Skip to Content

ھای لەمن شەرواڵێ.. عەبدولرەحمان فەرهادی

ھای لەمن شەرواڵێ.. عەبدولرەحمان فەرهادی

Closed
by تشرینی دووه‌م 9, 2021 General, Literature


شەرواڵەکەم دوو سێ پینەی پێوە بوو، چوار ساڵ بوو ڕۆژانە بۆ قوتابخانە ھەر ئەوەم لە پێ ھەڵدەکێشا، زۆرجاران کە مامۆستاکان بۆ وەرامی پرسیاران ھەڵیاندەسەندم، ھەوڵم دەدا بە ھەردوو دەستم پینەکانی سەر چۆکی شەرواڵەكەم وەشێرم. منداڵی خواپێداوەکان گەر ناچار نەبان نەیاندەدواندم، لەبەر ئەوەی لە زۆربەی قوتابییان ژیرتر و ھۆشیارتر بووم، پێش چوونە مەکتەب لە مزگەوت سەرەدەرەی خوێندەواری و پەروەردەیەکی ئایینیم ھەبوو، لە دووی سەرەتایی نامیلکە چیڕۆکی پیاوە بچکۆڵەکە ی فەرەیدوون عەلی ئەمین م خوێندەوە، پێموایە ئەمە یەکەم کتێب بوو لە ژیانم خوێندبێتمەوە، پاشتر ھەر لە قۆناغی سەرەتاییم، ڕشتەی مرواری و ئەمیر ئەرسەلان و بەرھەمەکانی کاکەی فەلاح و عومەر عەبدلڕەحیم و ع. ع. شەونم و کەریم شارەزا م خوێندنەوە. ڕۆژێکیان مامۆستا نادر حەسەن یادی بەخێر کە لە سێی سەرەتایی وانەی خوێندنی کوردیی پێدەگوتین، دەقە شیعرێکی کەریم شارەزای ھەر لە کتێبەکە بۆ خوێندینەوە، کە ئێستایش سەرلەبەریم لەبەرکردووە، شیعرەکە ئەمە بوو:
“میللەت کە ھاتە مەیدانی ژیان
بەرزەکاتەوە ئاڵای تێکۆشان
ئاڵای ئازادی و بەرزیی وڵاتی
دروشمی ڕێگەی ھەوڵ و خەباتی
… تاد.”
پاشان، داوای کرد کێ دەتوانێ وەکوو من بە ڕەوانی بیخوێنێتەوە، یەکەوسەر دەستم بڵند کرد جوان و پوختە خوێندمەوە، کە لێبوومەوە چەپڵەیەکی قایمیان بۆ لێدام، مامۆستا نادر گوتی ئافەرین، کتومت وەکوو منت خوێندەوە، پاشان داوای کرد بۆ سبیانێ دەبێ شیعرەکە کە ھەشت جۆتدێڕی بوو ڕەوان بکەین، من لە ڕەوانکردنی شیعران ئازا بووم و حەزیشم لە شیعر بوو، بۆیێ بەلامەوە کارێکی گران نەبوو، سبەینێ کە ھاتینەوە، یەکە یەکە قوتابییانی ھەڵدەستان و شیعرەکەی پێ دەگوتن، لەمن بترازێ شتاقە قوتابی سەرلەبەری ڕەوان نەکردبوو، ئەو ڕۆژە دیسانەوە چەپڵەیەکی حێلم بۆ لێدرا. قوتابییە پۆشتە گیرفان پڕ پارەکان ئیرەیییان پێ دەبردم، ئی وایان تێدابوو جارجارە گاڵتەی پێ دەکردم یان ھەبوون شەڕیان دەفرۆشتمێ، بەڵام من گران و سەنگین، پەروەردەی باب و حوجرەی مزگەوت بووم و وەک پیاوێک دەڕەفتاریم، منداڵە دەوڵەمەندەكان بەشێکیان تورکومانی کۆڵانە خۆشەکانی ئەودیو سینەما سەڵاحەددین بوون، کە ئەوێ بە ناوقەسران دەناسرا، زۆرجاران بەناچاری بۆ شیکاری پرسیارەکانی ژمارە و پێوان، دەھاتنە لام و سوودیان لێ دەبینیم. ڕۆژێکیان لە وانەی دووەم، کە وانەی مامۆستا عەبدوڵڵا شەفیع مان ھەبوو (کۆمەڵایەتی)، بەڕێوەبەری قوتابخانە مامۆستا جەمال مەجید عەزیز لەگەڵ مامۆستا ئەسوەد بەژوور کەوتن، مامۆستا عەبدوڵڵا ی کۆمەڵایەتی لەگەڵ قوتابییان یەکجار توندوتیژ بوو، لەختوخۆڕا بە داران وەرماندەگەڕایێ، بە سەتان قوتابیی لاتوپات و زیرەک لەترسی ئەو مامۆستایە قوتابخانەیان بەجێھێشت و ببڕای ببڕ توخنی خوێندن نەکەوتنەوە. کە بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکەی ھاتنە ژوورەوە و ئەو ماوەیەی لەکنمان مانەوە، ھەناسەی ئۆخەیمان ھەڵدەکێشا و خەنی بووین تا کاتی دەرسەکەمان لێ بڕوات، ئەوان بۆ ئەوە ھاتنە ژوورێ تا ناوی قوتابییە ھەژار و نەدار و باب مردووەکان، یان بڵێین ھێتیمەکان بنووسن و پێیان گوتین دەمانەوێ بۆ ھەریەکە لەوان سەرو پارچە قوماشێکیان بدەینێ، ئەوەبوو یەکە یەکە لێیان دەپرسین باوکتان چ کارەیە؟ کە نۆرە گەیشتە من گوتم من کوڕە مەلام، مامۆستا ئەسوەد بابی منی دەناسی، گوتی کوڕێ من ئەتۆ دانیشە، بەدڵ حەزم دەکرد منیش قوماشەکەم بدرێتێ، کەچی لەگەڵ منداڵە نەداران ناونووس نەکرام. سەلیم ی ھاوپۆلم کە لە تەنیشتم دادەنیشت، بابی ڕاوچی بوو پێیان دەگوت سەلیم ڕەشید کێشکەکوژ، ناونووس کراو ڕۆژی دواتر شەش گەز قوماشی شینی درایێ، ئەوانەی قوماشیان درایێ پێشیان گوتن دەبێ لەبەرتان ببینین، سەلیم کە حەزی لە کەشخەیی بوو، کەچی کورتەک و جلوبەرگی ھەمووی جینگوڕ بوون. ھەفتەی دواتر مامۆستا ڕابەرەکانی پۆل لە قوتابییەکانیان دەپرسییەوە ئاخۆ قوماشتان دروویوە یان نا! ئادەی بزانین کردۆتتە چی؟ یەکە یەکە بە قوتابییەکاندا دەھاتن بزانن قوماشەکانیان بە دروواوی پۆشیوە یان نا! لە سەلیمی مام ڕەشیدی کێشکەکوژ بترازێ، ئەوانی دی ھەموویان کردبوویانە شەرواڵ و لەبەریاندابوو، دایکی سەلیم چووبوو قوماشی دابووە مامۆژنێکی بەرگدرووی، مامۆژنە بە سەلیمی گوتبوو: کوڕێ من ئەتۆ شەرواڵت ھەن، با ئەم قوماشە جوانەت بۆ بکەم بە دوو پانتۆڕ و وەک ئەفەندییان جوان بیت، سەلیم کە قەت خۆی بە قوون و پانتۆڕەوە نەبینیبوو، بە پێشنیازەکەی مامۆژن ڕازی ببوو. ئەو ڕۆژە لە سەلیم و یەک دووانێک بترازێ لە قوتابخانەکە کەسی دی پاتۆڕی لەبەر نەبوو. مامۆستای ڕابەر کە گەیشتە سەر تەوقی سەری سەلیم، لێی پرسی: ھەتیوە قوماشەکەت کردووە بە چی؟ سەلیم قیت بۆوە گوتی: مامۆستا، ئەوەش پانتۆڕەکەم. ئەو وەختە جگە لە ئەفەندی و مامۆستا و مەئموورانی حکوومەت، کێ پانتۆڕی ھەبوو؟ مامۆستای ڕابەر پانتۆڕ لەبەرکردنەکەی سەلیمی پێ قووت نەچوو، تا ھێزی تێدابوو زللەیەکی خێواندە بناگوێی سەلیم، زللەکەی شرقەی وەک دەمانچە ھات. مامۆستای ڕابەر لەبەر خۆیەوە دەیگوت: خوێڕی، بۆم بووە بە ئەفەندی، پانتۆڕی لەبەر دەکات. سەلیم لەڕووی دەروونییەوە مانگێک زیاتر نەھاتەوە سەرەخۆی. سەلیم کە قۆناغی سەرەتاییی پێ نەقەتێنرا، ئێستا شەرواڵلەبەرێکی کەشخە و مەعلانە، دوکانی کەمالیاتی لە بازاڕی کووران ھەیە، کە دەمبینێت دەڵێ: ئێ خۆ من داوای قوماشم نەکردبوو، خۆیان دامیانێ و نەشیانگوت ئیللا دەبی بیکەی بە شەرواڵ.
منیش دەیڵێمێ: ھای لە سەلیم شەرواڵێ.
بەرسڤم دەداتەوە: ھای لەمن شەرواڵێ!

Previous
Next
Kurdish