
ڕۆشنبیری گه‌نده‌ڵ ….. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
ئه‌وه هه‌ر به‌ناو حزب و ڕێكخراوه ناسیاسیه‌كان نین نائومێدی له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه‌دا به‌رهه‌م دێنن، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده و بگره زۆرتریشمان ناڕۆشنبیر هه‌ن كاری بنچینه‌ییان بڵاوكردنه‌وه‌ی بێئومێدی و ڕه‌شبینكردنی تاكه‌كانه له كۆمه‌ڵگه‌دا، كه من ناویان لێنانێم(كۆلكه ڕۆشنبیر) چون (كۆلك) له بنچینه‌دا دارێكی به‌رداری لاو و پڕ ژیان و جوله بووه.
ئێمه له‌سه‌ر هه‌موو ئاستێك ده‌بێ باوه‌ڕمان به‌وه هه‌بێ و ته‌نانه‌ت دانیش به‌وه دابنێین كه گه‌نده‌ڵی نه‌ك هه‌ر كایه‌ی ئابووری و سیاسی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی ئێمه‌ی گرتۆته‌وه، به‌ڵكو كایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و په‌روه‌رده‌یی و ئه‌خلاقیشمان كلۆر یا باشتر وایه بڵێین بۆگه‌ن بووه به گه‌نده‌ڵیه‌وه و من لای خۆمه‌وه بێزم ده‌بێته‌وه و پێشموایه كه‌مترین ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی هه‌ن به سیاسیه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌وه بمبه‌ستنه‌وه كه من تا ئێستا لێم ونن .
كه یه‌كێك تووشی ده‌ردێك ده‌بێ و پێیه‌وه دیار ده‌بێ و لای كه‌سانی تریش ده‌یدركێنێ، مانای ئه‌وه‌یه ناڵه ناڵیه‌تی و گیرۆده‌یه به ده‌ستیه‌وه و ئاواتی ئه‌وه ده‌خوازێ هه‌رچی زووه لێی ڕزگار بێ و ئه‌م شعوره‌شی په‌یوه‌سته به په‌یبردن به جه‌سته و ڕێزگرتنیه‌وه.
كه یه‌كێك كێشه‌یه‌ك یا نه‌خۆشیه‌كی ده‌روونی یه‌خه‌ی ده‌گرێ و هه‌ست ده‌كا وه‌ك جاران نه‌ماوه و ڕه‌فتاری هاوسه‌نگ نیه، كه دركاندی و هه‌وڵی دا ئه‌و به‌ڵایه‌ی له‌كۆڵ بێته‌وه، ئه‌وا ئه‌و كه‌سه وریا و هوشیاره به خۆیی و ئاستی زیان و قورسایی كێشه‌كه ده‌زانێ ، هه‌ر بۆیه چه‌ندین هه‌نگاو له چاره‌سه‌ر نزیكتر ده‌بێته‌وه. به‌ڵام كه سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌خۆش نیه و هیچ كێشه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ی نیه، ئه‌وا چاره‌سه‌ری دوور ده‌كه‌وێته‌وه و بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ و ڕه‌نگه تا مردن قۆناغه‌كانی كێشه و نه‌خۆشیه‌كه‌ی سه‌ختر بن و خۆیی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌شی تووشی به‌ڵا بكا و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌و كه‌سه په‌ی به ده‌روونی خۆی نه‌بردووه و Self Perception ی یا self awareness ی واته(په‌یبردن به خود) ی له ئاستێكی هه‌ره نزمدایه.
كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌م جه‌سته و هه‌میش ده‌روونی نه‌خۆشه، هه‌ردووكیانی له بارێكی گه‌نده‌ڵ و په‌ككه‌وتووییدایه، به‌ڵام تا ئه‌و ئاسته نیه كه‌وتبێت و ئیدی تا ئه‌به‌د هه‌ڵنه‌ستێته‌وه.
تا ئه‌و ئاسته نیه گۆشه‌گیر بووبێت و نه‌كه‌وێته ژێر باری چاره‌سه‌ر و ئومێدی به چاكبوونه‌وه بڕابێ و هه‌ر هه‌وڵێك بۆ ده‌ربازبوون ڕه‌تكاته‌وه. ئومێد بڕان ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به شكستهێنان له دۆزینه‌وه‌ی مانا بۆ ژیان و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه چاره‌ی گونجاو بۆ كێشه و قه‌یرانه هه‌مه‌جۆره‌كان، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی خوێندنه‌وه عه‌قلانی و زانستیه هه‌مه لایه‌نه‌كانه‌وه.
هه‌موو لایه‌كمان به تاك و گرووپ و حزبی و ناحزبیه‌وه قسه له‌سه‌ر نه‌خۆشی و تلانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵیه‌وه ده‌كه‌ین و به‌شێكی زۆریش كه له بنچینه‌دا هوشیارن به‌و نه‌خۆشیه و پێشبینی مه‌ترسی و ده‌ره‌نجامه‌كانی ده‌كه‌ن و هیواخوازن تا ڕاده‌یه‌كی باش ساغ بینه‌وه و بچینه‌وه ئاستێكی ماقول له درووستی جه‌سته‌یی و ده‌روونی، ئه‌و به‌شه له كه‌سه هوشیاره‌كان پێیانوایه ئومێد له نێو ئه‌م بێسه‌روبه‌ریه‌دا هه‌ر ده‌بێ چه‌كه‌ره بكاته‌وه و له ڕاستیشدا كاری سه‌ره‌كی و ئینسانیی ڕۆشنبیری ڕاستگۆ و پاك و هاوسه‌نگ هاوسه‌نگیه له قسه‌كردن له‌سه‌ر گه‌نده‌لی هه‌مه‌لایه‌نه و دواتر به‌شداربوونی له دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه عه‌قلانیه‌كان جا به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ له به‌شداریكردن، دوای ئه‌وه ڕۆشنبیری حه‌قگۆ و حه‌قنووس هیچ كاتێك وه‌ك سیاسیه‌كانمان ده‌سه‌ڵاتی خۆی خراپ به‌كارنابا و نایخاته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیه خودیه‌كانی خۆیه‌وه نه‌وه‌كا وه‌ك ئه‌وان بخزێته نێو عوساب و هه‌وه‌س و توخمه‌ی چێژبازیه‌وه.
ئه‌و هه‌وه‌سبازه عوسابیانه هه‌ر له بنچینه‌وه (بوونه‌وه‌ری نێو زێرابه‌كان*)ن و خۆشییان له‌و جۆره قه‌ڵه‌و بوونه به نه‌خۆشی دێ كه سه‌ره‌نجام چۆنیان ده‌ست كه‌وتووه ئاوا به ساناییش له‌ده‌ستی ده‌ده‌ن، ئه‌م جۆره له گه‌نده‌ڵ، زینده‌وه‌ر به‌ڵێ زینده‌وه‌ری سه‌ر لاشه مردووه‌كان و كه‌لاكه تاقه‌ت لێبڕاوه‌كانن و وه‌ك كرم و قالۆچه و سیسركه و ده‌عبای سه‌یر سه‌یر ژیانیان ته‌نها له‌سه‌ر بۆن و به‌رامی گه‌نده‌ڵیه و هه‌رگیز نایانه‌وێ بچنه ژێر باری هه‌ر سیستمێكه‌وه و پاشان به كردار و گوفتاری خۆیان ڕۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بووه له نا‌ئومێد كردن و نا‌ئومێد هێشتنه‌وه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان.
با چیدی وێنه‌كه ناشیرین نه‌كه‌م، نه‌یشێوێنم و بێمه‌وه سه‌ر بابه‌تی (نائومێدكردن) و ڕۆڵی كه‌سانێكی زۆر له‌وانه‌ی ته‌نها عینوانی ڕۆشنبیریان له ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌كان وه‌رگرتووه و قه‌واره‌ی به‌شداریان له گۆڕانكاریه كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌كادیمیه‌كان هیچ شایه‌دیه‌كی له‌م جۆریان بۆ نادا، چون له بنچینه‌دا له نێو خۆیاندا قه‌واره‌یان نه‌گرتووه و ئه‌وان له نێو قه‌واره‌ی حزب و گرووپ و كه‌سێتی دووه‌م و سێیه‌می خۆیاندا ده‌دوێن.
