پارانۆیا و مرۆڤی بێ خودا … هیوا سه‌عید
زانستی ده‌رونناسی دابڕان به یه‌کێک له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کانی توشبوون به نه‌خۆشی پارانۆیا داده‌نێ. ئینجا ئه‌و دابڕانه له‌ده‌ستدانی کار، تێکچوونی هاوڕێیه‌تی، خیانه‌ت و ئازاری خۆشه‌ویستی و زۆر جۆره دابڕانی تری وه‌ک به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر که ئه‌ویش جۆرێکه له دابڕان، ده‌گرێته‌وه. له‌و دۆخه مرۆڤ باوه‌ڕێکی وای له‌لا دروست ده‌بێ که ئه‌م جیهانه جێگایه‌کی ئه‌مین نییه بۆ ژیان، گومان له نییه‌تی کرده‌وه‌کانی خه‌ڵک ده‌کا و هه‌موو کارێکیان به به‌رژه‌وه‌ندخوازانه لێکده‌داته‌وه، بۆیه له تێکه‌ڵبوونی ئه‌وانیتر ده‌ترسێ به هه‌ڕه‌شه له‌سه‌رخۆی ده‌یانبینێ. لێره‌وه ئه‌و مرۆڤه نه‌خۆش و توشبوو به وه‌همه هه‌ست به چه‌وسانه‌وه ده‌کا و گومانی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندخوازانه که‌سانی خراپه‌کارن و لێی له که‌مینن. بۆ نموونه شێوه‌ته‌ماشاکردنێکی به ته‌رکیز یان پسته‌پستی نێوان دوو که‌س ئه‌گه‌ر هۆکارێکی ئاشکرای لێ دیار نه‌بێ بۆ ئه‌م ڕه‌فتاره‌یان ئه‌وا به‌خۆی و باسکردن له‌سه‌رخۆی تێده‌گا. گریمان ئه‌و ڕقی له ڕه‌نگی شین بێ، له کافێیه‌ک له فنجانێکی شین قاوه‌ی بۆ بێنن یه‌کسه‌ر چاوده‌بڕێته سه‌رمێزی کڕیاره‌کانی تر بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ فنجانی ئه‌وانیش شینه یان نا. وه‌ها ڕێکه‌وت ڕه‌نگی فنجانی قاوه‌خۆره‌کانی تر سوور و سپی یان زه‌ردبوو به ته‌نیا هی ئه‌و شین بوو و هۆکارێکی ڕوونیشی بۆ ئه‌م ڕێکه‌وته نه‌دۆزییه‌وه گومانی ئه‌وه ده‌با ئه‌م کاره به‌ده‌ستئه‌نقه‌ست بۆ ئازاردانی ده‌رونی ئه‌و کراوه، نه‌ک هه‌رئه‌وه‌نده به‌ڵکو گومانی ئه‌وه‌شی هه‌یه ئه‌وان له ناخی به ئاگان و ده‌زانن ڕقی له چی ده‌بێته‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌کانی به گوێره‌ی لۆژیکه هیچ ڕێکه‌وتێک په‌سه‌ند ناکا، به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر فنجانی قاوه‌خۆره‌کانی تریش شین با ده‌گه‌یشته ئه‌و ڕاستییه‌ی هیچ ئازاردانێکی ده‌رونی به مه‌به‌ست بۆ ئه‌و له گۆڕێ نییه. به هه‌مان شێوه به‌پێی ئه‌و لۆژیکه‌ی مادام ئه‌وان ده‌زانن ئه‌و ڕقی له چ ڕه‌نگێکه که‌واته ئه‌و که‌سێکه له ژێر چاودێری ئه‌وانیتره. دیسان که‌واته ئه‌و که‌سێکی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌رنا بۆ چاودێری ده‌کرێ. له دواجار له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ندین وه‌همی یه‌ک له‌دوای یه‌ک هه‌ڵچنراو پێناسه‌یه‌ک بۆخۆی ده‌کا که ئه‌و مرۆڤێکی گه‌وره‌یه و جێی سه‌رنجی ئه‌وانیتره و خه‌ڵک هه‌میشه چاودێرن به‌سه‌رییه‌وه. ئه‌نجامی ئه‌و وه‌همه‌ش ئه‌و ده‌کاته که‌سێکی خۆبه‌گه‌وره‌زان و دووره‌په‌رێز و ڕقاوی. دووره‌په‌رێزییه‌که‌ی وه‌ک خۆپاراستنێک له فێڵ و ڕقئه‌ستورییه‌که‌ی تۆڵه‌یه‌که له ویسته خراپه‌کانی ئه‌وانیتر.
به‌ڵام مرۆڤی گه‌وره و دوور له بازاڕ له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و وه‌همه دروست نه‌بووه، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر خودا وه‌کو وه‌همێک یان هێزێکی بانزه‌مینی و ویستێکی ڕه‌ها و باڵاده‌ست به‌سه‌ر ویستی هه‌نده‌کی مرۆڤ، مرۆڤه‌کان ئاڕاسته بکا، ئه‌وا مرۆڤی باڵا مرۆڤێکی بێ ئاسمانه و ملکه‌چی هیچ ویستێک له ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆی نییه و ئه‌و وه‌همه‌ی له‌ناوخۆی کوشتووه و بێ خودا ده‌ژی.
هه‌روه‌ها ئه‌و مرۆڤه گه‌وره ته‌واوزه‌مینییه به‌هایه‌کانی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه و پابه‌ند نییه به ئیتیک یان ئه‌و داب و نه‌ریتانه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ری کۆکن، ئه‌و که‌سێکی دژه‌باو و دووره له مێگه‌ڵ.
فریدریک نیچه له وه‌های گوت زه‌رده‌شت له‌باره‌ی ئه‌و مرۆڤه گه‌وره‌یه ده‌ڵێ:
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! فێربه، خه‌ڵکی نێو بازاڕ
باوه‌ڕیان به مرۆڤی به‌رز نییه.
بۆ ئه‌وان ئێمه، هه‌موو به‌رابه‌ر و یه‌کسانین.
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! به دیدی ئه‌وان مرۆڤی به‌رز نییه،
له‌به‌رده‌م خوادا هه‌موومان یه‌کسانین.
به‌ڵام خوا مردووه،
ئێمه به‌رابه‌ر و یه‌کسان نین.
ئه‌ی مرۆڤی به‌رز! له بازاڕ دوورکه‌وه.
واتا بوونی خودا یان هه‌موو به‌ها و پیرۆزییه‌کان که له‌سه‌ر بوونی ئه‌و بنیاتنراوه و خه‌ڵکی بازاڕ پابه‌ندن پێیه‌وه و ڕێگرن له به‌رده‌م پێشکه‌وتنه‌کانی ئه‌و مرۆڤه گه‌وره‌یه. لێره‌وه‌یه ئامانج له ڕه‌تکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی بازاڕ و تێکشکاندنی پیرۆزی و به‌هاکان.