ئەدەبێكی یاخی لەمەرگ .. نووسینی د. جەودەت هۆشیار.. وەرگێڕانی: عەدنان کەریم
( پێشەکیی کتێبی: تراجیدیای نووسەرانی ڕووس ) لە نووسینی د. جەودەت هۆشیار بەزمانی عەرەبی.
هەر لەسەردەمی زێڕینیەوە لەسەدەی نۆزدە، ئەدەبی ڕووسی جۆرە لێکچوونێکی هەبوو لەگەڵ ئایندا، چونکە قورسایی کۆڵێکی ئەخلاقیی لەئەستۆنابوو، و هەروەك فەلسەفەش ئەرکی شیکردنەوەی فکریی جیهانی گرتەسەرشانی خۆی و بەوجۆرە ئەدەب لە دیاردەیەکی هونەری – ئیستاتیکیەوە بوو بە کتێبێك بۆ ژیان.
نووسەر پایەی پێغەمبەرێكی هەبوو وبەچاوی ئامۆژگارێك تێیان دەڕوانی کە توانای ئەوەی هەیە کاریگەریی هەبێت لەسەر سیستمی لەسەرکار و گۆڕینی کۆمەڵگا.
ڕووسەکان بەبایەخێکی زۆرەوە گوێ لە بیروڕای نووسەر وشاعیرەکانیان دەگرن، و هەمیشە لە کۆڕەکان و لە هۆڵ وشوێنی ئاهەنگ گێڕان و هۆیەکانی ڕاگەیاندندا، سەبارەت بە بەرهەمەکانیان پرسیاریان لێدەکەن.
دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش لە ڕووسیا هەیە کە زۆر دەگمەن لەهیچ وڵاتێکی تر بەو شێوە زەقە بەرچاوئەکەوێت ئەویش لەوەدا خۆی دەنوێنێ کە ژنان و پیاوانی ڕووس، بە لاوان و باساڵاچوانیانەوە، زۆر شەیدای خوێندنەوەی کتێب و گۆڤارە ئەدەبیەکانن، بۆیە دەبینین کە نەك تەنها لە ماڵان و کتێبخانە گشتیەکاندا بەڵکوو لەهەموو جێگایەك سەرقاڵی خوێندنەوەن: لەناو هۆیەکانی گواستنەوە، لە سەرەگرتنی بەردەم کۆگاکان، لە قاوەخانە وباخچەگشتیەکان و شوێنەکانی گەشتوگوزاردا.
ڕووسەکان بەوپەڕی شایستەییەوە پێیان وابوو کە ئەوان زیاتر لەهەموو گەلانی تر لە جیهاندا، ئەخویننەوە. ئەڵبەتە ئامانجی خوێندنەوە لای ئەوان تەنها کات کوشتن و سەرگەرمی نیە بەڵکوو ڕۆشنبیرانی ئەوان پێیانوایە کتێب خۆراکێکی فکری و ڕووحیە کە مرۆڤ ناتوانێت دەسبەرداری ببێت. جگە لەوەش پرۆگرامی خوێندنی ئەوان لەهەموو قۆناغەکانیدا بابەتی خوێندنەوە و شیکردنەوەی گرنگترین ئەو ژانرانە لەخۆئەگری کە بەرهەمی بیری مرۆڤن لەبوارەکانی ئەدەب و هونەردا. جگە لەوە، ڕووسەکان شەیدای لێکچواندنی ئاشنا و هاوڕێکانیانن بە پاڵەوانی چیرۆك و ڕۆمانەکان لەڕووی سروشت و ڕەنگ و ڕوویانەوە وبۆ نموونە هەمیشە نووسەر و شاعیرەکانیان ئەکەن بەسەرمەشق لە ژیانی ڕووحیی خۆیاندا و هەرچی پەریوەندیی بە بەرهەم و یادەوەری و نامەکانیان و پەیوەندیە ئەدەبیەکانیانەوە هەبێت، چی هی زیندووەکانیان یا مردووەکانیان، ئەخوێننەوە. ڕووسەکان هۆگری سەردانی ئەو مۆزەخانانەن کە سەردەمانێك خانەی نووسەر و شاعیراکانیان بوون و لەوێدا بەرهەمە ئەدەبیە بلاوکراوەکانیان و دەسنووسی نووسینەکانیان و هەموو کەرەسەکانیان تیایدا پارێزراوە.
مردنی هەر نووسەر و شاعیرێك لای ڕووسەکان بە زیانێکی گەورەی نیشتیمانی ئەژمارئەکرێ چونکە بەچاوی ئامۆژگاری گەل ئەڕواننە نووسەر و شاعیرەکانیان بۆیە ئێستاشی لەسەر بێت دەسەڵاتی سیاسی زۆر ترسی لە نووسەرانە و چاودێری کارەکانیانە.
مردن یەكجۆرە گەرچی شێوازی جیابێت
بە درێژایی مێژوو لە ڕووسیا لەسەر ئەوە ڕاهاتوون کە بەشی شاعیر لە ژیاندا هەمیشە چەرمەسەری بووە چونکە ئەوان ڕۆڵی زیاتر لە شاعیرێك دەگێڕن هەر بۆیە لێرەدا سەرەتا باس لەو چەرمەسەریانە ئەکەین کە شاعیرە مەزنەکانی ئەو وڵاتە چەشتوویانە.
ئەلیکسەندەر پووشکین کە ئێستاشی لەگەڵ بێت مەزنترین شاعیری ڕووسی و پێشەنگی بنیاتنانی زمانی ئەدەبیی مۆدرینی ڕووسییە، دووجار لە ژیانیدا ڕەوانەی مەنفا دەکرێ و دواتریش لە ڕمبازێنێکی گوماناویدا لەگەڵ بارۆن جۆرج دی گیکرن لە 27 ی کانوونی دووەمی 1837 دا ئەپێکرێ و چەند ڕۆژ دواتر گیان لەدەست ئەدا.
میخاییل لێرمەنتۆڤ کە لەپاش پووشکین گەورەترین شاعیری ڕووسە و خاوەنی چەندین داهێنانی ئەدەبیە لە بواری پەخشان و شیعردا، لەژێر کاریگەریی مەرگی پووشکین وبۆ دەربڕینی هەستی ناڕەزایەتی، قەسیدەیەکی مەزنی نووسی بەناوی ( مەرگی شاعیرێك ) کە سەرانسەری ڕووسیای هەژاند و بوو بە وێردی سەرزمانی خەڵك لەو سەردەمەدا بۆیە دەسەڵاتدارانی تووڕە و پر لە لێرمەنتۆڤی شاعیر، دەسگیر وڕەوانەی ناوچەی قەوقازی ئەکەن.
لێرمەنتۆڤ کەم ژیا و ئەستێرەی کەم تەمەنی زووکشا و ئەویش لە ڕمبازێن ( مبارزة ) لەگەڵ نیکۆڵای مارتینیڤدا لە 27 ی ئەیلوولی 1841 دا لەتەمەنی 27 ساڵیدا ئەکوژرێت. وا بڵاو بوو کە لیرمەنتۆڤ بەگولەی کەسێکی تر نەك مارتینیڤ کوژرابێت. کاتێك تزار نیکۆڵای یەکەم گوێبیستی کوژرانی ئەم شاعیرە بوو بە جۆرێك لە پێخوشبوونەوە وتی: سەگ تەنها شایستەی مردنە وەکوو سەگێك.!!
جگە لەوەش لەئاستێکی بەربلاودا گومان لەوەدەکرا کە پووشکین و لێرمەنتۆڤ هەردووکیان لەژێر پەردەی ڕمبازێندا بەفەرمانی تزار کوژرابن. بەڵام فیۆدۆر دۆستویفسکی بەهۆی چالاکیەکانیەوە لە دژی قەیسەریەت فەرمانی ئیعدامی دەدرێت وپاشان لەدوایین چرکەساتدا حوکمی ئیعدامەکەی سووك ئەکرێتەوە بۆ 10 ساڵ زیندانی سەخت، دە ساڵێك کە بە تەمەنێکی بەفیڕۆچوو ئەژمارئەکرێ چونکە هیچ بەرهەمێکی تێدا نەنووسی و مەرگی زوگووزەری ئەمیش تا ئێستاش جێی گومانە.
ئەدەبی ڕووسی لە قۆناغی گوێزانەوەدا
لە بیست ساڵی پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 کە بە گشت ڕەهەندە فکری و هونەرییە کلاسیکیەکەیەوە لە چاو سەردەمی زێڕیندا، بە قۆناغی گوێزانەوە ڕووەو سەردەمێکی نوێ، بە گشت ڕەوتە مۆدێرن وهەمەڕەنگیەکەیەوە لەبواری شیعر و پەخشاندا ئەژمارئەکرێ، کە ناونراوە ( سەردەمی زیوین )، ڕووسیا بووژانەوەیەکی ئەدەبی بە خۆوە ئەبینێت کە بەرجەستە ئەبۆوە لە ڕەوتی مۆدێرنیزم وڕەوەندە ئەدەبیە هەمەجۆرەکانی تر لە بواری شیعردا لەچەشنی ( سیمبولیزم و فیوچەریزم و وینەگەری و ڕەوتی سێپاڵویی – التکعیبیة و …تاد ) کە جگە لە پێکەوە ژیانی هەموویان، لەناوخۆشیاندا سەرگەرمی ململانێ بوون.
گەرچی نیمچە هاوڕاییەك هەیە لە نێوان مێژوونووسانی ئەدەبی ڕووسیدا سەبارەت بە ( قۆناغی زیوین ) کە سەرەتاکانی ئەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم، بەڵام سەبارەت بە کۆتایی ئەم سەردەمە هاوڕانین بۆیە هەندێکیان پێیانوایە کە ئەم قۆناغە بە مەرگی ئەلێکسندەر بلۆکی شاعیر و ئیعدامکردنی نیکۆڵای گۆمیلکۆڤی شاعیر لە ساڵی ١٩٢١ کۆتایی دێت کە دامەزرینەری قوتابخانەی ئەکمیزم و هاوسەری ئەننا ئەخماتۆڤای شاعیربوو.
زۆرینەی نووسەرانی ( قۆناغی زیوین ) لەدژی ڕژێمی بەلشەفی وەستانەوە و بڕیاریان دا بۆ ماوەیەکی نادیار وڵات جێبهێڵن کە دواتر بۆ زۆربەیان بوو بە کۆچی بێگەڕانەوە و لە وڵاتانی ڕۆژئاوا چەندین سەنتەری ڕۆشنبیری وخانەی بڵاوکردنەوەیان دامەزراند و چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاریان بڵاوکردەوە بۆ خوێنەرانی ڕووس لە زۆر شاری ئەوروپی و بەتایبەتی لە پاریس و بەرلین هەربۆیەش ساڵانی دواتر دیاردەی ئەدەبی ڕووسی لە تاراوگە سەری هەڵدا.
نووسەرانی ئازادیخواز و بەلشەفیەکان
شۆڕشی ئۆکتۆبەر کۆتایی هێنا بە ئازادیە دیموکراتیەکان بەڵام نەیتوانی دەسبەجی ئاڵوگۆڕ بەسەر ژیانی ڕۆشنبیریدا نهێنێت ولەسەرەتای بیستەکانی سەدەی بیستەوە دیاردەیەکی نوێ دەستی کرد بەسەرهەڵدان لە وڵاتدا کە نازناوی ( ئەدەبی سۆڤێتی ) بەسەردا بڕا. لێرە بەدوا هەڵسەنگاندن بۆ نووسەران لەسەر ئەو بناغەیە ئەکرا کە هەڵوێستیان سەبارەت بە دەسەڵاتی سۆڤێتی چۆنە و بانگەواز ئەکران بۆ ستایشکردنی شۆڕش وبەرجەستەکردنەوەی جوانیەکانی دەسەڵاتی نوێ و بەراوردکردنی بە نەهامەتیەکانی سیستمی سەرمایەداری، نەك ڕەخنەگرتن لەدەسەڵاتی سۆڤێتی یا خۆدوورگرتن و دوورەپەرێزی.
لەو نێوەدا ڕژێمی ستالینی کەوتە دژایەتیکردنی سەرجەم ئەو نووسەرانەی کە پێداگریان ئەکرد لەسەر ئازادبوونی خۆیان و سەرباری تۆقاندن و تەماع لەبەرنان و ڕامکردن و فشارە زۆروزەبەندەکان نەئەچوون بە پیری بانگەوازی بەلشەفیەکانەوە.
ساڵی 1920 شاعیری گەورەی ڕووسی ئەلیکسەندەر بلۆك ماڵئاوایی لە ژیان کرد دوای ئەوەی کە بەلشەفیەکان ڕێگەیان نەدا بۆ چاری نەخۆشی سەفەری دەرەوە بکات.
پاشان سێرجی یەسەنین لە هۆتێلی ( ئەنکلیتی ) لە ( لینینگرادی ئەوکات و بەترسبۆرگی ئێستا ) لە 31ی کانوونی یەکەمی 1925 لەکاتێکدا تەمەنی تەنها 30 ساڵ بوو، بە خۆهەڵواسین کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا. هەر لەیەکەمین ڕۆژی ئەو ڕووداوەوە گومان چووە سەر ستالین وەکوو بکوژی یەسەنین وەکوو بەناوبانگترین شاعیر کە جێی خۆی لەناو دڵی خەڵکی ڕووسیادا کردبۆوە و شیعرە عاتیفیەکانی کاریگەری قووڵی لەناویاندا دانابوو. پێش خۆکوژیەکەی، یەسەنین هەر لەو ژوورەدا کە خۆی تیاهەڵواسی، قەسیدەیەکی بە خوێنی خۆی نووسیبوو تیایدا ئەڵێ: هێندە شتێکی نوێ نیە کە لەم ژیانەدا بمرین/ بێگومان مەرگیشمان نوێ نیە.
مەرگی ئەم شاعیرە، لەکاتێکدا لە لووتکەی داهێنانی شیعریدا بوو، سەروسەدایەکی زۆری لە ڕوسیا بەرپاکرد. بۆریس باستەرناك لەوبارەوە وتی: لەسەرجەم خاکی ڕووسیادا هیچکەس بەئەندازەی ئەو ڕەنگ وبۆی خۆووڵاتیانە نەبوو، کەسیش وەكوو ئەو سادە ونیشتیمانپەروەر نەبوو، کەسیش وەك یەسەنین لەکاتی خۆیدا نەهاتە بوون. مەکسیم گۆرگیش لەبارەی یەسەنینەوە وتی: یەسەنین هێندەی مرۆڤ بوو چەندین بەرابەری ئەوە بوونەوەرێك بوو کە تەنها بۆ شیعرخوڵقابوو. یەفتەشینکۆش لەوبارەوە وتی: یەسەنین شیعرەکانی نەئەنووسی بەڵکوو شیعرەکانی وێردی ناخی ئەو بوون.
بەدوای مەرگی یەسەنیندا شەپۆلێك دیاردەی خۆکوژی سەریهەڵدا و دەسەڵاتداران کەمپەینێکیان سازدا لەدژی ئەوەی بە ڕووسی ناویان نا: یەسەنینشینا. جێی ئاماژەیە کە تاکوو ئێستاش خۆکوژی یا مەرگی تەمومژاویی ئەم شاعیرە جێی مشتومڕە لە ناو توێژی توێژەر و نووسەرانی ڕووسدا.
لەسەروبەندی خۆکوژیی یەسەنیندا فلادیمیر مایکۆفسکیی شاعیر قەسیدەیەك ئەنووسێت و تیایدا ئەڵێ: مەرگ لەم ژیانەدا بژاردەیەکی سەخت نیە / داڕشتنی ژیان زۆر لەو سەختترە ! زۆری نەخایاند خودی مایکۆفسکیش هەر بەو دەمانچەیەی کە موخابەراتی کۆشکی کرەملین بەدیاری پێیان دابوو خۆی ئەکوژێت. تیۆریسێنی بواری ئەدەبی ڕووسی ڤیکتۆر شیکلۆڤسکی لەو بارەوە ئەڵێ: گوناهی ئەم شاعیرە ئەوە نیە کە فیشەکێکی نا بەسەری خۆیەوە، بەڵکوو ئەوەیە کە لە کاتێکی نەگونجاودا ئەو کارەی ئەنجامدا.
بەدوای ئەوەدا مەکسیم گۆرگیش، دوای ئەوەی کە دەسەڵات ڕێگەی نادەن بۆ چارەسەری نەخۆشی سەفەری دەرەوە بکات، لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا ئەمرێت. قسەلەوەش ئەکرا کە دەرمانخوارد کرابێت و گوایە ستالین خۆی دەستی لە کوشتنیدا بووبێت چونکە ئەم نووسەرە شۆڕشگێڕە پایەبەرزە زۆر دڵپڕ بوو لەو هەموو ستەم وبەدبەختیەی بەبەرچاویەوە ئەگوزەران.
مارینا زڤیتایڤای شاعیری مەزنیش بەهەمان دەرد ئەچێت و ئەویش لە 31 ی ئابی 1941 دا پەنائەباتە بەر وتەنانەت مەرگی ئەم نابێتە جێی سەرنجیش چونکە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی خوێناویی نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ئەڵمانیای هیتلەری. شیعرەکانی ئەمیش تا ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی پێشوو سانسۆری لەسەر بوو بەڵام ئەمڕۆ جێگەیەکی بڵندی هەیە لە ئەدەبی ڕووسیدا و زۆرترین خوێنەری هەیە بەتایبەتی لەڕیزی ئیلیتی ڕۆشنبیریی وڵاتەکەیدا. شیعرەکانی مارینا پاراوکراون بە سۆزێکی پڕ کەفوکوڵی تا ئاستی مەستبوون و خۆم چەندین ژنە شاعیری ڕووسم بینیوە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە شیعرەکانی ئەویان خوێندۆتەوە.
ئۆسیب ماندلشتام شاعیرێکی تری ڕووسە کە بەهۆی قەسیدەیەکیەوە بەناونیشانی ( دوو کێوەکەی کرەملین ) دەخرێتە زیندانەوە و هەر لەوێش دەمرێت. هاوکات کڵۆییفی شاعیر لەژێر ئەشکەنجەدا ئەکوژرێ و هەردوو نووسەری بەناوبانگ بیلیناك و ئیسحاق بابل دوای هەڵبەستنی چەند تۆمەتی ناڕەوا بۆیان لە دادگایەکی فەرمایشیدا حوکمی مەرگیان بەسەردا ئەسەپێنرێ و یەکسەر ئیعدام ئەکرێن.
کاتێك چاوبەو مەرگەساتانەدا ئەگێڕین قسەیەکی ڤۆڵتێرمان بیردێتەوە کە ئەڵێ: گەر کوڕێکم ببێ و خولیای ئەدەبیی هەبێ، سۆزی باوکایەتی وام لێ ئەکا نەهێڵم ئەو ڕێگەیە بگرێتەبەر.
ستالین خۆی گرنگترین بەرهەمە ئەدەبیەکانی ئەخوێندەوە و شانۆگەریە بەناوبانگەکانی ئەبینی. بو نموونە ئەو چەندین جار تەماشای شانۆگەریی ( ڕۆژگاری تۆربین ) ئەکات کە لەدانانی ڕۆماننووسی بەناوبانگ میخاییل بۆڵگانۆڤ بوو و لە سەر شانۆی هونەریی مۆسکۆ نمایش ئەکرا. ستالین زۆر لەم شانۆگەریە پڕ ئەبێ و ئەڵێ: ئەم نمایشنامەیە گالتەجاڕیە بە دەسەڵات و بۆڵگانۆڤ گوێڕایەڵی ئێمە نیە. بەدوای ئەوەدا بۆڵگانۆڤ دوای نۆشینی بڕێکی زۆر مۆرفین دەمرێت.
کاتێك ستالین ساڵی 1931 شانۆنامەی ( کۆگا ) ی ئەندرێ پلاتۆڤ لە گۆڤارێکی ئەدەبیدا ئەخوێنێتەوە ئەڵێ: نووسەرێکی بەتوانایە بەلام کەسێکی چەپەڵە ونامەیەك بۆ گۆڤارەکە ئەنێرێ وئەڵێ: ئەم شانۆنامەیە بەرهەمی کرێگرتەیەکی دوژمنەکانمانە و بەمەبەستی شێواندنی بزووتنەوەی کۆلخۆزی نووسراوە.
ساڵی 1934 ستالین دوابەدوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم کۆمەڵە و ڕێکخراە ئەدەبیەکانی تر( یەکێتیی نووسەرانی سۆڤیەت ) دائەمەزرێنێت. ئەم یەکێتیە تازەیە بەسەر هەموو ئەندامەکانیدا ئەسەپێنێت کە پابەند بن بە میتۆدی ناوبراو بە ( ڕیالیزمی سۆسیالیستی ). ڕیالیزمی سۆسیالیستی تێرمێکی نامۆ بوو و وەکوو ئەوە وابوو بڵێی لەئەدەبی جیهانیدا شتێکی تر هەیە ناوی ڕیالیزمی سەرمایەداریە. ئەم چەمك و میتۆدە سەپێنرا بەسەر سەرجەم نووسەران و شاعیر و توێژەر و هونەرمەنداندا.
بەرهەمی ئەم سیاسەتە گەوجە بریتی بوو لە پاکتاوکردنی فیزیکیی 220 نووسەر واتە کوشتنیان لە زیندانەکاندا لە چەند ساڵی دوای گۆنگرەی ناوبراو، کە ئەیکردە سێیەکی ئەندامانی کۆنگرەی دامەزرێنەر.
لەسەرەتای سیەکانیشەوە دەوڵەت دەستی گرت بەسەر چاپخانەکان و بواری ڕۆژنامەگەریدا و خانەکانی بلاوکردنەوەی ئەهلیی داخست و سەرجەم کۆمەڵە ئەدەبیەکانی هەڵوەشاندەوە وئەم بڕیارانە هەزاران ئەندامی ئەگرتەوە شانبەشانی سەدان گۆڤاری پێشڕەو وهەموو ئەوانەش لە چوارچیوەی بڕیارێکی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبدا جێبەجێکران سەبارەت بە بنیاتنانەوەی کۆمەڵە ئەدەبی و هونەریەکان. ئەو هەنگاوانە بەشێك بوون لەو ئامادەکاریانەی گیرانەبەر بەمەبەستی بەستنی کۆنگرەی دامەزرێنەری یەکێتیی نووسەرانی سۆڤیەت لە مانگی ئابی 1934 دا کە تێیدا بڕیاردرا بە ڕاگەیاندنی ( ڕیالیزمی سۆسیالیست ) وەکوو تاکە ڕێبازی ئەدەبی و هونەریی ڕێگەپێدراو لە وڵاتدا و بەربەرەکانێکردنی گشت ڕەوتە ” بۆرجوازی و فۆرمالیستەکان ” لەبواری ئەدەب و هونەردا.
ڕیالیزمی سۆسیالیست تێرمێکی نامۆ بوو و وای گریمانەدەکرد کە شتێك هەیە لەبواری ئەدەبی جیهانیدا کە پێی بگوترێ ڕیالیزمی سەرمایەداری. بەوجۆرە هەموو نووسەران و شاعیر و ڕەخنەگر و توێژەر و هونەرمەندان ناچار ئەکران کە تەنها بەو ڕێبازەوە پابەند بن.
کۆنگرەی ناوبراو ڕۆڵێکی نێگەتیڤی گێڕا لە ژیانی ڕۆشەنبیریدا وبەشداریەکی دیاری کرد لە تێکشکاندنی بەها ڕووحی و ئیستاتیکی ونەریتە ئەدەبیەکانی ڕوسیادا. چەندین نووسەری پایەبەرزی وەکوو ئیسحاق بابل تووشی دڵەڕاوکی و ترس هاتن کە لە گۆنگرەکەدا بە تەوسەوە رایگەیاند کە ئەو ڕێبازێکی ئەدەبیی نوێی داهێناوە و ناوی ئەنێت ( ڕێبازی بێدەنگی ) کەمەبەستی ڕاگرتنی بڵاوکردنەوە بوو تا کاتێکی نادیار.
بەوجۆرە کرێکاری بیناسازی یا کانەکان یا هی کارخانەکانی پۆڵاسازی یا جوتیارانی هەرەوەزیە کشتوکاڵیەکان بوون بە پالەوانی پۆزەتیڤی ئەدەبی سۆڤیەتی ولەهەمان کاتدا هەموو ئەو کارە ئەدەبیانە یاساغ کران کە ڕەنگدانەوەی ڕێبازی ئایدیۆلۆجیی حیزب وخەباتی چینایەتی ودەسکەوتەکانی بنیاتنانی سۆسیالیزم نەبوون. ئەو نووسەرانەی ملکەچی ئەو وەرچەرخانە نەبوون بە ناچاری ڕوویان کردە نووسین لەسەر بابەتی مێژوویی تا لەدەست ئەو ژینگە خنکێنەرە ڕابکەن کە بەسەریاندا سەپێنرا یا بەرهەمەکانیان دوور لەچاوی هەمووان ئەشاردەوە تا ڕۆژگار بەلایەکدا وەرئەچەرخێت.
پاش پاکتاوکردنی ئۆپۆزیسیۆن لەناوخۆی حیزبی کۆمۆنیست لە نیوەی دووەمی سیەکان و هەژموونیی ڕەهای ستالین بەسەر دەسەڵاتدا، نۆرە هاتە سەر تووندکردنەوەی سانسۆری ئایدیۆلۆجیی تووندوتیژ لەسەر گۆڤارە ئەدەبیە قەبەکان و خانەکانی بڵاوکردنەوە و شانۆ و سینەما کە هەموویان لەلایەن حکوومەتەوە لەسەرتاسەری ئیمپراتۆریی پان وپۆڕی سۆڤیەتیدا کۆنترۆڵ کران.هاوکات هێرشێکی هەمەلایەنە لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان دەستی پێکرد لەدژی هەرکەس کە گوێڕایەڵی دەسەڵات نیە و بەجۆرێك ئەنووسێت کە بەدڵی ئەوان نیە. حیزبی بەلشەفی دەستی دایە پەیڕەویکردنی سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆ بەسەر جموجۆڵی ڕۆشنبیری و ئاراستەکردن وبەڕێوەبردنی کاروبارەکانی بواری ئەدەب.
لەوچوارچێوەیەدا پەنا برایە بەر پەراوێزخستنی ئەو نووسەرانەی کە دڵیان لێی نەئەدا بۆ بەرگری لە نیزامی تۆتالیتاری، ئیتر هیچ شوێنەوارێك نەمایەوە بۆ بیروڕای جیاواز و ئەدەبی سۆڤیەتی بوو بە ئامرازێکی بێهۆشکردنی عەقڵی کۆ و گەوجاندنی جەماوەر و مۆبەلایزکردنیان لەبواری ململانێ بۆ جێبەجێکردنی پلانە ئابووریە پێنج ساڵیەکان لە بەرزترین ئاستدا.
ئەدەبی ئەیدیۆلۆجیکراو وای لێهات کە خوازیاری ئەوە بوو کە هاوڵاتی دەسبەرداری خۆشیەکانی ژیان ببێت ومل بداتە بەر هەموو سەختی و دژواریەکی ژیان بەهەموو سەختی و قورساییەکانیەوە لەپێناوی بنیاتنانی ” بەهەشتی کۆمۆنیزم ” بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئەرکی خەڵك ئەوەیە کە بەدیهێنانی ئەو دروشمە بەرزە بکەن بە ئامانجی بەرزی خۆیان و لەپێناوی ئەوەشدا سڵ نەکەنەوە لە هەموو نەبوونی و جەوروجەفایەك نەك چاوببڕنە سەر دابینکردنی پێویستیەکانی ژیان وگوزەرانی تایبەتیی خۆیان. بەوپێیە هیچ نووسەرێك بۆی نەبوو بابەتێکی داهێنانی خۆی بڵاوبکاتەوە کە ڕەنگدانەوەی ناخی خۆی و ڕوئیای تایبەتی خۆی بێت بۆ ژیان و ئەوەی بە مێشکی خۆیدا گوزرەئەکات و ئەیبزوێنێت. بەوجۆرە هەر داهێنەرێکی ڕاستەقینە هەستی بەوڕاستیە ئەکرد کە دەستدانە کاری نووسینی ئەدەبی بووە بە پیشەیەکی تابڵێی ترسناك. چارەنووسی بلیمەتترین نووسەرانی ڕووس لەقۆناغی دەسەڵاتی سۆڤیەتیدا، ئەوانەی کە کە ئەمڕۆ بە سیمبولی نەمری و سەربڵندیی ئەدەبی کلاسیکیی ڕووسی ئەژماردەکرێن، زۆر تراجیدی و کارەساتبارە. ژیانی دەیانیان لە گۆڕەپانەکانی مەرگدا بە ئیعدام کۆتایی هات و هەزارانیشیان لە زیندانەکان و ئۆردووگاکانی کاری زۆرەملێدا بەهۆکاری برسیەتی لە سیبیریا گیانیان بەمەرگ سپارد وبوونە خۆراکی نەخۆشی و نەبوونی چاودێریی تەندروستی وهەندێکیشیان بەناچاری بوون بەگوێڕایەڵی ئایدیۆلۆجیی حیزب و لەگەڵ ئەوبارە تازەیەدا خۆیان گونجاند بەوەش دەربازیان بوو لە گرتن و ڕادەوونان و تەنها لەچوارچێوەی ڕێبازی داسەپێنراوی دەوڵەتدا سەرگەرمی نووسین بوون و گەرچی ناو و شورەتیان پەیداکرد بەڵام نووسینەکانیان خاڵی بوو لەبەها هونەریە بەرزەکان. لەسایەی ئەو سەرکوتگەری و تەنگەبرکردنەوەی ئازادیەکانی تاك و کۆ و کەش و هەوای خنکێنەری زاڵدا، دەزگای هەواڵگریی سۆڤیەتی هەلی بۆ ئەڕەخسا تا ژمارەیەکی زۆری دۆست و ئاشنای نزیك لەنووسەران بۆلای خۆی ڕاکێشێت تا بۆ کاری سیخوڕی بەسەریانەوە و دانی ڕاپۆرتی نهێنی لەسەریان بیانخاتەگەڕ، گەرچی ئەو نووسەرانە ڕێگەی بێدەنگی ناچاری یا ئارەزوومەندانەشیان هەڵبژاردبێت.
ڕاپۆرتی سیخوڕی تەنها ئەو کەسایەتیانەی نەئەگرتەوە کە لەبوارەکانی هونەر و ئەدەبدا سەرقاڵی کارکردنن، بەڵکوو هەر کەسێك لە دەزگاکانی حیزب و دەوڵەتدا کاری بکردایە ئەبوو بەنێچیریان. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە دوای هەرەسی دەسەڵاتی سۆڤیەتی بڵاوبوونەوە ژمارەی، ئەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن سیخوڕەکانی دەزگای ئاسایشی نهێنیەوە ڕەوانەکرابوون خۆی دەدا لە چوار ملیۆن.
ناوەڕۆکی ئەو تۆماری تاوانانەی کە لەلایەن داواکاری گشتیەوە ئاراستەی نووسەران ئەکران و لە هۆڵی دادگادا لەدژیان ئەخوێندرانەوە ئەو ڕاپۆرتانەشی دەگرتەخۆ کە ئەو سیخۆڕانە نووسیبوویان کە زۆریان دۆستی نزیکی ئەو نووسەرانەبوون. زۆربەی ئەو ڕاپۆرتانە باسیان لەوەئەکرد کە چۆن ئەم یا ئەو نووسەرە لەکاتی گفتوگۆ لەگەڵ دۆست و هاوڕێکانیان ڕەخنەیان لە هەندێ لایەنی دزێوی واقیعی سۆڤیەتی گرتووە.
پاش گۆنگرەی بیستەمی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی و بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکەی نیکیتا خرۆشۆف و مەحکوومکردنی سیاسەتی تاکپەرستی و ئەو کوشت و کوشتارانەی کە ژیانی ملیۆنەها کەسی ڕووس و سۆڤیەتیان کردە قوربانی کە هەندێکیان ڕابەری گەورەی حیزب و دەوڵەت بوون یا هەزاران زانا و ئەدیب و هونەرمەندیان تیابوو، ڕێز و شکۆیان گێڕایەوە بۆ هەموو قوربانیەکانی سەردەمی ستالین.
ئەلیکسەندەر فادییڤی ڕۆماننوس بۆ ماوەی چەندین ساڵ سەرۆکی یەکێتیی نووسەران بوو. ئەو بڕوای بە سۆسیالیزم هەبوو و زۆریش دڵسۆزبوو بۆ حیزب و خودی ستالین و پێیوابوو کە ستالین هەرچیەك بکات خزمەت بە ئایندەی سۆسیالیستیی وڵات ئەکات. بەدوای گۆنگرەی بیستەمی ساڵی 1956 دا کە ڕاستیە سەختەکانی بۆ دەرکەوت سەبارەت بەتاوانەکانی ستالین، لەژێر فشارێکی ڕەوانیی توونددا تووشی جۆرێك لەدڵەڕاوکێی هەمیشەیی بووبوو کە ویژدانی ئازار دەدا و ئاواتی بەوە ئەخواست کە نەگاتە سبەی و هەر ئەمڕۆ بمرێ بۆیە فیشەکێك عەنێت بەسەری خۆیەوە و خۆی لەو ئازارانە ڕزگار ئەکات و لەنامەیەکدا کە پێش خۆکوژی ڕەوانەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کردبوو باسی گشت ئەوانەی کردبوو.
هەرکە ستالین دەسەڵاتی وڵاتی گرتەدەست دەسەڵاتدارەتیی سۆڤیەتی دەستیکرد بە پەیڕەویکردن لە سیاسەتی تۆقاندن و مل پێکەچکردن لەبەرانبەر نووسەراندا. لەکاتێکدا کە نووسەرانی ئازادایخواز ڕووبەڕوو ئەبوونەوە لەگەڵ گرتن و ئیعدام و نەفیکردن و یاساغکردنی بەرهەمەکانیان و سڕینەوەی ناویان یا هەر هێمایەك بۆ بوونیان لەسایەی دەسەڵاتی ستالیندا، لەسەردەمی خرۆشۆف و بریجنیف لەبری ئەوانەی پێشوو پەنایان ئەبردەبەر لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە لێیان ودەرکردنیان لە وڵات یا ڕەوانەکردنیان بۆ نەخۆشخانەی بیمارانی ڕەوانی و عەقڵی. نووسەرانێك کە ملکەچیان لەبەرانبەر فەرمانەکانی حیزبدا هەڵئەبژارد ئەبوون بە جێێ ڕێزلێنان و پێدانی خەڵاتی ماددی و مەعنەوی و وەرگرتنی خەڵاتی ئەدەبی و نیشانەی ڕێزلێنان و یەکەی نیشتەجێبوون و خانوو لە شوێنە گرانبەهاکان تا دوور لە ژاوەژاوی شار وەکوو نووسینگە سوودی لێببینن. لەهەموو ئەوانەش گرنگترئەخرانە لیستی چینی فەرمانڕەوا کە پێیان ئەووت ” نۆمینکلاتۆرا ” کە بەهرەمەند بوون لە چەندین ئیمتیازاتی وەکوو خانووبەرەی لۆکس و کارتی چارەسەری پزیشکیی تایبەت و دەستڕەسی بە بازاڕی تایبەت بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان جگە لە بڵاوکردنەوەی نووسینەکانیان بە تیراژی سەدان هەزاری و پێدانی پاداشتی پارەی زۆر و زەبەند کە زۆر جیاواز بوو لە ژیانی ملیۆنەها زەحمەتکێش کە لە خانووی بەکۆمەڵی وادا ئەژیان کە لە فارگۆنی شەمەندەفەر ئەچوو و ترنجێنرابوونە ناویان وهەر خێزانێك ژوورێکی بەردەکەوت و لەولاشەوە ناچاربوون ڕۆژانە بۆ پەیداکردنی سادەترین کەلوپەل و پێویستی لە سەرەی دوورودرێژدا بوەستن.
شاعیر ونوسەرانی ڕووس لە قۆناغی ” توانەوەی بەستەڵەك ” دا
لەقۆناغی ” توانەوەی بەستەڵەك ” واتە لە سەردەمی نیکیتا خرۆشۆفدا (1955 – 1964)، ئاستی سەرکوت لەدژی نووسەرانێك کە بەرنەفرەتی دەسەڵات کەوتبوون سووکتر بووەوە و ئەو پەرژینە پۆڵایینەی کە ئۆردووگای سۆسیالیستیی لە سەرجەم جیهان دابڕیبوو، دەلاقەیەكی تێکەوت و نەسیمی گۆڕانکاری بەسەر وڵاتدا هەڵیکرد. لەم بوارەدا دەستکرا بە جموجۆڵی ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و گرتنەبەری سیاسەتی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان سیستمی سۆسیالیستی و سەرمایەداری و چیتر ڕێگەنەدرا بە دادگاییکردنی نهێنیی چەشنی سەردەمی ستالین بەڵام سەرباری ئەوەش هێشتا عەقڵی ئایدیۆلۆجیی دۆگمایی ڕێی نەئەدا بە هیچ جۆرە دەرچوونێك لە ئاراستەی ئەو ڕێبازە ئەدەبیەی کە پروپاگەندەی سۆڤیەتی ڕیکلامی بۆ ئەکرد.هێشتا باشترین بەرهەمە ئەدەبیەکان وتەنانەت ئەوانەی نووسەرە هەرە بەناوبانگەکانیش لە کۆگاکاندا قفڵی لێدرابوو بەهۆی ڕیگەنەدان بەبڵاوکردنەوەیان لەلایەن گۆڤارە ئەدەبیەناودارەکان و خانەکانی بڵاوکردنەوەی سەر بە حکوومەت.
هێشتا پرسی بۆریس باستەرناکی شاعیری لەیادەوەریی هەمواندا زیندووە کە ساڵی 1958 بەهۆی ڕۆمانی ” دوکتۆر زیفاکۆ ” وە خەڵاتی نوبڵی پێبەخشراو چۆن بەدوای ئەوەدا بوو بە ئامانجی هێرشێکی گەورەی ناوزڕاندن کە بوو بە هۆی ڕووخاندنی و بەدوایدا دەسبەجێ تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی سیەکان بوو و زۆری نەخایاند مرد.
پاشان جۆزێف برۆدۆسکیی شاعیربەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی لەدەرەوەی وڵات دەسگیر ولەخەستەخانەیەکی نەخۆشەکانی عەقڵی دەسبەسەرکرا وپاشان بۆ ماوەی 5 ساڵ خزێنرایە کونجی زیندانەکان پاش لێسەندنەوەی ڕەگەزنامەی سۆڤیەتی. برۆدۆسکی شاعیرێکی بلیمەت بوو بۆیە ساڵی 1987 خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا لە کاتێکدا تەمەنی تەنها 47 ساڵ بوو و بەوپێیە کەمتەمەنترین نووسەر بوو کە خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت.
ساڵی 1968 ئەلیکسەندەر سۆلجینستین هەردوو ڕۆمانی ” بازنەی یەکەم ” و ” باڵی قرژاڵ ” ی لەدەرەوەی وڵات بڵاوکردەوە و یەکسەر میدیاکانی سۆڤیەت بە ” خۆفرۆش ” ناوزەدیان کرد. بەدوای بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ پێی لە ساڵی1970 لە ڕیزەکانی یەکێتیی نووسەرانی سۆڤیەت دەرکرا و پاشان ساڵی 1974 ڕەگەزنامەی سۆڤیەتیی لێسەندرایەوە و لە وڵات دەرکرا.
سۆلجینیستین لە دیدارێکیدا لەگەڵ یەکێك لە نوێنەرانی فەرمیی نووسەرانی ڕووسدا ئەڵێ: ئێوە بەوهۆیەوە سزای من ئەدەن کە نووسینەکانم لە بلاوکراوە نهێنیەکاندا پەخش دەبێت و دەستاودەست فۆتۆکۆپی دەکرێت و خەڵکیش بەبایەخەوە دەیانخوێننەوە و لەناوخۆیاندا دەستاودەستی پێئەکەن، بەڵام ئەتوانی پێم بڵێیت کە کامیەك لە ئێوە ئەو شانازیەی پێئەبڕێت ئەو کتێبانەتان کە لەسەر خەرجیی دەوڵەت بە هەزاران کۆپیی لێ چاپ دەکرێت لەلایەن جەماوەرەوە بخوێندرێتەوە و لەناو خۆیاندا دەستاودەستی پێبکرێت؟ با من پێت بڵێم هۆکارەکەی چیە: ئێوە بەپێی فەرمایشتی سەرەوەی خۆتان دەنووسن بەڵام نووسەری ڕاستەقینە گوێ لەفەرمایشتی هیجکەس ناگرێت و تەنها گوێ لە فەرمایشتی ڕووح و عەقڵ و ویژدانی خۆی ئەگرێت!!!!
ئەدەبێکی لەمەرگ یاخی
ئەو ژینگە خنکێنەرەی کە دەیان ساڵ سەپێنرابوو گیانی داهێنانی ئەدەبیی مردارکردبۆوە بەڵام ئەدەبی ڕووسی لەمەرگ یاخی ئەبوو. بۆیە لەیەکەمی فرسەتێکدا کە بۆیان هەڵئەکەوت و کاتێ سێبەری مەرگ یا تێهەڵدانی کونجی زیندان لەبەرانبەر ئەو کەسانەدا ئەڕەوایەوە کە بەشێوەیەکی جیاواز بیریان ئەکردەوە و ملکەچی ڕێنوینیەکانی حیزبیان نەئەکرد، نووسەرانی ڕووس پەنایان ئەبردە بەر سەرپێچی کردن لە سەرپەرشتیی دەسەلات بەسەر ئەدەبدا و ئەگەڕان بۆ هەر دەرفەت و کەلەبەرێکی بەدیل بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان بە دوور لەچاوی سانسۆری فەرمی.
گرنگترین ئەو دەرفەتانەش ئەمانە بوون:
1/ سام ئیزدات واتە بڵاوکردنەوەی دەستی کە بریتی بوو لەو کتێب و گۆڤارانەی کە بە ژمارەیەکی کەم و ستانداردێکی سەرەتایی لەسەر جۆرێك کاغەزی خراپ و هەرزان لەژێرزەمینەکان و دوور لەچاوی پۆلیسی نهێنی چاپ ئەکران یا لەڕێی کەسانێکەوە کە لە چاپخانە حکوومیەکاندا کاریان ئەکرد وڕیسکیان بە ژیانی خۆیان ئەکرد. ئەم چاپەمەنیانە بەدەستی لەناو ئەو خوینەرانەدا بڵاوئەکرانەوە کە جێی متمانەبوون و هەر کۆپیەك تا بەرگەی ئەگرت دەستاودەستی پیئەکرا.
جاپەمەنیەکانی ( سام ئیزدات ) هەموو ئەو بەرهەمە ئەدەبیانەی بواری پەخشانی هونەری و قەسیدەی شیعر و یادەوەریی کەسایەتیەکان و توێژینەوە فەلسەفی و مێژوییانەی بڵاوئەکردەوە کە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئاشکرای نەبوو و هەروەها هەڵئەسا بە دووبارە چاپکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی کە دەسەڵات یاساغی کردبوو. چاپەمەنیەکانی ( سام ئیزدات ) ڕەنگدانەوەی ئەدەبی ڕاستەقینەی ڕووسی بوو بەهەموو هەمەڕەنگیی فیکری و هونەری و شێوازی ئەدەبیی جۆراوجۆریەوە کە هاوئاهەنگ بوون لەگەڵ ئەدەبی جیهانیی هاوچەرخ و جێی پێشوازیی گەورەبوون لە کاتێکدا کە کتێبی ئەدەبی بارگاوی بە ئایدیۆلۆجی بە سەدان هەزار کۆپی لەکۆگاکانی کتێب و کتێبخانە گشتیەکاندا ئەمانەوە بێئەوەی خوێنەر بەلایاندا بچێت.
2 / تام ئیزدات واتە لەوێ چاپی بکە. مەبەست لەم شێوازە بریتی بوو لە ئاودیوکردنی دەسنووسی دەقە ئەدەبی و فکریەکان تا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەیتیش لە ئەمریکا بلاوبکرێنەوە. لەم ڕێگەیەوە بەرهەمی دەیان نووسەر و شاعیر بڵاوکرانەوە و نەوەی ئێمە ئێستاش ئەو هێرشە میدیاییەی سۆڤیەتی لەبیرە کە ساڵی 1958لە دژی بۆریس باستەرناك بەڕێخرا کاتێك کە لەڕێی ڕۆمانی ” دوکتۆر زیفاکۆ ” وە لە پێشبڕکێی خەڵاتی نۆبڵ لەبواری ئەدەبدا سەرکەوت. هەر بەدوای ئەوەشدا باستەرناك بەرەوڕووی هێرشێکی تووند بووەوە وەکوو دەرکردنی لە یەکێتیی نووسەران، هەڕەشەی دەرکردنی بۆ دەرەوەی وڵات و پاشانیش دەرکردنی لە خانوە دەوڵەتیەکەی کە ئەکەوتە گوندی بیریدیلکینا. لەژێر ئەو فشارانەدا باستەرناك بەناچاری خەڵاتەکەی ڕەتکردەوە وهەر ئەو هێرشە زاڵمانەیەش بوو بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستیی ئەو و مردنی لەساڵی 1960.
ساڵی 1963 هەڵمەتی ڕاوەدوونانی جۆزیف برۆدۆسکیی شاعیر دەستی پێکرد. سەرەتا چەندجار بۆ لێکۆڵینەوە بانگ کرا و پاشان دووجار خرایە نەخۆشخانەیەکی عەقڵیەوە.ساڵی 1964 بەتۆمەتی بەرەڵایی دەسگیر کرا گوایە هیچ کارێك ناکات و تووندترین سزا درا کە بریتی بوو لە کاری زۆرەملێ بۆ ماوەی 5 ساڵ لە ناوچەیەکی دوورەدەست و بەوجۆرە دەربەدەر کرا بۆ پارێزگای ئەرخانگیلسك ودوای تەواو بوونی ئەو ماوەیەش ڕەگەزنامەی سۆڤیەتیی لێ زەوتکرا و لەوڵات دەرکرا تا لە نیۆیۆرك جێگیر بوو و لەوێ لە زانکۆی میشیگان وانەی ئەوتەوە و ساڵی 1987 خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئەدەبیات و پاشانیش ساڵی 1991 خەڵاتی گوڵدانی زێڕینی پێبەخشرا.
ساڵی 1966 هەریەکە لە ئەندرێ سینیاڤسکی بە 7 ساڵ و یۆلی دانیال بە 5 ساڵ زیندانی حوکم دران بەتاوانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبیەکانیان بەناوی خوازراوەوە لە دەرەوەی وڵات کە ئەوە کارەش لەڕوانگەی دەسەڵاتەوە مانای ناوزڕاندنی سۆڤیەت بوو. دادگاییکردنی ئەو دوو نووسەرە هەڵڵایەکی زۆری لە ڕۆژئاوادا نایەوە و بوو بەسەرەتای بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتیی زۆر لە یەکێتیی سۆڤیەتدا.
3 / یەکێکی تر لەو دەرفەتانە بریتی بوو لە بەرهەمی نووسەرانی ڕووس کە لە تاراوگە پەخش ئەکران و دزەیان ئەکردن بۆ ناو وڵات. ئەم بەرهەمانەش بە تیراژێکی زۆر و بەخێرایی بڵاوئەبوونەوە.
وەکوو زانروە کە کۆچی نووسەرانی ڕووس بۆ ولاتە ئەوروپیەکان و ئەمریکا لە ڕێی سێ شەپۆلی گەورەوە ڕوویداوە.
یەکەمیان ئەو کاتە ڕوویدا کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 بەرپابوو کە تا کۆتایی سیەکان بەردەوام بوو وئەمیان گەورەترین کاروانی کۆچ بوو.
دووەم شەپۆل لەسەردەمی شەڕی ئەڵمانی و سۆڤیەتدا بوو 1941 – 1960 واتە تا ساڵانی ‘ توانەوەی بەستەڵەك ” درێژەی بوو، هەرچی شەپۆلی سێیەمی ڕەوی نووسەرانی ڕووسە بۆ دەرەوە ئەکەوێتە نێوان ساڵانی 1961 – 1986 کە هاوزەمان لەگەڵ ڕیگەدانی دەسەڵاتی سۆڤیەتی بە کۆچی هاوڵاتیانی جوولەکەی وڵات بۆ ئیسرائیل گەیشتە بەرزترین ئاست. شایانی وتنە زۆربەی ئەم هاوڵاتیە جوولەکانە ئەو هەلەیان قۆزتەوە تا لە ئیسرائیلەوە ڕووبکەنە ئەورووپا و ئەمریکا.
دەسەڵاتی سۆڤیەتی هەرسێ ئەو کەلەبەر و دەرفەتانەی خستبووە ژێر چاودێریی ورد و کۆی نەئەکردەوە لە گرتنەبەری تووندترین ڕیوشوێن بەرانبەر ئەو نووسەرانەی لە سانسۆری دەوڵەت یاخی ئەبوون ، بەڵام نووسەرانی ئازادیخواز گوێیان نەئەدا بەو ڕێوشوێنە سەرکوتگەریە وبەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی نووسینەکانیان بە نهێنی چی لەناوەوە یا لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. سانسۆر لەسەر چاپەمەنی بەرەبەرە لاوازتر ئەبوو تا لەسەردەمی بیریسترۆیکادا بەیەکجاری هەڵوەشایەوە و لە ساڵی 1986 بەدواوە دەسەڵات ڕێگەی داوە بە بڵاوکردنەوەی هەموو ئەو بەرهەمە ئەدەبی و فکریانەی کە لە ماوەی حەفتا ساڵی پێشووتری دەسەڵاتدارەتیی سۆڤیەتیدا یاساغکرابوون و ئەم دیاردە تازەیەش ناونرا ” ئەو ئەدەبەی گەڕیندرایەوە ” واتە بەرهەمی ئەو نووسەرانەی کە بوون بە قوربانیی زەبروزەنگی ستالینی و هەروەها ئەو نووسینە ئەدەبیانەی کە لە کۆگای ئۆفیسی نووسەرە بەناوبانگەکاندا شاردرابوونەوە و لە قۆناغی دەسەڵاتی سۆڤیەتیدا ئەترسان ڕەوانەی چاپخانەی بکەن، جگە لە بەرهەمەکانی نووسەرانی ڕووس لەتاراوگە. ئەم شەپۆلی ئەدەبیاتە بە چەشنێك فراوان بووەوە کە ئەو بەڵگەنامە فەرمیانەش بگرێتەوە کە پەیوەندیدارن بە ستەم لەسەر نووسەران و سەرجەم ئەو نهێنیانەی تری دەسەڵاتی سۆڤیەتی لەو بوارەدا.
پاش لێکترازانی یەکێتیی سۆڤیەت و پەرتبوونی بۆ چەندین ووڵاتی سەربەخۆ، لە فیدراڵیەتی ڕوسیی نوێدا سەرجەم خانەکانی بڵاوکردنەوەی حکوومی هەڵوەشانەوە و ڕێگەدرا بە دامەزراندنی خانەی تایبەتی و بەوجۆرە کتێبی ئەدەبی بوو بە شمەکێك لە بازاڕدا وەکوو زۆربەی وڵاتانی تری جیهان.
وەرگێڕانی: عەدنان کەریم