Skip to Content

خوێندنەوەی چیرۆکی (چاکەکردن).. هۆشمەند حسێن

خوێندنەوەی چیرۆکی (چاکەکردن).. هۆشمەند حسێن

Closed
by ئاب 6, 2023 General, Literature



ئاشکرایە جیاوازییەکی بنچینەیی هەیە لە نێوان ئەو تێکستانەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارێکدا بڵاودەکرێتەوە، بە بەراورد بەو تێکستە ئەدەبییانەی لە ناو پرۆگرامی خوێندندا دادەنرێن، بەتایبەت ئەگەر ئەو تێکستە ژانری ئەدەبی منداڵان بێت.
لە سادەترین حاڵەتدا دەقی ناو بڵاوکراوەکان، دەقێکی خۆویستانەیە و خوێنەر ئارەزوومەندانە هەڵیدەبژێرێت بۆ خوێندنەوە، جیاوازە لەو چەشنە ئەدەبەی وەک پرۆگرامی خوێندن، دەخوێندرێت. بەمانایەکی تر خوێندنەوەی دەقی ناو کتێبی خوێندن، دەبێتە ئەرک و کۆششی قوتابی. زۆر گرنگە ئەو دەقانە، هەڵبژاردەی دەقێکی سەرکەوتووی بێ خەوش و سەرنج ڕاکێش و پەیامداربێت. لە کورترین پێناسەدا دەبێت ئەو دەقە ببێتە هاندەری خوێنەری منداڵ بۆ خوێندنەوەی زیاتر و چێژی خوێندنەوەیان لەلا دروست بکات. بمانەوێت و نەمانەوێت ئەو دەقانە بۆ چەند دەیەیەک لە نەستی قوتابیاندا دەمێنێتەوە.
لەناو کتێبەکانی خوێندنی خوێندکارانی ئەمساڵ (شیعر و چیرۆک)ی قۆناغی بنەڕەتی، گەلێک دەق و تێکستی لاواز بڵاوکراونەتەوە و لەم بەشەدا هەڵوێستە لەسەر چیرۆکێکی نووسراوی کتێبی (خوێندنی کوردی) پۆلی سێیەمی قۆناغی بنەڕەتی ـــ وەرزی دووەم ـــ دەکەم، کە بەناوی (چاکەکردن)ەوە لەلایەن (پەیام ئیبراهیم)ناوێکەوە نووسراوە.
زۆربەکورتی ئەوەی شارەزاییەکی سەرەتایی لە هونەری نووسینی چیرۆکی منداڵان دا هەبێت، دەزانێت کە چیرۆکی منداڵان وشەی زیادەی تیادا بەکارناهێنرێت، مەگەر ڕۆڵی ڕێنوێنیی و چێژ دروستکردن ببەخشێت.
چیرۆکنووسی (چاکەکردن) بەم جۆرەی نووسیووە: (کات وەرزی زستان بوو، بەفر دارستانەکەی داپۆشیبوو!)
سروشتی کوردستان بەو جۆرەیە هەر لە زستان دا بەفر ببارێت، نەک لە چلەی هاویندا! بە واتە وشەی کات زیادەیە. هەر لەو ڕستەیەدا هاتووە (بەفر دارستانەکەی داپۆشیبوو!)
خوێنەری منداڵ بۆی ئاشکرا دەبێت بەفرێکی یەکجار نائاسایی باریووە! ئەگینا چۆن دارستانێک دادەپۆشێت؟
مامۆستای وانەی کوردی ناچارە بۆ قوتابییە چاوگەشەکانی ڕوونبکاتەوە، بەلای کەمەوە ١٠ مەترێک بەفر باریووە، ئاخر بەرزی داری ناو دارستان لە ١٠ مەتر بەرزترە!
دواتر چیرۆکنووس دەنووسێت: (لەبەر سەرما و سۆڵ هیچ گیاندارێک بەدەرەوە نەبوو.) ئاشکرایە بەفرێکی چەندین مەتریی لەو چەشنە باریبێت، کەشی ڕووی زەوی ساردە و سەرمای لەگەڵ خۆی هێناوە، پێویست بەوە ناکات دووبارە بنووسرێت لەبەر سەرما و سۆڵ. ڕەنگە چیرۆکنووس لە خودی وشەی سۆڵ حاڵی نەبووبێت، سۆڵ یان سۆڵە بە واتای زوقم دێت، کەواتە ئەو بەفرەی دایکردووە، وەک خۆی نەماوەتەوە و بۆتە شەختە. جگە لەوەی جارێکیتر وشەی سۆڵ بەکاردەهێنێتەوە!
(جگە لە سمۆرەی گوێقیت نەبێت، لەگەڵ دوو بێچووەکەیدا دەسوڕانەوە، بەفر لانەکەیانی داپۆشیبوو. بۆیە نەیاندەزانی چی بکەن و ڕووبکەنە کوێ!)


سمۆرەی گوێ قیت و دوو بێچوەکەی؟! بێگومان چیرۆکنووس زانیاری لەسەر سمۆرە نییە. جگە لەوەی ٢٥٠ جۆر سمۆرە هەیە، هەر سمۆرەیەکی مێیە بە سکێک ٣ تا ٧ بەچکەی دەبێت و زۆرینەیان ٥ بێچووی دەبێت، کەس نازانێت بە چ ئافاتێک دوو دانەی بۆ ماوەتەوە؟! ئەگەر چیرۆکنووس کەمێک بەدواداچوونی بکردایە، دەیزانی وەرزی زاوزێی سمۆرە دەکەوێتە بەهار و سەرەتای هاوینەوە و بێچووی سمۆرە تەنها ٨ هەفتە لە لانەی دایکیدا دەمێنێتەوە، بە واتە سمۆرەکان لە وەرزی زستان دا قۆناغی بێچوویی بەجێدەهێڵن. ڕەوایە بگوترێت: چیرۆکنووس زانیاری لەسەر کارەکتەرەکانی خۆی نییە! لەوەش سەیرتر بۆ وەسفی سمۆرەکە، کە سەرنجی خوێنەری منداڵ ڕابکێشێت.. نووسیووییەتی: (سمۆرەی گوێ قیت!) پێدەچێت چیرۆکنووس، شیعرە بەناوبانگەکەی مامۆستا “فەرەیدون عەلی ئەمین”ی نەبینیبێت، کە ناوی (سمۆرە)یە؟! (سمۆرە کلکی زەردە، چاوی جوان و بێگەردە … گوێی قوتە و پشتی بۆرە، وریایە و فێڵی زۆرە)
دەپرسم سمۆرە گوێی قیتە یان قوتە؟ ڕەنگە بەلای چیرۆکنووسەوە جیاوازی لە نێوان وشەی قیت و وشەی قوت دا نەبێت! وێناکردنەکەی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، دروستە. گوێیەکانی سمۆرە قوتن.
چیرۆکنووس نووسیووییەتی (بەفر لانەکەی داپۆشیبوو!). ئەی لە سەرەتای چیرۆکەکەوە نەمانزانی بەفرێکی نائاسایی باریووە؟ خۆ ماڵی سمۆرە لە سەرووی هەورەکانەوە نەبووە، بەفر نەیگرێتەوە!
ئەوەی بۆ ئێمە نەزانراوە، نازانیین بەدرێژایی وادەی بارینی بەفرەکە، سمۆرە و دوو بێچووەکەی لە کوێ بوون؟ مەگەر بەفر بەتەنها لانەی سمۆرە و دوو بێچووەکەی داپۆشیبوو؟ یان خودا غەزەبی لێ گرتوون؟ چیرۆکنووسی چاکەکردن هۆکاری دوورکەوتنەوە و دابڕانی سمۆرەی دایک و دوو بێچووەکەی بەدەرنەخستووە. ئەوەی لە خوێندنەوەی ئەو دوو ڕستەیە حاڵی بووین: بەفر لانەکەی داپۆشیبوو! ئەی گیاندارەکانی دیکە؟ یان دارستانێکی بێ گیاندارانە و تاپۆیە لەسەر سمۆرەی گوێ قوت و کەروێشکێک!
چیرۆکنووس دەنووسێت: (بۆیە نەیاندەزانی چی بکەن و ڕووبکەنە کوێ) وشەی (بۆیە) مانای چییە؟ چیرۆکنووس خەمی ئەوەی نییە منداڵی خوێنەری ئەو چیرۆکەی پۆلی سێیەم، وشەی (بۆیە) بە بۆیەی نینۆک لێک بدەنەوە؟! (دایکە سمۆرە پێیانی گوت)! بەڕاست ڕستەسازی چیرۆکی منداڵان بەو جۆرەیە؟
(ڕۆڵەکانم ئارام بگرن ئەم سەرما و سۆڵە دەڕەوێتەوە و ئێمەش بە ماڵەکەی خۆمان شاد دەبینەوە و وەرن بۆ ئەوەی سەرمامان نەبێت باوەش بەیەکدا بکەین و لەسەر ئەم تەپۆڵکەیە دابنیشین)
ئەوەی ئێمە لەو دوو ڕستەیەدا بەریکەوتین، هیچ ناجۆرییەک بە بێچووە سمۆرەکانەوە نابینرێت، تا دایکە سمۆرە داوایان لێ بکات ئارام بگرن. وەک دەیبینین بێچووە سمۆرەکان جوڵەیەکیان نییە، هەتا هەست بە بارودۆخی بێچووە سمۆرەکان بکرێت!
پاشتر حیکمەتی سمۆرەی دایک، زادەی بیرکردنەوەی چیرۆکنووس، دەڵێت: (تا ئەم سەرما و سۆڵە دەڕەوێتەوە! باوەش بە یەکدا بکەین) لە چیرۆکنووس دەپرسم بەفرێکی لەو چەشنەی وەک بەفربارینی ناو ئەو چیرۆکە، چەند ڕۆژ و مانگی دەوێت تا دەتوێتەوە؟ نەخوازەلا تا سەرما دەڕەوێتەوە؟! ئەی دەکرێت بۆ وادەیەکی هێندە درێژخایەن باوەش بەیەکتریدا بکەن؟ بڵێیت چیرۆکنووس ویستبێتی سمۆرەی دایک وەک گەمژەترین مەخلوق بناسێنێت؟ یان خوێنەری منداڵ هاندەدات هەر شتێک ڕوویدا بەلاتانەوە ئاسایی بێت و لێی دابنیشن هەتا خوا دەرووی بەڕەحمەتمان لێ دەکاتەوە؟ مامۆستای وانە دەتوانێت چ گریمانەیەکی ئەندێشەیی بکاتە وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەو قوتابییە زیتەڵەی کە لێی پرسی: ئەوە چۆن دایکێکە هەتا بەفر دەتوێتەوە و سەرما دەڕەوێتەوە، باوەشبەیەکتریدا بکەن و لێی دابنیشن؟ دەزانم باوەشی دایک گەورەترە لە منداڵ، چەندێ دەمویست ئەو باوەشپێکردنە بێنمە بەرچاوم، وەک کارێکی کاریکاتێری دەهاتە بەرچاوم. لەوەش سەیرتر دایکە سمۆرە ئەڵێت (با لەسەر ئەم تەپۆڵکەیە دابنیشین!)
ئەی چیرۆکنووس لەسەرەتاوە نەیووتووە: (بەفر دارستانەکەی داپۆشیبوو؟!) ئەی ئەم تەپۆڵکەیە لە کوێیە؟ لە دەرەوەی دارستانە یان ئەو تەپۆڵکەیە سیحراوییە و بەفر نایگرێتەوە؟ لە لێکدانەوەی وشەکاندا بەرانبەر وشەی تەپۆڵکە نووسراوە: گردۆڵکە.
لە دارستاندا گردۆڵکەیەک هەیە هێندەی دارەکان بەرز بێت؟ ئەگەر ڕەوابێت لە دارستانەکەی خەیاڵی چیرۆکنووسدا ئەو تەپۆڵکەیەش هەبێت، تەپۆڵکەیەکی ئارامە! لە بەختی سمۆرە و بێچوەکانی دارستان بەتەنها بێشە و جەنگەڵی سمۆرە و کەروێشکە و ئارامی بەرقەرارە و هەرچی گیاندار و پەلەوەری گۆشتخۆرە، لە لانە و هێلانەکەیان نایەنە دەرێ. چیرۆکنووس بۆ ئەوەی لەو غایلەیە ڕزگارمان بکات دەنوسێت: (لە ناکاو کەروێشکە خرپن لە لانەکەیەوە سەری دەرهێنا و وتی: ئۆی بەم سەرمایە لێرە چی دەکەن؟)
ئەرێ لانەی کەروێشک بەسەر دارەوەیە یان لەژێر زەوی دایە؟ مەگەر بەفر دارستانەکەی دانەپۆشیووە؟ ئەوان بەسەر تەپۆڵکەوە نەبوون؟ چش لەوەی کەروێشکیش وتی: (بەم سەرمایە چی دەکەن لێرە؟) چواربارە ئاماژەی دایەوە بە سەرما!
دایکە سمۆرە بەدەنگێکی نوساو و کزەوە (وای بە حاڵی بێچووەکانی) وتی: (لانەکەم و گوێزەکانم بوون بەژێر بەفرەوە و دیار نیین.)
دەکرێت لە ڕەهەندێکی دیکەوە بڵێین.. دایک ڕۆڵی خاوەندارێتی تایبەت دەبینێت! ئەوەنییە دەڵێت: گوێزەکانم! ناڵێت: گوێزەکانمان. دەڵێت: لانەکەم، نەیووت: لانەکەمان! بێچووە سمۆرەکان لە ڕوانینی هاوكێشەی ئەرک و مافەوە، بێبەشن و لە دەرەوەی بازنەن!
ئەوەی جێگەی تێڕامانە لانەی کەروێشک لەژێر خاکدایە و لانەی سمۆرە لەناو دارەکاندایە، جگە لە جیاوازی بەرزی شوێن، (کەروێشکەکە وتی: کەواتە فەرموون وەرنە ژوورەوە بۆ لانە گەرمەکەی من.)
گرنگ نییە بە چ ئامرازێک خۆیان گەرم کردەوە! (ئاخر منداڵ پرسیاری هەیە لەسەر هەموو شتێک.) بەڵام دوای خۆگەرمکردنەوەکەیان، سمۆرەکان کەوتنە سوپاس کردن. بەڵێ.. دوای خۆ گەرمکردنەوە کەوتنە سوپاسکردنی خاتوو کەروێشک، نەک لە ماریفەت و خوڵقی پێشینەی کەروێشکەکە. دواتر کەروێشکی خەپەی تاک و تەنیا لەو خواردنەی بۆی دانابوون تێریان خوارد. ئەگەر بارودۆخی سەرمایەکی لەو جۆرە لەبەرچاو نەگرین، کەم تا زۆرێک خۆراکی سمۆرە و کەروێشک جیاوازن.
(بەو شێوەیە تا بەفرەکە توایەوە لە لانەی کەروێشکەکەدا مانەوە و ڕۆژەکانیان بە خۆشی و یاریکردن بەسەردەبرد.)
کەواتە چیرۆکنووس نەیتوانیووە خۆی لە وادەی توانەوەی بەفرەکە بدزێتەوە و بە چەندین ڕۆژی دیارینەکراو دەستنیشانی کردووە. بەڵام ئەو ڕۆژانە دەبنە خێر و بەرەکەت و بەخۆشی و یاریکردن لە ماڵی خاتوو کەروێشک بەسەر دەبەن. جگە لەوەی چیرۆکنووس پێمانناڵێت بۆ کەروێشکەکە تەنیایە، پێدەچێت جیاوازی نێوان خەسڵەتی کەروێشکی کێوی و کەروێشکی ماڵییش نەزانێت. ئەو کەروێشکەی لە ناو دارستانەکاندا دەژین بە کەروێشکی کێوی پۆڵین دەکرێت و وەک چیرۆکنووس ئاماژەی پێداوە خەپان نیین! کەروێشکیش یەکێکە لەو گیاندارانەی بەتەنها ناژین!
دەبێت چیرۆکنووس و ئەندامانی لیژنەی هەڵبژاردنی ئەو چیرۆکە لەو ڕێسا سادەیە ئاگاداربن، خوێنەری ئەو قۆناغە هەموو کارەکتەرێکی ناو چیرۆکەکان چ گیانداربێت یان بێ گیان، وەک واقع تەماشای دەکەن و بە خەیاڵێکی ئەدەبی چیرۆکنووسی نازانن.
دواجار دەپرسم: ئەو چیرۆکە چ پەیامێکی بە خوێندکاری ئەو قۆناغە بەخشی؟ بە کام پێودانگ ئەو چیرۆکە لاوازە خراوەتە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە؟

هۆشمەند حسێن

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish