شاعیری نه‌فره‌تلێكراو (ئه‌نسی ئه‌لحاج و قه‌سیده‌ی په‌خشان) …. عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
(1)
شاعیر ئه‌نسی ئه‌لحاج له پێشه‌كی كۆمه‌ڵه شیعری (لن) هه‌ر ته‌نها شاعیرێكی یاخی نییه، به‌ڵكو شاعیرێكی نهفرهتلێكراویشه… هه‌ر ته‌نها هاوارێكی جیاوازی شیعری نه‌بوو، به‌ڵكو هێرشێكی دۆزه‌خی بوو، بۆ سه‌ر چوارچێوه‌ی شیعری و كلتوری سونه‌تگه‌رایی… ئه‌نسی ئه‌لحاج له نێوان هۆشیاری ره‌خنه‌یی و قه‌سیده‌ی شیعری ئازاد و قه‌سیده‌ی په‌خشاندا ئاگاییه‌كی نوێی له قه‌سیده‌ی په‌خشاندا هێنا ناوه‌وه، ده‌مه‌وێ بڵێم ئاگایی ئه‌نسی ئه‌لحاج په‌یوه‌ندی به رۆشنبیریی شیعری جیهانییه‌وه هه‌بوو، بۆیه وه‌ك رووداوێكی ئه‌ده‌بی له به‌رجه‌سته‌كردنی قه‌سیده‌ی په‌خشان و چۆنێتی گه‌یاندنی به خوێنه‌ران زۆر به جوانی ره‌نگی دایه‌وه.
قه‌سیده دنیایه‌كی داخراوه به‌سه‌رخۆیدا، هیچ ئامانجێكی زه‌مه‌نی نییه. شیعر دڵ له دڵدانه. په‌خشان گێڕانه‌وه‌یه… قه‌سیده كورتبڕی له هه‌موو هۆیه‌كانی ده‌ربڕین ده‌كات. ره‌گه‌زی یه‌كه‌می شیعر موزیكایه. شیعر ئه‌وه ده‌ڵێ كه گوتراوه و په‌خشان روو له شتێ ده‌كات و ده‌یدوێنێ، هه‌موو چركه‌كانی گوتار به هی خۆی ده‌زانێت، موزیكا له پێكهاته‌ی په‌خشاندا بوونی ده‌كه‌وێته له‌رزه‌وه. له شیعردا شاعیر پێش خوێنه‌ر ده‌كه‌وێت، چونكه ئه‌و ئامرازانه ناس ده‌كات، كه شیعری پێدروست ده‌كرێت، هه‌میشه شیعر له رێگای له‌ره‌ی موزیكاوه ده‌چێته دڵی خوێنه‌ره‌وه، ئه‌وه‌ی شاعیرێكی كۆنه‌په‌رست و خوێنه‌رێكی كۆنه‌په‌رست به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه چاره‌نووسه!
ئه‌گه‌رچی له نێوان داڕشتنی شیعر و په‌خشاندا جیاوازییه‌كی به‌رچاو هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی گومان نییه ئه‌وه‌یه، كه هه‌موو كه‌له‌پوره زیندووه‌كانی دنیا شیعری مه‌زنیان له په‌خشان پێشكه‌ش به مرۆڤایه‌تی كردووه، هه‌ر له‌به‌ر هه‌ندێ ئه‌مڕۆ شیعر به كێش و سه‌روا ناناسرێته‌وه. ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام رێگا له شیعری په‌خشان و قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌گرێ كێش و سه‌روایه. لێره‌دا شیعری به په‌خشانكراو، په‌خشان نییه، وه‌ك چۆن قه‌سیده‌ی به په‌خشانكراو، په‌خشان نییه.
شیعری لیریكی هه‌یه، به‌ڵام په‌خشانی لیریكی نییه، قه‌سیده‌ی په‌خشانی نزیكه له گێڕانه‌وه، قه‌سیده‌ی په‌خشانی بێ ریتمه وه‌ك ئه‌وه‌ی (سان جۆن پێرس) ده‌ینوسی… قه‌سیده‌ی په‌خشان خاوه‌نی جیهانبینییه، ئه‌زموونێكی قووڵ و به‌هێزه، به‌و پڕشنگانه ده‌ناسرێته‌وه كه بڵاوی ده‌كاته‌وه وه‌ك قه‌سیده‌كانی هینری میشۆ و ئاڕتۆ…!
هه‌موو قه‌سیده‌یه‌ك وه‌ك پێویست كورته، به‌ڵام كورتبڕی زێتر له‌سه‌ر په‌خشان جێبه‌جێ ده‌بێت، نه‌ك قه‌سیده… قه‌سیده‌ی كێشدار زێتر پێویستی به یه‌كگرتنه، نه‌ك گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه… قه‌سیده‌ی په‌خشان پێویستی به ئامرازی گێڕانه‌وه، وه‌سف، ئه‌زموون، جیهانبینی… هه‌یه.
سوزان بیرنار ده‌ڵێت پێویسته قه‌سیده‌ی په‌خشان له پێناو دره‌وشانه‌وه، كورتبڕی بكات! هه‌موو قه‌سیده‌یه‌كی په‌خشان پاڵنه‌رێكی ئاژاوه‌یی له پشته، رووخێنه‌ره، وزه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی تێدایه، راپه‌ڕینه به دژی كۆتوبه‌ند… رامبۆ ده‌یویست به‌سه‌ر زماندا زاڵ بێت و كورتبڕی له (بۆن، ده‌نگ، ره‌نگ…) بكات… قه‌سیده‌ی په‌خشان له‌سه‌ر دره‌وشانه‌وه، نه‌فره‌ت، شێتایه‌تی… وه‌ستاوه، هه‌میشه هه‌ڕه‌مه‌كی خۆی نیشان ده‌دات! قه‌سیده‌ی په‌خشان كاری شاعیری نه‌فره‌تلێكراو و به‌رهه‌می نهفرهتلێكردنه… له قه‌سیده‌ی په‌خشاندا شتێك نییه پێی بڵێن كۆتایی.
(2)
ئه‌نسی ئه‌لحاج په‌یامبه‌ری دۆزه‌خی زمان، به‌رده‌وام به دوای ئامانجه مرۆییه‌كانه‌وه‌یه، به دوای خۆشه‌ویستی، به دوای مرۆڤدۆستی… شیعر لای ئه‌و خۆراكی خوده، ئافره‌ت لای ئه‌و ئه‌لته‌رناتیفی ژیانه، منداڵی لای ئه‌و پشتگوێخستنێكی فریشته‌ییانه‌یه له ره‌شه‌با ده‌مانپارێزێ، له نێوان ناپاكیكردن له زمان و پووچگه‌رایی ژیان و وێرانكردنی شته‌كان هه‌میشه وه‌ك بیابان تینووه.
ئه‌نسی ئه‌لحاج شاعیری رچه‌شكێن و هه‌رێمه ده‌ست بۆ نه‌براوه‌كان، شاعیری نه‌ست و ناخ و زمان… قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی له نێو زماندا چه‌سپاند، ده‌ست بۆ نه‌براوه‌كانی له زمان و له سه‌ر ئاستی بیركردنه‌وه به‌رجه‌سته كرد…
به‌ڵام شیعر هه‌ر ته‌نها به مه‌سه‌له قه‌ده‌غه‌كراو و ده‌ست بۆ نهبراوهكانهوه په‌یوه‌ست نییه، شیعر به حه‌قیقه‌ت و ژیان و خه‌ونه‌وه به‌نده، شیعر هه‌ر ته‌نها راستگۆیی و بوێری نییه، شیعر چۆنێتی ته‌عبیركردنه له ژیاندۆستی، له مرۆڤدۆستی، گه‌ڕانی به‌رده‌وام و به‌جێهێنانی زێتری خۆشه‌ویستی و چێژ و خۆشییه…
مه‌رج نییه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان هه‌میشه قه‌یران بنێنه‌وه، به‌ڵام هه‌موو رچهشكێنییهك ئامانجی رچهشكاندنه، ئه‌وه به‌و مانایه دێت، كه هه‌میشه وزه‌ی ژیان به هێزتره له مردن، ئه‌وه به‌و مانایه دێت، كه یاخیبوون كۆتایی نییه.
(3)
تێگه‌یشتنی باو ئه‌وه‌یه كه په‌خشان په‌خشانه و شیعر شیعره، كه‌واته ئه‌و میكانیزمانه چین كه قه‌سیده‌ی په‌خشان به‌ره‌و شیعر ده‌بات، یان شیعر له قه‌سیده‌ی په‌خشان خه‌لق ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی وه‌ك پرنسیبێكی بنه‌ڕه‌تی به سه‌رچاوه‌ی په‌خشانه‌وه گرێ بدرێت! ئه‌نسی ئه‌لحاج له پێشه‌كی كۆمه‌ڵه‌ی (لن) به‌رانبه‌ر ئه‌و دیده باوه‌ی كه شیعر و په‌خشان لێكجیا ده‌كاته‌وه پێیوایه له نێوان شیعر و په‌خشاندا پردی به‌یه‌كگه‌یشتن هه‌یه! ئه‌گه‌رچی پێیوایه په‌خشان و شیعر نكۆڵی له یه‌كتر ده‌كه‌ن، چونكه شیعر ده‌بێ ئه‌وه بێت، كه له ده‌ره‌وه‌ی په‌خشاندا ده‌نوسرێت، به‌ڵام په‌خشان نه‌رم و كراوه‌یه، شیعر رێكخراو و مه‌به‌ستداره، په‌خشان هێمن و جێگیره، شیعر گرژه، شیعر نه زه‌مه‌نییه و نه په‌یوه‌ندی به بارودۆخه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی په‌خشانه. په‌خشان به‌رهه‌می عه‌قل و ئاگاییه، به‌ڵام شیعر به‌رهه‌می ده‌روونه، په‌خشان گه‌یه‌نه‌ر و رازیكهره و شته‌كانمان بۆ ده‌سه‌لمێنێ، به‌ڵام شیعر دره‌وشاوه و ئاماژهخوازه…
كه‌واته ئایا ده‌كرێ له قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین؟ ئه‌و پرسیاره ئیشكالئامێزه یه‌كێكه له پرسیاره ئاڵۆزه‌كانی پێشه‌كی كۆمه‌ڵه شیعری (لن). به بڕوای من ئه‌و پرسیاره ته‌مومژاوییه! ده‌مه‌وێ بڵێم ده‌كرێ له بری (ئایا) به (چۆن) پرسیاره‌كه راست كه‌ینه‌وه: چۆن له قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین؟ ئه‌گه‌رچی پرسیاری دووه‌میش مه‌رج نییه راست بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌یبردن به قه‌سیده‌ی په‌خشان زێتر ده‌گونجێ… پرسیاری دووه‌م پرسی تایبه‌تمه‌ندی و تاكگه‌رایی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه… ئه‌نسی ئه‌لحاج پرسیاری یه‌كه‌م به (نه‌رێ) وه‌ڵام ده‌داته‌وه: نه‌خێر ناتوانین له قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین. له پشت ئه‌و وه‌ڵامه‌شدا پرنسیبێكی چه‌سپاو هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه بنه‌مای شیعر په‌خشانه! پرسیاری یه‌كه‌م پێمان ده‌ڵێت قه‌سیده‌ی په‌خشان به په‌خشانه‌وه به‌نده و ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری جۆره‌كانی وه‌سف و ناونانه‌وه، به‌ڵام پرسیاری دووه‌م ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌وڵی فۆرمهلهكردنمان داوه پێمان ده‌ڵێت قه‌سیده‌ی په‌خشان بنه‌ماكه‌ی له سه‌ر په‌خشان نه‌چه‌سپاوه، به‌ڵكو قه‌سیده‌ی په‌خشان بنه‌ماكه‌ی شیعره، دواجاریش ده‌مه‌وێ تۆختری بكه‌مه‌وه و بڵێم په‌خشان ره‌گه‌زێكه له ره‌گه‌زه‌كانی شیعر… شیعری داهێنه‌رانه هه‌موو ره‌گه‌زه‌كانی قه‌سیده و په‌خشان له ئاستێكی باڵادا خه‌لق ده‌كات، داهێنانیش له ئاسته باڵاكانی زماندا ده‌دۆزێته‌وه.
كه‌واته له نێوان شیعر و په‌خشان مه‌سافه‌یه‌كی ئیستێتیكی و ده‌ربڕینێكی به‌رفره‌وان هه‌یه، وه‌ك چۆن مه‌سافه‌یه‌كی جوانی له وه‌رگری جۆراوجۆردا دروست ده‌كات. به‌و مانایه‌ش ده‌شێ پرسیاری ئه‌نسی ئه‌لحاج: ئایا ده‌كرێ له قه‌سیده‌ی په‌خشان ده‌ربچین؟ مه‌به‌ستی له په‌خشانێك بێت، كه مه‌سافه‌یه‌ك له شیعر نزیك ده‌بێته‌وه…
(4)
شیعری ئه‌نسی ئه‌لحاج رووته وه‌ك ئاده‌م و حه‌وا به‌ر له‌وه‌ی له به‌هه‌شت ده‌ربكرێن، وشه رووته‌كانی بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به شه‌رم بكه‌ن، روو به رووی دنیا ده‌بنه‌وه، هه‌موو وشه رووته‌كانی له قه‌سیده‌كانیدا سه‌ر به‌رزانه ده‌وه‌ستن، بێ ئه‌وه‌ی خۆیان به جوانكاری خه‌ریك بكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌مامك بده‌ن، هه‌ر ته‌نها به رووتی سه‌ما ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی كراسی خوازه و چوارشێوی ره‌وانبێژی بپۆشن! وشه‌كان له‌و مانایانه ده‌رده‌چن، كه ئێمه ده‌یانزانین، ئه‌نسی ئه‌لحاج له نێوان شیعر و خۆشه‌ویستی، یه‌كه‌میان به گوتنی بێده‌نگ داده‌نێ و دووه‌میان به كردار… ئه‌و چه‌ند شیعره‌ی ئه‌نسی ئه‌لحاج به بێده‌نگی بخوێننه‌وه:
پلان
له نێوان سنۆبه‌ره‌كاندا هاوارت ده‌كرد، بای ده‌نگت به‌ره‌و ناوه‌وه‌م ده‌هات، بێده‌نگیت هه‌ڵگرتبوو
خۆت له په‌نا سنۆبه‌ره‌كاندا حه‌شاردابوو، ده‌گه‌مه هاوارت، ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مبینیت
له نێوان سنۆبه‌ره‌كاندا هاوارت ده‌كرد، ئازیزه‌كه‌م وه‌ره
من له په‌نا سنۆبهرهكانم، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مبینی، له هیكه‌وه به‌ره‌و رووت ده‌بمه‌وه، تۆ راده‌كه‌ی
سه‌رچاوه:
*أنسی الحاج دیوان (لن )- المقدمه.گ3. دار الجدید. بیروت 1994 ص27..
——
به‌یانی و نیو
(1)
هه‌ر له به‌یانییه‌وه ده‌رگا له به‌ر ده‌مت كراوه‌یه تا به‌یانی و نیو
(2)
به كراسه‌كه‌ته‌وه وه‌كو گردۆڵه دانیشتوویت. باران هه‌ڵده‌كا و ده‌پاڕێیته‌وه، مارێ ده‌خزێ وه‌ك شیر له گردۆڵه‌كه قیت ده‌بێته‌وه، به تووندی هه‌ناسه ده‌ده‌ی.
(3)
ره‌نگی ده‌مت، بۆنی ده‌ڵێی سێوه.
(4)
كاتژمێر شه‌وه دوای شه‌و و نیو، خۆشه‌ویسته‌كه‌م له بان ئه‌و شه‌وه ماڵێكی هه‌یه، له‌و ماڵه‌كه‌دا ژوورێكی له نیوه شه‌و دروست كردووه، له‌وێ سه‌یرم ده‌كا و نامبینێ، كاتێ ده‌ڕۆم ده‌ڕوا و نامبینێ، چرا هه‌ڵده‌كا و نامبینێ.
له كاتی خۆی ده‌خه‌وێ، خه‌ون به په‌نجه‌ره‌وه ده‌بینێ، ده‌ترسێ له‌وه‌ی شه‌ماڵ داگیریكا.
(5)
له تاریكی چاوم لێبكه، ده‌نگت كزكه و بڕۆ
ده‌نگت له گه‌رووم وه‌ك مێووژ دیاره.
سه‌رچاوه:
*- أنسی الحاج دیوان (ماژا صنعت بالژهب ماژا فعلت بالورده) گ2 دار الجدید. بیروت 1994ص51.