Skip to Content

نوستالژیا/8/ کتێب بە عەرەق.. ستیڤان شەمزینی

نوستالژیا/8/ کتێب بە عەرەق.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئازار 21, 2024 General, Opinion


بەشی ھەشتەم


ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، پڕبوو لە رووداو و کارەساتی سەیر. ئابڵووقەی ئابووری سەر عێراق، ژێرخانی کوردستانی بە تەواوەتی داتەپاند. ئەو چینە بۆرژوازییەی لە ھەشتا و ھەفتاکان وەک شا دەژیان، کەوتنە سەر ساجی عەلی. توێژە تەکنۆکراتەکانی وەک مامۆستا و فەرمانبەر و ھاوشێوەکانیان بوون بە ژێرەوە، تەنانەت لەگەڵ رێزمدا ئەوسا لە قەسابخانەکانی سلێمانی، بە خەتێکی درشت دەنوسرا، ئێسقان ھەیە بۆ مامۆستا، یان دەنوسرا روبعە کیلۆ گۆشت ھەیە بۆ مامۆستا. ئیتر ئەو دەیەیە دەیەیەک بوو گڵۆڵەی چینی ناوەند ھاتە لێژی و چینی خوارتریش ھەر بە تەواوەتی فلیقایەوە. ئەوسا بەشێکی زۆری چینی ناوەند، تەنانەت پێداویستییەکانی جوانکاریی ناو ماڵی خۆی دەفرۆشت، بەڵام قۆناغەکە درێژەی کێشا، وای لێھات ھەموو شت دەفرۆشرا، بۆ ئارد و شەکر و رۆن. دۆخەکە خراپ بوو، ئەمە وایکرد شەپۆلی راکردن بەرەو ھەندەران ھەموو سنوورێک ببەزێنێت. ئەوسا خەڵکی شار زۆربەی لە ماڵەوە کتێبی ھەبوو، کتێبخانە ببووە بەشێک لە پێداویستی ناو ماڵ، چونکە ئەوسا دۆنم و وەنەوشە و شتی وا ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نەبوو. لەو زەمەنە گرانییەدا ھەموو کتێبی دونیا نەیدەکردە لەواشەیەکی گەرم، بۆیە ھەڕاجکردنی کتێب ببووە دیاردەیەک لە نزیکەوە دەمانبینی. بڕوا دەکەن یان نا، من کتێبی “شەرەفنامە”م تەنیا بە سێ دیناری عێراقی کڕیوە.
ئەوسا من ئەوەندەی خوێنەرێکی جیددی بووم، خۆم پێ نووسەر و شتی وا نەبوو، ھەر بە راستیش نازناوی نووسەر و رۆژنامەنووس وا ئاسان نەبوو وەک ئێستا، کە دوکاندارەکەی دراوسێمان پێیوایە ئەویش نووسەر و رۆژنامەنووسە، چونکە بەردەوام لە بەرنامە راستەوخۆکانی تیڤیدا موداخەلە دەکات. ئەوێ رۆژێ زۆر عەوداڵی کتێب بووم، تا راددەیەک ئەو گرانییە بەر خانەوادەی ئێمە نەکەوتبوو، ئێمە پێشتر دەوڵەمەندێکی قورس بووین، ئاسان نەبوو ئەو گرانییە بە خێرایی ھەرەسمان پێبھێنێت. دەرفەتم لەو ھەڕاجکردنی کتێبە وەرگرت و ژمارەیەکی ئێجگار زۆر کتێبی دانسقەم بە نرخێکی ھەرزان کڕی، کە ھەموو تەفسیری تەبەری کە زیاتر لە ٢٢ جزمە، بە ١٨٠ دینارێک کڕیم، پێموایە ئەو تەفسیری “تەبەری”یەم لە کاک “سیروان” ناوێک کڕی، کە لە بەردەم نەخۆشخانەی ددانی سلێمانی کتێبفرۆش بوو.
زەمەن رۆیشت و ھات، منیش بێزاربووم لە کتێب کڕین، بڕیارمدا سەفەری دەرەوەی وڵات بکەم، بەشێک لە کتێبە دانسقەکانم فرۆشت و کردمە پارە بۆ سەفەرەکەم، ئەلبوومی وێنەکانی خۆم سووتاند لە نھۆمی سێیەمی ماڵەکەمان لە گەڕەکی سەھۆڵەکە. بڕیارم دابوو واز لە وڵات بھێنم، نیھلیزم باڵی بەسەردا کێشابووم، لە سیاسەت نائومێد ببووم، لە ھاوڕێکانم کە زۆربەیان راستگۆ دەرنەچوون نائومێد ببووم، لە عەشقی ناکام نائومێد ببووم، لە رووی دارایشەوە ھەرەسم ھێنابوو، رۆژانە ئەو پارەیەم خەرج دەکرد لە خوشکێکم وەرمدەگرت، لەم دەست پانکردنەوەیەش لە خوشکم نائومێد ببووم، نائومێدیی زیاتر لە ھەر شتێک منی خستبووە ژێر کاریگەریی خۆی. کاتێک سەفەرەکەشم، ھەرەسی ھێنا و خەریکبوو ببمە خۆراکی قرژەکانی دەریا، بە بێزاریی و پووچگەرایی زۆرەوە گەڕامەوە وڵات، ھیچ شتێک نەبوو بتوانێت ئارامیم پێ ببەخشێت، جگە لەو عەرەقە زۆرەی ھەموو رۆژ دوو سێ جار دەمخواردەوە. ھەموو رۆژێک کاتژمێر ١٠ سەر لەبەیانی دەچوومە باڕی “دەریا” لە تەنیشت ماسی فرۆشەکانی ئەسحابەسپی، دەستم دەکرد بە خواردنەوە تا بە تەواوەتی خەیاڵ دەبووم، تا ئەو ئەندازەی “سالار” یان “کاک ئەکرەم” یان “ئاوات” کە سێ گارسۆنی ئەو باڕە بوون، دەیانووت بەسە، لەوە زیاتر بوارت نادەین، دەستم لە خواردنەوە ھەڵنەدەگرت، بەڵام دەمەو ئێوارەش وردە وردە بۆ یانەی فەرمانبەران دەڕۆیشتم لەوێش دوا کەس بووم لەو یانەیە ھەستم. ئیتر ئەو زەمەنە لای ھەموو کەس من کھولیست بووم، لە راستیشدا ھەروابوو.
وردە وردە پارەم کەم دەبووەوە، ھیچ کارێکم نەبوو، ماڵەوەش گەمارۆیان دەخستە سەرم بۆ ئەوەی بە ئاگا بێمەوە. منیش بە دووی رێگەیەکی ئاساندا دەگەڕام، پارەی خواردنەوەی پێ مسۆگەر بکەم. لە ناکاو ئەھریمەن ھاتە بن کڵێشەم و بیرۆکەی ئەوە بە مێشکمدا ھات، دەستێک لە کتێبخانەی ماڵەوە بوەشێنم، لەسەر ھەمان پرنسیپی نەوت بەرامبەر بە خۆراک، منیش کتێب بەرانبەر بە عەرەق گەڵاڵە بوو لەلام. ئیتر ھەر کات پارەم پێ نەدەما، پڕ عەلاگەیەکی گەورەی نایلۆن کە پێیان دەوت عەلاگەی “ئەسپین” کتێبم دەبردە بەر دەرکی سەرا و بە “حسێن”م دەفرۆشت، کە ھەموو کەس “حسێن” دەناسن، یەکێکە لەوانەی کاتێک خراپترین کتێبت پێ بفرۆشێت قەناعەتت پێ دەکات باشترین کتێبە و بە نرخێکی گران پێت دەفرۆشێت، بە پێچەوانەشەوە ھەروابوو. من بۆ ئەو کتێبفرۆشە ببوومە نێچیر، ئیتر ھەر کات پارەم پێ نەدەما کتێبم دەفرۆشت بۆ کڕینی عەرەق. ھاوڕێکانم لە چەشنی “بەھەست حەمەساڵح”، “کەیوان سەعید”، “ئارێز سۆران”، “رێباز حەمەجەزا” لەو کەسانەن کە دەعوەتم کردوون بۆ ئێوارە خواردنەوە لەسەر حسابی کتێبەکانم، بەڵام ماڵیان ئاوا بێت ئەوەندە موناقەشەی فیکرییان دەکرد، ھەموو جار داخم دەخوارد بۆ بەھەدەردانی کتێبەکانم، لەبەر خۆمەوە بڕیارم دەدا ئەمە دواجار بێت کتێبەکانم بۆ خواردنەوە بفرۆشم، بەڵام ھەر وەخت پارەم لێ دەبڕایەوە عەینەن تاس و حەمام، حسێن خۆت بگرە و ھاتم.

سەرنج: کۆی ئەم نوستالیژیانە لە بەھار و ھاوینی ساڵی ٢٠١٢دا نووسراون.

تێبینی: ئەم بەشەی نوستالیژیا له بەرگی سێیەمی کتێبی (قوتووی عەتار) لە لاپەڕە 514-516 بەشێوەی کتێبی کاغەز بڵاوکراوەتەوە.

Previous
Next
Kurdish