Skip to Content

فاشیزم هەر یەکە.. “بەندەری فەیلی” بە نمونە -2-.. ئاسۆ کەمال

فاشیزم هەر یەکە.. “بەندەری فەیلی” بە نمونە -2-.. ئاسۆ کەمال

Closed
by شوبات 27, 2023 General, Literature


دوو مانگ بەسەر بەشی یەکەمی خوێندنەوەکەمدا[1] بۆ ڕۆمانی “بەندەر فەیلی” گوزەرا و ئێستا دەچمە خاڵی دووەم کە باسی فاشیزمە وەک سیستم . لە بەشی یەکەمدا ئەم پرسیارەمان خستەڕوو کە بۆچی “بەندەر فەیلی” دوای “پرۆسەی ئازادکردنی عێراق” لەلایەن ئەمریکاوە ئازاد نابێت؟ ئەگەر بەندەر ببێتە سامپلێک بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە، ئەو کاتە دەزانین کێشەی خەڵکی کوردستان و عێراق بەدوای ڕوخانی سەدامیشدا لە نەبونی ئازادی دا لە کوێدایە؟ لێرەدا پێویستە بەدوای هاوشێوەیی سیستمەکاندا بگەڕێین، نەک شێوازی جیاوازی حکومەتی بەعس لە حکومەتی فیدراڵی ئێستای عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕیگەمان لێ بگرێت کە ئەودیوی شتەکان ببینین.. شەوی پێش لە کۆڕەکەی لندن لەسەر ئەم ڕۆمانە، لە ئاخاوتنێکی دۆستانەدا یەکێک لە هاوڕێیان باسی پێویستی بونی پرۆژە بۆ گۆڕینی پەروەردە لە کوردستان کرد. بەختیار عەلی خاڵێکی وروژاند کە بۆ من جێگەی سەرنج بوو ئەویش کێشەی کوردستان سیستمە نەک پرۆژە. ئێمە لە گۆڕان و ڕۆشنبیرە لیبرالەکانی پێشتر هاوڕێی بەختیار بوون لە پرۆژەی “ڕەهەند” دا ئەم ووشەیەمان زۆر بیستوە، بەڵام ئەمجارە بەختیار عەلی بەشێوازێکی جیاواز دەیخاتە ڕوو. من بەدوای ئەم لێکدانەوە تازەیەی بەختیاردا چووم بۆ فاشیزم تا بزانم بۆچی “بەندەر فەیلی” لەگەڵ ئازادبونی لە زیندانی بەعسدا بەڵام هەموو دامودەزگاکانی زیندان و ئیعدام و شکەنجە دەبنەوە بەشێکی ئەو سیستمە نوێیەی ئەمریکا بەدیاری بۆ عێراقی هێناوە؟ لە “بەندەر فەیلی”دا خوێنەر بە زیندانە گەورەکەی سیستم ئاشنا دەبێ لەم ڕۆمانەدا، کە “بەختیار عەلی” لە میدیای ئەمریکی و زیندانە نوێ کراوەکەی بەعسدا و جەلادەکانی “دیموکراسی عێراقی نوێ”دا پێمان دەناسێنێ. ئەم ڕاستیە هونەریەی بەختیار لە ئەدەبدا دەیخاتە ڕوو پێویستی بەوە بوو بزانم چ ڕونکردنەوەیەک لای ئەم نوسەرە دەست دەکەوێ تا زیاتر ئەو لە ڕووی فکریشەوە ئەو بناسین و بزانین چ دنیابینیەکی هەیە. هەربۆیە جگە لە ڕۆمانی “بەندەر فەیلی” هاوکات چاوپێکەوتنەکەی “مەنسوور تەیفوری”م لەگەڵ بەختیار عەلی خوێندەوە، لە کتێبی “ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی”دا، کە پڕبوون لە پرسیاری گرنگ بۆ بەدەستهێنانی وەڵامەکە. لێرەوە دەزانین کە لای نوسەر، هەروەک لای “بەندەر فەیلی”، ئەوەی ڕویداوە لەعێراقدا لە ڕوخانی بەعسەوە بۆ “ئازادی/داگیرکاریی” ئەمریکا گۆڕانی ماسکی فاشیزم و شێوازەکەی بوە، نەک گۆڕان لە زیندانەوە بۆ ئازادی. هەربۆیە دەبینین پەیامی دەسەڵاتی نوێی عێراق بۆ مرۆڤێکی چەوساوە و ژێردەستەی وەک “بەندەر” هەر نەبونی ئازادی یە. ئەمە ئەو خاڵی دووەمەی ڕۆمانەکەیە کە دەمانەوێ تاوتوێی بکەین لێرەدا؛ درێژبونەوەی دیوارەکانی زیندانی فاشیزمی خۆرهەڵاتی و بۆ زیندانی هێشتنەوەی ئازادی لەلای دیموکراسی فاشیزمی خۆرئاوایی یەوە. لە وەڵامی پرسیارەکانی “مەنسوور تەیفوری” بەختیار عەلی دەڵێ” من لە بری کەپیتالیزم وشەی سیستم بەکاردەهێنم. فاشیزم واتە سیستەم، سیستەمیش واتە کەپیتالیزم. دەبێ کار لەسەر دەرخستنی جەوهەری تازە و ترسناکی ئەم کەپیتالیزمە بکەین لە خۆرهەڵاتدا، کە فاشیزمە. فاشیزم جەوهەری کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتیە…[2]”
نوسەری “بەندەر فەیلی” دوای ناساندنێکی قوڵی سیمای ئەم سیستمە فاشیستیەی بەعس لەم ڕۆمانەدا، لە کتێبی “ڕەخنەی عەقڵی فاشیستی”دا سیستمە نوێیەکەی عێراق و کوردستانمان بۆ ڕون بکاتەوە کە چۆن میراتگری هەمان فاشیزمی بەعسە و لێرەدا دەڵێ” دەبێت ئەمڕۆ تەواو قسە لە حوکمی فاشیستی زۆرینەیەکی سیاسیش بکەین، زۆرینەیەک لە کوردستانی باشوور پارتی و یەکێتی و گۆڕان و هێزە دینیەکان بەیەکەوە و لەسەر یەک تەرز دروستیان کردوە، ئەم زۆرینەیە کاتێک دەبێتە هێزێکی تاریک و فاشی و ترسناک کە ڕۆشنبیران و سیاسیەکانیش، بەتایبەت کە دەشێ بە ڕادیکال سەیریان بکەین خۆیان فڕیبدەنە ناوی،..بێدەنگی لەسەر کەپیتالیزم نیشانەی بێدەنگیەکی قوڵترە کە بێدەنگیە لەسەر فاشیزم.[3]”

لێرەدا ئەو پەیامەی گرنگە ئەوەیە کە بەختیارعەلی پێمان دەڵێ فاشیزم هەریەکە. بەعس و دەسەڵاتی تازە هێنراوی ئەمریکا بۆ عێراق و سیستمی دەسەلاتدارێتی حزبەکان لە کوردستان یەک سیستمی کەپیتالیستی و یەک فاشیزمە. جگە لەمەش ئەوەش جێگای سەرنجە باسی دەوری ڕۆشنبیرانی لیبراڵ و خۆشباوەڕ بە ئەفسانە و دۆگمای دیموکراسی دیاری دەکا بەوەی ” ڕۆشنبیرە پۆپۆلیستەکانیش، پیشەنگی ئەم گاڕانە ئەخلاقییەی زۆرینەن”. [4]

سەرەتا ناچینە سەر جیاوازیەکانی لێکدانەوەمان لەسەر ئەم جۆری سیستمە یان هەڵسەنگاندنی جیاوازی کەپیتالیزمی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتدا لای ئەم نوسەرە، بەڵکو ئەوەی گرنگە ڕەخنەی فکری بەختیار عەلی لە پرۆژەی “بە دیموکراسی کردنی دەسەڵاتی کوردستان”ە، کە بانگەشەی بۆ دەکرێ لەلایەن ڕۆشنبیرە لیبراڵەکانی، وەک مەریوان وریا قانع و بەشێک لە هاوڕێکانی دوێنێی کە لە “ڕەهەند”دا بوون.
ڕەخنەکانی بەختیار دژایەتی ئەو خۆشباوەڕیەی ئەم جۆرە ڕۆشنبیرانەیە کە بۆ چەندین ساڵە بەدوای دروستکردنی کۆکتێلێکی مێژوویین لە گۆڕان و ئیسلامیەکان تا وەڵامی سوڵتانیزمی پارتی پێ بدەنەوە.
ئەم ڕۆشنبیرانە دەیانەوێ پرۆژەی “سیستمی فاشیزمی خۆرهەڵاتی”یەی کوردستان بە شێوەیەکی دیموکراسی و لە پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و دابەشکردنی داهات بە یەکسانی لە نێوان هەموو ئەم هێزە “فاشیستانە”دا بچەرخێنن. دەسەڵاتێکی “فاشیستی” و سەرکوتی ئازادی ئەگەر بەشیوەی دیموکراسی پێکەوەیی یەکێتی و پارتی لەگەڵ گۆڕان و ئیسلامیەکان بێت، یان بە شێوەی “سوڵتانیانەی” پارتی بەبێ بەشداری ئەوانی تر، تەنیا یەک ناوەرۆکیان هەیە کە ئەویش، فاشیزمە و هیچی تر.

