
به‌و ڕێیانه‌دا تێپه‌ڕیم له‌و كانییانه‌م خوارده‌وه …. نه‌ژاد عزیز سورمێ
“منداڵێك ڕاده‌برد مۆمێكی به‌ده‌سته‌وه بوو. لێم پرسی ئه‌م ڕوناهییه له كوێوه دێ ؟
مناڵه‌كه مۆمه‌كه‌ی كوژانده‌وه و وتی: ئێستا تۆ پێم بڵێ ڕوناهییه‌كه بۆ كوێ چوو
تا منیش پێت بڵێم له كوێوه دێ .
حه‌سه‌نی به‌سرایی “
1
فڕین له نه‌غمه‌ی مۆسیقادا ون ده‌بێ
تارمایی مانگ له ڕه‌نگی سوور
سوور
سوور
به چاوت ڕا ده‌زانم
هێشتا گه‌لاوێژ نه‌بزووتووه
منیش وه‌ك تۆ ،
مه‌مله‌كه‌تی خۆم ون كردووه ..
ڕۆشناییان به‌نوێژی نیوه‌ڕۆ
لێ دزیوم
به چاوت ڕادهزانم
سپێده‌یه‌كی سپی به‌ڕێوه‌یه
سپی
سپی
سپی .
هه‌ورم به وشكی نه‌دیبوو
ئه‌و پیتانه‌ی به كێڵگه‌كانم داكردبوون
به‌شێكم له شه‌و،
به‌شه‌كه‌ی دیم له گزنگی به‌یان خواستبوون
زه‌رد
زه‌رد
زه‌رد
په‌پووله له زمانی خه‌ون ناگه‌ن
“ڕووباری گریان”
سه‌رچاوه‌ی له پایزه‌وه نه‌گرتووه
ئه‌مجاره‌ش بۆنی سه‌وزایی
له‌خه‌و ڕایچڵه‌كاندم…
سه‌وز
سه‌وز
سه‌وز .
2
ته‌نیایی، گوڵی گه‌شی داری فه‌نا
ڕۆژنامه‌و بڵاوكراوه و
ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆن و سایته‌كان
لێی ده‌ترسن
خۆیانی لێ ده‌پارێزن ..
كه‌چی ئه‌و له شێوه‌ی ژنێكی ڕادیكاڵ
به چاوی به‌زه‌ییه‌وه لێیان ده‌ڕوانێ ..
3
كۆتر به ناوی ئاشتییه‌وه فڕێنرابوون
چیا له ئامێزیان ده‌گرتن ، لایلایه‌یان بۆ ده‌كردن
به‌ڵام به‌فر خۆی لێ نه‌كردن به‌خاوه‌ن
ڕووی نه‌دانێ
كۆتره‌كان ئێستاش چاوه‌ڕوانن
به‌فر سڵاوێكیان لێ بكا.
4
ئه‌و مردووانه
بۆچی ده‌ستیان له گۆڕ ده‌رهاتووه؟
ئه‌و هیوایه شێته
چییه‌تی به‌و سه‌رماوسۆڵه
له شه‌قامی شاعیران‌دا
سه‌رگه‌ردان ، ئه‌ستێران كۆده‌كاته‌وه
كه هێشتا تاریك دانه‌هاتووه
ئه‌م دنیایه بۆ نووستووه ؟
* تێبینی: وه‌ڵامه‌كان بۆ ئیمێله هاككراوه‌كان ده‌نێردرێن
5
ڕێگا دوور بوو، جێ‌ژوان خاڵی
من بهمهوسیمی چاوی تۆ
بیناییم ڕوون ده‌بووه‌وه..
موریدی خانه‌قای تۆم من
گرفتاری لاله‌زاری گوڵڕه‌نگی
حوجره‌ی به ده‌نگ و سه‌دای تۆم ..
6
سه‌ره بێباكه مژوولهكان
خلۆر ده‌بنه‌وه ..
له‌و دیو مینای په‌نجه‌ره‌كانه‌وه ده‌بینرێن
ئه‌و شه‌قامه تاریكانه
ئه‌و دیواره تاریكانه
ئه‌و شاره تاریكانه
چیت به‌بیر دێننه‌وه..؟
من هه‌ر ئه‌و (من)هم
نه‌مهێشت گه‌ڵا شه‌رمنه‌كان هه‌ڵبوه‌رێن ..
7
ئێواره‌ی ئه‌به‌دیه‌ت ،
شوێنپێی له‌رزۆك ،
ڕووباری به‌خۆڕ،
هه‌موویان لێره‌دا، به به‌ر سێبه‌ری نووكی
ئه‌و قه‌ڵه‌مه باڵانوێنانهدا تێپه‌ڕین .
8
ڕوخساری ماندووتم
له ئاوێنه‌دا بینی
ویستم بڵێم ناتوانم بڵێم ئه‌وه‌ی له دڵمه بیشارمه‌وه
پێم بڵێ پرسیاره‌كانت چی لێ كردن ، بۆ كوێت بردن؟
پێم بڵێ من كێم؟
9
ئێمه له كوێین؟
ئه‌و شانۆگه‌رییه بۆچی ئه‌وه‌نده‌مان ماندوو ده‌كا؟
تاومان بۆ به خۆشه‌ویستی ئه‌م ڕۆژگاره لێ هه‌ڵنایێ ؟
چ ده‌ڵێی ،
بۆ نایێی له كۆڵ خۆمانیان بكه‌ینه‌وه
ئومێد ماوه، ئه‌ویشیان بده‌ینێ ..
10
ده‌ستم له ئه‌به‌نووس ده‌چوو
دڵم پێده‌كه‌نی ..
ده‌ستم په‌شمی تابانه
دڵم ده‌گری…
11
شازاده نهێنی ڕه‌نگه‌كانی
له‌گه‌ڵ خۆی برد
پێدڤێ ئاڵامان ڕه‌نگی
له دامێنی چیاكانه‌وه وه‌ربگرێ
تا هه‌تا هه‌تایێ
بزه‌ی كوێستانانی پێوه دیاربێ ..
12
هێشتا زه‌رده بهسهرانهوه مابوو
بارانم شایه‌ده شیرین قه‌د!
من له واده‌ی خۆم دوانه‌كه‌وتبووم
تێمههڵكردبوو
كسپه‌ی جوداییم ده‌نگی ده‌گه‌ییه ئاسمانان
بارانم شایه‌ده
له‌واده‌ی خۆم دوانه‌كه‌وتبووم
به چیت بڕوا پێ بكه‌م
له هاتنم بێ خه‌به‌ر بووی..؟
13
پێكه‌وه‌ین
كه‌چی له‌یه‌كتریش جوداین
ڕێگای ئه‌ڤین یه‌ك ڕێگایه شیرین قه‌د.
14
په‌پووله‌یه‌كی داماو
چ له دیوارێكی كۆنكریت ده‌كا
چ له‌و خه‌ونه نیگه‌رانانه ده‌كا
ژنێكی سپی‌پۆشی تێدا ده‌رده‌كه‌وێ..؟
په‌پووله‌یه‌كی داماو
چ له زایه‌ڵه‌ی ده‌نگ و
ئه‌شكه‌وتی ترسناكی بێده‌نگی ده‌كا؟
15
ده‌سته ڕهشهكانن
كه‌مه‌ندان
له‌مه‌زرای دڵه‌شكاوه‌كان داوێن
چاوه‌كان له ئاست مێژوودا نووقاون
له‌وانه‌یه كۆنهبرین بكولێنهوه
ڕه‌نگه دیسان شه‌و دابێته‌وه..
16
باخچه چاویان لێ ستاندم
ڕووبار فرمێسك
ئێستا سیمام له په‌یكه‌ری مرۆڤێك ده‌چێ
له‌به‌هه‌شتدا تووڕ درابێ..
17
له براده‌ر زیاتر بوو
باجستێنی خه‌م
ڕۆیشت…
بێ خواحافیزی، بێ ڕوخسه‌ت
بێ ئه‌وه‌ی گۆڤاره‌كه‌ی ده‌ربچوێنێ
یا پێمان بڵێ ئیتر نایه‌مه‌وه
تێنه‌گه‌یشتم بۆچی
سه‌فه‌ری بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی
خسته سه‌ره‌تای زستان..؟
18
جارێكی دی هاتیه‌وه خه‌ونم
له‌خۆشیان نیوه‌گیان بووم
ئه‌وه چ چیرۆكێكه كه‌ژێ
چیرۆكی من و تۆ
په‌یكی زه‌مه‌ن نایبڕێ..
19
پێشوتاری قه‌ڵه‌م
به‌دخه‌وی بوو
ڕۆحی سترانان
خه‌ڵتانی بێده‌نگیی جۆگه‌و ڕووباران
شیرین قه‌د له من ون نییه
چاوه فێڵاوییه‌كانی
له‌ودیوی مینای په‌نجه‌ره‌وه ده‌بینم
پێشوتاری قه‌ڵه‌م
لێره، له كانی له‌زه‌تدا ورشه ده‌دا..
20
ماهی ئێمه
له‌باتی تریفه
په‌شم ده‌بارێنێ
له‌گه‌ڵ میوانداری مه‌رگیش
له‌گه‌ڵ نه‌خوێندنه‌وه‌ی مێژوو
له‌گه‌ڵ ئاودزبوونی برینان
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی شه‌و
هێشتا دڵ په‌یژه‌یه‌كی ئومێدی
پێوه ده‌مێنێ
من و تۆی پێدا سه‌ركه‌وین.
21
پایته‌خته‌كانی ئه‌م سه‌ده‌یه
له‌هێڵی یه‌كتربڕو ته‌ریب ده‌چن
بێ سه‌ره‌تا، بێ دیماهی
پایته‌خته‌كان گوندی گه‌وره‌ن
به‌ڵام هێلكه‌ی بچووك ده‌كه‌ن..
22
ئه‌و ئاواز‌و گۆرانییانه
كێ شكاندنی؟
كێ بوو به زه‌بری سته‌م
قه‌ره‌جه چاوكاڵهكانی
له‌گه‌ڵ دنیای ماسكداری ئێمه‌دا
تێكه‌ڵ كرد‌و تارمایی دوواندن؟
كێ بوو ڕازه‌كانی بردن؟
نه‌وا.
نه‌وا.
نه‌وا.
بۆ كێ؟
23
كه پێویستیمان به لێفهشڕێك و نانێك هه‌بوو
ئه‌وان بروسكه‌یان ده‌نارد..
وه‌ك گۆزه‌یه‌كی شكاو له مه‌یدانی شه‌ڕه‌كانیاندا
به‌جێیان ده‌هێشتین ..
ئاهه‌نگیان له گه‌ڕه‌كی كه‌ڕان پێ ده‌گێڕاین ..
كه‌چی ژیان ..
ئا ئا ژیان ..
ئه‌وه‌تا به پیرمانه‌وه دێ
ئێمه‌ین خۆمانی لێ لاده‌ده‌ین ..
24
په‌تای ئاده‌می
كه ئێستا بووه به مۆد
دیوار‌یان بهخانووانهوه
په‌نجه‌ره‌یان به دیوارانه‌وه
شووشه‌یان به په‌نجه‌رانه‌وه نه‌هێشت
به‌م جۆره
چیرۆكی ئه‌مشه‌ویشمان لێره‌دا ته‌واوبوو..
25
پاسه‌وانی ڕێگا بوو
هێللانهكانی تێك دابوون
له‌و ساوه ته‌رزه له شكارتهكانمان ده‌دا
تێكههڵكێشاوه..له‌و ساوه پیلمان له‌گه‌ڵ برسییه‌تیدا
26
ڕه‌نگه‌كان له‌كوێدا خۆیان بنوێنن
كه هه‌موو شه‌ڕو پشێوی دونیا
له‌سه‌ر ده‌نكه ڤیاگرایهك بێ..
27
به‌داخه‌وه باران مابوو
ئه‌ویش ئێستا
له‌پرۆسه‌یه‌كی ڕسكاودا
جاسووسی به‌سه‌ر هه‌وره‌وه ده‌كا
ده‌ڵێن باران هه‌موو نهێنییه‌كانی دركاندووه
بۆیه هه‌ور تووڕه بووه
وه‌ك ده‌بینی ماوه‌یه‌كه
هیچ كارێكی پێ ناسپێرێ.
28
كه ڕۆیشتی پرچت تا تا
سیمات بروسكه‌ی ده‌هاوێشتن..
نازانم چۆن له‌ژێر ئه‌و هه‌موو ماسكانه ماندوو نه‌بووی..
29
دونیا له‌ژێر باڵی (جیهانایه‌تی)دا نووستووه
كێڵگه‌كانی نێرگس،
ڕه‌نجی فه‌رهاد ده‌ده‌ن
له‌و لاوه
له په‌نای دێرێكدا
كه ده‌نگی گیان و
گیانی ده‌نگی پۆشیوه
مرۆڤێكی ساده
به‌دڵی شكاوه‌وه
لاوكی به‌سه‌رچوو ده‌چڕێ
30
حه‌وشه‌مان بۆنی شه‌وبۆی لێ دێ
هه‌ر دڵه‌و په‌یكانێكی بۆ دێ
هه‌ر چاوه‌و گڕ ده‌بارێنێ
ئاوازی كپ،
ده‌فری به‌تاڵ پڕ ناكا
ئیتر لێره به‌دوا سێ‌و له ئه‌فسانان دێته ده‌رێ
به كلیكێك پێ ده‌گا..
به كلیكێك ده‌كڕێ
به كلیكێك ده‌فرۆشرێ
دوور نییه به كلیكێكیش بخورێ..
بژی (جیهانایه‌تی)
كانگه‌ی ته‌مبه‌ڵی و
كۆڵه‌واری و ته‌نپه‌روه‌ری..
31
سرووتی خاكه‌ڕایی
خه‌می نادیار
خۆری سپیپات
وا پێك نه‌هاتبووین براله
منداڵیی گه‌ردوون
به گورگان بسپێرین ..
32
ئای زه‌وی خۆزگه ئه‌وه‌نده بچووك نه‌بای
ناچارم بكه‌ی
سینگم بكه‌م به چیمه‌ن
چاوم به هێللانه‌ی مه‌لان
دره‌خت له‌سه‌ر باڵه‌كانم بڕوێنم .
33
په‌ری له هه‌وران ده‌ركه‌وتن
باس له‌وه‌ختێك ده‌كه‌م
به‌یانیی نه‌دابوو
هێشتا ئاگری شوانان
به بنارانهوه دیار بوو
شه‌وگه‌ڕ نه‌هاتبوونه‌وه
په‌ری له هه‌وران ده‌ركه‌وتن
له كاتێكی وادا
تۆ بڵێی په‌ری بۆ له هه‌وران ده‌ركه‌وتبن؟
34
ژنێك بۆ غه‌ریبی خۆی ده‌فی لێ ده‌دا
گه‌ڵای داران
سه‌ره‌تاتكێیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرد
ژنێك ،
له كانگه‌ی نووره‌وه هاتبوو
ده‌فی بۆ غه‌ریبی خۆی لێ ده‌دا..
35
ئه‌وده‌مه‌ی كولێره‌یه‌ك به‌ده‌سته‌وه ده‌گرم
ده‌زانم دنیا ده‌هێنێ
گۆرانی بۆ بچڕی .
36
گریمان دڵیان
خستیه سندووقی ده‌نگدانه‌وه
بیرت لێ كردۆته‌وه
به چ زمانێك له‌گه‌ڵ پرسیاران بئاخڤێی
یاخود چی‌یان پێ بڵێی..؟
37
چاو و گوێمان
به‌سێنی سه‌ربانانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه
تكایه پێم بڵێ من كێم؟
له كوێڕا هاتووم ، بۆ كوێ ده‌چم ؟
38
گڕم نه‌دیبوو له‌و شێوه
بێ‌باك، بێ په‌روا..
به‌فری لوتكان بسووتێنێ
ئاوی ڕووباران دا‌غ بكا.
39
مه‌رگ له چاوه‌ڕوانی ژیاندا خوێنی له بهردهڕوا
شارستانیه‌ت و چۆلپه‌رستی
له‌به‌ر ئاستانه‌ی سه‌ده‌ی نوێ
ده‌ست له ناو ده‌ست
پرۆتۆكۆلی نهێنی ئیمزا ده‌كه‌ن
وێنه‌ی یادگاری ده‌گرن…
40
نه‌مده‌زانی گوڵ له ته‌مدا
جوانتر ده‌رده‌كه‌ون
نه‌مده‌زانی تریفه‌ی مانگ
له تانه‌ی چاوان ده‌چێ..
41
لێم دیاره ده‌رفه‌ته‌كان له ئه‌فسانه‌دا ئاڵاون..
لێم دیاره،
پیاڵه‌ی به‌تاڵم لێ دیاره
چاوی ماندووی تێدا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه
ده‌نگی گیراوی تێدا ده‌نگ ده‌ده‌نه‌وه
لێم دیاره، شتی دیشم لێ دیاره
لێ مومێكی به‌ر با چی له‌ده‌ست دێ؟
له‌وه‌ی به‌ده‌ر
یه‌خه‌ی خۆی له تاریكی‌دا داده‌دڕێ
42
ڕۆژگارمان
ڕۆژگاری دووپشكانه
چڕپه ده‌خوێننه‌وه
سه‌وڵ له خه‌یاڵ ده‌ده‌ن
ڕازێك ، نهێنییه‌ك
له ڕۆژگاری دووپشكاندا نه‌ماوه..
43
فرمێسك نووستبوو
چاو بێ‌دار
له‌و دیو سۆزی سۆمادا
ژنێك سه‌مای
له‌به‌ر ئاوازی هه‌تاو و سێبه‌ردا ده‌كرد
فرمێسك نووستبوو
ژنێك له‌به‌ر ڕوناهی دا ده‌له‌یزی..
44
تارمایی ڕێیان
له‌هه‌ور
له با
له خه‌ونان گرتووه
تارمایی گه‌یشتنه ئاسمانی خه‌ره‌ندان..
45
ڕه‌شه‌با نه‌بووایه
دره‌خت به‌لادا نه‌ده‌چوون
ڕه‌شه‌با نه‌بووایه
چاوی تۆ
به‌و ئێواره ئه‌رخه‌وانییه ته‌رزیان نهداوێشت
ڕه‌شه‌با نه‌بووایه..
46
مێژووی شۆسته‌كان نانووسنه‌وه
ئه‌و ڕه‌وه‌زه‌ی له خه‌ودا به سه‌رتدا ڕما
ئه‌و خه‌مه نادیارانه بوون
پایزان ده‌دره‌وشانه‌وه..
ترپه‌ی دڵه ههلاههلاكان بوون
ته‌می سپێده‌یه‌كی زستانی…
فلیمه‌كه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێ مابووه‌وه
ئه‌وی دی لێ ڕهشببوهوه..
47
داربه‌ڕوو په‌نجه‌مۆری
به‌سه‌ر گوڵاڵه‌كانی كه‌ناره‌وه مابوونه‌وه
پاسه‌وانی فه‌رمانگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی تاوانان
نه‌یهێشت له گوڵان نزیك ببمه‌وه
تۆ پێم بڵێ دڵداره‌كه‌م چاوه‌ڕوانه
من چۆن بێ گوڵ بگه‌ڕێمه‌وه؟
48
بازی كێوییان
به دووكه‌ڵی پرسیاران گیراوه
ئه‌ستێره
له ئاسماندا ڕاده‌كه‌ن
خه‌ڵكی له به‌هه‌شتیشدا خۆیان كۆكردۆته‌وه
كه‌س نازانێ چی قه‌وماوه..
49
ده‌خیل چاكی سهرگردو ته‌لانان
به‌هه‌ور بڵێ
له قه‌ده‌حی پڕی‌دا ڕێژنهیهك دا بكا
شاعیران وه‌ختی ژوانێ
هیچیان له بیر نامێنێ .
هه‌ولێر- 2009
نه‌ژاد عزیز سورمێ