Skip to Content

ساغکردنەوەی: هێمن، چۆن شیعری عەشق و ئازادی نووسیوە؟.. ئەرسەلان حەسەن

ساغکردنەوەی: هێمن، چۆن شیعری عەشق و ئازادی نووسیوە؟.. ئەرسەلان حەسەن

Closed
by شوبات 28, 2024 General, Literature


دووتوێی پێنجشەموانی کوردستانی نوێ – بە تایبەت بە ئەدەب و هونەر، ژمارە (١٣٠٣) لە (١٤/١٢/٢٠٢٣) وتارێکی نووسەر (سوارە نەجمەدین)ی بەوناونیشانەی سەرەوە بڵاو کردووەتەوە کە نووسەر لەو وتارەدا باسی چۆنێتی ئیلهامی نووسینی شیعری (عەشق و ئازادی) شاعیر هێمن موکریانی دەکات و بۆ پشتڕاستکردنەوەی نووسینەکەی دوو نموونە دەهێنێتەوە. یەکەم، چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی مامۆستا (محەمەدی شڵماشی)، کە من بۆخۆشم ئەو چاوپێکەوتنەم بینیوە و دووەم، شێخ ئەنوەر کە لە چایخانەی شەعب بۆ خودی نووسەری گێڕاوەتەوە، هەر چەند نووسەر سەرەتا ئاماژە بەوەدەکات کە شێخ ئەنوەر لەوکاتەدا زاکیرەی خراپ بووە.
هەروەها پاشان نووسەر پشت بەچاپی یەکەمی دیوانی (ناڵەی جودایی) دەبەستێت کە لە بەغداد لە ساڵی ١٩٧٩ لە چاپخانەی (علاء) چاپکراوە و لە کتێبخانەی نیشتمانی ژمارە (٨٥)ی ساڵی ١٩٧٩ی دراوەتێ… هێمن ئەو شیعرەی ساڵی ١٩٧٧ نووسیوە، بەڵام ڕۆژی نووسینەکەی نە نووسیوە و بەڵگەی ئەوەشی هێناوەتەوە کە بە پێی شیعرەکە و دوادێڕی بێت، لە بەهاردا نووسراوە کە دەکاتە بەهاری ساڵی ١٩٧٧.
یەکەم، مامۆستا محەمەدی شڵماشی لەوچاوپێکەوتنەدا وتی: (ئەو شیعرە بۆ هاوسەری شەهید خاڵە شەهاب نووسراوە، کە….) من نامەوێت لێرەدا دووبارە بەسەرهاتەکە بەدوورودرێژی بنووسمەوە و نووسەر دەڵێت بە پێی ئەم گێڕانەوەیە، هێمن ئەو شیعرەی پێش ساڵی٢١/١١/١٩٧٦ نووسیوە، لە کاتێکدا بۆخۆی لەدیوانەکەدا نووسیوویەتی ١٩٧٧. دیسانەوە نووسەر پێیوایە (ناوەڕۆکی شیعرەکە و بەسەرهات و بابەتی شەهید خاڵە شەهاب زۆر دوورن لەیەکترەوە، بۆیە پێموانییە ئەو شیعرە بۆ ئەو ڕووداوە یان هاوژینی شەهید شەهاب نووسرابێت…) و نیوەدێڕی دووەمی بەیتە شیعرێک دێنێتەوە و بە پێی ئەو نیوە دێڕە، پێیوایە گێڕانەوەکەی مامۆستا محمەد شڵماشی ڕێی تێدەچێت، بەڵام لێرەشدا نووسەر دەڵێت: (ئەز نازانم مامۆستا محەمەدی شڵماشی ئەم بەسەرهاتە دەگێڕێتەوە، بۆخۆی لەوێبووە و لە تەک هێمندا ڕۆژی کردۆتەوە یان نا!).
لەدووەمدا بۆ گێڕانەوەکەی شێخ ئەنوەر، نووسەر دەڵێت: (لێ بەندە ڕاستەوخۆ لەزاری شێخ ئەنوەرەوە چیرۆکی ئەو شیعرەم بەجۆرێکی تر بیستووە…)، نووسەر پێیوایە گێڕانەوەکەی چەند خاڵێکی ناکۆکی تێدایە، کە لە نووسینەکەدا ئاماژەی پێدەکات و من نامەوێت جارێکی دیکە وەردی بدەمەوە.

دوو شایەتحاڵی دیکە
لێرەدا باسی دوو شایەتحاڵی چۆنێتی نووسینی شیعرەکە دەکەم و بۆ ساغکردنەوەی ئەوەی هێمن چۆن شیعری عیشق و ئازادی نووسیوە؟ پشتبەنووسینی هەر دووکیان دەبەستم کە یەکەم، م. عەبدە (عەبدولڵا ساڵح) لە وتارێکدا و دووەم، لە کتێبە دوو بەرگییەکەی (خەرمانێک لە کۆی یادەوەریەکانی سەنگەری کوردایەتیم) نووسینی مەلا ڕەسوڵ پێشنماز بەرگی دووەم، کە دەقی نووسینەکەی م. عەبدەش هەر لەو بەرگەدا هاتووە و مەلا ڕەسوڵ گوتەنی: (ئەم نووسراوەم لەسەر دیواری م. عەبدە (Abdullah Salih) وەرگرتووە. منیش ڕوونکردنەوەیەکم نووسیوە و لەسەر دیواری خۆم هەیە و دەتوانن بیخوێننەوە، لەسەر ئەو هۆنراوەی م. هێمن).

ئیلهامی شیعر
مامۆستا مەلا ڕەسوڵ دەڵێ: (خاڵە عەبدە یەکێک لەدۆستەکانی شاعیر “هێمن موکریانی” بووە و هەمیشە سەردانی مامۆستا هێمنی کردووە، بە تایبەت ئەوکاتانەی لە بەغدا بووە، خۆی ئەم یادگاری بەسەرهاتەی گێڕایەوە).
مامۆستا عەبدە لە گێڕانەوەکەیدا لەژێر ئەم ناونیشانەی سەرەوەدا دەڵێ، ساڵانی حەفتەکان مامۆستا بووە لە قەڵادزێ و هاوکارێکی هەبووە بەناوی (پ.ح)، ئافرەتێک بووە زۆر عاشقی شیعرەکانی مامۆستا هێمن بووە و حەزی کردووە لەنزیکەوە بیبینێت. کچە لەمدەمەدا پەیوەندی خۆشەویستی دەبێت، بەڵام بە هۆی زیبکە لێهاتنی دەموچاوی دەزگیرانەکەی وازی (لە ڕاستیدا من نازانم بۆچی م. عەبدە لێرەدا وشەی دەزگیرانی بەکارهێناوە، چونکە هەموومان دەزانین خۆشەویستی و دەزگیرانیی دوو سەردەمی جیاوازن و کچ دوای مارەبڕینی دەبێتە دەزگیراندار، نەک لەخۆشەویستیدا.. نووسەر) لێ دێنێت و ئەویش زۆر پێی ناڕەحەت دەبێت، بەڵام دەزانێ خاڵە عەبدە زۆر دۆستی هێمنە و داوای ئەدرەس و شوێنی مامۆستا هێمنی لێ دەکات بچێت لە بەغداد سەردانی بکات کە لەوکاتەدا لەبەغدا بووە، بەڵام لەبەرئەوەی باری دەروونی بە هۆی ساڵانێکی زۆر دووریی و ئاوارەیی ناتەواو بووە لەنەخۆشخانە خەوێنراوە، ئیدی کیژە ناونیشانەکە دەدۆزێتەوە و سەردانی دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ قەڵادزێ و پاش ماوەیەک کە خاڵە عەبدە مامۆستا هێمن دەبینێت و پێیدەڵێ کەسێکم ناردووە بۆلات بینیت؟ لەوەڵامدا دەڵێ: (کوڕە ئەوە بوو بە هەوێنی شیعرێکی زۆر جوان بۆم. من لەسەر چرپای خەستەخانە ڕاکشابووم هات بۆ لام و بەگریانەوە باسی وەزعی خۆی بۆ کردم. کاتێ فرمێسکی ئەوم بینی ئازاری خۆم لەبیرچۆوە و دوایی بوو بەهەوێنی ئەو شیعرە جوانەی کە دەڵێ:
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی،
گوتم: یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر…)

ڕوونکردنەوەکە
مامۆستا مەلا ڕەسووڵ پێشنماز لەڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت: (ماوەیەک پێش نوسراوێکی مامۆستا عەبدوڵا ساڵح ناسراو بە م. عەبدە خوێندەوە باس لەهۆنراوەیەکی نەمر مامۆستا هێمن دەکات، بەناوی عیشق و ئازادی) و هەمان دێڕی سەرەوەی بە نموونە هێناوەتەوە.
مامۆستا مەلا ڕەسوڵ لەدرێژەی ڕوونکردنەوەکەی هەمان باسی م. عبدە دووبارە دەکاتەوە و پاشان دەڵێت: (ئەو باسەی مامۆستا عەبدە لەسەری نووسیوە زۆر ڕاستە و من ئاگاداری تەواوم لەوبوارەدا هەیە، ئەو هۆنراوە بۆ ئەو کیژە هۆنراوەتەوە کە مامۆستا عەبدە ئیشارەی پێ کردوە.) هەروەها پێشنماز دەڵێت: (بۆ ئاگاداری خوێنەرانیش م. هێمن لە هۆنینەوەی هۆنراوەکانیدا ئینسانێکی زۆر ورد و بەدیقەت بوو ئەگەر ئەو هۆنراوە بۆ ژنێک با مەحاڵ بوو بڵێ، کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵ شکاو بینی.)
دیسانەوە پێشنماز دەڵێت: (باس لەوەش کراوە کە گۆیا لەوکاتدا شەهید (د. قاسملووش) حزوری بووە ئەوەش وانییە… و من تەنیا ئەو ڕوونکردنەوەیەم لەسەر بوو بە پێویستم زانی باسی بکەم و بەهیوام کەسانێکی دیکە کە پێچەوانەی نوسینەکەی م. عەبدە و ڕوونکردنەوەکەی من شتیان نووسیوە لێمان دڵمەند نەبن).

سەرئەنجام
بەوپێیەی نووسەر (سوارە نەجمەدین) گومانی لە هەر دوو بەڵگەکەی هەیە وەک بۆخۆی دەڵێت، بەو ئەنجامە دەگەین شیعری (عیشق و ئازادی) بۆ ئەو کیژە عاشقە دڵسووتاوە کۆستکەوتووەی قەڵادزێ نووسراوە و نووسینەکەی (م. عبدە)و ڕوونکردنەوە و گەواهیدانەکەی مامۆستا مەلا ڕەسوڵ پێشنماز بەسە بۆ دڵنیابوونمان، چونکە هەم مامۆستا عەبدە هاوڕێیەکی نزیک و هەم مەلا ڕەسوڵ تێکۆشەر و هاوخەباتی مامۆستا هێمن بووە.

———————————-
سەرچاوە

  • هێمن، چۆن شیعری عەشق و ئازادی نووسیوە؟ سوارە نەجمەدین. دوو توێی پێنجشەموانی کوردستانی نوێی تایبەت بە ئەدەب و هونەر ژمارە ١٣٠٣. ١٤/١٢/٢٠٢٣.
  • خەرمانێک لەکۆی یادەوەرییەکانی سەنگەری کوردایەتیم، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم ٢٠٢٣، لاپەڕەکانی (٤٠٣ تا ٤٠٦)، کۆکردنەوەی: خاتوو گوڵاڵەی پێشنماز.
    ————————————–
مەلا ڕەسوڵ پێشنماز و ئەرسەلان حەسەن

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish