Skip to Content

سۆناتای تەمەن.. شیعری ستیڤان شەمزینی

سۆناتای تەمەن.. شیعری ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 4, 2024 General, Poems

چیم لە دوا جێدەمێنێ؟
جگە لە گەرمی دوو ماچ و
گۆڕێکی بێ ئادرێس
خەونێکی تەژی لە کابووس و
چەند شیعرێکی خۆکوژ
چیم لە دوا جێدەمێنێ؟
جگە لە ھێشووە بەرسیلەیەک
پێش ئەوەی ببێتە ترێی عەشق
بە دەندوکی چۆلەکەی دووریی
دڵی ھەپرون ھەپرون دەبێت
من ھیچم لە دوا جێنامێنی
جگە لە تەرمی خۆم
لە قەبرستانی بیرچوونەوەدا


تەمەنم سێوێکە
خەریکە بە داری ژیانەوە بەربێتەوە
پێش ئەوەی ئاگری پێکەنین
لە چاوی فرمێسکاویمدا بکوژێتەوە
لە رووباری پشکۆدا مەلە دەکەم
پێش ئەوەی خەیاڵم
بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە
شیعرێکی تر
بۆ خۆشەویستی ئەنووسم
بەرلەوەی مردن
بمکاتە گۆرانییەکی حەزین
قەسیدەیەک بۆ ژیان ئەخوێنمەوە
تەمەنم وەک بروسکە تێپەڕی
فریا نەکەوتم شەوێک
لەناو جیھانی تۆدا رۆژ بکەمەوە
کات ئەوەندە نەماوەیە
لە عەقڵ یاخی بم و
ببمە نۆکەری دڵ
ئەرێ بۆ وا خێرا تێپەڕی
ئەو ئەسپە شێیەی تەمەن!؟


ئەو رۆژانەی لە دەستمان رۆشتن
جوانترین رۆژەکانمان بوون
ئەو گۆرانییانەی دلێرانە وتمان
خۆشترین ئاوازەکانمان بوون
ئێستا رۆژە جوانەکان بەسەرچوون
قورگی ستران وتنمان سووتاوە
ژیان دوا دەرفەتی زێڕینی خۆی پێداین
رۆژانێکی جوان پێکەوە بەسەر بەرین
ئێمە بە جووتە
سەرقاڵی شکاندنی دڵی یەکتر بووین
نەماندەزانی ئەم رۆژە پەمەییانە
وەک بروسکە بەناو تەمەنماندا تێدەپەڕن
ھەنووکە لێرەوە بەچاوی پڕ ئەسرینەوە
شینی ئەو رۆژانە دەگێڕین کە نایەنەوە


ئەو عەشقەی من
کڵۆیەک شەکرە
لە دەمی یاردا دەتوێتەوە
ئەستێرەیەکە
ھیچ ئاسمانێک جێی ناکاتەوە
شەرابێکی کۆنە
نەڕژاوەتە پیاڵەی ھیچ مەستێکەوە
بەھارێکە
خەزان ناتوانێت بیکاتە چامە
خولیایەکە
بە دوای خۆمدا ئەگەڕێ
لە رێگا ھەورازەکانی دڵی تۆدا
ئەو عەشقەی من
تەکاندنی تاریکییە
لە شانی رۆژە ھەوراوییەکان
نورێکە
لەو کاتەی گەردوون کوێر دەبێت
کۆڕاڵێکە
لەو دەمەی ژیان کەڕ دەبێت
شیعرێکە
لە چەرخی بڕینی زماندا
باخێکە
لە زەمەنی قەدەغەکردنی گوڵدا
ئەو عەشقەی من، میتا عەشقە

ستیڤان شەمزینی


Previous
Next
Kurdish