Skip to Content

قوبـادی جەلیـزادە، یـان ڕەنگڕێزی شـیعری ناوچەگەرایی لە شـاکاری گەردوودنییەتیدا… فازیل شـەوڕۆ

قوبـادی جەلیـزادە، یـان ڕەنگڕێزی شـیعری ناوچەگەرایی لە شـاکاری گەردوودنییەتیدا… فازیل شـەوڕۆ

Closed
by نیسان 14, 2022 General, Literature



چەمکی ئەدەبیی ناوچەگەرایی، دەوارێکە کۆبەرهەمی هەرچی قەڵم هەیە ــ بەدەر لە زمان و شێواز و ئاست و بیرۆکە و خەیاڵ..، لە ژێر ئەستوونگی خۆیدا کۆ دەکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، کۆبەرهەمی ئەدەبی، بە شیعریشەوە، زادەی کانیاو و گڕکان و شەپۆڵ و کێڵگە و کازیووەی دەڤەر و ناوچە و هەرێمێکی دیاری کراون لەم گەردوونە بێسنوورەدا. ئەوەی سنووربەند و شوورەی ئەو لۆکاڵییە دەشکێنێت و دەیگەێنێتە دوورترین خاڵ کە مرۆڤ پێی لەسەر دانابێ، نە ئامرازە پێشکەوتووەکانی میدیا و نە ئامێرە تەکنەلۆژیا سەردەمییەکانن، بەڵکوو ئەدەبییەتی ئەو ئەدەب و شیعرییەتی ئەو شیعرەیە. ناوچەگەڕایی لە ئەدەبدا ــ شیعریش وەک پەریزادی ئەو ئەدەبە، چەمکێکی پیرۆز و مەزن و داهێنەرانەیە، نەک هەڵگری خەوش و کەمایەسی و گرێ و پاشاگەردانی .

