
كورد ئەنفالی هەیە، بەڵام…!… د. هێرش رەسوڵ
نامەوێ لەم دەرفەتە بچوكەدا سەرتان بە لێدانەوەی قەوانە سواوەكان دەربارەی پرۆسەی بەجینۆسایدكردنی كورد بیەشێنم، ناشمەوێت لە ساڵیادی ئەم تاوانە گەورەیەدا كار لەسەر ژێی هەست و سۆزتان بكەم، بەڵكو گەرەكمە لێرەدا تەنها چەند راستییەكی تاڵ بخەمەڕو.
پاش تێپەڕبونی ۳٤ ساڵ بەسەر پرۆسەی كۆمەڵكوژیی ئەنفال و پاكتاوی نەژادیی كورد، لەو مێژوەش، دوای ۳۱ ساڵ لە ئازادیی و حوكمڕانیی كوردیی، بەڵام بەداخەوە تاكو ئێستا نەمانتوانیوە لە ئاست گەورەیی كارەساتەكەدا بین.. چونكە:
- وەك پێویست و لەسەر ئاستی جیهان ئەنفال بە جینۆساید نەناسێنراوە! (دیارە ناساندن بریتییە لە بە رەسمیی ئاگاداربون، دانپیانان، لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی، رێگرتن لە دوبارەبونەوە)، لەمڕوەشەوە لێپرسراوێتیی یەكەم دەكەوێتەسەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
- گوتاری سیاسیی كوردیی روبەڕوی دەرەوەی خۆی ئەوەندەی گریان و كروزانەوە بوە لە پێناو بەزەییپێداهاتنەوە و راكێشانی هەست و سۆز بە قەد ئەوە كاری جددیی و شێلگیرانە نەبوە لەپێناو دروستكردنی تێگەیشتنێكی لۆژیكیی لە بەرژەوەندیی تاوانەكەدا.
- تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم و حزبەكانی كوردستان، نەك جاش و مستەشارانی تۆمەتبار بە هاوكاریی بەعس لە پرۆسەی ئەنفال-یان نەداونەتە دادگا، بەڵكو هەندێكیشیان داڵدەداون!
- ئەو ناوچانەی هەڵمەتە جیاوازەكانی ئەنفال گرتبونیەوە، هێشتا وەك پێویست خزمەتگوزاریی و پێداویستیی ژیانێكی شایستەیان نەگەیەندراوەتێ و شوێنەواری كاولكاریی و ماڵوێرانیی بە سیمایانەوە دیارە.
- دۆخی بەجێماوانی ئەنفال تا بە ئێستاش دەگات بارودۆخێكی ناهەموارە و كەسوكاری ئەنفالكراوان پێویستییان بە دەستگیرۆیی زۆری مادیی و مەعنەویی و دەرونیی هەیە.
- لە روی ئەكادیمیی و زانستییەوە، هێشتاش وەك ئەوەی پێویستە توێژینەوە و بەدواداچونی جددیی لەسەر ئەنفال و رەهەندە جیاوازەكانی نەكراوە.
- كایەی پەروەردەمان، تا هەنوكەش لە ئاست پێویستیی ناساندن و بەرجەستەكردنی كارەساتەكە بۆ نەوە یەكلەدوایەكەكانی كورددا هەنگاوی ئەوتۆی نەناوە و نەیتوانیوە رۆڵی راستینەی خۆی بگێڕێت.
- بواری هونەر و رۆشنبیریی كوردیی نەكاراوە ببێتە نمایندەی شارستانیی گەیاندنی واقیعی تاڵی ئەوێ رۆژێی كورد، تاكو دنیا لە رێگەی شاكارە سینەمایی و درامیی و ئەدەبیی و … یەكانەوە ئاشنای كورد و دۆزەكەی بێت.
- راگەیاندنی كوردیی تا ئێستاش نەیتوانیوە كاری جددیی لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە بكات و لە رێگەی راپۆرت و بنكۆڵكاریی و بەڵگەفیلم و بابەتەكانی ترەوە ئەنفال و تراژیدیاكانی دیكەی كورد لە یادەوەریی و خەیاڵدانی تاكی كورد لە كاڵبونەوە بپارێزێت.