
کورتەچیرۆک: سەما.. نووسینی: ئامانج شێروانی
لەبەردەم ئاوێنەکەدا دانیشتبوو. بە نیگا تیژەکەی ئاکاری خۆی لەنێو ئاوێنەکە کونبەدەر کردبوو. ئۆخەی ئەمە ئەوە وا ئازادانە لێرە دانیشتووە؟ ئەمە ئەوە دەتوانێت چیرۆکی خۆی، دوور لە کۆت و بەندی، ورد و درشتی بگێڕێتەوە؟ ساڵێک، تەنێ ساڵێک بەر لە ئێستا، لەبەردەم هەمان ئاوێنەدا دانیشتبوو و سەیری برینەکانی دەموچاوی دەکرد و ترس سەرتاپای گرتبوو! خۆ ئەگەر ئەوکات لێت بپرسیبوایە، هەرگیز پێشبینی ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆی نەدەکرد!
دە خولەک، تەنها دە خولەکی تر، هەمان ئەو کیژەی کە ساڵانێک بەندەی دەستی تاریکی بوو، لەبەردەمی سەدان هەزار کەس ڕادەوەستێت و چیرۆکی خۆی بەتێروتەسەلی دەگێڕێتەوە! ئای ئەوە خەونە یان ڕاستی؟ ئەم ژیانەش سەیرە ها! هەندێک جاران دەتوانێت گەلێک بەخشندە بێت!
هەشت خولەک، تەنێ هەشت خولەکە و ئەم شۆڕەکچە پڕ بە دەنگی هاوار دەکات، پڕ بە لەشی سەما دەکات، چیرۆکی ئاوارەیی کچێکی چواردە ساڵان، چیرۆکی ڕفاندنی پاکیزەیەکی یەزیدی، چیرۆکی کوشتن و بڕینی هەزاران گوندی کوردان، لەبەر چاوی هەموو جیهان دەگێڕێتەوە! قامچی قامچی، شەق شەق، هەموو ئەو جارانەی کە شێخە ڕیش پانەکەیان، کە ئەمیرە سمێڵ کورتەکەیان، کە خەلیفە بۆگەنەکەیان، کە مەلا داوێنپیسەکەیان خۆی دەخستە نێوگەڵی کچێکی هەرزە، کچێکی بێگەرد، کچێکی تازەپشکووتوو! یەکە بە یەکە، بێ ئەوەی هیچکامێکیان لەبیر بکات.
لەشوێنی خۆی هەڵساوە، باڵەکانی لێک کردنەوە، دوو سێ جاران خولی خواردەوە. ڕێک وەکوو چۆن شەش خولەکی تر، هەمان نمایشت لە بەرامبەر هەزاران کوردی تامەزرۆی ئازادیی دەکات. بە هەردوو دەستەکانی چاوەکانی خۆی داپۆشت، ئەو ڕۆژەی بیر کەوتەوە کە لەسەر چیای شنگالێ، شێخە عەگگال لەسەرەکە، جشداشە سپییە لیخنەکەی خۆی هەڵکرد و کەوتە گیانی پاکی. چەندی هاواری بۆ خوایەکان کرد، چ سوودی نەبوو. هەر هەموویان متەقیان لە خۆیان بڕیبوو، پێدەچێت خوایەکانیش وەک مرۆڤەکان هەمیشە بە دیمەنی توندوتیژی بۆ سەر ئافرەتان دڵخۆش بن و پێبکەنن.
هەر چوار خولەکی ترە و پیشانی ئەم جیهانە دەدات، کە چۆن ئەوێ ڕۆژێ لە کۆبانێ دوایین چەکداری داعشی کەوتە بەر دەست و بە چەقۆیەکەی دەستی فززەی لێ بڕی، کە چۆن سێ ئافرەتە گیراوە پەژمووردەکانی لەژێر دەستیان ڕزگار کرد، کە چۆن پەچە و ڕووبەندەکانیانی فڕێ دا و بۆ هەتایە ئازادی کردن! کە چۆن جلە ڕەشەکانیانی تووڕ هەڵدا و جلە کوردییەکانی پێشکەش کردن!
دوو خولەکە و ئیتر جیهان بەم هەموو نەهامەتییەی کوردان ئاشنا دەکات. ئاشنایان دەکات بە یەکەبەیەکەی کۆمەڵکوژییەکانی کوردان، لە ئەنفال و هەڵەبجە و ڕەشبکوژیی دەرسیمەوە بگرە هەتا دەگاتە کوشتن و بڕینی چیای شنگالێ! ناهێڵێت تەنانەت یەک چیرۆکیش بە نەبیستراوی بمێنێتەوە!
هەنگاو بە هەنگاو بەرەو تەختی شانۆ دەڕۆیشت، وەک پڕشنگی ڕۆژی ئازادیی کوردان، مینا شێرەکچانی کۆبانێ. دەتگوت نیازیەتی هەر بیست و یەک تیشکی ئاڵایێ ڕەنگین دەست بکاتێ و بیگرێتە سینگی چەکدارانی تاریکی! هیچی نەمایە و هەموو دیرۆکی خۆی بۆ جیهان دەگێڕێتەوە! هەر هەمووی، یەک گەردیشی لێ بەجێ ناهێڵێت!
هێشتا هەر لە سەمای یەکەمی بوو، لەم سەرەوە حاجییەکی ڕیشنی بۆگەن، کاروانێک بێچووە داعشیش لەدوایەوە! ڕەنگە هەر ئەو حاجییە بووبێت کە لە شنگالێ دەستخۆشی لە چەتەکانی داعشان دەکرد، یان هەر هەمان ئەمیر بێت کە لە کۆبانێ، بە شەو و ڕۆژ لە خوداکەی خۆی دەپاڕایەوە و نوێژی بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵی داعشان دەکرد. لەدوورەوە، بەقیڕەوە، دەیزەڕاند و بەرەو تەختە پیرۆزەکەی شانۆ دەهات، دەیشیڕاند و مێز و کورسییانی دەشکاند. هاواری دەکرد: «ئەی بێئابڕوو! شەرم لە خۆت ناکەیتەوە؟ چۆن دەوێریت سووکایەتی بە هێماکانمان بکەیت؟ چما نازانیت دەستدرێژی و دڕندەیی فەرهەنگمانە؟ چما نازانیت ئێوەی ئافرەت یاری دەستی ناوگەڵمانن؟ چما نازانن کوشتن و بڕین ئایینمانە؟!»