گرووپگه‌لی ئه‌م هه‌رزه نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانه ته‌نها هاڕمۆنی قسه و ساده نووسین له‌و بابه‌ته ئاشكرایانه‌دا ده‌دۆزنه‌وه كه به‌ڵگه نه‌ویستن وه‌ك گه‌نده‌ڵی و دزی و خیانه‌ت و …..تاد، ئه‌وان ته‌نها ئه‌وه‌ی پێیه‌وه ماندوو ده‌بن ترش و خوێ كردنیانه و دواتر به ئاراسته‌ی نادیار ڕۆیشتن و به ئاراسته‌ی تاریكی و ئاراسته‌ی ناشیرینی و ناڕێكی ئه‌گه‌ر عه‌قڵێكی پشكنه‌ری ورد و خه‌مخۆر و پاك و بێگه‌ردی له پشت نه‌بێ ئه‌وا ئاسان له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی گه‌نده‌ڵی و ناله‌باریدا ده‌خزێ و هه‌ڵده‌خلیسكێ و خلیسكانیش تا ئاستێكی زۆر كۆنتڕۆڵ له‌ده‌ست خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌باته ده‌ر.
به‌ناو ڕۆشنبیره‌كانی ئێمه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌میشه خزیون و له خلیسكانێكی به‌رده‌وامدان وه‌ك سیاسیه‌كانمان دنیایه‌ك گرێ و گۆڵه‌ی سایكۆلۆژیان هه‌یه و تا ئاستێكی زۆر پیاده‌ی ڕێچكه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ی موماره‌سه‌كردنی ئه‌ركی ڕۆشنبیری و ده‌سه‌ڵاتی ڕۆشنبیرن و ئه‌وانیش به جۆرێكی تر عوسابی و هه‌وه‌سبازن و چێژی بوون و به‌رده‌وامیان له نا‌ئومێد كردن و دیسانه‌وه نا‌ئومێد هێشتنه‌وه‌ی كه‌سه‌كانه، چێژیان له‌سه‌ر گریاندنی خه‌ڵك و كولاندنه‌وه‌ی برینه‌كانیانه، چێژیان له سازكردنیانه بۆ هێنانی ئه‌م خه‌ڵكه عه‌وامه كولتوور گه‌نده‌ڵه بۆ به‌ره‌ی خۆیان تاوه‌كو شه‌ڕی به‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی گه‌نده‌ڵیان پێبكه‌ن و سه‌ره‌نجام ئه‌وان له‌مبه‌ر به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌مانیش له‌م به‌ره كه‌پسی ده‌كه‌ن.
من پێموایه گه‌نده‌ڵی نه‌خۆشیه‌كی ئه‌خلاقیه له هه‌ناوی كولتووری ئێمه‌دا خانه‌خوێی هه‌میشه‌یی هه‌بووه و بووه‌ته نه‌خۆشیه‌كی درێژخایه‌نی ئه‌وتۆ كه هه‌میشه به چاره‌سه‌ره شۆك ئامێزه‌كان هۆشیان خستوینه‌ته‌وه به‌ر. چاره‌ی به شۆك هه‌ژاندوونی و بۆ ماوه‌یه‌ك هاتووینه‌ته‌وه هۆش و ئه‌وه‌نده‌ی نه‌بردووه كه‌وتووینه‌ته‌وه نێو باری بێهۆشیه‌وه.
ڕۆشنبیری جیددی به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێ ده‌سه‌ڵاتی ڕۆشنبیری خۆی ته‌نها بۆ باڵابوونی خۆی به‌كاربێنێ و هه‌ر كه گه‌یشته ئه‌وه‌ی ئه‌هریمه‌نه‌كه‌ی ناوی لێی ده‌وێ ئیتر بحه‌سێته‌وه و ئۆخه‌ی بكا. ڕۆشنبیر به‌رهه‌مهێن و وه‌به‌رهێنی ڕۆحی كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌م زه‌مه‌نی ئێستای ته‌كنۆلۆژیای مه‌عریفه‌یه و ناكرێ هۆشی لای سنووره‌كانی گه‌نده‌ڵبوونی خۆی و گه‌نده‌ڵی به گشتی ببڕێ، ئه‌و داهێنه‌ری به‌هاگه‌لێكه و هه‌میشه‌ش له هه‌ڵسووڕ و داسووڕی ئه‌م به‌هایانه به ئاگایه و ناهێڵێ بۆگه‌ن بكه‌ن و له سنووره‌كانی پیرۆزی و گه‌نده‌ڵی نزیك بنه‌وه.
بێچاوێنی بین لای خۆمان ئه‌وه‌نده‌مان كه‌سی ساده و ساده‌له‌وح وه‌ك ڕۆشنبیر ناساندوون وه‌ك ژماره له زۆر گه‌وره وڵاتی دنیا زیاترمان له‌و كه‌ڵه مرۆڤانه هه‌ن!!، ئه‌گه‌ر بیانخه‌ینه نێو كه‌شێكی ئه‌زموونكردنه‌وه بڕوا ناكه‌م به‌قه‌د په‌نجه‌ی یه‌ك ده‌ستیان لێده‌رچێ.
ڕۆشنبیری جیددی كه‌سێكی زۆر ئاساییه، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه هوشیاره له سنووره‌كانی پاكی و ناپاكی و باشیش ده‌زانێ به چی ده‌بین به‌و ئینسانانه‌ی ژیان له خۆشه‌ویستی و پاكی و ڕاستگۆیی و ئازادی و …..تاد ی‌دا ده‌بینن. ڕۆشنبیر له هیچ بڕگه‌یه‌كی زه‌مه‌ندا نابێته ئایكۆنێكی پیرۆز و به‌ده‌ر له هه‌ڵه، ئه‌و ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه وریایه له خۆی و ئه‌و خوده گه‌وره‌تره‌ی هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه به‌شدارین له به زیندوو هێشتنه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگه‌یه، ئه‌و وریایه له‌و نه‌خۆشیانه‌ی هێزمان لێده‌بڕن و دامانده‌وه‌شێنن، هوشیاره له هه‌موو ئه‌و ڤایرۆسانه‌ی گه‌نده‌ڵی ئه‌گه‌ر قه‌لاچۆیان نه‌كه‌ین قه‌لاچۆمان ده‌كه‌ن.
ئه‌و ئیش له‌سه‌ر ساغ هێشتنه‌وه‌ی عه‌قڵ ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه كۆمه‌ڵگه به هوشیاریه‌كی عه‌قلانیانه‌وه بجولێ نه‌ك له ژێر كاریگه‌ری هه‌ڵچوون و سۆزدا.
ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیر گه‌نده‌ڵ بوو سیاسیه‌كان و ئه‌هلی بازاڕ هیچ گله‌ییه‌كیان لێناكرێ چون له بنچینه‌دا ئه‌وه‌ش ده‌دزن كه ڕۆشنبیر هه‌یه‌تی و جگه له‌وه چیتری نیه كه مه‌عریفه‌كه‌یه‌تی و وه‌ك بیانوو و په‌ڵپ بۆ شاردنه‌وه و پۆشینی كرێتی و گه‌نده‌ڵیه‌كانیان به‌كاری دێنن.
زۆر بوون له‌و ڕۆشنبیرانه‌ی له مێژوودا بوونه ڕێنیشانده‌ری گه‌وره خوێنمژی گه‌وره و هزر و مه‌عریفه‌یان بووه چوارچێوه‌یه‌ك بۆ فاشیزم و نازیزم و چه‌ندین (یزم) ی تر.
زۆریشن له‌و به‌ناوڕۆشنبیرانه لای خۆمان كه ته‌نها ده‌نگن و دیبلۆماسیانه و دواتر فاشیانه ده‌م به مایكی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه ده‌نێن و پیت و وشه كرچ و كاڵه‌كانیشیان له‌سه‌ر كاغه‌ز و به دیجیتاڵ ده‌نه‌خشێنن.
ئاخخخخخخخخخ له‌و ڕڕڕڕۆۆۆۆشنبیرانه
ئۆفففففففف له‌و هزر گه‌نیوانه
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
له سه‌ر ریتمی ناونیشانی ڕۆمانێكی برای به‌ڕێزم جه‌بار جه‌مال غه‌ریبه.