Skip to Content

پیتێک لە دەروازەی چەند ڕێگەیەکی وانە وتنەوەدا… عەلی حەمەڕەشید

پیتێک لە دەروازەی چەند ڕێگەیەکی وانە وتنەوەدا… عەلی حەمەڕەشید

Closed
by كانونی دووه‌م 26, 2023 General, Literature



وانە وتنەوە هونەرە و پێویستی بە خۆ ئامادەکردن و پلان هەیە،هەروەها گۆڕینی ڕێگەی وانە وتنەوەش گرنگی خۆی هەیە و پێویستە مامۆستا بزانێت کام ڕێگە بۆ بابەت و ئەو منداڵانەی کە وانەیان پێدەڵێت زیاتر گونجاوە ئەوەیان بەکار بهێنێت.دەبێت ئەوەش بزانین کە وانە وتنەوە لە باخچەی منداڵان و قوتابخانەدا جیاوازییەکی زۆریان هەیە،لەباخچەدا زیاتر ڕاهێنانی منداڵە و یاری پشکی هەرە زۆری دەبێت لە وانەکەدا،چونکە منداڵ بەتایبەتی لە باخچەی منداڵاندا پێویستی بەیاریکردن زیاترە و بە یاری و جوڵەی پەروەردەیی حەزی زیاتری بۆ وانە و باخچەکە زیاد دەکات و ئەو وزە زیادەش کە هەیەتی خاڵی دەبێتەوە.(ژان بیاژێ) دەڵێت: ( منداڵ فێر مەکە، هەلی بۆ بڕەخسێنە) چونکە هەل ڕەخساندن بەشێکە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن،لەوێوە هەنگاوەکانی فێرکردنی منداڵ دەستپێدەکات،وەک پرۆسەیەکی درێژخایەنی بەردەوام،بۆیە تا هەل بۆ منداڵەکە نەڕەخسێنرێت ناتوانرێت پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنیش دەستپێبکەین….باخچەی منداڵان (پلەیەکە بۆ ئامادەکردن و گەشە پێدانی منداڵ کە لەوێوە بەرەو پلەی فێربوون یەکەم هەنگاوی سەرکەوتن دەنێت) هەروەها بەهرەو تواناکانی منداڵ بەهۆی ئەو چالاکییانەی کە لە باخچەدا بەشێوەی یاری ئەنجام دەدرێت گەشە دەکات و دەردەکەوێت.کەواتە باخچەی منداڵان هەرچەندە پرۆگرامی تایبەت بەخۆی هەیە بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین کە نابێت وەک قوتابخانە هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵاندا بکرێت و وانەکانیش گونجاو نییە وەک ئەو وانانە بێت کە مامۆستا لە قوتابخانە بە قوتابیانی دەڵێت.کەسەردانی باخچەکان دەکەیت بۆ بینینی هەر وانەیەک ئەو ڕاستییەمان زیاتر بۆ ڕوندەبێتەوە کاتێک کە ئەو مامۆستایەی لە باخچە وانە دەڵێتەوە شارەزایی تەواوی لە شێوازی وانە وتنەوە لە باخچەدا هەبێت ،خۆ ئەگەر دەرچووی کۆلێژی پەروەردە و بەشی باخچەی منداڵان بێت و حەزی زۆری بۆ ئەو کارەی هەبێت ئەوە بەدڵنیاییەوە سەرکەوتووە و بەو شێوەیە وانە دەڵێتەوە و هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵاندا دەکات کە باخچەی منداڵان دەیخوازێت.(پیتێک لە دەروازەی چەند ڕێگەیەکی وانە وتنەوەوە) ناونیشانی ئەو چالاکییە یاری ئامێز و سەرنجڕاکێشە بوو کە مامۆستایان لە (باخچەی منداڵانی دەروازە) ی حکومی بە سەرپەرشتی لیژنەکانی باخچە ناحکومییەکان و بە هاوکاری هاوڕێی ڕەخنەگر و کارگێڕی باخچەکە پێشکەش بە مامۆستایانی بابەتی شارەزایی و چالاکییەکانی سەرجەم باخچە ناحکومییەکانی سنوری بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کرا،پیتی(پ) بە سێ ڕێگەی جیاواز لە سێ وانەی جیاواز و