Skip to Content

زەنگی قڕکردن… سامانی وەستا بەکر

زەنگی قڕکردن… سامانی وەستا بەکر

Closed
by ته‌مموز 31, 2022 General, Opinion

لەم وتارەیا مەبەستمە تاکی کورد هۆشیارتر درک بە ترسناکی و مەغزای قوڵی ستراتیژی سیاسەتی تۆتالیتاری بۆ قڕکردنی کورد لەلایەن تورکەوە بکا و بەیەکگرتووی بەرەنگاری ببێتەوە، هەروەک چۆن مەبەستمە خوێنەر باشتر لە میتودە تێبگا کە تورک بەرامبەر کورد بەکاری ئەهێنێ بەمەبەستی فەوتان و قڕکردنی گەلی کورد.

میلەتێکی تۆتالیتار:
لاپەڕەکانی مێژوو پڕن لە ناوی مرۆڤی تینوو بە خوێن ڕشتن، پڕن لە ناوی دیکتاتۆر و کەسانی خۆپەرست، پڕن لە بوونی ڕژێمی تۆتالیتار و چەوسێنەر، پڕن لە بوونی حوکم و دەسەڵاتی نەتەوەپەرست و داپڵۆسێنەر، بەڵام زۆر بە دەگمەن تا ئاستی نەبوون ئەتوانی گەلێکی تۆتالیتارخواز و دڵ پڕ لەقین و داخ لەدڵی هاوشێوەی تورک بدۆزیتەوە بەرامبەر بە کورد.
بەڵێ هەڵبەتە کاتێ ئەڵێم تورک مەبەستم لە نەتەوەی تورکە لەناو سنوری ئەو زەریە داگیرکراوەی کە بەزۆری زۆرداری ئێستا بە تورکیا ناسێنراوە.
سەیرە میلەتێک بەکۆ ڕق و بوغزی بەرامبەر نەتەوەیەکی تر لەدڵابێت، بەدەگمەن تا ئاستی نەبوون کەسێکی بەنەتەوە تورک بڕوای بەبوونی نەتەوە و گەلێکی تر هەبێت وەک ئەوەی تورک بەرامبەر کورد هەیەتی.
لەسەروبەندی داگیکاریەکەی عەفرینا لەگەڵ خانمێکی هاوکاری تورکا کەوتمە گفتوگۆ کە هەمیشە خۆی بە مرۆڤ دۆستێکی بێ وینە ئەناسێنێ، کاتێ بەندە باسم لە مێژووی بوونی کورد و خاوەندرێتی خاکی کوردستان ئەکرد بە عەفرینیشەوە هەروەکچۆن باسم لە زوڵم و داگیرکاری تورک و میلیشیاکان ئەکرد، وەڵامی ئەو خانمە تورکە زۆر ڕاستگۆیانە بوو، ئەو ووتی “ئەبێ من تورک نەبم ئەگینا هیچ تورکێ توانای گوێگرتن و باسی کوردستانی نیە”.

دەوڵەتێکی تۆتالیتار:
کەرتی پەروەردە یەکێکە لەگرنگترین کەرتەکانی بوونیاتنان، ئەکرێ لەڕێی پەروەردەوە میلەتێکی میانڕەو ئاشتیخواز وەک وڵاتانی ئەسکەندەنافیا دروست بکرێ، وە بە پێچەوانەشەوە ئەکرێ هەر لەڕێی کەرتی پەروەردەوە میلەتێکی دڵ پڕ لەقین، تینوو بەخوێن، خۆبەزلزان، تۆڵەسێن، بێ بەزەیی دروست بکرێ هاوشێوەی تورک بەرامبەر کورد لەسەر ئەوە زەویە داگیرکراوەی کە بە وڵاتی تورکیا ناسێنراوە.
بە درێژاییی مێژوو، مرۆڤ خەباتی كردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەفسانەی “حەتمییەتی غەیب یان نادیار”، بۆ ڕزگاربوون لە سەرکوتکردنی ئەو هێزانەی كە بە ناوی قەدەر و فەرمانی خواوەندەکانەوە خەڵكیان كوشتووە و سزای ترسناكیان سەپاندوون. پەروەردەی تۆتالیتاریزمیش بە هەمان میكانیزم كار ئەكا، بەڵام بەپێی لۆژیكێكی پێچەوانەوە كە حەتمییەتی نادیار یان غەیب ئەگۆڕێ بە حەتمییەتی زانستی.
واتە هەروەك چۆن تێرۆریستە باوەڕهێنەرەکان بە غەیب، بە ویژدانی ئارامەوە قوربانییەكانیان لەناو ئەبەن و باوەڕ بە خۆیان ئەهێنن گەر قوربانییەكان گوناهبار بن، دەبێ بكوژرێن و گەر بێ گوناهیشبن قەدەری ئیلاهی ئەوەی خواستووە كە بكوژرێن، تۆتالیتاریزمیش بە هەمان لۆژیك، بەڵام بە لنگەوقوچی پاساو بەدڕندەیی ئەبەخشێ.
ناکرێ بەئاسانی تۆتالیتاریزم بناسین و لە چەند هێڵێکی گشتییا سیما سەرەکییەکانی بزاوت و ڕژێمی خاوەن دەسەڵاتی تۆتالیتار پێناسە بکرێ.
ناشکرێ ئەو ڕژێمە وەک دامەزراوەیەکی سادە نیشان بەین کە بەپێی تاقە ئایدۆلۆجیایەک و لە پێناو جێبەجێکردنی ئامانجێکی ستراتیژیی دوورخایەنا ڕەوایی “بوون و مانەوە” بەخۆی ببەخشێ.
ناكرێ ڕژێمی تۆتالیتار بەسادەیی پێناسە بكرێ و هەروا بخرێتە ناو ئەو پۆلێنكردنە باوەی بیری ڕامیارییەوە كە ڕژێمەكان دابەش ئەكا بەسەر “سته‌مكار، ئۆتۆكرات، دیكتاتۆری، دیموكراتی و په‌رلەمانی….هتد”، چونكە ڕژێمی تۆتالیتار ڕژێمێكی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە، پشت ئەستوورە بە بەرهەمەكانی زانستی مۆدێرن، هونەری بیرۆكراتییەتی كارگێڕی، بەگەڕخستنی هۆیه‌كانی ڕاگەیاندن، ورووژاندنی سۆزی میللی، ئاراستەكردنی ئامرازەكانی بانگەشەی ئایدیۆلۆژی و بەئەفسانەكردنی كێشە سیاسییەكان….هتد، هەروەك چۆن بەووردی كار لەسەر پاوانكردنی بواری ئابووری و پەروەردیی و ڕۆحییەتی مێژوویی و لۆژیكی زانستی و فەلسەفییش ئەكا.
بەندە بەمەبەست ئەو پێناسەو دەستەواژانەی لای سەرەوەم خستۆتە بەردیدی خوێنەر تا ڕوونتر لە ئامانجی تورک تێبگا و باشتر درک بەوەبکات کە ئەوان چۆن کارئەکەن تا کورد قڕبکەن و چۆنیش پاساو بۆ خوێنڕێژی و تاوانەکانیان ئەهێنەوە لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیا. واتە کاتێ بەتاوانی کورد بوون ئەکوژێ و هەوڵی قڕکردن ئەیا بەڵام لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتیا وەک ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر باسی لیوەئەکا و ئەیناسێنێ، بەکوردیەکەی بەبێ تاوان ئەتکوژێ و بەتاوانبار تۆمارتئەکا و ئەتناسێنێ.

مێژووی سیاسی و تۆتالیتاریزم:
مێژووی سیاسی، چەندین جۆر سیسته‌می داپڵۆسێنەری بەخۆوە بینیوە، بەڵام هیچیان لە سیسته‌می تۆتالیتاری نەچوون. چونكە هەرچەندە ڕژێمە دیكتاتۆر و “ئیستبداد” سەرکوتکەرەكان توندوتیژیی زۆر ترسناكیان لە پێناو مانەوە و پاراستنی ئاسایشی دەسەڵاتدارانا پەیڕەو كردووە، بەڵام ڕژێمی تۆتالیتار توندوتیژی پەێڕەو ئەكات نەك وەكوو ئامراز، بەڵكوو وەكوو ئامانج و ستراتیژیی دوورخایەنیش، بەم پێیەش توندوتیژی ئەكاتە یاسایەك و حەتمییەتی زانستی و مێژووییی پێ ئەبەخشێ.
واتە تەنیا پەنا نابا بۆ توندوتیژیی فیزیكی، بەڵكوو پەنا ئەبا بۆ پاساوی ڕەمزی و عەقڵییەتی زانستگەری و حەتمییەتی مێژووییش، تا هەموو ڕەوانێکی بەرەنگاری لەو كەسانە داماڵێ كە ئەچنە خانەی نەیارانەوە، تا بە ویژدانێكی ئاسوودەوە سزایان با و تەنیا وەك دوژمنی خۆی نیشانیان نەیا، بەڵكوو وەك دوژمنی مێژوو و زانستیش وێنایان بكا و وەك خەڵكانێكی بێهودە لێیان بڕوانێ، كە بەگژ ڕاستییەکی مێژوویی و زانستی ڕەهایا ئەچنەوە هەروەک ئەوەی تورک بەرامبەر کورد ئەیکا، لەمێژووی دروستکردنی ئەو زەویە داگیرکراوەی کە بە تورکیا ناسێنراوە بەردەوام کار لەسەر ئەوە کراوە کە شتێک بوونی نییە بەناوی کوردەوە بەڵکو ئەوە کۆمەڵە خەڵکێکی یاخین بەگژ ڕاستیەکی مێژووییا ئەچنەوە کە مەبەستی تورکەکان لەوەیا ئەوەیە کە “کوردیش هەر تورکن، تورکی شاخاوین بەڵام دان بە تورک بوونی خۆیانا نانێن” کە ئەمە هەموو سنورەکانی داگیرکاری تێپەڕانوەو کار لەسەر سڕینەوە و فەوت کردنی گەلێکی ڕەسەن ئەکا لەسەر زێد و خاکی خۆی.

کاری ڕژێمی تۆتالیتار:
ڕژێمی تۆتالیتار كاتێ یەنە سەر حوكم، هەمیشە پەیمانی سەقامگیركردنی دۆخی وڵات بە جەماوەرەكەی ئەیا، بەڵام هەرگیز ئەو پەیمانەی خۆی جێبەجێ ناكا و وڵات لە دۆخێكی ناجێگیر و نائاساییی بەردەوامدا ئەهێڵیتەوە، واتە هەرگیز ڕێگە نایا هەستكردن بە ئارامی و كۆتاییهاتنی باری نائاسایی لە ناخی خەڵكییا بچەسپێ.
لەو پێناوەیا ڕژێم پێوستی بە جه‌نگی بەردەوام و دوژمنی بەردەوام و سازدانی سیناریۆی بەردەوام هەیە سەبارەت بەوەی كە وڵات و شۆڕش لە بەردەم مەترسییان.
ئەوەی ئەردۆگان و تورکەکان ئەیکەن کت و مت ئەمەیە، ئەوان بەبیانووی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەمیشە بەردەوامی بە قڕکردن و کورد کوژی ئەیەن، هەمیشە کورد بە دێوەزمە و دوژمنی قەستەسەری تورک ئەناسێنن.

هزری تۆتالیتاریزم:
داروین ئەڵێ مانەوە تەنها بۆ بوونەوەرە بەهێزەکانە، ماركسیش گەشەكردنی ڕژێمی سیاسی و ئابووریی ئاشکرا كرد وەك یاسایەكی مێژووییی حەتمی كە قابیلی بەرەنگاربوونەوە نییە، بگرە هەر بەرەنگارییەكی ئەو یاسا مێژوویییە بەر زەبری خودی مێژوو ئەكەوێ و چارەنووسیشی هیچ نییە جگە له‌ لەناوچوون و دۆڕان.
لە سەردەمی یەكێتیی سۆڤیه‌تا بۆلشەفیكەكان، بەتایبەتی ستالینییەكان، وەرگێڕانێکی زۆر ترسناكیان بۆ ئەو دیدەی ماركس كرد، كاتێ ڕەوایەتیی زانستی و ئایدیۆلۆژی و ئەخلاقییان ئەبەخشییە تاوانەكانیان بۆ قەتڵ وعامی سەدان هەزار كەس، بەو پاساوەی ئەوانە كەسانێكن بەحەتمی ئەبێ لەناو بچن، چونكە بەگوێرەی حەتمییەتی مێژوویی و زانستی، ئەوانە چینی ڕوو لە مەرگن.
بە هەمان شێوە نازییەكان لە تیۆریی ڕەگەزپەرستیا سوودیان لە هەمان تێزی داروین وەرگرت، بەتایبەتی لەو خاڵەیا كە ئەڵێ “مانەوە تەنیا بۆ بوونەوەرە بایۆلۆژییە بەهێزەكانە” بەڵام لای ئەوان مانەوە تەنیا بۆ ڕەگەزە ئەڵمانە باڵاكان بوو، كە ئەبێ ڕەگەزەكانی تر، یان ملكەچیان بن یان بەحەتمی و بێ دوودڵی قڕ بكرین و لەناو بچن.
ئەمە بیرو هزری تاکی تورکیشە بەرامبەر کورد، لای ئەوان کورد بوونەوەرێکی بێ هێز و بێ کەڵکە بۆیە ئەبێ بۆ مانەوە و بەهێزی تورک کورد لەناوبچێ و نەمێنێ.
نازییەکان بەئاشکرا کاریان بۆ فەوتان و وقڕکردنی جولەکە ئەکرد، تورکیاش هەمان کار بەرامبەر کورد دووبارە ئەکاتەوە، بەڵام سیستمی سیاسی و جیهانبینی وخێرای بڵاوبوونەوەی هەر هەواڵێک لە ئێستایا وای کردووە کە تورکەکان بەئاشکرا بانگی قڕکردنی کورد ڕانەگەیەنن ئەگەرچی بەکردار و سیاسەت هەر هەمان کاریشئەکەن.

کوردی بی ئاگا:
ناکرێ چیتر لەوە زیاتر کورد چاوپۆشی لە دوژمنایەتی و سیاسەت و ستراتیژیەتی قوڵی قڕکردنی کورد لالایەن تورکیاوە بپۆشێ، گربنگە تاکی کورد هۆشیارتربێ، ناکرێ ئەو ڕۆژانە بە تۆپ و فڕۆکەو ئاگر و کیمیای هەوڵی قڕکردنی کوردبات بەڵام تاکی کورد بۆ گەشتکردن و بەسەربردنی پشووەکانی بچێتە ئەو وڵاتە، یان خوردنی سەر سفرەکەی تورکیبێ.
کاتێ باسی بایکۆتی کاڵای تورکی ئەکرێ وەک چەکێک بەرامبەر ئەو داگیرکاری وکوشتن و بڕینەی تورک بەرامبەر کورد ئەیکا، زۆرجار گوێت لێئەبێ کەسێک ئەڵێ بەتەنیا بەمن هیچ ناکرێ کە ئەمەش بێ هێزی و لاوازی و نەبوونی متمانە نەبوونی تاکی کورد بەرامبەر بەخۆی پیشانئەیا.
نەبوونی متمانە بەخۆبوون زۆر لە داگیرکاری و کوشتن و تۆپ و فرۆکەی دوژمن ترسناکترە، چونکوم تەنها بە متمانە بۆخۆبوون مرۆڤ ئەتوانێ ڕووبەڕووبوونەوە بکات وبەرەنگاری دوژمن بێتەوە، ئەکرێ چەند کەسێک بەتمانەیەکی تەواوە بەرەنگاری هێزێکی گەورەتر لەخۆی بێتەوە و سەرکەوتووشبێ، پێچەوانەکەشی ڕاستە، بۆیە گرنگە لەناو خێزان و فێرگە و شوێنە گشتیەکانا کار لەسەر گەڕنەوەی متمانە بەخۆبوون بکرێ و وابکرێ کە هیچ کەسێک خۆی پێ کەم نەبێ و بۆ نمونە نەڵێ بایکۆتی کاڵای تورکی تەنها بەمن ناکرێ و سودی نیە بەڵکو ئەبێ خۆی وەک ئەو دڵۆپە ئاوە ببینێ کە دەریایەک دروست ئەکات.

سامانی وەستا بەکر
٣٠-٧-٢٠٢٢
سوید-ستۆکهۆڵم

Previous
Next
Kurdish