Skip to Content

لە ئازارەوە بۆ ستاتیکا.. نوسەر: عومەر سەرگەتی

لە ئازارەوە بۆ ستاتیکا.. نوسەر: عومەر سەرگەتی

Closed
by تشرینی دووه‌م 9, 2022 General, Literature


زۆر سوپاسی هاوڕێی ئازیزم عومەر سەید دەکەم کە یەکێک لە تابلۆ جوان و ڕەنگیەکانی خۆی پێشکەش کردم، هەرچەندە من شارەزاییەکی زۆرم نیە لە میتۆدەکانی خۆێندنەوەی ڕەنگەکان و نیگارەکاندا، بەڵام بەو پێیەی کە، کەمتازۆر ئاگاداری نوسینە ئەدەبیەکانی کاک عومەر هەم، چ وەک شیعر و چ وەک ڕۆمان، چەند سەرنجێکم لا دروست بوە وەک جیاوازی نێوان ئەو دنیایەی بەڕەنگ دەیخولقێنێت لەگەڵ ئەو دنیایەی لەڕێگەی ئەدەب و وشەکانەوە بەرجەستەی دەکات. بۆیە پێم باش بو ئەو دیاریە بەنرخەی پێشکەشی کردووم بکەمە بەهانەیەک بۆ نوسینی ئەم کورتە سەرنجانە.
هەرکەسێک بابەتە ئەدەبیەکانی ئەم نوسەرە بخوێنێتەوە دەزانێت چ زمانێکی دڵتەنگ و تراژیدی هەیە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو مێژووەی کە لێیەوە هاتوە، بەتایبەت چیرۆکی ئەنفال و سەربوردی ئەو مرۆڤانەی لە مێژوودا ونبوون و وەک تارمایی لەگەڵیدا دەژین، کە نوسەر خۆی یەکێکە لە قوربانی و بەجێماوانی ئەو کارەساتە قورس و لەبیرنەکراوە، بۆیە پاڵەوانەکانی بەگشتی چارەنوسێکی غەمگین و نادیاریان هەیە و هەڵگری زمانێکی تراژیدی و کارەساتبارن و بە حەسرەتەوە دەژین، هەرچەندە هەمیشە لەکۆتایی کارەکانیدا لەدایک بونی نوێ و ئومێد و ئەگەری تازە هەیە، بەڵام هێشتا ئەو جیهانەی بەڕەنگ دروستی دەکات جیاوازترە لەو دنیا غەمناکەی بە وشەکان بەرجەستەی دەکات، زمانی ڕەنگەکان جیاوازە لە زمانی وشەکان و پیتەکان، ئەو نیگارە ڕەنگینانەی من بینومن شروشت لەناویاندا ڕەگەزێکی ئەسڵ و سەرەکی و تازەیە، زۆر جار وای بۆ دەچم ئەگەر گۆرانی شاعیر لەبری شیعر نیگاری بکێشایە، سروشتی بەهەمان ئەو ستاتیکا ڕوون و بێگەردە ڕەنگ دەکرد کە ئەم هونەرمەندە دەینەخشێنێت، لە هەندێک نیگاردا، هەست دەکەیت بونەوەرێک لەناو شیعرەکانی گۆراندا هەڵهاتوەو فڵچەکەی لە عومەر وەرگرتوە و تابلۆکانی کێشاوە، بەڵام جیاوازیەکە لەوەدایە لای عومەر ڕەنگ سەرچاوەی هەموو شتەکانە، گەردوون هەموی ڕەنگینە، ڕەنگ هەموو شوێنێکی داپۆشیوە، ژیان سەرلەبەری ستاتیکایەکی ڕووت و ئەبەدی و نەمرە، ئەم هونەرمەندە لە زۆربەی کارەکانیدا سروشتمان لە فۆرمە هەرە سەرەتایی و سادەو بێگەردەکەیدا پیشاندەدات، لە فۆرمێکدا هێشتا هیچ دەستێکی بەرنەکەوتوە، سروشت لەناو ئەو نیگارانەدا سروشتی بەر لە دنیای مۆدێرنە، سروشتێکە هێشتا لەلایەن مرۆڤی مۆدێرن و تەکنۆلۆژیا تازەکان و عەقڵی ئامێریەوە دەستی بەسەردا نەگیراوە، سروشتە لە ماتریاڵە بێگەردەکەیدا… دەکرێ بڵێین دنیای ڕەنگەکان ئەو پەناگە ڕەنگین و بێ ترسەیە، ئەم هونەرمەندە پاش هەڵهاتنی لە تراژیدیای زمان تێیدا وچانێک دەدات، گەر تەماشای ڕۆمانەکانی بکەیت دەزانیت کە لەناو ئازارو برینەوە هاتوە، پیت بە پیت و وشە بە وشە خۆێنی لێ دەچۆڕێت و زمانی لە کانگای ئازارەکانەوە لەدایک بوە، زمانێکە ڕزگاری نابێت لە جەبری ئەو تراژیدیا مێژوویەی ڕوبەڕێکی ئێجگار فراوانی داگیر کردوە لە یادەوەریدا، لێرەدا زمان زادەی ئازارە، بەڵام کاتێک لە تابلۆکانی ڕادەمێنیت زمانی ڕەنگەکان زمانێکی ستاتیکی بێ خەوشە، زمانێکە لەدەرەوەی تراژیدیا و کارەساتەکانەوە دەژی، بۆیە دەکرێ بڵێین ستاتیکاو ئازار ئەو دوو بنچینە سەرەکیەن کە دنیای ڕەنگەکان و وشەکانی لەسەر بونیاد نراوە، ستاتیکاو ئازار خولقێنەری هونەر و ئەدەبن لای ئەم هونەرمەندە، هەر بۆیە ئەزمونی هونەری لای ئەم هونەرمەندە لە ڕێگایەک دەچێت بۆ هەڵهاتن لەو ئازارو برینەی زمانی ئەدەبی تێدا لەدایک دەبێت، هونەر لێرەدا دروست کردنەوەی سروشتە پێش لەدایک بوونی ئازار، گەڕانەوەیە بۆ سروشتێکی پەتی و جیهانێک کە پێش دروست بوونی تاوان هەبوە یاوەک خەونێک کە دەشێ ببێت، هارمۆنیای ڕەنگەکان و گونجانی شتەکان بەیەکەوە ستاتیکای بە فەزای تابلۆکان بەخشیوە، هارمۆنیەتی ڕەنگەکان و شتەکان وەک سەرلەنوێ دروستکردنەوەو بونیادنانەوەی سروشت و مرۆڤ لە فۆرمێکی جیاوازو ستاتیکیدا، ئەو مرۆڤەی لە ڕۆمانەکانیدا گیرۆدەو پارچە پارچە و تێکشاو و قوربانیە، لە تابلۆکانیدا بە کۆمەڵێک ڕەنگ و ڕوخساری ستاتیکی و شوناسێکی یەکانگیرەوە هەستاوەتەوە و پڕ بوە لە وزەی ژیان، هەر بۆیە هەست دەکەیت ئەوەی ڕەنگەکان بەتەنیشت یەکەوە دادەنێت و درزو بۆشایی نێوان ڕەنگەکان پڕدەکاتەوە جوانیە، هەر بۆیە یەکانگیری پارچەکان لە ڕێگای ڕەنگەکانەوە جیهانێکی تەواو بێگەرد و ستاتیکی خولقاندوە، ئەمەش داپۆشین و شاردنەوەی یاخود ڕەوینەوەی ئەو ترس و ئازارەیە کە نوسەر هەیەتی لە نوسیندا، جوانی لەناو تابلۆکانی ئەم هونەرمەندەدا، لەدرزی نێوان پارچەکانەوە دەست پێدەکات، وەک چۆن زمان لە نوسینە ئەدەبیەکانیدا ئازارێکە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی پارچە پارچە بوونی مرۆڤ و هەلا هەلا بوونی مرۆڤ لە مێژوو و یادەوەری ئەم نوسەرەدا، جوانیش لە تبلۆکانیدا هێزی گرێدانەوەی پارچەکانی مرۆڤ و سروشتە ، وردبوونەوە لە تابلۆکان ئەو هەستە لای بینەر دروست دەکات کە جیهانێکی تازە هەیە پاش وێرانبوونی جیهانێکی پێشینە، بە مانایەکی تر بینەر هەست دەکات ئەو جیهانە تازەو بێگەردە پاش وێرانەیەک دروست بوەتەوە، فۆرمێکی دیکەی گەردوونە لە دوای وێرانبونیەوە، زاڵبونی کۆی ڕەنگەکان بەسەر ڕەنگی ڕەشدا، سڕینەوەی ئاسەواری ئەو یادەوەریە وێران و پڕ ئازارەیە کە تێکستە ئەدەبیەکانی نوسەری لەسەر دروست بوە، بەدەر لەوەش شەوقدانەوەی ڕەنگەکانی تر لە ناو پانتای بەرتەسکی ڕەنگی ڕەشدا، بردنی جوانیە بۆ ئەو وێرانە و تراژیدیا مێژووی و وجودیەی هونەرمەند تێیدا ژیاوە، بەگشتی ڕەنگی ڕەش لەناو تابلۆکاندا بە ڕەنگەکانی تر گەمارۆ دراوە یا تیشکی ڕەنگەکانیتری بەرکەوتوە، و شوناسی تاریکی لەدەست داوە و بارگاویبوە بە ڕەنگەکانی دیکە، هەمووشتێک لەبەردەم هێرشی ستاتیکی ڕەنگدا شوناسی خۆی دۆڕاندەوە، لەهیچ پانتایەکدا ڕەنگی ڕەش ڕەنگێکی سەربەخۆ و زاڵ نیە، هەمیشە کۆمەڵێک ڕەنگی دیکە، دەستیان بەسەردا گرتوە و پەلکێشیان کردوەتە ناو جەبری ستاتیکای خۆیانەوە.
فۆرمی مرۆڤیش لەو ڕوخسارە شێواو حەپەساو و بریندارەی بە زمانی ئەدەب بەرجەستەی دەکات ڕزگاری بوە؛ فۆرمێکی تازەو شوناسێکی تازەی ستاتیکی وەرگرتوەو لەگەڵ تێڕامانی بۆ سروشتێکی بێگەرد، بوە بە بەشێکی ستاتیکی ناو سروشت و ئایدیاڵێکی نەمری ناو گەردوون.
لە کۆتاییدا دووبارە دەسخۆشی لەکاک عومەر دەکەم و هیوای بەردەوامی و کاری جوانتری بۆ دەخوازم.

نوسەر: عومەر سەرگەتی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish