Skip to Content

ئەو ژنەی بوو بە ئەستێرە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ئەو ژنەی بوو بە ئەستێرە.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی دووه‌م 7, 2021 General, Poems


بۆ فەریبا قازی لە یەکەم ساڵیادی سەفەرە ئەبەدییەکەیدا*

ژیان چەند دڵڕەقانە
رووی لێ وەرگێڕایت و
مەرگ چەند روو قایمانە
هاتە سەر رێی تەمەنت
من لەوێدا بووم و
دەستم لەسەر دڵم دانابوو،
دەمزانی خۆت بۆ ئەوە ئامادە کردووە
ببیتە ئەستێرە و
لە شەوانی بێ ئۆقرەی تاریکا
نەرمە نیگامان تێبگری
تاکو بە چاوی تەڕەوە سەیری
سیمای سیحراویت بکەین
سەفەرت کەوتە ئەو پایزەی
بە فرمێسکەکانمان پەڵەی دا و
لە ناو گۆڕستانی ژیاندا
ئاگری خەمت بەربوو لە گیانمان
لە زەردەخەنەکەت دەگەڕێین و
لە هیچ جێگەیەک نایدۆزینەوە
لە میهرەبانیت دەگەڕێین و
لەهیچ سەر زەمینێک سۆراغی نییە
لە شۆخ و شەنگیت دەگەڕێین و
لە هیچ شوێنێک جێنەماوە
لە تۆ دەگەڕێین و
بێئاگا لەوەی ئەوەی ون بووە ئێمەین
ئای ئەستێرە ژن
تۆ بە زمانی پەتیی ژیان ئەدوایت
نازانم چۆن تەمومژی مەرگ
تەفسیری کردیت؟
ئای شەنگە ژن
تۆ خەونێکی سەوزی کریستاڵیی بوویت
نازانم چۆن مەرگ
دەستی چووە وردوخاشکردنت؟
ئای کۆترە ژن
خۆ تۆ کانییەکی یاخی نیشتمان بوویت
نازانم چۆن مەرگ
توانی دەست بخاتە بینەقاقاتەوە؟
ئای ئاوە ژن
خۆ تۆ سەرت خستبووە
سەر سەرینی ئومێد
نازانم چۆن مەرگ
گەڵای هیواکانی هەڵوەراندیت؟
ئەمێستا جگە لە زمانی گریان
زمانێکی تر شک نابەم
تاکو وەسفی پێکەنینی پڕ لە مۆسیقات
بۆ خودا بگێڕمەوە
ئەمێستا جگە لە فڵچەی هەنسک
هیچ فڵچەیەکی تر شک نابەم
تاکو پۆرترێتی مۆنالیزاییت بکێشم و
وەک میدالیا بیکەمە ملی گەردوونەوە
جگە لە سەیری ئاسمان،
هیچ سەیرکردنێکی تر شک نابەم
تاکو لەبەر رووناکی ئەستێرەیتا
شیعرێ بۆ هەڵوەرین بنووسمەوە
ئەمێستا جگە لە مارشی غەمگینی،
هیچ مارشێکی تر شک نابەم
تاکو بیکەمە گۆرانی
بۆ ئەو چۆلەکانەی
ئاسمان دڵیان دەشکێنێ
من و تۆ، لە پایزێکی هێمنا
لە هەیوانی غوربەتا پێک ئاشنا بووین
هەر ئەودەمە بوو باخچە
بە دواتدا دەگەڕا و
هەواڵی لە گوڵە رەنگ پەڕیوەکانی
ئەم غەریبستانە ئەپرسیت و
دەیەویست لە مەوسومی وەریندا،
سەوزایی تۆ بینایی رۆشن بکاتەوە
من و تۆ،
لەو تەماشاکردنەدا یەکترمان ناسی
کە رەنگەکانی ژیانم
لە چاوە خومارییەکانی تۆدا دۆزییەوە و
تۆش وەک شازادەیەکی غەمبار
لاوکت بۆ گوڵدانێکی شکاو دەچڕی
هەر ئەو ئێوارەیە بوو
دەریا بە دواتا وێڵ و شەکەت ببوو
چاوی بڕیبووە یەک بە یەکی
کەشتییەکانی خەیاڵ و
پێی خۆش بوو
لەبەردەم جوانیتا بنووشتێتەوە
من و تۆ،
لەژێر سێبەری دارمێوی چاوەڕوانیدا
یەکمان دۆزییەوە و
لێوی هەناریت بۆ قوومێ ئاوی
چەمی نیشتمان
بڵێسەی ئەدا
هەر ئەو عەسرە بوو،
بەفر بە گۆچانی دەستی و
ریشی سپییەوە لێت ئەپاڕایەوە،
دەستی بگریت
بۆ ناو گەرمیانی دڵی خۆت
پیرە درەختی پێکەنین
بۆ تاڵێک لە زەردەخەنەکەت
کڕنووشی دەبرد و
بارانیش تکای ئەکرد
بۆ هەمیشە لە چاوەکانتا خۆش بکاتەوە
من و تۆ،
لە ژێر کەپری چەند جار
رووخاوی دڵدا یەکترمان ناسی
هەر ئەو رۆژە بوو، باڵندەیەکی کۆتکراو
لەژێر عەبای رەشی شەرمەوە هانای هێنا
رۆحی بیماری بە پرشنگی عەشق تیمار بکەیت و
بە چرپەوە پێیوتی ژوانمان لە ئاسمانە
ئەو دەمەی تۆ ئەبیت بە ئەستێرە
ئاگرێکی یاخی خۆی کرد
بە چەمی هێمنی هەستەکانتا و
تاکو دامرکایەوە لەو چەمە
پڕ میهرەبانییەدا مەلەی کرد
ئای پەروانە ژن
تۆ بوویت ئێوارەکانت پڕ کردین
لە هەڵاتن کە لە ئاوابوون تۆقیبووین
بەیانییەکانت پڕ کردین لە گوڵ
کە تەمی جەنگ ئاسمانی گرتبووین
رۆژەکانت پڕ کردین لە گۆرانی
کە لە بەردەم ئەویندا کاس ببووین
شەوانت تەژی کردین
لە چرای دەم بەخەندە
کە تاریکی لووشی دابووین
ئای شۆخە ژن، سەفەرت نەکرد
بۆ ئەو وێستگەیەی چاوەڕوانمان دەکردی
بە تەنها رۆیشتیت
پێچەوانەی ئەو رێگایەی
گوڵچنمان کردبوو لە بەردەمتا
دوورکەوتیتەوە لەو سەر زەمینەی
ویژدانی تۆپیوی مرۆڤ بڕستی لێ بڕیوە
چوویتەوە بۆ باوەشی ئاسمان و
لەوێ بوویت بە گەشترین ئەستێرە

شیعری: ستیڤان شەمزینی
پایزی 2017
خۆرئاوای زەوی

*فەریبا قازی، نەوەی ماڵباتی قازی و خزم و دۆست و ژنە شۆڕشگێڕ و بەرەنگاری رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رۆژی 13-11-2016 بە نەخۆشی سەرەتان لە شاری سیدنی- ئوسترالیا ژیانئاوایی کرد. ئەم شیعرەش لە یەکەمین ساڵڕۆژی ئۆغرکردنیدا لەسەر وەسێتی خۆی نوسراوە.

Previous
Next
Kurdish