Skip to Content

قەسیدەی ژنێک لەبەر دەرگای دڵدا… شیعری: ستیڤان شەمزینی

قەسیدەی ژنێک لەبەر دەرگای دڵدا… شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ته‌مموز 15, 2022 General, Poems

دڵم
دەرگایەکە هەمیشە ئاواڵە
بە رووی ئەو پەریە ژنەی
هەتاوم بۆ دەهێنێتە ژوورە نسرمەکەمەوە
تەنهاییم بە دوو ماچ لێ دەکڕێت
پەرێشانیم لە کانیاوی بزەدا دەشواتەوە
کتێبێک دەنووسێت
لە بارەی ئارەزووە تاساوەکانم
گوێ لە خوڕەی رژانی جوانیم دەگرێ
گریان لەسەر لاپەڕەکانی چاوم دەسڕێتەوە
ئەو هێڵە لۆچانە لەناوچەوانم دەکوژێنێتەوە
شوێنەواری زامی کۆچ بوون
زەمبیلەیەک خولیای ئاڵ
دەچۆڕێنێتەوە دەروونی بزر و بزڕکاوم
بەدەستێکی بەهاریی
پەنجەرە پایزییەکانم دادەخات
زنجیر و پێوەندەکانی مەنفا
لە قاچەکانم دەکاتەوە
رووناکیم بۆ دەچڕێ
کاتێ بەختم رەش دادەگەڕێ
ئەستێرەم بۆ دەژەنێ
لە شەوانی تەڵخبوومدا
خۆرەتاوم بۆ دەخاتە سەما
لە رۆژانی وشکبوومدا
خوێنی زەردی
ختورە خەزاناوییەکانم دەڕژێت
بۆ چنگێک شەوق
سەر دەکات بە ماڵی سەد فانۆسدا
وەک شۆڕەبی دەنوشتێتەوە بۆ لێوتەڕکردنێک
لە چەمە خەمبارەکانی روانینی ماندوومدا
وشکەساڵییەکانی خەیاڵم
تەژی دەکات لە باراناو
چاوەڕوانییەکانم پڕ دەکات
لە شەمەندەفەری هاتن
کاتژمێری دەستی گەردوون
پڕ دەکات لە پەلەپەل
مێژووی پەرتبوونم
لە خۆیدا کۆدەکاتەوە
جوگرافیای دابەشکراوی خەونەکانم
یەکدەخاتەوە
جوڵە دەخاتەوە هەنگاوە سڕبووەکانم
لەسەر شانۆیەکی نهێنی
سەمام لەگەڵ دەکات
گیان دەکاتەوە بەر رامانە کوژراوەکانم
گەرمی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاگرە کوژاوەکەم
دەستی هزرینە رەشتاڵەکانم دەگرێت بەرەو
باخچە سپییەکانی لەشی بریسکەداری خۆی
ئەو بۆشاییە زۆر گەورانە پڕ دەکاتەوە
بە ئەنقەست لەنێوان خۆم و ژیاندا
جێمهێشتوون
ئەو غەمە قورسانە لا دەبات
لەوەتی لەدایکبووم
ژیانم بە شانی هەڵیگرتووە
ناواخنی تازە
بە تێکستە تاڵەکانم دەدات
لەناو رووباری ماچەکانیدا
شیرین شیرینیان دەکات
موعجیزە دەخوڵقێنێت و
بە جادووی نیگاکانی
دنیای مردووی روانینم
سەرلەنوێ زیندوو دەکاتەوە
ئولفەت بە خۆشەویستیمەوە دەگرێت
تەنانەت لەو کاتە نەفرەتلێکراوەی
دەستی خواحافیزیی
بۆ ژیان بەرز دەکەمەوە
موچڕکە تەزیوەکان بە لەشیدا دێن
لە چاوەڕوانی هاتنەوەمدا
کزۆڵانە ئێشک دەگرێت
ئەو دەمەی لە پێچی شیعرێکما بزر دەبێت
لە رۆحی هەڵپڕوکاومدا
بەدوای خۆیدا دەگەڕێت
ئەو ئانەی ئاهێکی ساردم دەبیستێت
گوێیەکانی پڕ دەبن لە زریکەی خۆی و
دەبێتە گەرووی زوڵاڵی عاتیفەم
کاتێ خودی خۆمم
لە بیابانی قاقڕی وجوددا لێ ون دەبێت
لە ناو گوڵستانی سینگیدا دەمدۆزێتەوە
ساتێ هەست بە دەعجانیبوونی خۆم دەکەم
بە سەدایەکی لە لۆکە نەرمتر پێم دەڵێت
لێرە رووخساری بریقەدارت چاو لێبکە
دادەچڵەکێت
بەو ئەندێشە بێهوودانەی هانم دەدەن
لە چیای نیگەرانییەوە خۆم هەڵدەمە خوارەوە
بە شەپۆلێک ئەسرینی شنەداری شەرمن
دەمگەڕێنێتەوە گڕوگاڵی یەکەمین ژوان
کاتێک لە دەرەوە بەهەشتێک دەبینێت
لەناوەوەش کەلاوەیەکی داڕوخاو
لە حەوزی لەززەتم هەڵدەکێشێت و
دەمکاتەوە بە خۆمی راستەقینە
بەڵێ، من هەمیشە دەرگاکەم ئاواڵەیە
بۆ ئەو ژنە رەنگ نێرگزییەی
لە بەردەم دەرگای هەستمدا
لە مێژە راوەستاوە
زۆر دەمێکیشە لە دەرگا دەدات.

31-5-2019
بیلەفێلد – نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتایسۆنی نۆرۆلۆگی

Previous
Next
Kurdish