شێنەیی.. سەردار جاف
خەمی تاڵ
گوێ بۆ ئاوازی تەڕی باران ڕابگرە
لە تەک نمەی باران
ئیدی سەمای گوڵ مەژاکێنە
ئەی فرمێسکی نيشتيمانم
ئاوابوون لە درزی بەرد کە
بە نيگای گوڵان ئاشنا بە
بۆنی رۆژگار بڕەنگێنە
شەپۆلە سەرشێتی دەريا
تريفەی شەوێکی کپە
کە ژوانی ئارامی لە ئامێز دەنێ
تەپوتۆزی گێژەڵوکە
نوقمی شنەبای بەيانە و
سەراپا غوباری رۆژ لە کارێز دەنێ
هەر باران بۆ خۆی چەترێکە
تەڕتەر جەستەی وشکەساڵيمان سپی پۆش
کرێوەيش چلەی بە هەورە
تارمایی غوربەت بە ئاهەنگ ڕادەژەنێ
شەو سەرقاپی تەمی رۆژە و
مۆزيکزانی تارماییە
بە تاڵی ژێی کەمانجەکەی
سەمفۆنيای پاکی دەژەنێ
گوڵ پێی وايە
دياری دەستی ئەوينکارە
بە تەنها ئەو
ئامێزی گەڵای وەريو و
شکۆفەی ناسۆرييەکانە
ئۆخەی کپی بن سابات و سێبەری شەو
ژاوەژاوی رۆشنایی شەو
مەحوو ناکا ناڵەی ڕۆژ و
فڕين بە سەر باڵی ونبوون
ڕەنگاڵەیی ژين ئاوايە
جوانی لە گەڵ ژانەکانە
Dezutschland
01.02. 2022