زانکۆ لەم دۆخەدا، ئەرکی پێگەیاندنی خوێندکاری ڕادیکاڵە یان ئەڵقە لەگوێ
ئــاســــــــۆس سالح
“بوونیادێک خۆی فشەڵ و داڕماوبێت، پینە و پەڕۆکردنی کەڵکی نییە.” (خوێندکارانی شۆڕشی ئایاری ٦٨ی فەرەنسا)
زانکۆ وەک باڵاترین ناوەندی ئەکادیمی و پێگەیاندن، ئەرکی ئەوەیە چینێک لە خوێندکاری ڕادیکاڵ پێبگەیێنێت تاوەکو لەم ڕێگەیەوە بە ئاگایانە و وشیاریانە کۆمەڵگە و سیستەم و چۆنییەتی ژیانکردن و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە بگۆڕدرێت، و ئەم کۆمەڵگە چەق بەستوە چیتر بەدەوی خۆیدا نەخولێتەوە و هەنگاوێک بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەی بنێت. گشت زانکۆکانی کوردستان لافی ئەوە لێدەدەن کە دەیانەوێ خوێندکاری ڕادیکاڵ و وشیار بەرهەم بهێنێت و ببێتە داینەمۆی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیری ..هتد. بەڵام، ئایا زانکۆ لە دونیای نیولیبڕاڵیزمدا، و بەتایبەت لە باشووری کوردستان ئەمەی دەوێت؟ یان تەنها دروشمە و دەیەوێ خوێندکاران تێکەڵ بە سیستەمی بە ئابووری کردنی گشت کایەکان ژیان بکات و خوێندکار بەشێک بێت لە قازانج و وەک کاڵایەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، و ئەگەر مەعریفەکەی پارە و قازانجی زۆری تێدا نەبێت، سوودی نییە و پەراوێز بخرێت!.
لەم سەردەمەی ئێستا، لەسایەی سیستەمی نیولیبڕاڵیزمدا، بەبازاڕکردن و قازانج کردنی زۆر و بەرهەم هێنانی کاڵای زۆر، گشت دونیایی تەنیوە و باشووری کوردستانیش کەوتۆتە بەر ئەو بەلێشاو بەکاڵاکردنە، بەمجۆرەی سیستەمەی ژیان و حوکمڕانییە هەمیشە، چینێک دەوڵەمەندتر و چینێکیش هەژارتر دەبن، ئەرکی خوێندکاری ڕادیکاڵ ئەوەیە بەگژ ئەم دۆخە نالەبارە دابچێتەوە و دژی بەسیستەم کردنی خۆی بێت لەلاین هەر دەزگا یان حیزب یان هەر موئەسەسەیەکیتر بێت. خوێندکاران دەبێت هەمان ئەو ڕۆڵە بگێڕێن کە کاڕڵ مارکس بە چینی پڕۆلیتاریا دابوو، بۆ گۆڕانکاری و ڕیشەکێش کردنی جیاوازی ئابوری و چینایەتی و ڕەگەزی و هێنانەدی یەکسانی کۆمەلایەتیی و لادانی هەژموونی چینی کەمینە بەسەر چینی زۆرینە ..هتد
زانکۆ وەک بەشێک خزاوەتە ناو ئەم بەسیستەم کردنە و خۆی گوێڕایەڵە، ئەمە جگە لە زانکۆ تایبەتییەکان کە تەنها ئیشیان کەمکردنەوەی ڕەواجی زانکۆی حوکمییە و کاریان ڕیوایەت دانە بەم سیستەمە و بەپارەکردنی خوێندن و قوڵکردنەوەی جیاوازی لەنێوان هەژاران و سەرمایەدارەکان. لە باشووری کوردستاندا، ئەوەی لە زانکۆ حوکمییەکان دەخوێنێت زیاتر لە چینە هەژارەکانی کۆمەڵگەیە. لەم نێوەندەدا ئایا زانکۆ ئەوەندەی خوێندکاری ئەڵقە لەگوێ و دەرخیاتی ویستووە و بەنێوکۆمەڵگە بڵاوی کردونەتەوە چیتری ویستوە و کردویەتی؟ جگە لەمە چەندان خوێندکار بەهۆی پارەنەکردن و نەبوونی ڕەواجی ئابوریی ئەنجامی خوێندنەکەیان تەنها مایە پووچ بوون بوو، و لە دەرەوەی بازنەی سوودمەند بوونی خوێندن دان.
هزری بەکاڵاکردنی خوێندکار نەک تەنها وەک ئامرازێک بۆ بەدەست هێنانی قازانج ڕەنگی داوەتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بەسەر خوودی خوێندکار هەیە لەناو زانکۆ و دەرەوەی زانکۆش، بەجۆرێک ئەوەندەی لایەنی قازانج لە خوێندن و کارەکەی گرینگە، نیو ئەوەندە مەعریفە و فێربوون بەلایەوە گرینگ نییە. جگە لەوەی ئەوەندەی خۆی بەڕواڵەت و خۆنیشاندان سەرقاڵ دەکات، ئەوەندە ناپرژێتە سەر ئەوەی کە چی بکات و چی گرینگە و چی دەگوزەرێ و پێویستە چیبکات وەک خوێدکارێک، کە لە ناوەندێکی باڵای ئەکادیمی کۆمەڵگەدایە. پێویستە هزری خوێندکار لەڕواڵەتەوە بگۆڕدرێت بۆ ناوەڕۆک تاوەکو وشیاری زێدە ببێت و بتواندرێت، چینێکی ڕادیکاڵ و داینامۆ بەرهەم بهێندرێت بۆ ئاراستەکردن و گۆڕینی کۆمەڵگە لەم دۆخە چەق بەستووەدا.
“دامودەزگایەکمان دەوێت خزمەت بە مرۆڤ بکات، نەک مرۆڤ ببێتە خزمەتکاری دامودەزگاکان.” (خوێندکارانی شۆڕشی ئایاری ٦٨ی فەرەنسا)
ئــاســــــــۆس سالح