لە سێ ژووری جیاواز و لەلایەن مامۆستای جیاواز پێشکەش کرا،یەکەمیان بەڕێگەی چیرۆک کە دوو مامۆستا دەیان وتەوە، هەموو ئەو پێداویستییانەیان ئامادەکرد بوو کە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا ناویان دەهات و بە شێوەیەکی جوان و نەرمونیان و بەجوڵەی پێویستەوە مامۆستا چیرۆکەکەی دەگێڕایەوە( پەردە و ملپێچ و پانکە و پرتەقاڵ و پەنیر و پشیلە و پاشا و پەری و پەیڕەو و ئەسپ و باپیرە و داپیرە…….هتد) ئەم وشانە بەکار هاتبوون و وێنەکانیشیان ئامادەکرابوون و مامۆستا لەگەڵ ناوهێنانی هەر یەکێکیاندا وێنەکەی بەرز دەکردەوە.پرسیار و چالاکی بۆ جوڵەی منداڵیش ئەنجام دەدرا و کە سەرنجت دەدا منداڵان بەپەرۆشەوە تامەزرۆی وانەکە بوون و ئاوێزانی ڕوداوەکانی نێو چیرۆکەکەی مامۆستا بووبوون و لەگەڵ کەسایەتییەکانی ناویدا دەهاتن و دەچوون و هەڵسوکەوتیان دەکرد کەئەمەش سەرکەوتنی مامۆستا لە وانەکەیدا دەسەلمێنێت. مامۆستا لەکاتی گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا هەموو وێنەی ئەو کەسایەتی و شتانەی کە ناویان لە چیرۆکەکەدا هاتبوو بەو چەترەدا هەڵواسیبوو کە بەدەستییەوە بوو لەکاتی گێڕانەوەیدا دەستی لێدەدان و نیشان منداڵانی دەدا،لەکۆتاییشادا مامۆستا کۆمەڵێک پرسیاری دەربارەی چیرۆکەکە ئاراستەی منداڵان کرد کە منداڵان بەخۆشییەوە وەڵامیان دەدایەوە و وەک هەڵسەنگاندنێکیش بۆ بابەتەکەی وابوو.
لە وانەیەکی تر و بەڕێگەی شانۆ دوو مامۆستای تر بەهەمان شێوە پێشتر ئامادەکاری تەواویان بۆ وانەکە کردبوو،بێجگە لە دانانی ئەو پێداویستییانەی کە وانەکە دەیخواست، یەکێک لە مامۆستاکان وەک داپیرە و بە جل و بەرگی تایبەتی کوردییەوە و وەک داپیرەیەکی سەلار و خان و مان بەخۆی و دارێکەوە کە کردبووی بەهێزی ئەژنۆی بۆ ڕۆیشتن دەردەکەوت.دوای ئامادەکردنی منداڵەکان بۆ وانەکە و پێشەکییەکی کەم دەرگاکەیان لە داپیرە کردەوە و هاتە ژوورەوە کە بەشێوەیەکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێش دەردەکەوت و قسەکانیشی هەر لەسەرەتاوە بەو وشانە دەستپێکرد کە پیتی(پ) ی تێدابوو( پاس، پەردە،پشت،پەنجەرە ،پەڵە هەور، ملپێچ، پرتەقاڵ،پەنیر، پشیلە و چەند وشەیەکی تر کە منداڵان بەپەرۆشەوە گوێیان لێگرتبوو و تەماشایان دەکرد.دواتر دانیشت و مامۆستاکەی تر بابەتەکەی تەواوکرد لێرەشدا بەهەمان شێوە وێنەی ئەو شتانەی کە داپیرە باسی کردن و پیتی(پ) ی تێدا بوو ئامادەیان کردبوو ..دواتر پرسیاریان لە منداڵەکان کرد و چالاکییشیان ناوە ناوە پێدەکردن تا بێزار نەبن و بەباشی گوێیان لێبگرن. لەناو سینییەکدا کە نیسکی سوری تێدابوو داوایان لە منداڵان دەکرد کە وێنەی پیتی(پ) دروست بکەن بەو شتە ورد و ڕەنگاوڕەنگانەی کە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەیان کردبوو، کە ئەمەش هەر یاری بوو،پاشان داوایان لێکردن کە بچنە سەر ئەو مێزانەی کە بۆیان ئامادەکردبوون و بەپێی ژمارەی منداڵەکانیش پێداویستییان دانابوون بەشێوەی گروپ تا بە کاغەز وێنەی ئەو پیتزایە دروست بکەن کەخۆیان حەزیان لێیەتی،لەسەر کاغەزێکی بازنەیی و وێنەی ئەو شتانەش دانرابوو کە بۆ دروستکردنی پیتزا پێویستن،وەک(پەنیر،زەیتون،گۆشت،قارچک،تەماتە و شتی تر)وانەکە هەر بەشێوەی یاری بەڕێوە چوو کە منداڵ حەزی پێدەکرد و هەریەکەشیان بووبوون بە بەشێک لەوانەکە کە ئەمەش هێمای سەرکەوتنی مامۆستا دەردەخات.