نامه‌یه‌كی كراوه بۆ جه‌لال به‌رزنجی … سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
كاكه جه‌لال به‌رزنجی، كه گوێت له هاوار بوو، ئاگرت كرده‌وه. ئاگر زه‌وی له پیسی پاك ده‌كاته‌وه و هێڵێكی داگیرساو به‌رز ده‌كاته‌وه. كۆشیعری: (به‌یه‌كه‌وه ته‌نیاین)، كه ساڵی 2015 له خانه‌ی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه، چاپ كرا. هه‌ستی ڕاگرتم، هه‌ست هه‌موو توانا نیشتووه‌كانی له قووڵاییهكانهوهن پاڵیان پێوه ده‌نێت و سه‌ریان ده‌خات و ئاراسته‌یان ده‌كات بۆ بینین، كه بیندراش فۆرمێكی گونجاو وه‌رده‌گرێت. فۆرمی نووسین، كه ئه‌م گهشهكردنهم ئاراسته‌ی هه‌سته‌كانی خۆم كرد. هه‌ستم كرد كۆمه‌ڵێك شیعری تۆ له هه‌سته‌كانی مندا نیشتوون و سه‌رده‌كه‌ونه‌وه له‌م كۆشیعره‌تدا دوا خراون و گفتوگۆم له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن، به‌ڵام زه‌ینم ده‌یبردمه‌وه سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ی به‌ر زه‌ینم كه‌وتوون، له ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌دا گه‌ڕام پێنج شیعرم دۆزییه‌وه.
1- هه‌ڵبزڕكانی بڵندایی
2- ئاشتبوونه‌وه
3- شه‌وێكی تر نه‌چوومه‌وه گوێ چه‌می منداڵیم
4- وه‌ره تا زووه شوێنێك له مردن بۆ خۆمان بكه‌ینه‌وه
5- شته ئاسایییه‌كان و شته نائاسایییه‌كان
تایپ و هه‌ڵه‌گری و ڕێنووسیشم كردوون. ئه‌وه بۆ ئیمێلهكهتی ده‌نێرم. خۆزگه له‌و دانیشتنه‌ی 18/1/2017، كه نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ و تۆ و من له یانه‌ی (سیپان دوو) له هه‌ولێر دانیشتین ئه‌و پرسیارمه‌م بهێنابووایه گۆڕێ، ئایا ئه‌م شیعرانه بۆ نه‌كه‌وتوونه‌ته ناو كۆشیعرهكهتهوه، كه شیعری جوانیشن. به‌دڵنیاییه‌كی ڕوونه‌وه له ته‌واوی ئه‌م شیعرانه‌ی له كۆشیعرهكهتدان جوانترن. له ژیانی شاعیری داهێنه‌ردا ئامانجێك هه‌یه و هه‌میشه به دوایدا ده‌چێت و به چیادا هه‌ڵده‌گه‌ڕێ. له پێناو گه‌یشتن به لووتكه‌دا نا، له پێناو به‌رده‌وام كۆششكردن و بنیادنانی كه‌سایه‌تیی ئه‌ده‌بی و به‌سه‌ر خۆداكرانهوه.
ئه‌م شێوازه‌ی (شته ئاسایییه‌كان و شته نا ئاسایییه‌كان) بۆ ساڵی 1995 له ئه‌زموونی تۆدا خۆگۆڕینێكه و شتێكی تر هاتووه‌ته ناو دنیاكهتهوه. واته: شتێك له به‌هره‌ی تۆدا ڕووی داوه. گونجاندنێكی ئه‌فسوونیت له نێوان ئه‌م دژانه به‌كار هێناوه، كه ته‌نیا ناوت بردوون و له ناوهكهشدا ئیحات داوه. واته: وشه‌كه‌ت له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه گه‌رم و هه‌ستیار كردووه و هه‌وڵت داوه له وشه‌دا ئیحا بدرێت و وشه‌كه‌ش وه‌ك ڕسته‌یه‌كی شیعری خۆی پێشكێش بكات، كارایی شاعیرێكه بنیادی توانای ئه‌ده‌بی ناوه و وشه‌كه به‌رز ده‌كاته‌وه تا ئاستی خۆدركاندن و بژاركردن بۆ هه‌ڵبژاردن و پڕ ئیحاكردنی.