دیارە، ئەدەبیی ناوچەگەرایش، بەبێ هزر و خەیاڵ و داهێنانی ئەدیبی ئەو ناوچەیە مەیسەر نابێ. جا چونگێ ناوونیشانی بابەتەکەمان، شیعر و قوبادی جەلیزادەیە، لێرەوە دەپەڕێنەوە بۆ کەناری دەقە شیعرەکانی ئەو شاعیرە بەهرەمەندە.
قوبادی جەلیزادە، وەک شاعیر، بەرهرەمەندێکی ڕەسەنی پر توانست و داهێنەر و نوێخوازیی ئەدەبی هاوچەرخی کوردییە. توانستی لە داڕشتنی دەقە شیعرەکانیدا، ڕێچکەشێکێنە؛ لە داهێنانی شیعری نوێدا، قەڵەمێکی لاسانەکراوەیە؛ لە نوێخوازیشدا، تخوبی نوێخوازانی سەردەمی خۆی بەزاندووە. ڕوونتر بڵێین، ئەو سێ کوچکە خولقێنەرەی ئەدەبیی زیندوو، ڕێخۆشکەرن بۆ داڕشتنەوەی پێناسەی شیعریی ئەو قەڵەمە لەم وشانەدا:
جەلیزادە؛ دیاردەیەکی شیعری سەربەخۆی ئەدەبیی کوردی و ئاسۆیەکی واڵای دونیای شیعریی گەردوونییە لەم چەرخەدا. دیاردەیەک، بە واتای نەخشەساز و داڕێژەر و بونیاتنەری ڕێچکەیەکی (پێشتر نەبووی) شیعری کوردییە. ئاسۆ واڵا گەردوونییەکەشی لە چوار بنەمای ئەدەبیدا، بە گەشی دێنە بەرچاو: کەرەستە شیعرییەکانی گەردوونین، لە مرۆڤ و زیندەوەر و بێگیانەکاندا؛ زمانی ئاخاوتنی شیعریی، کۆی زمانەکانی گەردوونە بە زمانی بێ زمانەکانیشەوە؛ ناوەوڕۆکی شیعریی دەقەکانی، هەست و سۆزیی شیعریی، بێمیکیاژ و دەمامکی مرۆڤەکانە لە هەر کوێیەک بن؛ دەنگدانەوەی دەروونیی قەڵەمەکەشی، ورووژێنەری دەروونی خوێنەرە، بە هەموو ڕەگەز و تەمەن و توێژ و چینەکانەوە.
لە ڕەخنە و ڕەخنەکاریی شیعری کوردیی هاوچەرخدا ــ سەرەڕای هەژاریی ئەدەبیی کوردی لەم بوارەدا تا ڕادەیەک، بەختی جەلیزادە خەواڵۆ نییە و فرە ڕەنگ، قەڵەمکارییان لە دەقە شیعرەکانیدا کردوە. ئەلهەقی، بەرهەمی باشیشیان تێدا ڕنیوەتەوە،
بەڵام…
ئەگەر بە چاوی قوبادناسێکی بە سەلیقە و ئەزمووندار و شارەزا لە ئەدەبی جیهانی، هەڵسەنگاندنێکی زانستییانە بۆ نووسین و لێکۆلێنەوە و ڕەخنەکان بکەین، بیوێژدانی نییە بڵێین:
دەقە شیعرەکانی جەلیزادە، وەکو قەسرێکی گەورەی چەند نهۆمی سەردەمی سەدەکانی ناوەندی (ڕۆما)یە، ئەوەی دەربارەی ئەو قەسرە نووسراوە و گوتراوە، وەک ئەوە وایە، هەر لە یەک پەنجەرەوە سەرمان بەو قەسرە گەورەیەدا گرتبێ و کەوتبینە وەسفکردن و پەسنکردن و کەشفکردنی !
تۆ بڵێی، ئەو هەڵسەنگاندنە، ناهەقی تێدا نەکرابێ؟!
باوەڕ مەکە! بە هەموو هزر و ئیدڕاک و ئەقڵەوە ئەم وشانە تۆمار دەکەم. لە توانای قەڵەمی ڕەخنەکارەکانیش کەم ناکەمەوە. ڕەنگبێ، جیاوازیمان، هەر ئەوەبێ تۆ لە گۆشەیەک و من لە گۆشەیەکی دیکەوە، سەیری ناوەوەی ئەو قەسرە دەکەین.
من ئەو شاعیرە، وەک ڕەنگڕێزێک دەبینم، شیعرییەتی ناوچەگەرایی ( کە بە زمانی کوردی لە باشووری کورستاندا دەنووسێ)، جارێکی دیکە ڕەنگبکاتەوە و شێوە ودیمەن و جوانی و ڕەونەقێکی شاکارانەی ئەدەبیی ئەوتۆی بە بەردا بکات، کە هەموو خەسڵەتەکانی گەردوونییەتی پێ ڕەوا ببینێ.
دەزانم، خودی شاعیر، دڵخۆشە کە ڕەخنەکاران ئەو وەک (پاشا یان سوڵتانی شیعری ئیرۆتیکی کوردی) دەناسێنن. ــ ئەم نازناوە درووستە و ستایشیش نییە.
بەڵام، پێناسەی تەواو و تەکمیلی جەلیزادەش نییە!
خوێندەوەی ئیرۆتیکی و توێژینەوە لە شێواز و شیتەڵکاری و توێکاریی لە هونەرکاری و سنعەتی ئیرۆتیک، لە دەقە شیعرەکانی جەلیزادەدا، لە پێناو کەشفکردن و ڕاڤەکردنی خودی ئیرۆتیک و ئیرۆتیکا، فەریکە خوێندەوە و زڕە توێژینەەوەیە.
بۆچی؟
چونکە، ڕەخنەکاری کارامە، دەتوانی لەو دیوی ئەو دەقە ئیرۆتیکایانە، چەندان جیهانی دیکە کەشف بکات، کە شاعیر، بە جددی و بە فیعلی کاری تێداکردوون، وەک: جیهانی ژن وەک مرۆڤ، جیهانی پیاو وەک ژنکوژ، جیهانی ئازارەکانی مێینە. جیهانی بکوژانی ژینگە و ئازادی و ژیان و ئایندە و منداڵ و وەچە و خۆشەویستی…تاد .
میکیاژکردن و پێیداهەڵگوتن بە بڕگە و دەستەواژە و ڕستە ئیرۆتیکاییەکانی وەک” قاچە درێژ و لووسەکانت؛ گۆی مەمکەکانت؛ دڵۆپە شەونمی سەر تووکە بەرەکەت؛ گەڵا هەنجیری نێو ڕانەکانت؛ بمکە بە دووش لە حەمامەکەتدا…”، خوێندنەوەی هەرزەکارانەن. زۆربەیجار پەیامەکانی شاعیر، لە دیوی سنووری دەقەکەدا دەدۆزرێنەوە، کە ئەو بە ئەنقەست لەوەی شاردونەتەوە. ئەم کەشفکرنەش ئەزموون و زانست و لێزانی گەرەکە.
هەرچەندە، شیعر، هەر یەک زمانی هەیە و مەحاڵە تەرجەمە بتوانێ دەقە شیعرێک، کت و مت وەک هەیە، بگەێنێتە خوێنەرێکی غەیری ئەو زمانەی دەقەکەی پێنووسراوە، بەڵام لە تێگەیشتن و حاڵی بوون لە زمانی جەلیزادە، دەکرێ بە ئاسانی پەیامی شاعیر بگەێندرێتە خڕ خوێنەرانی ئەم جیهانە، جا بە هەر زمانێک بدوێن. ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی گەروونییەتی جۆری بابەتەکانیەتی لە ناوەڕۆکدا:
کۆڵبەڕێک بە خۆی و باری وڵاغێکەوە، لەسەر پشتی، بە جووتە کەوشێکی دڕاو، لە ناو بەفر و سەهوڵ، لە ژێر قرمژنی دەستەڕێژی گولـلەدا، ڕێی سەختترین کوێستانی سەر سنوور، شەق دەکات، لە پێناو پارەوە نانێک بۆ منداڵە برسییەکانی. ئەم دیمەنە، قەت لەم سەدەیەدا، لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نابینرێ و دووبارە نابێتەوە، غەیری سەر سنوورە دەستکردەکانی نیشتیمانەکەی شاعیر نەبێ، بەڵام، ئەو هێندە وەستایانە، ئەم دیمەنە بە شیعردەکات کە کابرایەکی کۆڵەمبی لە توولە ڕێیەکی دێیەکەی خۆیدا لە کۆلمبیا، یان مێرمنداڵیکی سووری لە پێدەشتی گۆلاندا، یان ژنێکی ئەرژەنتینی لە کۆڵانەیەکی بۆینس ئایرسدا، هەمان موعاناتی هەبێ، بەڵام بە شێوەیەکی جیاوازتر. ئەمە، زمانی وەرگێڕانی دەقەکە هاسانتر دەکات. گەردوونییەتی ئازار و ژان و خۆشەویستی و ڕق و برسیەتی، جوان جوان لە نێو دەقەکانیدا توێندراوەنەتەوە، لەبەریەک دەرهێنانەوەیان ئەستەمە. ئەمەش گەردوونییەتی بوونی مرۆڤە. بۆیە ناسینەوەی جەلیزادە، تەنها بە تاجی ئیرۆتیکای سەر سەری دەقە شیعرییەکانی، غەدرێکی گەورەیە،. ناهەقییە دەرهەق ئەو هەموو شاکارانەی کە ژان و خەون و ئایندەی مرۆڤ و ژینگە و نیشتمان و گەردوون لە خۆدەگرن، شاکارگەلێک کە بە خوێنی خۆی نووسیویەتی و چەقۆی تیژی لەسەر ملڕاگیراوە، بەڵام ئەو، لەوخوێنەی خۆی خۆشبووە، لە پێناو کیژۆڵە دەقە شیعرێکی چاوگەش!
گەشترین خاڵی درەوشاوە لە شیعرەکانی جەلیزادە لەوەدایە، کە ئەو ڕۆحە، ئەو پەیامە، ئەو مرۆڤدۆستی و مرۆڤبینییە، گەردوونییە لە زۆربەی دەقەکانیدا بوونیان هەیە. کەواتە ڕەنگڕێژی دەقە لۆکاڵییەکانی بۆ شاکاری گەردوونی پڕ بە پێستییەتی، کاتێک دەقەکانی تەرجەمە دەکرێن بۆ زمانەکانی دیکە.
هەر کاتێک ئەوەمان کرد، ئەوا قوباد لە ناوچەگەرییەتی دەردێت و گەردوونییەتی شیعری بۆ خۆی زامن دەکات. واتا، شیعری کوردی لەو دیوی ئەو کەژ و شاخ و داخەدا، دەگاتە هەموو جیهان. حەتەمن، ئەو کات، ڕەخنەکاران و شیعرناسان، حەقی ئەو شاعیرە ناخۆن و پاداشتی دەدەنەوە!
هەر لە میانەی، جەلیزادە، وەک دیاردەی شیعریی و ئاسۆی واڵای دونیای شیعریی گەردوونییەوە، ئەو ئیزافەیەش دەکەم: زمانی شیعری جەلیزادە، گەرچی بە ڕوواڵەت، تا بڵێی سادە و ڕەووان و ساکار و ئاسانە، بەڵام لەهەمان کاتدا تا بڵێی قورس و زەحمەت و گرانە، باشترین بەڵگەش، زەحمەتیی لاساکردنەوەیەتی .
لە زۆربەی دەقەشیعرەکانیدا، سیحرێکی شاراوەی کاریگەرهەیە لە نێوان دەستپێک و قوفڵدانی دەقەکەدا: دەستپێکێک، هەر لە قسەی ئاسایی دەچێ، قوفڵدانێک ،کە لە ناخەوە ڕاتدەچڵەکێنی.
ئەو، تاقە شاعیرە لە هەموو مێژوودا، بیرۆکەی (ئیلهام و سرووشی شیعری) بەتاڵ کردەوە. نزیکەی ١٧٢ دەقە شیعر، لە دوای یەک، بەبێ پسانەوە نووسی. هەر ڕۆژەی دەقە شیعرێکی نوێ!

هەرچی پەیام و هاوار و قیژە و دەنگدانەوەیەک، کە لە دەقەشیعرەکانیدا، بوونیان هەیە، ڕۆژانە هەستییان پێدەکەین، بەڵام، گەروومان توانی ئەو دەربڕینانەی نییە، کە شاعیر هەیەتی. بۆیە کە دەیانبیستین، وادەزانین، یەکمجارە لە گوێماندا دەزرینگێنەوە.
ئەوەندەی من ئاشنا بم، بە شیعری جیهانی، ئیمڕۆ، هیچ شاعیرێک شک نابەم، وەک قوباد، ژینگە و زیندەوەر و بێگیانەکانی، لە دەقەشیعرییەکانیاندا تەوزیف کردبێ. شاعیری مێروولە و خاڵخاڵۆکە و کیسەڵ و بەفر و گەفر و دار و بەردە… . ئەگەر یەشار کەمال، سۆفییانە لە مێروولەیەک ڕادەمینێ کە خەریکی ئاو خواردنەوەیە، ئەوا جەلیزادە، ئاشقانە لە خەمی ئەو میروولەیە دایە، کە لە کەنار زەریایەک خەریکە نغرۆ دەبێ!

ئەلهەقی، جەلیزادە شاعیرێکی گەردوونییە، ئەگەر، قەڵەمێکی باڵادەست و کارامە هەبێ، بە زمانی بزانێت و لێی تێبگا و دەنگی بگەینێتە دونیا… . لێکۆلەر و توێژەر و ڕەخنەکاری بەتوانا، دەتوانن میتۆد و تیوریی ئەدەبیی نوێ لە بەرهەمە شیعرییەکانی ئەودا هەڵینجن . ئێستا ئەو، وەک دیارەدی شیعریی، کەوتووەتە سەر سکەی خۆی، ئەگەر پچران و وەستان و کەوتنی نەێتە ڕێ، دوورە نییە لە ئیستگەکانی داهاتوویدا بگاتە (قوتابخانەی شیعری پڕایڤێتی خۆی). بەڵام با جارێ، ئەو پێشبینییە، بۆ ئایندە لێگەڕێین.

فازیل شـەوڕۆ

٧ ی نیسانی ٢٠٢٢ ــ دوبلن

Previous
Next
Kurdish