هەروەها مامۆستایان خۆیان پیتزاشیان بۆ هێنابوون کە منداڵەکان بیخۆن..
لە وانەیەکی تردا بەڕێگەیەکی سەردەمی و جیاواز بەهۆی ئامێری (داتاشۆ)وە بۆ هەمان پیت(پ)، دوو مامۆستا گشت پێداویستییەکانی وانەکەیان ئامادەکردبوو کە بۆ وانەکە پێویست بوو ،سەرەتا یەکێک لەمامۆستاکان و ناساندنی خۆیان قسەی کرد و بە یارییەکی وەرزشی دەستی پێکرد و کە ئەمەش زیاتر وای لەمنداڵەکان دەکرد کە حەزیان زیاتر لەوانەکە بێت و ئەو وزە زیادەش کەتێیاندایە بەشێوەیەکی دروست و پەروەردەیی خاڵی ببێتەوە.ئیتر لەڕێگەی داتاشۆوە کۆمەڵێک وێنەیان نیشان منداڵان دا کە وشەکانیان پیتی(پ)یان تێدابوو لەهەمان کاتیشدا شتەکان نزیک بوون لە منداڵ و بەشێکیشیان لە ژینگەی باخچە و ژوورەکەدا هەبوون (پانکە،گڵۆپ، ملپێچ،پەردە……) هەندێک شتی تریش وەک (پشیلە،پڵنگ،پیتزا، پرتەقاڵ،پەنیر،…..) کە وێنەکانیشان بەتێکەڵی لەسەر مێزێک دانرابوون دوای نیشان دانیان بەداتاشۆ داوایان لە منداڵەکان دەکرد کە چییان بینیوە بێن وێنەکەی لێرەدا بدۆزنەوە کەوەک یارییەکی خۆشیش وابوو،هەم تەرکیزیشیان زیاتر بەهێز دەبوو،ئەوەی جێگەی سەرنج بوو کە جوانی زیاتری دەدا بە وانەکە ،مامۆستایان سەرەتا خۆیان منداڵێکیان هەستان بۆ دۆزینەوەی وێنەی یەکێک لەو شتانەی کە بینیویەتی دواتر بە منداڵەکەیان دەوت خۆت یەکێک بانگ بکە با ئەو شتێکی تر بدۆزێتەوە ،بەهەمان شێوە منداڵەکەی تریش هەمان ڕێگەی بەکار دەهێنا،چالاکی و هاندان لەوانەکەدا هەبوو تا منداڵان هەست بەبێزاری نەکەن و چێژی زیاتر لەوانە یاری ئامێزەکەیان وەربگرن . مامۆستایان بەپێی ژمارەی منداڵەکان قاپی ڕەنگ پرتەقاڵییان ئامادەکردبوو لە ناویدا بەشێوەی کون کون پیتی(پ) یان نووسیبوو،کۆمەڵێک شتی جیاواز و ڕەنگاوڕەنگیان ئامادەکردبوو،وەک قەسەبی بڕراو،کاغەزی ڕەنگاو ڕەنگ،گوڵی بچوک بچوک و شتی تر ،هەر منداڵە و قاپێکیان دانێ بۆ ئەوەی بەئارەزووی خۆیان حەز بەچ دەکەن لەوە پیتی (پ) لەناو قاپەکەدا پڕ بکەنەوە کە ئەمەش هەر وەک یاری وابوو.هەروەها سینییەکی بچوک پاقلاوەشیان هێنا و بە منداڵەکانیان وت کێ دەزانێت ئەم شیرینییە ناوی چییە و بە پیتی (پ) دەست پێبدەکات، هەندێک شتیان وت و یەکێک لە منداڵەکان وتی پاقلاوە، کە مامۆستا خۆی دروستی کردبوو.کە دواتر دابەشی دەکرد بەسەریاندا.
ئەوەی پێشکەش کرا بووە مایەی سەرنجی مامۆستایانی ئامادە بوو،سودی زۆریان لێوەرگرت ،لەڕاستیدا ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاکییانە پەرەی زیاتر بە پرۆسەی پەروەردە و دواتر فێرکردن دەدات و ئەوشمان بەڕوونی پێدەڵێت کە وانە وتنەوە لەباخچەدا هەر زۆر جیاوزترە لە وانە وتنەوە لە قوتابخانەدا و یاری و چالاکی زۆرتر پێویستە لەناو وانەکاندا ئەنجام بدرێت و ڕێگەی جیاوازیش بەکار بهێنرێت لە وتنەوەی وانەکاندا و لەهەمان کاتیشدا مامۆستا دەتوانێت سەلیقە و توانا و لێهاتوویی خۆیشی تێکەڵ چالاکی و هەنگاوەکانی وانەکە بکات تا تایبەتمەندی خۆیشی پێوە دیاربێت و سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات..مامۆستا و پەروەردەکار عەزیز ئالانی لەبابەتێکدا دەربارەی سودەکانی یاریکردنی منداڵ ڕوودەکاتە مامۆستایانی باخچەی منداڵان و قوتابخانە بنەڕەتییەکانیش و دەڵێت: (پێویستە یاری بەشە سەرەکییەکەی مانەوەی منداڵ بێت لە باخچە و قوتابخانە،تەنانەت دەبێت فێرکردنی پیت و ژمارەکانیش بۆ منداڵانی باخچەی منداڵان هەر لەڕێی یاری و شانۆگەری و ئەنیمەیشن و وەرزش و گۆرانی و وێنەکێشانەوە بێت،نەک وانە وتنەوەی پۆل و شێوازی کلاسیکی).چونکە لەڕێی یارییەوە منداڵ کۆمەڵێک سود وەردەگرێت ،وەک مامۆستا عەزیز ئالانی لە هەمان نوسیندا دەستنیشانی کردوون، گرنگترینیان(چێژ وەرگرتن و دڵخۆشی وبەهێزکردنی توانای هزری و بەکارهێنانی هەست و توانا شاراوەکان وفێربوونی هونەری نواندن و بەهێزکردنی جەستەو توانای جەستەیی و توانای مێشک و بیرکاری و کرانەوەی کۆمەڵایەتی وبەهێزکردنی توانای داهێنان و توانای چارەسەرکردنی کێشەکان…….)
لەکۆتاییدا دەستخۆشیمان بۆ هاوڕێی ڕەخنەگر و کارگێڕی و مامۆستایان و فەرمانبەرانی باخچەی منداڵانی دەروازەی حکومی بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی کە وانەکانیان پێشکەش کرد.هیوادارین کە مامۆستایانی ئامادەبووی باخچە ناحکومییەکانیش سودیان لەم چالاکییە وەرگرتبێت و بتوانن بەشێوەیەکی باش لە باخچەکانی خۆیاندا پەیڕەوی بکەن و بەکاری بهێنن. ئێمەش هەوڵدەدەین کە دەروازەی چالاکی لەم شێوەیە زیاتر بۆ هەمووان بکەینەوە و وەک خەمخۆر و دڵسۆزی بواری پەروەردە و فێرکردن خزمەتی خۆمان بکەین بە سەرجەم مامۆستایانی ئازیز.منیش وەک سەرپەرشتیار و شاعیرێک لەکاتی بینینی وانەکاندا ئەم چەند دێڕەم نوسی و لەکۆتاییدا لەگەڵ چەند ڕێنماییەک بۆ مامۆستایانم خوێندەوە:
ئەمـــڕۆ پیتێکی تـــازە….لە نێو باخچەی دەروازە
بە چیرۆک و بـــە شـــانۆ…جـــــارێکیش بەداتاشۆ
بوو بە هـــاوڕێی منداڵان…یەک یەک ئەوانی دەدوان
بەچــالاکی و هـــاندانی…یاری و جوڵە و گــــۆرانی
مامۆستاکـــان بەجوانی…زۆر بەنــــەرم و نیــــانی
ژوور بوو بە شاری یاری…هـەر خــــۆشی لێدەباری


١٣/١/٢٠٢٣

عەلی حەمەڕەشید
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

تێبینی:
بۆ ئەم نووسینە سودم لەمانە وەرگرتووە:
• نووسێنێکی مامۆستا عەزیز ئالانی کە لە فەیسبوکەکەی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە.
• گۆڤاری پەروەردە و زانست…ژمارە(٣)ساڵی (٢) بەهاری ١٩٧٢.
• پەروەردەی هونەر..بۆ باخچەی منداڵان…ڕێبەری مامۆستا…ئامادەکردنی مامۆستا خەلیل عەلی عەبدوڵا..

Previous
Next
Kurdish