Skip to Content

فەلسەفەی ئەخلاق.. ئاراس سەعید

فەلسەفەی ئەخلاق.. ئاراس سەعید

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 3, 2023 General, Opinion, Slider

“پێشەکی”

فەلسەفەی ئەخلاق بابەتێکی ئاڵۆزە، بۆیە هێندە ساکار نیە بتوانین بە چەند گوزارەیەک پێناسەی چەمکی ئەخلاق بکەین. وەکو “سوکرات” دەڵێت: (ئێمە لە بارەی بابەتێکی بچوکەوە گفتووگۆ ناکەین، بەڵکو سەرقاڵی گفتوگۆ کردنین دەربارەی ئەوەی کە دەبێت چۆن بژین؟) پرسی فەلسەفەی ئەخلاق پرسێکی ینێنڤێرسالە و لە مێژووی هزری مرۆڤدا، مشتومڕی فەلسەفی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕوانگە و تێڕوانینی بیرمەندان و فەیلەسووفان جیاوازە لە مەڕ ئەمپرسەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتەرانەی کە پەیوەستن بە بابەتی فەلسەفەی ئەخلاقەوە، چونکە لە بنەڕەتدا فەلسەفەی ئەخلاق بابەتێکی فرە ڕەهەندە و پانتاییەکی زۆر داگیردەکات لە مێژووی هزری مرۆڤدا. بۆیە ئاڵۆزە پێناسەیەکی ڕەها و سەرتاپاگیر بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بکەین، بەڵام لەڕێگەی کۆکردنەوە و ئاوێتەکردنی خاڵە کۆکەکانی قوتابخانەکانی “فەلسەفەی ئەخلاق”ەوە، دەتوانین، بە دەربڕینێکی لۆژێکیانە، پێناسەیەکی کامڵ بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بکەین، بە مەدلوولە یونێنڤێرسالییەکەی.

سەرەتا بابزانین فەلسەفەی ئەخلاق چیە؟ چونکە (فەلسەفەی ئەخلاق) گرێیەکی ناوی لێکدراوە و لە بنەڕەتدا، لە دوو ناوی واتادار پێکهاتووە، کە ماهیەت و ناوەڕۆکی تایبەتیان هەیە. بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکەمان پێویستە هەردوو تێرمەکە بناسێنین. یەکەم: (فەلسەفە: هونەری پرسیارکردنە. گەڕانە بەدوای ئەو پرسیارە ئەقڵانیانەی کە بە “چی و چۆن و بۆچی” دەستپێدەکات، لەڕێگەی پێشکەشکردنی ئارگۆمێنێتی کامڵەوە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی ئەقڵانی). دووەم:(مۆڕاڵ: بریتیە لەو نۆڕم و ڕێساو یاسایانەی بەسەر کردەکانی مرۆڤدا سەپێراون، کە دەشێت درووست بن، یان نادروست بن.)

وشەی “فەلسەفەی ئەخلاق” وشەیەکی لێکدراوە و لقێکی سەربەخۆیە، لە لقەکانی فەلسەفە. کاتێک فەلسەفە دەبێتە “دیارخەر”ی ناوێک. ئەوا کاری فەلسەفە پرسیارکردنە لە “دیارخراو”ەکەی. ئەگەر “ئەخلاق” ئەو نۆڕم و یاسا و ڕێسایانەبن کە بەسەر کردەکانی مرۆڤدا سەپێنراون، ئەوا فەلسەفەی ئەخلاق دەپرسێت بۆچی دەبێت من مامەڵەکانم ئەخلاقی بن؟ یان لەو بڕیاڕانە دەکۆڵێتەوەو دەپرسێت بۆچی فڵان مامەڵە نادروستەو فڵان مامەڵە دروستە.

“ئەخلاق چیە؟”

لە زمانی ئینگلیزیدا کەڵک لە تێرمی “moral _ ethics” وەردەگرن. چەمکی ئەخلاق بەهۆی دینامیکیەتی فرەڕەهەندی لە بەکارهێنانیدا، گرفتی لەبەردەم تێگەشتنمان درووستکردووە. ئەمەش پەیوەندی بە نەزانینمانەوە نیە، بەڵکو چەمکەکە خۆی لە خۆیدا فرەڕەهەندە و بەهۆی ئەوەی خودی زارەوەکە لەزمانی عەرەبییەوە هاتۆتە نێو فەرهەنگی کوردییەوە، دژواری و ناڕوونی درووستکردووە. لێ بەهۆی دەوڵەمەندی فەرهەنگی کوردییەوە دەتوانین کەڵک لە هەردوو تێرمەکە وەربگرین و بینایی تێگەشتنی خۆمان فراوانبکەین. بەبێ شیکردنەوە و وەرگێڕانی چەمکی “مۆڕاڵ و ئیتیک” ئەستمە لە بابەتەکانی فەلسەفەی ئەخلاق تێبگەین. “مۆڕاڵ” لە زمانی کوردیدا بەرانبەرە بە وشەی “ئاکار”. کە لە بابەتەکانی “فەلسەفەی ئاکار” دەکۆڵێتەوە، بە “میتا ئاکار” یان “ئاکاری شیکاری” ناودێرکراوە. وەکو ڕیساو تیۆرییە ئاکارییەکان و لێکدانەوەی بنەماکانی ئاکار و …هتد. بەڵام ڕەگی چەمکی “ئیتیک” وشەیەکی گریکیە و دەگەڕێتەوە بۆ وشەی “ئیتۆس”کە لەزمانی کوردیدا، بەواتای “ڕەوشت”دێت. ڕەوشت بابەتێکی خودییە و پەیوەستە بە هەڵوێست و بڕیارەکانی تاکەوە. لە بەشی داهاتوودا بەچڕی لەسەر ئەم چەمکە دەوەستین. بەگشتی لەم وتارەدا، لەبارەی فەلسەفەی “مۆڕاڵ-ئەخلاق “دەدوێن لە ڕێگەی شیکردنەوەی پێناسەی ئەخلاق و تیۆریا و ڕێباز و قوتابخانە جیاوازەکانی فەلسەفەی ئەخلاقەوە.

وەکو لە پێشەکیدا ئاماژەمان پێدا کە فەلسەفەی ئەخلاق، بابەتێکی ئەبستراکتی ئاڵۆزە و هێندە ساکار نیە بتوانین بە چەند گوزارەیەک پێناسەی چەمکی ئەخلاق بکەین، بەڵکو لە ڕێگەی پێناسە و بۆچوونە فەلسەفییەکانی فەیلەسووفەکانەوە، لەبارەی فەلسەفەی ئاکارەوە دەدوێن. دیدگای فەیلەسووفان بۆ پرسی ئەخلاق جیاوازە، ئەمەش هۆکارێک بوو لێکدژی لە نێوان بیروبۆچوونەکانیان درووستبوو. بەپێی ئەو قۆناغانەی بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤدا تێپەڕیون، مرۆڤ هزری خۆی ڕزگارکردووە لە کۆت و بەندە ئایینی و ئایدۆلۆژییەکان و توانیویەتی لە ڕێگەی درککردنی ئەقڵانییەوە دیاردەکان تەتەڵەبکات. بۆنمونە فەیلەسووفان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، پرسی ئەخلاقیان وابەستە دەکرد بە باوەڕهێنان بەخوداوە. وەکو “جۆرج بێرکلی” لە دیالۆگی سێیەمدا، “هیلیاس” ڕووی گوفتاری کردۆتە “فیلۆنۆس” کە بێرکلی خۆیەتی و پێی دەڵێت (باشە تۆ نازانیت ئەگەر خودا بکەی بە داهێنەری هەموو قەوما و ڕووداوەکانی سروشت هەر خودا خۆی دەکەیت، بە داهێنەری کووشتن و کوفر و بەدکاری و بێ باوەڕی و گوناهـ و تاوانی نابەجێ).

بۆ قسەکردن لەسەر فەلسەفەی ئەخلاق پێویستە بگەڕێنەوە بۆ فەلسەفەی کلاسیک. “سوکرات” یەکەمین فەیلەسووفە لە مێژووی هزری مرۆڤدا چەمکی ئەخلاقی بە شێوازێکی زانستی شیکردەوە. یۆنانییەکان پێشەنگن لە پەرەپێدان بە توانا زەیینیەکانی مرۆڤ. یەکێک لە گرنگترین و درەوشاوەترین ئەو دەستکەوتانەی شارستانیەتی یۆنانی کۆن دای هێناو بە مرۆڤایەتی بەخشی، بریتیە لە بایەخدان و دۆزینەوەی بنەمایەک بۆ ڕێزگرتن لە تاکەکەس.

“فەلسەفەی ئەخلاق و ڕێبازەکانی”

ئەگەر لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی فەلسەفە ڕابمێنین؛ ئەوە بەدی دەکەین کە پرسی ئەخلاق مایەی گرنگی پێدان و تێڕامان بووە لەلایەن فەیلەسووفانەوە. ئەگەر بمانەوێت لەسەر تەواوی ئەو بیروبۆچوونانە ڕابوەستین، ڕەنگە لە زنجیرە کتێبێکیشدا نەتوانین مافی تەواوی پێبدەین. ئەم نووسینەی بەردەستان بەکورتی لەسەر گرنگترین قوتابخانە و ڕێبازەکانی فەلسەفەی ئەخلاق دەدوێت.

  1. ئەخلاقی سوکراتی.

ئەوەی بۆ ئێمە تا ڕادەیەکی باش ڕوونە ئەو دۆزەی هزری “سوکرات” ی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو دۆزی ئەخلاق بوو. فەیلەسووفانی پێش “سوکرات” لە بابەتە سروشتیەکانی وەکو ماددەیی سەرەتایی و ئەستێرەناسی و ..هتد کۆڵیوەتەوە، بەڵام سوکرات لە دیالۆگی بەرگریکردن دەڵێت: (من چیم داوە لە بیرکردنەوە سەبارەت بەشتە سروشتییەکان). سوکرات زانست بە شتێکی بێ بەرهەم نازانێت، بەڵکو گرنگی بەفێربوون و گەڕان بەدوای زانست دەدات. ئەو چەمکی “ئەخلاقی”ی وەکو بابەتێکی ئیپستمۆلۆژی بەکارهێناوە”، ئەگەر چی شانبەشانی “سوکرات”سۆفستاییەکانی یۆنانیش دەربارەی ئەم چەمکە دواون، بەڵام یەکەمین فەیلەسووف “سوکراتە” تیۆرییەکی ئیپستمۆلۆژی ئاوێتەی ئەم چەمکە دەکات. سوکرات دەڵێت: (کاتێک مرۆڤێک کردەیەکی هەڵە ئەنجام دەدات، نەزانە، چونکە زانیاری پێشینەی دەربارەی کردەکەی نیە).

لێرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە لەدیدی سوکراتەوە ئاوەز سەنتەری بیرکردنەوە و کردە ئاکارییەکانی مرۆڤە. تێڕوانینی سوکرات دەربارەی مۆڕاڵ، بریتییە لە دۆزینەوەی ڕاستی و چاکە لەڕێگەی لۆگۆسەوە. ئەو دەڵێت (هیچ کەسێک بە قەستی و لە ئەنجامی هۆشیارییەوە تووشی گوناهـ نایه‌ت، هەر بۆیە تەنها هۆشیاری دەتوانێت مرۆڤ بگەیەنێت بە فەزیڵەتێکی تەواو). ئەم جۆرە میتۆدە بە ئیتیکی ڕاشیۆنالیست (ئاوەزگەرایی)ناسراوە. لەدیدی سوکراتەوە تاکە مۆتیڤ و ئەنگیزە ئاکارییەکان مرۆڤ ئاوەزە، چونکە ئەو پێی وایە چاکە زانینە. لەمێژووی فەلسەفەدا دوو شێوە تێڕوانین بەرانبەر ئەقڵانیەت هەبووە، ئەویش (میتۆدی دانپیانان و میتۆدی ڕەخنەگرانە)یە. لە وتە بەناوبانگەکەی سوکراتدا، بۆمان دەردەکەوێت کە میتۆدێکی ڕەخنەگرانەی پەیڕەوکردووە کە دەڵێت: (ژیانێک تاقینەکرابێتەوە، بە مانایی ژیان نایات). تاقیکردنەوە، واتا ڕەخنەکردن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو شتانەی زانینێکی ساختەمان لە بارەیەوە هەیە. “سوکرات” یەکەمین فەیلەسووفە لەڕێگەی ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوەی پرسە چەقبەستووەکانەوە هەنگاو دەنێت بۆ گەشەکردنی زانستی و ئاشکراکردنی فاکتەکان.

“کاڕڵ پۆپەر” پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوەو دەڵێت: (کاتێک ئێمە دەزانین هەڵە و کەموکورتی تیۆرییەکەمان لە کوێدایە، هەنگاوێک لە زانین نزیک دەبینەوە). لەدیدی ئەوەوە ئەگەر بمانەوێت گرفتە ئاکارییەکانمان چارەسەر بکەین، پێویستە سەرچاوەکانی زانینمان زیاد بکەین. “سوکرات” پێی وایە هوشیاری و زانین خۆی لە خۆیدا فەزیڵەتەو گوناهـ و تاوان زادەی جەهل و نەزانین. ئەقڵ (ئاوەز) ڕێنوینکەرە بەرەو چاکە.

“ڕەخنە لە ئەخلاقی سوکراتی”

ئایا ئەخلاقی ڕاشیۆنالیست(سوکراتی) لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانییەت و تێفرکردن وتێڕوانینی مرۆڤدا، شانبەشانی فەلسەفەی مۆدێرن و زانستی نوێ، چۆن خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. ئایا دروستە ئەقڵ پاڵنەر و سەرچاوەی کردە ئەخلاقیەکانی مرۆڤە، وەکو هادیگەر دەڵێت: (شوانێک لەناوەوەی مندایە ڕێنمونیم دەکات)، ئایا ئەو شوانە هەمیشە بە ئاگایە و ڕێنمونییەکانی تەواو و دروستە. زانستی مۆدێرن و دەرکەوتنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی دەوونشیکاری کە “سیگمۆند فرۆید” بەدامەزرێنەری قوتابخانەی دەروونشیکاری دادەنێرێت، پێی وایە، ئەقڵی مرۆڤ بەردەوام لە ژێر کۆت و بەندەکاندایە. ئەقڵ دیلی کۆمەڵێک کۆت و بەندە. “سوکرات” زانیاری دەربارەی ئەقڵی نائاگایی و ئەنگێزە و مۆتیڤە دەروونیەکانی مرۆڤ نەبووە، بۆیە دەکەوێتە ئەو هەڵەیەوە. چونکە ئاوەزی مرۆڤ هەمووکات چالاکانە لەدۆخی ئاگایدا نیە، بەڵکو لەژێر کاریگەری غەریزە بایەلۆژی و مۆتیڤە دەروونیەکاندا کردە دەنوێنێت. مرۆڤ کاتێک ژیان و ڕەگەزی دەکەوێتە ژێر مەترسی لەناو چوونەوە، زانیاری دەربارەی چەمکی باشە هەیە، بەڵام لەژێر کاریگەری مۆتیڤە دەروونیەکاندا هەڵەی ئاکاری دەکات با نمونەیەک بهێنینەوە.

بۆ نمونە، پزیشکێک پسۆڕی بواری هەناوییە، کەچی جگەرە دەکێشیت. ئەو دەزانێت جگەرە کێشان زیان بە سییەکانی دەگەیەنێت، زیان گەیاندن بەخود، مامەڵەیەکی ناردوستە، کەچی جگەرە دەکێشێت. سوکرات دەڵێت: (هیچ کەسێک لە ئەنجامی هۆشیارییەوە تووشی هەڵە نابێت) بەڵام پزیشکەکە هۆشیارە، کەچی جگەرە دەکێشیت. زۆرێک لە فەیلەسووفان و بیرمەندان ڕەخنە لە ئەخلاقی “سوکراتی” دەگرن. بەڵام ئەمە بەواتایی ئەوە نایات، بۆ چوونەکانی “سوکرات” هیچ گرنگییەکی نیە.

  1. ئەخلاقی خودی subjectivism in ethics

“دەیڤد هیۆم” فەیلەسووفی ئینگلیزی بە دامەزرێنەری ئەم ڕێچکەیە دادەنرێت، لە فەلسەفەی ئەخلاقدا. هیۆم دەڵێت: (هەر کردەوەیەکی تاوانکاری وەربگریت، لە هەموو ڕوویەکەوە لێی بکۆڵەوە پاشان بزانە دەتوانێت فاکتێک یان توخمێک دیاری بکەیت لە جەوهەری ئەو خراپەکارییە، بۆ نمونە تۆ هەرگیز ناتوانێت ئەو توخمە دیاری بکەیت، هەتاوەکو ئاراستەی لیکۆڵینەوەکە ڕووبەرووی خۆت نەکەیتەوە). ئەو پێداگری لەوە دەکات، کە ئەگەر ئێمە بەوردی سەرەنج لە هەر بەدکارییەک بدەین، کاتێک دەتوانین لە جەوهەری ئەو بەدکارییە تێبگەین، کە تاوانەکەمان ڕووبەڕووی خۆمان کردەوە. بۆ نمونە، کاتێک لەڕێگەی مامەڵەیەکەوە کەسێک بریندار دەکەین. جا ئەگەر مامەڵەکە تووندووتیژی “سیمبولی”بێت، واتا تووندوتیژەی لە ڕێگەی زمانەوە وەکو جوێن، سوکایەتی. یان تووندووتیژی لە ڕێگەی هێزەوە. ئێمە ناتوانین لە جەوهەری ئەو خراپەکارییە تێبگەین، تا هەمان کردەوە ڕووبەڕووی خۆمان نەکەینەوە.

بەبڕوای “هیۆم” لە ئەخلاقی خودیدا، مرۆڤ لەڕێگەی هەست و سۆزەوە درک بە جەوهەری بابەتیانەی بەها ئاکارییەکان دەکات، ئەمەش پێچەوانەی بۆ چوونەکانی پێش خۆیەتی کە پێیان وایە ئەقڵ سەنتەری کردەکانی مرۆڤەوە و، لەڕێگەی هۆشیاری و زانینەوە درک بە بەها ئەخلاقییەکان دەکات. هیۆم فەیلەسووفێکی ئەزموونگەرابوو، بە بڕوای ئەزموونگەراکان (زەینی مرۆڤ کاغەزێکی سپییە و لەڕێگەی ئەزموونکردنەوە درک بە جیهانی دەورووبەر دەکات. بۆیە پێی وایە مرۆ لەڕێگەی هەستەکانییەوە درک بە بەها ئەخلاقییەکان دەکات.) کاتێک پرسی ئەخلاق دێتە پێشەوە، مرۆڤ ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێت ئایا دەکرێت بنەماکانی ئەخلاق سەرچاوەی ئەقڵ-ئاوەز بن؟ وەکو ئەوەی لە فەلسەفەی ئەخلاقی سوکراتدا بەدیمانکردن، کە دۆزینەوەی بنەما ئەخلاقییەکان و فاکتەر و پاڵنەری دەسەڵاتدار بەسەر کردەی ئەخلاقییەوە ئەقڵە. “دەیڤد هیۆم” سەر بەڕێچکەی ئەزموونگەرایی-ئیمپریە بەو پەڕی پێداگرییەوە ڕێبازی ئەقڵانی دەخاتە لاوە. کە باسی ئەخلاق کرا ئەو پرسیارە دەکرێت کە چاکەکاری چیە و چۆن لە بەدکاری جیا دەکرێتەوە؟ کامە فاکتەر دەبێتە مایەی پەسەندکردنی کردارێک و نا پەسەندکردنی کردارێک.

هیۆم پەیڕەوی لە ڕێبازی ئەزموونی دەکات و پێ وایە هەست و سۆز سەرچاوە و بنج و بنوانی بنەماکانی ئاکارە. ئەو دەڵێت: (هەندێک لە فەیلەسووفان بەو پەڕی دڵگەرمییەوە ئەو دید و سەرەنجەیان بڵاوکردۆتەوە گوایە پرسی ئەخلاق، پرسێکی ئەقڵانییە. ئەگەر چی هیچ کەسێک لە سەلماندنی ئەوەدا هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هەنگاوی نەنانەوە). ئەو پێی وایە هەست و سۆز درک بە بنەماکانی ئەخلاق دەکات، بۆ نمونە (سۆز و هەست لە ناخی مرۆدا هەڵدەقووڵێن و لە بەرانبەر چاکەکاریدا هەست بە چێژ و خۆشی دەکەن، لە بەرانبەر بەدکاریشدا بێزار و دڵتەنگ دەبێت).

3- ئەخلاقی کەڵکگەرایی.

ئەم ڕێبازە لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی لیبڕاڵیزم سەری هەڵدا، لە ئێستاشدا لێبڕاڵیزمی نوێ و سیستەمی سەرمایەداری ئەم ڕوانگەیە لە ژیانی کرداری خۆیان پڕاکتیزە دەکەن، لەڕوانگەی ئەمانەوە لێکۆڵینەوەکان لە کردەکانی مرۆڤ لە خودی سەبجێکت و کارەکە نیە، بەڵکو تێڕوانینە لە ئەنجامی کارەکە ئایا باشە یان خراپ، دەستکەوتی زیاترە یان زیان، وەکو نوێژکردن لە پێناوی ڕازکردنی خودا لە خۆت و بەدەستهێنانی بەهەشت، یان لەناوبردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بەبیانوی تێکدانی ژیانی زۆرینەوە. فەیلەسووفی لیبڕالیست “جۆن سیتوارت میل” و “جێرمی بێنسام” بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە دادەنرێت. میل تیۆری کەڵکگەرایی بەم شێوەیە داڕشتووە: ( ئەندیشەکانی باردۆخێک کە ئاواتەخوازین بەدی بێت، باردۆخێک کە هەموو ئەوانەی تێدا دەژین تا ئەو شوینەی دەتوانن بەختەوەر و باشبن. هەر لێرەوە کاتێک دەپرسین چی بکەین، لە خۆمان دەپرسین کام مامەڵە دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی زۆرترین بەختەوەری، بۆ هەموو ئەوانەی کاریگەر دەبن، بەو مامەڵەیە. هەر لێرەوە ئەخلاق دەخوازێت ئەوە بکەین کە باشترینە). ئەم دەقە گوزارشتە لەوەی کە باشترین مامەڵەی ئەخلاقی ئەوەیە، کە زۆرترین بەختەوەری بۆ هەمووان فەراهەم بکات. لە ڕوانگەی میلەوە ئەخلاق بریتیە لە فەراهەمکردنی بەختەوەری بۆ جیهان، بەڵام ئەم تیۆرە بەشێوازێکی تر، کەڵکی لێوەرگیراوە.

“بینسام” دەڵیت: (تەنها یەک بەهایی باڵای ئەخلاقی بوونی هەیە، ئەویش پڕەنسیپی کەڵکە). مەبەست لە پڕەنسیپی کەڵک ئەو ئامانجەیە کە مامەڵەکە هەڵیگرتووە و تاچەند کەڵک بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت. بۆ نمونە مرۆڤ کاتێک مامەڵەیەک ئەنجام دەدات، دەبێت ئەنجامی مامەڵەکە لەبەرچاو بگرێت. ئایا زۆرترین کەڵک بەخۆی و بەبەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت، یان نا. ئەگەر مامەڵەیەک بووە هۆی فەراهەمکردنی زۆرترین کەڵک، ئەوە مامەڵەیەکی ئەخلاقییە.

4- ئەخلاقی ئەرکگەرایی.

فەیلەسووفی ڕۆشنگەری “ئیمانیۆل کانت” بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە فەلسەفیە دادەنرێت. وەکو زۆر فەیلەسووفی دیکە، “کانت” لەو بڕوایەدا بوو کە ئەخلاق دەکرێت لە پڕەنسپێکی باڵا و ئەوپەڕیدا(ultimate) گوزارشتی لێبکرێت، کە ئەرک و ناچارییە ئەخلاقییەکانمانی لێوە هەڵبقوڵێت. “کانت” بە فەرمانە بنبڕەکان ئەم پڕەنسیپە دەستنیشان دەکات و بەم شێوازە گوزارشتی لێ دەکات: ( تەنها بەپێی ئەو ماکسیمە-حیکمەتە ڕەفتار بکە، کە لەهەمان کاتدا ویستی ئەوەت هەبێت بەهۆی (ئیرادەتەوە) ببێتە ڕێسایەکی گەردوونی).

” کانت “مەرجی پێشینی هەیە، کانت گەورەترین فەیلەسووفە کە وەرچەرخانی کۆپەرنیکۆسانەی لە فەلسەفەدا کرد. ئەویش ئاڵۆگۆرکردنی (سوژە و ئۆبژە)بوو. لەڕوانگەی کانتەوە، زەینی مرۆڤ کۆمەڵێک ڕێساو یاسا و قاڵبی هەیە، کە پێشینین. مرۆڤ کاتێک لەڕێگەی هەستەکانەوە لە سروشت و جیهانی دەوروبەر دەکۆڵێتەوە، هەوڵی دۆزینەوەی نهێنیەکانی سروشت دەدات. کاتێک لە ڕێگەی لۆگۆسەوە سەرقاڵی ڕامان و تێفکرینە، هەوڵی ئەوە دەدات نەزم و یاساکانی زەین بەسەر سروشتدا بسەپێنێت. لەپێشوودا دەیان گووت (زەین ئاوێنەی عەینە) کە بەپێ ی تێگەیشتنی خۆی زانیاریی دەربارەی شتەکان وەردەگرێت. بەڵام لە ڕوانگەی “کانت”ەوە زەین چاویلکەیەکە بەشێوەی عەدەسەکەی جیهان دەبینێت. کانت بڕوایی بەنەزم و ڕێکپێکی هەبووەو پێی وایە، زەین یاساکانی خۆی دەسەپێنێت بەسەر جیهاندا، بۆ یە دەڵێت: (ئاسمانی پڕ ئەستێرە و یاساکانی سروشت لەسەر سەرمە و یاساکانی مۆڕاڵیش لە ناوەوەم دایە). کانت مەرجی پێشینی هەیە دەربارەی چەمکی مۆڕاڵ، ئەویش “سەربەست” بوونە. بۆیە لەمێژوودا گوتویانە مرۆڤی کۆیلە بەدەرە لە هەموو ڕێسا ئاکارییەکان، ئەڕستۆ دەڵێت: (مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە، سەر بەخۆیەتی). کەواتە کۆیلە کێیە؟، بێگومان سەر بەکەسێکی ترە، سەربەست نیە، لە بڕیاڕدان و خاوەندارێتی کردە ئاکارییەکانی ناکات.

مۆڕاڵ لە پوختترین پێناسەیدا: (مامەڵەیەکە لە نێوان دووکەسی سەربەست و خاوەن ویست و ئیرادە). کانت مەرجی لەپێشینەی هەیە، ئەویش “سەربەست”بوونە، واتا ئێمە تا سەربەست نەبین ناتوانین خاوەندارێتی لە مامەڵەکانی خۆمان بکەین. جیا لەمە کانت بە شێوەیەکی دیکەش گوزارشت لە فەرمانە بنەبڕەکان دەکات و دەڵێت: (بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەوانیتردا بکە، مرۆڤ خۆی لە خۆیدا ئامانج بێت، نەک ئامڕاز بۆ ئامانجێکی دیکە). “کانت” میتۆدێکی ڕەهای گشتی پێشکەش دەکات، دەڵێت: (هەرگیز ناتوانیت، مامەڵەکەت وەکو مامەڵەیەکی دروست بناسێنی، تا نەتوانێت مامەڵەکەت بکەیتە ڕێسایەکی جیهانی). واتا کاتێک مامەڵەیەکی دروستت ئەنجام داوە، بتوانی ڕێساکانی زەینی بەسەردا بدەیت و بیکەیتە مامەڵەیەکی جیهانی. بۆ نمونە کاتێک مرۆڤێکی قەرزدار ئامانەتێکی کەسێکی لایە، ئەگەر بیەوێت قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنی، ئەگەر توانی مامەڵەکە بکاتە مامەڵەیەکی جیهانی، واتا کەسێک قەرزداری خۆیەتی و بۆی نەگەڕێنێتەوە دروستە. یان کەسێک دەیەوێت کەسێک بکوژێت، ئەگەر بەلایەوە ئاسایی بێت، کەسێک خۆشی بکوژێت و کووشتن بکاتە ڕێسایەکی جیهانی، ئەوە درووستە.

کانت لەژێر کاریگەری “مەسیح” دا، ئەم تیۆریایەی داڕشتۆتەوە، مەسیح لە کتێبی پیرۆزدا وتەیەکی بە ناوبانگی هەیە، دەڵێت (چیت بۆ خۆت پێ خۆشە، بۆ براکانیشت پێت خۆش بێت). بەڵام “کانت” میتۆدەکە لەبراوە دەباتە کۆنێکستێکی جیهانییەوە و تێڕوانینی ئەو بەو واتایە دێت، چیت بۆ خۆت پێخۆشە، بۆ جیهانیش پێت خۆش بێت. ئەم ڕێبازە بە ڕێبازی ئەرکگەرایی ناسراوە، واتا چاکە خۆی لەخۆیدا ئەرکەو ئامانجێکی بێ ئامانجە.

“ئەنجام”

فەیلەسووفان بەشێوازی جیاواز، بۆچوون تێڕوانینی خۆیان لەبارەی پرسی ئەخلاق خستۆتە ڕوو. دەکرێت بۆچوونی هەموو فەیلەسووفان لە سێ قوتابخانە سەرەکێیەکەی فەلسەفەی ئەخلاق کۆبکەینەوە. کە ئەمانەی خوارەوەن.

“ئەرکگەرایی”

بەیەکێک لە قوتابخانە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ئەخلاق دادەنرێت، لەلایەن “ئیمانیۆڵ کانت” فەیلەسووفی ڕۆشنگەرییەوە دامەزراوە. ئەم ڕوانگە فەلسەفییە لە ئامانج و سوود و قازانجی کردەکانی مرۆڤ ناکۆڵێتەوە، بەڵکو لەدیدی ئەوەوە چاکە ئەرکێکی ڕەهایە. واتا (چاکە ئامانجی بێ ئامانجە) چاکە ئەرکە لە پێناوی چاکەدا، بۆنموونە باشبوون لەپێناو دەستکەوتنی ناوبانگ، یان ئەنجامدانی کاری باش لەپێناوی ڕازیکردنی خودا و دەستکەووتنی بەهەشت، لەڕوانگەی ئەرک گەراییەوە نادروستە. ئەم ڕوانگە فەلسەفییە پێ وایە، چاکە ئەرکە و مرۆڤ دەبێت بە ئەرکی خۆی هەڵبسێت.

“پڕاگماتیزمی کەڵگەرایی”

ئەم ڕوانگەیە زیاتر لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی لیبڕاڵیزم سەری هەڵدا، لە ئێستاشدا لێبڕاڵیزمی نوێ و سیستەمی سەرمایەداری ئەم ڕوانگەیە لە ژیانی کرداری خۆیان پڕاکتیزە دەکەن، لەڕوانگەی ئەم قوتابخانەیەوە لێکۆڵینەوەکان لەخودی سەبجێکت و خودی کارەکە نیە، بەڵکو تێڕوانینە لە ئەنجامی کارەکە ئایا باشە، یان خراپ، دەستکەوتی زیاترە یان زیان، وەکو نوێژکردن لە پێناوی ڕازیکردنی خودا لە خۆت و بەدەستهێنانی بەهەشت، یان لەناوبردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بەبیانوی تێکدانی ژیانی زۆرینەوە.

“خودگەرایی”

یەکێکی ترە، لە قوتابخانەکانی فەلسەفەی ئەخلاق، لە دوای هاودژبوونی دوو قوتابخانەکەی تردا گرنگی زۆر بەم قوتابخانەیە دەدرێت. فەیلەسووفان پیان وابوو، دوو قوتابخانەکەی پێشوو، ڕووبەڕووی پاڕادۆکس دەبێتەوە. بۆنموونە، لە زۆربەی کتێبەکانی فەلسەفەی ئەخلاق ئەم نموونەیە باسکراوە: ( کاتێک کەسێک چەکێکت بە ئامانەت پێ بدات، پاش ماوەیەک بگەڕێتەوە بۆ چەکەکەی تۆ بزانیت بۆ کوشتنی کەسێک ئەو چەکەی دەوێت، چەکەکەی پێ دەدەیتەوە یان پێی نادەیتەوە؟) بە پێی ڕوانگەی قوتابخانەی ئەرکگەرایی دەبێت، چەکەکەی بۆ بگه‌ڕێنیتەوە، بەڵام بە پێی ئەنجامگەرایی بێت، نابێت بیدەیتەوە. لەڕوانگەی یەکەمەوە، گێڕانەوەی ئامانەت ئەرکە، لەڕوانگەی دووەمەوە کەسێکی پێ دەکوژێت. خودگەرایی واتا: واتا مرۆڤەکە خۆی لەناوەوەی خۆیدا باش بێت، وەکو ئەوەی “دیڤد هیۆم” دەڵێت:- توخمێک لە مامەڵەکە ڕووبەڕووی خۆت بکەیتەوە.

————————–

سەرچاوەکان:

ئاراس سەعید: کورتەیەک دەربارەی چەمکی مۆڕاڵ.

گۆڤاری ئایدیا ل. 31-34. ژمارە 78. ساڵی 2021.

حمید عەزیز: فەلسەفەی نوێی ئەوروپا. چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات- هەولێر 2012

ت.ز.لافین:من سقراط إلى سارتر (البحث الفلسفي)

دار نشر:المركز القومي للترجمة. سنة النشر: ٢٠١٢.

james Rachels, 2007 the Elements of Moral philosophy ,Fifths etidion by Stuart Rachels.McGraw-hill New york.

Kant’s Moral Philosophy

First published Mon Feb 23, 2004;

substantive revision Fri Jan 21, 2022

https://plato.stanford.edu/index.html

Previous
Next
Kurdish