‌وه. كه‌می و دابه‌زینی ئاستی به‌شداربووانی نووسه‌ران و به تایبه‌تیش دیاره‌كان، خۆی له خۆیدا، پشتڕاستی ئه‌و بۆچوونه‌ی ئێمه ده‌كاته‌وه. چونكه لۆژیكی نییه له شارێكی وه‌كو سلێمانیدا، كه مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیریی و داهێنانه، نووسه‌رانێك نه‌بن توانا و ئاستی ئه‌وه‌یان نه‌بێت به شدار بن، به‌ڵكو شایه‌نی ئه‌وه‌نه خه‌ڵاتیش ببن. بۆیه ده‌كرێ گۆڕانكاریی له پێوه‌ر و لێژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان بكرێت، ئه‌گه‌ر فیستیڤاڵه‌كه هه‌ر به‌رده‌وام بوو.
دووه‌م:_
له فیستیڤاڵی گه‌لاوێژدا، هه‌میشه نووسه‌رانێك (به تایبه‌تی گه‌نج) دوای بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كان له بواری شیعر‌و چیڕۆكدا، وه‌ك داهێنه‌ر و ده‌نگی نوێ و تازه ده‌ناسێنران و له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه خوێنه‌رانێكی زۆر، ئومێد و هیوایان له سه‌ر هه‌ڵده‌چنین. به‌وه‌ی وه‌ك شاعیر و چیڕۆكنووسی داهێنه‌ر له ئاینده‌دا ده‌رده‌كه‌ون. كه‌چی به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مانه نه‌ك نه‌یانتوانی به هه‌مان هه‌ناسه و گڕوتینی سه‌ره‌تا بنووسن، به‌ڵكو ئێستا كه‌س وه‌ك نووسه‌ر ناشیانناسێت و ناویان له كوله‌كه‌ی ته‌ڕیش نییه! ده‌توانم ده‌یان ناو ڕێز بكه‌م، له كچان و كوڕانی گه‌نج و نووسه‌رانی دیكه‌ش، كه پێشتر براوه و یه‌كه‌می ئه‌و چاڵاكییه بوونه و زۆرانێكیش ئومێدی داهاتووێكی پڕ له داهێنانییان پێ هه‌بوونه، به‌ڵام له به‌ر ناوبانگییان خۆیان لێ ده‌بوێرین. ئه‌مانه‌ی ساڵانێك له‌مه‌و به‌ر، براوه‌ی خه‌ڵات ده‌بوون و به ئێستاشه‌وه، ده‌قێكی چیڕۆك یان شیعری‌یان نییه، نوێكارییه‌كی تێدا بێت. یاخود هیچ نه‌بێت جیاوازكه‌وتنه‌وه و دابڕانێك بێت، له‌وانیتر. ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه نه فیستیڤاڵ، نه خه‌ڵات، نه به یه‌كه‌م ده‌رچوون له پێشبڕكێی ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا، كه‌س ناكاته داهێنه‌ر و شاعیر و چیڕۆكنووسی دیار. به‌ڵكو نووسین ئه‌زموون و خوێنه‌وه‌یه، داهێنان و خۆجیاكردنه‌وه كرده‌یه‌كی یه‌كجار كه‌سی و تایبه‌تی و خودین. هیچ نووسه‌رێك، به خه‌ڵات و فیستیڤاڵ نابێته داهێنه‌ر و به ناو و ده‌نگ نابێت. ته‌نها ئه‌زموونه كه‌سییه‌كانی خۆی، ده‌یكاته ده‌نگی تازه و جیاواز، وه‌ك چۆن گۆران به شیعره‌كانی بووه داهێنه‌ر. ده‌یان قه‌ڵه‌می گه‌نج، له فیستیڤاڵه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی گه‌لاوێژ، خه‌ڵاته‌كانی چیڕۆك و شیعر و لێكۆڵینه‌وه‌یان برد. ئێستا كێ ده‌یانناسێت؟ كێ ناویانی بیر ماوه؟ بێگومان ئه‌مانه خۆیان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هیچ وزه و توانایه‌كی ئیبداعی و ئه‌ده‌بییان نه‌بووه، بۆیه نه‌یانتوانیوه دواجار له په‌راوێزی ئه‌و خه‌ڵاته‌وه، ده‌قی جوانتر و داهێنانه‌تر بنووسن. چونكه بیرمان نه‌چێت نه فیستیڤاڵ، نه خه‌ڵات، هیچ كه‌سێك ناكات به شاعیر و چیڕۆكنووسی داهێنه‌ر. داهێنان وزه و توانا و هه‌وڵدانێكی خودی و كه‌سییه، كه ده‌ره‌نجام ده‌بێته ئه‌زموونێكی تازه و له ئه‌زموونه‌كانی تر خۆی جیا ده‌كاته‌وه.
سێیه‌م:_
نه‌ریتێكی نامۆ، له‌و فیستیڤاڵه و له‌وانی دیكه‌ش، ساڵانێكه هه‌یه و په‌یڕه و ده‌كرێت، ئه‌ویش پێدانی یه‌ك خه‌ڵاته به دوو ده‌قی جیاواز. بۆ نموونه: خه‌ڵاتی یه‌كه‌م بۆ دوو شیعر، خه‌ڵاتی دووه‌م بۆ دوو چیڕۆك…تد. له ڕاستیدا، هه‌موو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی، زاده و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دنیابینی نووسه‌ره. ئه‌زموون و تێگه‌یشتن و دنیابینی هیچ نووسه‌رێكیش له‌وی تر ناچێت، ئیدی نازانم چۆن دوو ده‌قی ئه‌ده‌بی وه‌ك یه‌ك ده‌بن؟ شیعر، به‌رهه‌می دنیابینی و خه‌یاڵ و ڕوانینه‌كانی شاعیره، وێناكردنی هه‌ر شاعیرێك بۆ ژیان، بوون و ده‌وروبه‌ر و هه‌موو شتێك، وه‌ك شاعیرێكی دیكه نییه، ئیدی چۆن دوو شیعر شایه‌نی یه‌ك خه‌ڵاتن؟ چیڕۆك گێڕانه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر ڕووداوێك به نموونه ده كه‌س بیگێڕنه‌وه، هه‌ر یه‌كه‌یان به شێوه و جۆرێك ده‌یگێڕێته‌وه، كه‌واتا چۆن دوو چیڕۆك شیاوی ئه‌وه‌ن كه ببنه براوه‌ی یه‌ك خه‌ڵاتی هاوتا؟ به بڕوای من ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كه ساڵانه له لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان دووباره ده‌بێته‌وه. هه‌ڵبه‌ته بۆ خوێنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر ده‌قێك، نابێ ته‌نها مانا و چێژ، شیعرییه‌ت و ته‌كنیك، هونه‌ری نووسین بكرێنه سه‌نگی مه‌حه‌ك، به‌ڵكو ده‌بێ له سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی دیكه‌ی زمانه‌وانی و ڕێزمانیش، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ده‌قێكی ئه‌ده‌بی بكرێت. تاكو ئه‌وه له یه‌كتری جیابكرێته‌وه، كامه‌یان له ڕووی بنه‌ما و شێوازی گرامه‌رییه‌وه، شاره‌زایی له زمانی نووسین، ئاسته‌كانی گوزارشت و ده‌ربڕین هه‌یه. هه‌رچییه‌ك و هه‌ر چۆنێك بێت، ئه‌گه‌ر به پۆینتیش بێت، دوو ده‌ق له یه‌كتری هه‌ر جیاواز ده‌كه‌ونه‌وه، كه‌واتا ده‌بێ لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان، هێنده ورد و هه‌ستیار و زیت بن، جیاوازیی نێوان دوو تێكست، له خاڵێكی یه‌كجار بچووك و هه‌ست پێنه‌كراویش ببینه‌وه. نابێ ته‌نها ڕه‌هه‌ندیی بابه‌تییانه‌ی ده‌قێك له به‌رچاو بگیرێت، ئه‌ی زمان؟ شێوازی داڕشتن؟ چۆنییه‌تی بونیادنانی ڕسته به‌و یاسا گرامه‌ریه‌ی له زمانی كوردیدا هه‌یه؟ بۆ نموونه با سه‌رنج له‌و دوو ڕسته‌یه بده‌ین:
منداڵه‌كه نووست، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له شاریی یاری.
منداڵه‌كه دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له شاریی یاری، نووست.
هه‌ردوو ڕسته‌كه له ڕووی واتاییه‌وه گونجاون ، واتا ده‌گه‌یه‌ننن، هاوبه‌شن له چه‌ند وشه‌یه‌كی دیاریكراو، بكه‌ر و كاریان تێدایه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ڕووی زمانی نووسین و داڕشتنه‌وه به‌راوردیان بكه‌ین، ده‌بینین ڕسته‌ی دووه‌م ڕێزمانیتره، چونكه به گشتی كار له زمانی كوردیدا، ده‌كه‌وێته كۆتایی ڕسته و بكه‌رله سه‌ره‌تایه. مه‌به‌ستم له‌و نموونه‌یه چییه، جیاوا زكه‌وتنه‌وه‌ی شێوازی داڕشتنی زمانه‌وانییه له ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا. ده‌كرێ نموونه‌یه‌كی تر بێنیینه‌وه. له‌و ڕۆژانه‌دا، ڕیكلامی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڕۆمانێكم كه‌وته به‌رچاو به ناوی (دوواین خه‌ونی سوهه‌یلا). ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌و ناونیشانه بده‌ین و بیخوێنینه‌وه، ئاسایی مانای ته‌واوه‌تی ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ڕووی ڕێزمانییه‌وه لێی وردبینه‌وه، ده‌بینین هه‌ڵه‌یه، چونكه (دوواین) به مانای ( دووان) واتا گفتوگۆ و قسه‌كردن دێت، به هه‌مان شێوه به مانای (دوو كه‌سیش) دێت (دوواین). بۆیه ده‌بوو به‌و شێوه‌یه بنووسرێت (دوایین خه‌ونی سوهه‌یلا) واتا به یه‌ك (و) جگه له‌وه‌ی پیتی (ی) درێژده‌كرێته‌وه ده‌بێته دوو(ی). له ڕۆمانی ڕوحه سه‌روه‌شه‌كان، ئه‌مه نووسراوه:(وتم یونس ئه‌حمه‌د چی به‌سه‌ر هاتووه) له ڕۆمانه‌كه‌دا، (یونس) و (ئه‌حمه‌د) دوو كاره‌كته‌ری جیان، توانا پرسیار له یونس ده‌كات، كه ئه‌حمه‌د چی به سه‌ر هاتووه؟) به‌ڵام كاتێ سه‌رنج له داڕشتنی ڕسته‌كه ده‌ده‌ین، ده‌بینین ته‌نها به دانه‌نانی وێرگولێك (فاریزه) ته‌واوی مانای ڕسته‌كه گۆڕاوه. چونكه له په‌ڕه‌گرافه‌كه‌دا، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه (یونس ئه‌حمه‌د) یه‌ك كه‌سه. بۆیه ده‌بوو به‌م شێوه‌یه بێت: (یونس، ئه‌حمه‌د چی به سه‌ر هاتووه؟) ئه‌م نموونانه، گه‌لێك جار ده‌بنه هۆكاری جیاواز كه‌وتنه‌وه‌ی زمانی نووسینی ده‌قێك، به تایبه‌تیش زمانی كوردی، كه له‌م ڕووه‌وه یه‌كجار به ورده‌كاریی و ده‌وڵه‌مه‌نده. به نموونه ئه‌گه‌ر ئه‌و ورده‌كارییانه له دوو ده‌قی ئه‌ده‌بیدا ڕه‌چاو بكرێن، ئایا هه‌ردوو تێكسته‌كه وه‌ك یه‌ك خه‌ڵات ده‌به‌ن؟
چواره‌م:
یه‌كێكی دیكه له‌و تێبینیانه‌ی له سه‌ر ئه‌و فیستیڤاڵه هه‌یه ئه‌وه‌یه، كه به پێی كام پێوه‌ری ئه‌ده‌بی، ئه‌و ده‌قانه هه‌ڵده‌بژێردرێن كه به‌شداری فیستیڤاڵه‌كه ده‌كه‌ن. واتا گریمان په‌نجا شیعر و هه‌شتا چیڕۆك نێردراوه، له سه‌رچ بنه‌مایه‌ك ئه‌و ده‌قانه ده‌ست نیشان ده‌كرێن كه بخوێنرێنه‌وه و هه‌ندێكی تریان ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه؟ لێره‌دا ده‌مه‌وێ نموونه‌یه‌كی به‌رجه‌سته بێنمه‌وه. له بیست و سێیه‌مین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ ( وه‌ك یه‌كێك له ئه‌ندامانی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قه‌كان ئاماژه‌ی پێداوه، له كۆی شه‌ست و هه‌شت چیڕۆك، ته‌نها شه‌شیان هه‌ڵبژێردراون، له و شه‌شه‌ش، سێیانییان خه‌ڵاته‌كانیان بردووه)* كه واتا ده‌كرێ بپرسین، به پێی كام پێوه‌ری ئه‌ده‌بی، له كۆی شه‌ست و هه‌شت چیڕۆك، ته‌نها شه‌شیان هه‌ڵبژێردران؟ ڕێی تێ ده‌چێت له كۆی ئه‌و هه‌موو چیڕۆكه، ته‌نها شه‌شیان شایه‌نی به‌شداریكردن له فیستیڤاڵه‌كه بن؟ چۆن ئه‌وه‌نده‌یان دیاری كران و هه‌ڵبژێردرێن؟ كامانه‌ن ئه‌و پێور و بنه‌مایانه‌ی ده‌كرێنه پێوانه بۆ دیاریكردنی چه‌ند ده‌قێكی كه‌م، له نێوان ده‌یان ده‌قی ئه‌ده‌بیدا؟ گریمان ئه‌گه‌ر له كۆی ئه‌و شه‌ست و هه‌شت چیڕۆكه، بیستیان به‌شداربوونایه، ڕه‌نگه كه‌س سه‌رنجێكی نه‌بووایه، به‌ڵام به هیچ پێوه‌رێكی ئه‌ده‌بی، فه‌رهه‌نگی و زمانه‌وانی، گونجاو و لۆژیكی نییه، له وهه‌موو چیڕۆكه، ته‌نها شه‌شیان دیاری بكرێن. بێگومان ئه‌مانه ده‌بنه پرسیار و جێگه‌ی گومان بۆ ئه‌وانه‌ی بابه‌ته‌كانییان ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه. دواجار ده‌ڵێین فیستیڤاڵی گه‌لاوێژ، له دوا ئاوزینگدانی خۆی دایه، بۆیه باشترین كارێك كه بنكه‌ی گه‌لاوێژ بیكات ئه‌وه‌یه، ئه‌مه دوا فیستیڤاڵ بێت، چونكه مه‌حاڵه ئه‌و چاڵاكییه ڕۆشنبیرییه به‌رچاوه، وه‌ك سه‌رده‌مانێكی لێ بێته‌وه، كه سه‌رده‌می زێڕین و دره‌وشانه‌وه‌ی خۆی بوو، به تایبه‌تیش له نه‌وه‌ده‌كان و ده‌سپێكی دووهه‌زاره‌كان.
ڕواندز _ 20/ ئایاری /2022
سه‌رنجێكی پێویست:
. ڕه‌نگه خوێنه‌رانێك، وابیر بكه‌نه‌وه كه ئێمه بابه‌تمان ناردووه‌و ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه، بۆیه ڕه‌خنه ده‌گرین. سوپاس بۆ خوا، له كاروانی ژیانی ڕۆشنبیریی خۆمدا، تا ئێستا به‌شداری هیچ چاڵاكییه‌كی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی فیستیڤاڵێكم نه‌كردووه. ته‌نانه‌ت له ڕواندز كه خۆم له‌وێ ده‌ژیم، كۆڕ و چاڵاكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ده‌كرێت و به‌شدار نابم. ساڵانێكه بڕوام به‌وه هێناوه، كه نووسه‌ر و شاعیری به توانا، ته‌نها ده‌خوێنێته‌وه و پێویستی به‌وه نییه به‌رده‌وام ده‌ربكه‌وێت و ببێته پاڵه‌وانی شاشه و لاپه‌ڕه‌كان و چاڵاكییه‌كان. یان كه‌س خه‌ڵاتی بكات. چونكه ده‌قی داهێنه‌رانه، خۆی خۆی ده‌سه‌پێنێت . نه به خه‌ڵات، نه به ڕیكلام و فیستیڤاڵ، شاعیر و چیڕۆكنووسی داهێنه‌ر دروست نابن. ته‌نێ خوێنه‌وه ده‌مانكاته داهێنه‌ر و جیاوازنووس!
- بڕوانه وتاری، بۆ ئه‌م چیڕۆكانه خه‌ڵاتیان برد، نووسینی: حه‌مه مه‌نتك، ماڵپه‌ڕی www.chirok.net به‌شی لێكۆڵینه‌وه.