Skip to Content

بۆ کچە گەریلا … سمکۆ ئەحمەد

بۆ کچە گەریلا … سمکۆ ئەحمەد

Closed
by نیسان 28, 2017 General, Poems

ئەی ئەو کچانەی
خەونەکانتان لە پرچەکانتان
درێژترە
ئەی ئەوانەی ئاسکەکانی قەندیل
هێندەی بەهار عاشقتانە
ئێوە بۆنی نێرگتان گرتووە
ئیوە دڵی هەڵۆتان بردووە
ئیوە چنگێکتان لەسەر بەفرو
نینۆکتان لەسەر میل نووستووە
کە یەکێکتان لێ دەکوژرێ
دڵی نێرگز بۆتان دەگری
گوڵاڵە سوور دەپۆشێت و
قەندیل چاوتان لێ دائەگرێ
چەند جێی داخە ..
وائەمجارەش پەڕەیەکی ڕەشی مێژووی عوسمان
وا بە دەستی باشوورەوە
چاپتەرێکی دی بۆ زیاد دەبێ
ئێمەش ڕۆژێ وەك تۆ کەو بووین
عاشقی شینایی ئاسمان و
هاوڕێی با بووین
سەد مەخابن زۆر لە مێژە
دەستەمۆ بووین
ئیستا نیشتیمانمان قەفەزێکەو
خۆشمان دەوێ
هیچمان لە ئێوە ناچێ
ڕەنگمان نەبێ
فێر کراوین دانیش ڕۆکەین
تا ڕۆژێك بێت
ئێوەش وەکو خۆمان
دەستەمۆکەین

سمکۆ لەندەن ۲٠۱۷

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish