Skip to Content

ورتە ورتێک لەگەڵ تۆ.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

ورتە ورتێک لەگەڵ تۆ.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 19, 2024 General, Poems

رەنگە نەتوانم
ھەمیشە بانگت بکەم
تۆ لە درزی خەونەوە
بە ئەسپایی وەرە ژوورەوە
پشتێنی گرێچنی ئازار
لە کەمەری گوشراوم بکەرەوە
لەگەڵ خۆتدا
ھەر کوێت پێخۆشە، بمبە
ھەرگیز مەمدەرەوە بە خۆم
چون نازانم چی لە خۆم بکەم
نازانم چۆن بە زامەکانی پێشووم
ئەمێستام نۆژەن بکەمەوە
نازانم چۆن رەگی دەردەسەری
لە چارەنووسمدا ھەڵکێشم
بە راشکاویی پێت دەڵێم
نازانم شیعرێک بنووسم
سەری نەخستبێتە کۆشی غەمەوە
نازانم بە پێی ئەو نەخشەیە بڕۆم
دەمگەیەنێتە ناوەوەی خۆم
نازانم تەحیاتی ئەو نوێژە بخوێنم
کڕنووشی بۆ تەنھایی تێدا نەبێت
رەنگە نەتوانم
ھەمیشە شیعرت بۆ بنووسم
تۆ لە دێڕی چامەیەکەوە وەرە دەرێ
لەگەڵ خۆتدا
ھەر کوێ ئارەزووی دەکەیت، بمبە
نەکەیت سوکانی ئۆتۆمبیلی خەیاڵ
بدەیتە دەستم
بیرت نەچێت شۆفێریی نازانم
ئەم ماشێنە خۆت بیئاژۆ
مافت ھەیە
بەناو ھەموو شەقامەکانی رۆحما بگەڕێی
دەتوانیت
لە ھاوینەھەواری چاوەکانمدا بوەستیت
دەتوانیت لەگەڵ خۆت بمبەیت
بۆ کۆڵانە کۆنەکانی یادەوەریی
بۆ شارە کەشخەکانی ئایندە
بۆ گوندە دوورە دەستەکانی رابردوو
بۆ ئاواییە کاولبووەکانی غوربەت
ئەگەر جادەیەکیش ھەیە بۆ ئاسمان
بمبە بۆ سەر ئەستێرەیەکی عاشق
باوەشی بۆ تەنھایی نەگرتبێتەوە
رەنگە نەتوانم
لەمە زیاتر خۆم بدەم
بەدەم شەپۆلی چاوەڕوانییەوە
لە قاوغی کولتووری دوێنێ وەرە دەرەوە
لەگەڵ ئەمڕۆدا وەرە
بۆ ھەر کوێ دەتەوێت
لەگەڵ خۆتدا بمبە
گرنگ نییە ئەو شوێنە کوێیە
بۆی دەچین
لەگەڵ تۆدا وزەم ھەیە
دۆزەخیش بکەمە باخێکی بەھەشت
مەنفا بگۆڕم بۆ کەلاوەیەکی وڵات
ختووکەی بن پێی ژان بدەم
تاکو دەکەوێتە قاقالێدان
شیعرەکانم وەربگێڕمە
سەر زمانی خۆشەویستی
دەستی گۆجی ژیان
بخەمەوە جوڵەجوڵ
وا لە گوومان بکەم
چیتر چەمەڵە لە ژوانەکانمان نەنێت
باڵی بەستراوی قەناریی وشە
پەڕە پەڕە بکەمەوە
تا بتوانێت لە ئاسمانی عەشقدا بفڕێ
لە بن سێڵاوی ماچدا بتوێتەوە
خۆزگە ھەتیوکەوتووەکانم
بە کێکی باوەش و
شەرابی دیدار گەورە بکەم
ئاە ئەگەر تۆ نەیەیت
ئاسمانی ھزرم رەش ھەڵدەگەڕێت
تەرزەی خۆکوشتن
بەسەر بێستانی وجودما دەبارێت
چەند زەحمەتە بیرکردنەوە لە بێ تۆیی!
ئاوێنەی دەروونم وردوخاش دەکات
دەبمە سیزیفێکی بەزیو
بەردی سەرکێشیم خلۆر دەبێتەوە
تەرمەکەم لە بنیدا دەپلیشێتەوە
کچە عازەبەکانی ناخم
دەبنە کۆمەڵێک پیرەژنی جەرگسووتاو
رەنگە تۆ تاقەتت نەمابێت
گوێ لە درۆ راستەکانم و
راستییە درۆینەکانم بگریت
ھەمیشە وا فێربوویت
ئازارەکانم بە گاڵتە وەربگریت
گاڵتەکانیشم ئازارت بدەن
رەنگە بڕوا بەم قسەیەم نەکەیت
کەچی ناچارم دووبارە بیڵێمەوە
ئاە، ئەگەر تۆ نەیەیت
وەسوەسە ناوکم دەبڕێت
لە رەحمی ئارامی دەرمدەکێشێتە دەرەوە
تۆ رەنگە نەیبینیت
چەند جوان دەشکێم
چەند ناشرین دەژیم
چەند ئیستاتیکییانە دەمرم
چەند ساردوسڕ ئەنێژرێم

Previous
Next
Kurdish