ئەمە بینینی هەموو سیستەمی دەسەڵاتدارێتیە، نەک تەنیا یەک لایەن و تەنیا یەکێک لە هێزە سەرکوتگەرەکانی. قسە لەسەر دژایەتی لایەنێک بۆ سولتانیزم نیە بەتەنیا، بەڵکو لەسەر بەرنامە پڕۆژە و خەونی ئەو لایەنە “ئۆپۆزسیۆن” و “بەرهەڵستکار”ەیە بۆ دنیاو سیستمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی. کۆکتێلی گۆڕان و ئیسلامیەکان و پڕۆژە چاکسازیەکەیان هیچی لەو سیستمە جیاواز نیە کە خۆیان بەشێک بوون لە پەرلەمانەکەی و وەزارەتەکانی و یاسا و دادگاکانی. ئەمە ڕاستیەکە کە خەڵکی کوردستان بە کردەوە تاقیکردۆتەوە و بەختیار عەلی وەک ڕاستیەکی فکری پێداگری لێ دەکا بەرامبەر بە ڕۆشنبیرانی لیبراڵ. ئەم لیبراڵانە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی خۆشباوەڕیەکانیانەوە ناڕەزایتیەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان جارێکی تر دەخەنەوە هەر هێزێکی تری پۆپۆلیستی تری بورژوازی کورد. ئەمە ئەو تەجروبەیەیە کە دەبێ لە ١٧ شوباتی ٢٠١١ وەریگرین و بزانین کە فاشیزم هەریەکە و سیستمێکە نەک تەنیا کەسایەتی و حزب و بنەماڵە و دینێک، بەڵکو هەموو ئەمانە پێکەوە کێشەی نەبونی ئازادی مرۆڤی چەوساوەیە لە کوردستان.
دوای زیاتر لە دە ساڵ لە ئەزمونی “ئەو درۆ ترسناکەی ڕۆشنبیرانی کورد لەگەڵ خۆیان و مێژوودا دەیکەین، کاتێک دەیانەوێت کەمپیتالیزمی خۆرهەڵاتی بەلیبرالیزمەوە، بەڕۆحێکی پۆزەتیڤیستیەوە گرێ بدەنەوە، نەوەک بە فاشیزمەوە..” ئەمڕۆ کاتی ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵە کە ناوەرۆکی ئەم کەپتالیزمە فاشیسیتیەی خۆرهەڵات و کوردستان بخاتەڕوو. بەڵام هەرچۆن ڕۆماننوسێک پێویستی بە ئامادەکردنی کەرەستەی ڕۆمانەکەیەتی، لە ئەکتەرەکان و شوێن و کات و خوێندنەوەی دیوی ناوەوەی کەسایەتی و ڕوداوەکان و هتد.. هەر ئاواش لە بواری لێکدانەوەی فکریدا بۆ خوێندنەوەی ئەم سیستمە سیاسی و ئابوریەی کەپیتالیزم لە کوردستان پێویستمان بە کەرەستەی تیۆری و ڕەخنەگرانە تاکو پەیوەندی ئەم سیستمە بە سیستمی گلۆباڵ و مۆدێلی نیولیبرالیزمی ڕۆژئاوا و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی و دابەشکردنی کاری نێو بازاڕی جیهانی سەرمایەوە بخەینەڕوو. پێویستە بەم لێکدانەوە ماتریالیستیانەی هێزە چینایتیەکان و ململانێکانیان ڕیشەکانی ئەو دۆگما وئەفسانەی دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت و ڕیفۆرمی سیستمی سیاسی کەپیتالیزم لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا، کە ڕۆشنبیرانی لیبرال و وردە بورژوازی کورد بانگەشەی بۆ دەکەن، نیشان بدرێ و بێ بنەمایی خورافە و خۆشباوەڕیەکانی ئەم ڕۆشنبیرە پۆپۆلیستانە بسەلمێنرێ.
بەختیار عەلی هەرچەند ئەم پرسیارانە دەوروژێنێ سەبارەت بە کەپیتالیزمی خۆرهەڵاتی و خۆشباوەڕیەکانی ڕۆشنبیرانی لیبراڵ، بەڵام وەڵامەکانی هێشتا لە ئاستی ستەیتمەنت و ئەنجامێکدا کە خۆی پێیان گەیشتوە، نەک بەرهەمی توێژنیەوە و سەلماندنێکی زانستی بێت، هەربۆیە ئێمە کاری تێۆری و جەدەلێکی جدیمان پێویستە سەبارەت بە ئابوری سیاسی کوردستان.
ئارگومێنتێک لێرەدا لەگەڵ بەختیار عەلیدا هەمان بێت ئەوەیە کە بەرهەمهێنانی فاشیزم لەسەر بنەمای هەمان بەرهەمهێنانی سەرمایەیە، فاشیزم و دیکتاتۆریەت هەروەک دیموکراتی پەرلەمانی لەم سیستمە جیهانیەی سەرمایەدا و بازاڕی سەرمایە جیهانیەدا جێگای دیاریکراوی هەیە و بەشدارن لەم پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایەدا، ئەمەش پەیوەندی فاشیزمی خۆرهەڵاتی و کەپیتالیزمی ڕۆژئاوایی ڕۆشن دەکاتەوە.
ئێستا با ئەم پرسیارە لە بەرامبەر بەختیارعەلی دا زەق بکەینەوە؛ ئایا کەپیتالیزمی خۆرئاوایی نەبوو زیندانەکەی “بەندەر فەیلی” یان نوێ کردوە و هەمان سیستمی فاشیستیان لە بەرگێکی دیموکراتیدا لە عێراق دامەزراندەوە؟
لێرەدایە کە دەبێ پەیوەندی فاشیزمی خۆرهەڵاتی و کەپیتالیزمی ڕۆژئاوایی بناسینەوە. سیستمی نوێی “دیموکراسی تەوافقیی کورد و شیعە و سونە” لە دیزاین و عەقڵی دیموکراسی ئەمریکاوە هاتۆتەدەر و چینی بورژوازی ڕەنگاوڕەنگی عێراق لەسایەیدا دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی دیموکراسی خۆی دامەزراندوە.
کەپیتالیزمی خۆرئاوایی دەورێکی سەرەکی هەیە لە بەرهەمهێنانەوەی فاشیزمی خۆرهەڵاتیدا. ئەمە لە عیراقدا نەک تەنیا بەهۆی ئەوەی سەرمایەی جیهانی و بازاڕی جیهانی و کەڵەکەی سەرمایە و کۆنترۆڵی سیاسی و سەربازی لەدەست زلهێزەکاندایە، بەڵکو بەتایبەت لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتی سیاسی عێراق و بازاڕی ئابوری ئەم وڵاتە لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردویدا هێزە ئیمپریالیستیەکانی سەردەمی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دیموکراسیەتی ئەمریکای سەردەمی گلۆبالیزمی دوای ڕوخانی سەدام، کاریگەری سەرەکی بووە لە داڕشتن و درێژەپێدانی ئەم فاشیزمە خۆرهەڵاتیە لە عیراقدا. هەربۆیە ڕۆشنبیرانی لیبراڵی کورد کێشەکەیان هەر ئەوە نیە کە خۆشباوەڕن بەوەی کە لە نێو چینی بورژوازی خۆرهەڵاتیدا هێزێکی لیبراڵی بورژوازی هەیە کە سیستمی دیموکراسی پەرلەمانی ڕۆژئاوایی کۆپی دەکا لە عێراق و کوردستاندا، بەڵکو قەناعەتیان بەوەیە کە سیستمی گلۆباڵی دیموکراسی ڕۆژئاوا ڤیژن و تاکە مۆدێلی سیستمی سیاسی جیهانی ئازاد و ڕزگاری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیە و بۆ گەیشتن بەم بەهەشتی دیموکراسیە تەنیا چەند ڕیفۆریك لە دەزگای سیاسی سوڵتانیزمی کوردستان و خۆرهەڵاتدا پێویستە. ئەمە هۆکاری ئەوەیە کە ڕۆشنبیرانی لیبراڵی کورد “بێدەنگن لەسەر کەپیتالیزم کە نیشانەی بێدەنگیەکی قوڵترە کە بێدەنگیە لەسەر فاشیزم”.

ئێمە لای بەختیار عەلی تەنیا گێڕانەوەی ڕاستیەکان بەشێوەی چیرۆک و ڕۆمان نابینین، بەڵکو ئەو دنیابینی و کێشە فکریەکانیش دەخاتە ڕوو کە ئەمە گرنگی دەدا بە دیبەیت و گفتوگۆ لەگەڵ ئەم ئەدیبە و ئەدەبەکەیدا.

———————————–

[1] https://www.rwangauraxna.com/detail.aspx?IDNews=8583

[2] “ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی” p109,p112-113

[3] هەمان سەرچاوە،p108

[4] هەمان سەرچاوە،p108

Previous
Next
Kurdish