زنجیره‌یه‌ك گوتار له باره‌ی ناسنامه (9-10) …. پرسی ناسنامه …. عه‌بدولموته‌لیب عه‌بدوڵڵا
وشه‌ی ناسنامه وشه‌یه‌كی ئاوێته‌یه، له مانای زمانه‌وانیدا به نامه‌ی ناسینه‌وه دێت، كه‌سی ناسراو جیاوازی خۆی له رێگای ئه‌و نامه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه ده‌نوێنێ، نامه‌ی ناسین ده‌كه‌وێته ژێر به‌های نه‌ته‌وه‌یی و بیر و ئایین و ره‌گه‌ز و دابونه‌ریت و كلتور و ویست و فۆرمی ره‌فتاركردنی تاك و …
چه‌مكی ناسنامه گوزارشت له‌و حه‌قیقه‌ته هاوبه‌ش و هاوگونجاو و به‌یه‌كچووه ده‌كات، كه كه‌سێك، كۆمه‌ڵێك، نه‌ته‌وه‌یه‌ك، هه‌رێمێك، كیشوه‌رێك… له ئه‌ویدیكه جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش مه‌رج نییه په‌یوه‌ندی به به‌های چه‌سپاو یان پیرۆزه‌وه هه‌بێت، ئه‌گه‌رچی ناتوانین ئه‌و به‌ها جێگیر و پیرۆزانه ره‌تبكه‌ینه‌وه، به‌ڵام مه‌رج نییه وه‌ك كرۆك و رۆحی ناسنامه چاو لێبكرێن! مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه ناسنامه له هاوژیانی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیدیكه‌دا به‌رده‌وام له حاڵه‌تی تازه‌كردنه‌وه و گۆڕانكاری و كارلێكردندایه… ده‌مێكه (جۆن لوك) هه‌موو تێگه‌یشتنێكی تیۆكراتی له سه‌ر ناسنامه خستۆته لاوه! له كۆی ئه‌و قسانه‌دا ده‌مه‌وێ بڵێم مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی عه‌قڵانییه و كۆمه‌ڵێك توانای له بننه‌هاتووی تێدایه، توانای ده‌ستنیشانكردنی ناسنامه‌ی تایبه‌تی و خودی هه‌یه، كه ده‌توانێت ته‌واو له ویست و ده‌سه‌ڵاتی مێژوویی و سته‌می دابونه‌ریته‌كان ئازاد بێت، وه‌ك چۆن توانای ده‌ستنیشانكردنی ناسنامه‌ی بابه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. لێره‌دا مرۆڤ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی هه‌موو شته‌كانه، له به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كییه، بۆیه هه‌رگیز ناتوانین به هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌هه‌نده جیاوازه‌كان له ناسنامه بكه‌ینه‌وه، كه‌واته ناسنامه چه‌سپاو نییه!
(عه‌دنان مه‌جید محه‌مه‌د) ماسته‌ر له زانسته سیاسییه‌كان و پسپۆره له سیستمی سیاسی په‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی، له گوتاری (ئه‌رگیۆمێنتی ناسنامه له نێوان گۆڕاو و نه‌گۆڕاو)دا قسه له دوو فۆڕم له ناسنامه ده‌كات، یه‌كه‌م: ناسنامه‌ی خودی، كه تایبه‌ته به هزر و كلتور و ئینتمای تاك بۆ بازنه‌یه‌كی دیاریكراوی كلتوری و مێژوویی. دووه‌م: ناسنامه‌ی تاك وه‌ك هاووڵاتی، یان وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سیاسی، كه له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دیاریكراودا ده‌ژیت و له چوارچێوه‌ی دامه‌زراو و یاسا جێگیره‌كانی كۆمه‌ڵگادا پراكتیزه‌ی كاره‌كانی خۆی ده‌كات و ماف و ئه‌رك و به‌رپرسیاری تاك دیاری كراوه و چاره‌نووسی ژیانی تاك تێیدا به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت پارێزراوه.
ئه‌و دوو ناسنامه‌یه‌ی تاك، به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌ك دژ ناكه‌ونه‌وه، به‌ڵكو ته‌واوكه‌ری یه‌كترین و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی وه‌ك ئامانج ده‌بینن، به تایبه‌ت له سیستمی دیموكراسیدا، كه بازنه‌ی ئازادی و تاكگه‌رایی فره‌وانه و به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ تێیدا بانگه‌شه‌ی پێكه‌وه ژیان و فره كلتوری و ئایینی و مێژوویی ده‌كرێت، به دیوه‌كه‌ی دیكه تاك گوزارشت له تایبه‌تمه‌ندییه‌كان و بیر و بۆچوون و ناسنامه و كلتوری دیاریكراوی خۆی ده‌كات،
به‌ڵام له سیستمی تۆتالیتاریدا هه‌میشه جه‌خت له سه‌ر لایه‌نه چه‌سپاوه‌كانی ناسنامه ده‌كرێته‌وه و توانای گۆڕانكاری له ناسنامه‌دا ئه‌سته‌مه، له سیستمی دیموكراسیدا هه‌میشه جه‌خت له سه‌ر توانای خۆگونجان و ره‌هه‌نده جیاوازه‌كانی ناسنامه ده‌كرێته‌وه، سیستمی دیموكراسی به زیندووێتی كۆمه‌ڵگا و تازه‌كردنه‌وه و گه‌شه‌كردنی رۆحی هاووڵاتیبوون له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، به‌ڵام سیستمی تۆتالیتاری ئازادی و رۆحی هاووڵاتیبوون ده‌كوژێ.
هه‌ندێك پێیانوایه پچڕانی په‌یوه‌ندی یاسایی و سیاسی نێوان كه‌س و ده‌وڵه‌ت وێنه‌یه‌ك له وێنه‌كانی مردنی كۆمه‌ڵایه‌تی نیشان ده‌دات، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌وڵه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌توانێ پێناسه‌یه‌كی مۆدێرن به هاووڵاتیانی ببه‌خشێ، هه‌رگیز وه‌ك سیستمێكی دیموكراسی دانی پێدانانرێت. جگه له مافی مرۆڤ، حه‌زی تاك، ئه‌وه سته‌می ده‌وڵه‌ته تۆتالیتاریه‌كانه كۆچ و كۆچكردنیان تا ئه‌و ئاسته به‌رزكردۆته‌وه، ئه‌وه له ده‌وڵه‌ته تۆتالیتاریه‌كانه فۆرمی ره‌فتاركردنی تاك و ئازادی تاك و رۆحی هاووڵاتیبوون بێ بایه‌خ ده‌كرێ!
ئه‌وه‌ی له مه‌سه‌له‌ی ناسنامه‌دا پێویسته له به‌ر چاوی بگرین، ئه‌وه‌یه كه هه‌موو مرۆڤێك كۆمه‌ڵێك ناسنامه‌ی هه‌یه، هه‌ر له ناوه‌وه ده‌ست پێده‌كات هه‌تا به بیركردنه‌وه ده‌گات، به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و هه‌سته‌كان و په‌یوه‌ندی جۆراوجۆر و كار و ره‌گه‌ز و… هه‌موو ئه‌و ناسنامانه‌ش به پێی گۆڕانی بارودۆخ و به‌ره‌وپێشچوون … گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت! به‌ڵام (ئه‌مین مه‌علوف) له كتێبی (ناسنامه بكوژه‌كان)دا پێیوایه ده‌شێ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له سه‌ره‌وه ناویان هاتووه، به ره‌گه‌زه‌كانی ناسنامه‌یان دابنێین و له تاكه ناسنامه‌یه‌كدا كۆیان بكه‌ینه‌وه.
هه‌میشه ناسنامه پێویسته شانازی به خۆگونجان و جیاوازی و رۆحی هاووڵاتیبوون و تازه‌كردنه‌وه و به‌ها مرۆییه‌كانی بكات! به‌ڵام (سامۆییل هنتگتۆن) له باره‌ی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواوه پێیوایه خۆرئاوا هه‌ر له دێر زه‌مانه‌وه و هه‌تا ئێستاش تاكه نوێنه‌ری به‌هاكانی لێكبوردن بووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی بیرۆكه‌ی دیموكراسییه‌ته… من ئه‌و نموونه‌یه‌م بۆ به‌رچاو روونی هێناوه‌ته‌وه، ئه‌گینا ئه‌و بیروڕایانه‌ی هنتگتۆن كۆمه‌ڵێك ره‌خنه و به دواداچوونی جیاوازی به‌دوای خۆیدا هێناوه، له‌و سۆنگه‌یه‌وه كه پشتكردنه له كه‌له‌پوری جیهانی و تاكی داهێنه‌ر… هه‌موو ئه‌و لێكۆڵینه‌وه سوسیۆلۆجیایانه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن، كه هه‌ر گه‌ل و كۆمه‌ڵه یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك ره‌هه‌ندی جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و مێژوویی و ژیان و داهێنانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، پێشكه‌وتنی دنیا به‌رهه‌می كۆی داهێنانه مرۆییه‌كانه و كۆی كۆمه‌ڵگا جیاوازه‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی تێیدا به‌شدارن، ناتوانین هه‌موو پێشكه‌وتنه‌كان به شارستانی خۆرئاوایی په‌یوه‌ست بكه‌ین، هه‌موو دواكه‌وتنه‌كان به كۆمه‌ڵگای خۆرهه‌ڵاتییه‌وه ببه‌ستینه‌وه…
ناسنامه به‌رده‌وام له گۆڕاندایه، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش پێویسته له هه‌وڵی پێكهێنانی به‌رده‌وامی ناسنامه دابین، چونكه گوزارشتكردنی مرۆڤه له بوون و هه‌ڵوێست و پێشكه‌وتنه یه‌ك به‌دوا یه‌كه‌كانی و به‌پێی فاكته ناوه‌كی و ده‌ره‌كیه‌كانی ده‌گۆڕێت، به‌رده‌وام تاك و كۆ ده‌رك به بایه‌خی ناسنامه ده‌كه‌ن و توانای دیاری كردنیان هه‌یه و ده‌توانن له‌گه‌ڵ پێدراوه ژیاری و به‌خششه‌كانی تازه‌ی سه‌رده‌م بیگونجێنن، به‌ڵام پشتگوێخستنی ناسنامه، یان توانه‌وه له ناسنامه‌ی ئه‌ویدیكه به قه‌د جێگیربوونی ناسنامه ترسناكه، ئه‌گه‌ر یه‌كه‌میان دنیا به شێوه حه‌قیقییه‌كه‌ی ره‌تبكاته‌وه، گۆڕانكاری و جیاوازییه‌كان پشتگوێ بخات، ئه‌وه دووه‌میان هه‌موو پێشكه‌وتنێك له سه‌ر ئاستی ماددی و كۆمه‌ڵایه‌تی به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر خۆی ده‌زانێت، به كورتی ناسنامه‌ی جێگیر هه‌ر ته‌نها ملكه‌چكردن نییه بۆ بارودۆخی جۆراوجۆری ئه‌ویدیكه، به‌ڵكو پشتگوێخستنیش ده‌گه‌یه‌نێت.
لێره‌وه ئه‌گه‌ر قسه له ناسنامه‌ی كوردی بكه‌ین، هیچ پرۆژه‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌كردن و په‌ره‌پێدانی نابینین، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان تاك و ده‌وڵه‌ت له لێواری مردن نزیك ده‌كاته‌وه، له لایه‌كی دیكه ناسنامه‌ی كوردی چ وه‌ك چه‌سپاو چ وه‌ك گۆڕاو، چ وه‌ك ناسنامه‌ی خودی، چ وه‌ك تاكی هاووڵاتی، روون و دیار نییه، به‌ڵكو له نێوان پارچه‌كانی باكور و باشور و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواودا كۆمه‌ڵێك گیروگرفتی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و هیچ رێكه‌وتنێكی جه‌وهه‌ری له نێوان پارچه‌كانی كوردستاندا بوونی نییه، وه‌ك چۆن هیچ یه‌كێتییه‌كی نیشتمانی پیرۆز و چه‌سپاو بوونی نییه، كه‌واته ناسنامه‌ی كوردی گوزارشت له واقیعی هه‌نووكه‌یی پارچه پارچه بوونی كوردی ده‌كات، له‌گه‌ڵ پێدراوه كلتوری و سیاسی و یاساییه‌كانی هه‌ر پارچه‌یه‌ك دێته‌وه، به‌و مانایه‌ش ناسنامه‌ی كوردی پارچه پارچه‌یه و ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی پارچه جیاوازه‌كانه! ناسنامه‌ی تاكی كوردی له پارچه‌ی رۆژهه‌ڵات زۆر جیاوازه له ناسنامه‌ی تاكی كوردی له باكور یان رۆژئاوا، ناسنامه‌ی تاكی كوردی له باشور له چه‌ند رووییه‌كه‌وه جیاوازه له ناسنامه‌ی تاكی كوردی له پارچه‌كانی دیكه…
پرسیار ئه‌وه نییه ئێمه له كوێین؟ له كوێ هاتووین؟ بۆ كوێ ده‌چین؟ چونكه ده‌توانین له رێگای خۆناسین و مه‌عریفه‌وه، له رێگای تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنه‌وه، له رێگای بیركردنه‌وه‌ی جیاوازه‌وه كار بكه‌ین و ئه‌ویدیكه بدوێنین! پرسیاری سه‌ره‌كی له نامه‌ی ناسینی كوردی ئه‌وه‌یه، ئایا كورد خاوه‌نی چ ناسنامه‌یه‌كه؟ ناسنامه‌ی تاكی كوردی دیاره؟ ئایا كورد چ شتێك به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ناسنامه ده‌زانێت؟ ئایا چ به‌هایه‌ك ناسنامه‌ی تاكی كوردی به تاكێكی دیكه ده‌به‌ستێته‌وه؟
هه‌ولێر/ 19/7/2018