ئه‌م كۆشیعره‌ت بریتییه له بنیادی گه‌ڕان به‌دوای نیشتیمانێكی دیارنه‌ماو، یان هه‌ستێكی سه‌رگه‌ردان و بزربوو تێیدا. تۆ و عه‌بدۆڵڵا په‌شێو به‌شێكی زۆری شیعرهكانتان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات نووسیوه، پێچه‌وانه‌ی ئه‌زموونی تۆ، ئه‌و بنیادی نیشتیمانێك دیار ده‌كات و هه‌ستی تێدا ده‌جۆشێنێت. شوناس له ئه‌زموونی هه‌ردووكتان هاوبه‌ش نییه. هی تۆ گه‌ڕانه به‌دوای شوناسی هه‌ستی و هی ئه‌و پێشكێشكردنی شوناسی به‌ڵگه‌ییی. هه‌ست له گه‌ڕان به‌دوای شوناسدا به‌هێزتره له شوناس پێشكێشكردن. هه‌ردووكیان گوزارشت له مانای بوون ده‌كه‌ن و خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌كه‌ن. یه‌ك بوونێكی هه‌ستی و ئه‌وی تر بوونێكی به‌ڵگه‌یی.
كۆشیعری یه‌كه‌مت: (سه‌مای به‌فری ئێواران – 1979). دوو تایبه‌تمه‌ندیی گرینگی تێدایه:
یه‌كه‌م: له‌م كۆشیعره‌دا په‌خشانه شیعری كوردی ته‌واو ده‌رده‌كه‌وێت. پێشتر وه‌ك تاڵهتیشك هه‌بووه، به‌ڵام وه‌ك ده‌ركه‌وتن ئه‌م كۆشیعره ده‌ستپێكه. دواتر شیعری: ( هاتیت – ی محه‌مه‌د موكری – گۆڤاری به‌یان، ژماره (59) 1980 و سووتانی ڕه‌نگه‌كان – ی دڵشاد عه‌بدوڵڵا – گۆڤاری به‌یان، ژماره (95) 1984) تیشكی زیاد و به‌هێزتریان خسته سه‌ر په‌خشانه شیعری كوردی.
دووه‌م: یه‌كه‌م كۆشیعری نه‌وه‌ی ئێوه‌یه ته‌واو له كه‌شوهه‌وای شاعیرانی پێشه خۆیان چووبێته ده‌ره‌وه و قه‌ڵه‌مبازێك بێت بۆ خۆجیاكردنه‌وه و نوێبه‌خشییه‌كی تر، له‌م كۆشیعره‌دا، شیعری كوردی پرسیاری قووڵتر له خۆی ده‌كات.
ژیان پڕ به‌هره‌یه، ده‌توانیت به‌هره له به‌هره‌كانی ژیان وه‌رگریت به سوودوه‌رگرتن له تواناییه‌كانت بیكه‌یت به پاڵپشت و نیشانه‌ی كاركردنی به‌رپرسیارێتی و قوربانیدان، ئه‌م توانینه هێزێكی پێگه‌یشتووی پێویسته بۆ پڕ ئیحاكردنی وشه‌ی به‌رپرسیارێتی و قوربانیدان. ده‌ست به داهێنانه جوانه‌كانمانه‌وه ده‌گرم و وه‌ك نموونه‌ی باڵا ده‌یانهێڵمه‌وه و ده‌یانهێنمه‌وه به‌رچاوی نه‌وه‌ی نوێ و خوێنه‌ری نموونه‌یی. قه‌ت ناتوانم پشت له جوانییه ڕاسته‌قینه‌كان بكه‌م. ئه‌زموونی تۆ له‌ناو شیعری هاوچه‌رخی كوردیدا جوانییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه و هانی داوم و هاوكاریی كردووم بۆ جۆش و گه‌ڕانی بێسره‌وت و خۆشه‌ویستیی زیاترم بۆ شیعر و خۆلادان له زمان و فۆرمی باو.
كاكه جه‌لال شیعرم یه‌كجار خۆش ده‌وێت، چونكه خودی خۆمه. تا ڕاده‌ی توانه‌وه له‌ناویدا تواومه‌ته‌وه، به‌ڵام به ده‌ستی ئه‌وانه‌ی هونه‌ری نووسین نازانن و قسهوقسهڵۆكهكانیانهوه ئازاری زۆرم تێیدا چه‌شت و سته‌میان لێ كردووم و به‌ده‌ستیانه‌وه ماندوو بووم و ماندووم. ئێمه ئازاری زۆری ئه‌وانه ده‌ده‌ین، كه داهێنه‌ران. له‌و مه‌یله ناقوڵایه‌وه چه‌ندان به‌هره و خولیا تێكده‌شكێن، به‌ڵام من وه‌ك بڕوادارێك بڕوام به تۆڵه‌ی خودایی هه‌یه، كه خودا پارێزه‌ری هه‌موومانه. ئه‌وه‌ی چاكه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووم، له‌به‌ر چاومه. ئه‌وه‌ی خراپه‌شی له‌گه‌ڵدا كردووم. له‌بیری ناكه‌م، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌م له خۆمی دوور بخه‌مه‌وه. به‌رانبه‌ر شیعر چاوه‌كانم كردوونه‌وه و ئه‌ویش سه‌یری من ده‌كات.
له 4/1/1983 تازه چه‌ند شیعرێكی سه‌ره‌تاییم له ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا بڵاو كرابوونه‌وه. له ده‌فته‌رێكی به‌رگ ئاسمانی‌دا به دڵوداو نووسیبوومنه‌وه. ناوم نابوو : (قووڵایییه‌كانی ئا و نا: ئا = مردن، نا = ژیان). پێشانی یه‌ك له شاعیره بهئهزموونهكانی شاره‌كه‌م، مه‌دحه‌ت بێخه‌وم دا. به جۆرێك ستایشی شیعره‌كانی كرد، هه‌ر هێنده‌م مابوو خۆم لێ بگۆڕێت و خۆم به پاشای بێ تاج بزانم. ناونیشانی ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردیم وه‌رگرت و چوومه به‌غدا. له گه‌راج ته‌كسییه‌كم بۆ ناونیشانی وه‌رگیراو گرت و یارمه‌تیم له پرسگه وه‌رگرت و به‌ژوور كه‌وتم. له مه‌مه‌ڕه‌كه‌دا ڕووبه‌ڕووی پیاوێكی باڵا به‌رز بوومه‌وه، به كه‌م ئه‌زموونی و ساده و ساكاریی خۆم گوتم: ( من شاعیرم و له هه‌ولێره‌وه هاتووم و دیوانم هه‌یه ده‌مه‌وێ چاپی بكه‌م). ئه‌میش به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بایه‌خم پێ بدا و قسه‌یه‌كم له‌گه‌ڵدا بكات، چه‌ند هه‌نگاوێك له من دووركه‌وته‌وه و سه‌ری به ژوورێكدا گرت، به ده‌نگێكی ته‌وساوی و گاڵته‌ئامێزه‌وه، گوتی: (مه‌حموو، مه‌حموو ئه‌و گه‌نجه هه‌ولێرییه هاتووه و ده‌ڵێ شاعیرم و دیوانم هه‌یه). جا نازانم له هه‌ڵزه‌قینه‌وه‌ی گاڵته‌ئامێزی ئه‌و پیاوه بوو، یان هه‌ر خۆی مێوان دۆست بوو. منی زۆر به گه‌رموگوڕی وه‌رگرت و له ژووره‌كه‌ی خۆی داینام و چایه‌كیشی به ده‌ستی خۆی بۆ هێنام. ده‌فته‌ره‌كه‌ی لێ وه‌رگرتم، لێره و له‌وێ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی خوێنده‌وه و گوتی: (ئه‌مانه شیعر نین، ئه‌مانه سۆزن، بڕۆره‌وه ماڵی خۆت و بخوێنه‌وه، تا هه‌ست نه‌كه‌یت شیعر پێویستی به تۆیه بینووسیت مه‌ینووسه، كه هه‌ستت كرد پێویستی پێت هه‌یه بینووسیت بینووسه). دوای تاوێ بێده‌نگی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له شه‌ڕدا بێ دووباره گوتییه‌وه: (وه‌ك گه‌نجێك ئه‌گه‌ر داهێنه‌ر بووی، هه‌رچی یارمه‌تییه‌ك پێویست بوو، ده‌تده‌م. ئه‌گه‌ر داهێنه‌ریش نه‌بووی، یه‌ك دوو بڵمه بڵمی كرد، زانیم ناڕه‌زایی بوو، به‌ڵام به ئاڵۆزی گوتی نه‌یهێشت من تێیگه‌م). ته‌نیا به ناونیشانه‌كه‌ی گوت جوانه و زۆریش پێی كاریگه‌ر بوو.
منیش به‌دڵی شكاوه و بێ ماڵئاوایی له ژووره‌كه‌ی چوومه ده‌ره‌وه‌ی. له ده‌رگاوه دووباره ته‌كسیه‌كی ترم گرت و یه‌كسه‌ر بۆ گه‌راج. له ڕێگادا، هه‌ر له به‌غداوه تا هه‌ولێر هه‌رچی جوێنی دنیا هه‌یه به مه‌حموود زمدارم دا، نه‌ك هه‌ر خۆی تا هه‌ژده پشتیشی. ئێستاش دهفتهرهكهمم پاراستووه. هه‌ر چه‌ند جارێك ته‌ماشای ده‌كه‌م. ئه‌وجا ده‌زانم مه‌حموود زامدار چ یارمه‌تییه‌كی منی تازهكوورهی داوه و چ ڕاستگۆ بوو له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی نووسین. سوپاس بۆ ئه‌و به ڕه‌قییه هه‌ڵسوكه‌وت كردنه‌ی له‌گه‌ڵمدا. به ڕێگای خۆمدا ڕۆیشتم و دروود بۆ ئه‌و، دروود بۆ ڕاستگۆیی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی نووسین. قسه‌كانی به پیرۆز ده‌زانم. دوای ماوه‌یه‌ك كاره‌كه‌ی گواسته‌وه لقی هه‌ولێری ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی، به‌شی پێنجه‌می (زێوان)م پێشان دا، پێی گوتم (حه‌ڵاڵزاده)ی شیعر و شیرپاكی نوێبه‌خشی، چاك به‌سه‌ر شێواز و زماندا زاڵ بووی.
سه‌ڵاح شوان و عه‌بدوڵڵا عه‌باس كۆڕێكی شیعری‌یان له 16/2/1983 له هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕۆشنبیری جه‌ماوه‌ری له هه‌ولێر پێشكێش كرد. له كۆڕه‌كه‌دا، ئه‌وجا زانیم ئه‌و پیاوه‌ی له مه‌مه‌ڕه‌كه‌دا پرسیارم لێی كرد عه‌بدوڵڵا عه‌باس بوو، ئه‌و شاعیره‌ی پێشتر دوو كۆشیعریم. (1- سێ سه‌مفۆنیه و شه‌ش سروود. 2- تۆ له نێوان كۆچی شه‌و و ماچی ڕۆژدا)م خوێندبووه‌وه و خۆشم ویستبوو.
ئێستا خه‌ریكی ئاماده‌كردنی سه‌رجه‌م شیعره‌كانی خۆمم و ته‌نكه دهستكاریهكیشم كردوون. به‌نیازم ده‌رفه‌تێكم بۆ هه‌ڵكه‌وێت چاپیان بكه‌م. له خوێندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م شیعره‌كانمه‌وه زۆر به ڕوونی ڕووبه‌ڕووی ئه‌وه بوومه‌وه. باڵنده و په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵ و گیانه‌وه‌ر و ڕووه‌ك شانبه‌شانی مرۆڤ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌ده‌بی منن و قورسایی خۆیان داناوه و به‌بایه‌خه‌وه ده‌ركه‌وتوون و هێمای ساده‌یی جوانین. هه‌ندێك غه‌فڵه‌تی وێنه‌شم به‌دی كرد، ئه‌وانیشم چاره كردوون.
زۆربه‌ی خوێندنه‌وه و نووسینم له‌ناو دانیشتنه‌كانی ماڵ و منداڵه‌وه‌یه. نه بێزار ده‌بم، نه ده‌كه‌ومه بارێكی نائاساییه‌وه‌ش. ته‌نیا هه‌ندێ جار له ناوه‌ختدا با‌نگم ده‌كه‌ن. ئه‌رێ قاوهیهكت بۆ بكه‌ین، یان میوه‌یه‌كت بۆ بهێنین. حه‌زم له‌و بانگكردنه نییه، به‌ڵام بێزاریم به‌ڕوویانه‌وه ده‌رنه‌بڕیوه. تا هه‌ست به تووڕه‌ییم، یان دڵگرانیم بكه‌ن. ته‌نیا قه‌ڵه‌مه‌كه‌م به‌رز ده‌كه‌مه‌وه خۆیان ده‌زانن ئاماژه‌ی به‌ڵێیه.
چه‌ند ساڵێكه تووشی سێ نه‌خۆشیی درێژ خایه‌ن، شه‌كره و پاڵه‌په‌ستۆی خوێن و له‌رزه‌یه‌كی دڵ بوویمه. كاتێك میوه داده‌نێن ئه‌و میوانه‌ی بۆ نه‌خۆشیه‌كه‌م زیانیان هه‌یه داینانێن، یان له پێشه من نایخۆن. نه‌ك من حه‌زم بچیتێ و نه‌توانیشم بیخۆم. له‌و باره‌یه‌وه زۆر دڵڕاگریم ده‌كه‌ن. نزیكه‌ی 1300 لاپه‌ڕه‌یه‌ك شیعر و 700 لاپه‌ڕه‌یه‌كم له‌باره‌ی شیعره‌وه نووسیوه. له هیچیان نه‌ك په‌شیمان نیم، به‌ڵكو دوودڵیش نیم. ته‌نیا له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پاشناوه‌م نه‌ك هه‌ردوو دڵم، به‌ڵكو په‌شیمانشم. وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری باوكم بووبم. ناوی سیانیم زۆر مۆسیقییه. (سه‌باح سابیر حه‌سه‌ن). نازانم ئه‌و مه‌یله ناقۆڵایه چی بوو فریوی دام.
ئه‌و شه‌وه‌ی هه‌رسێكمان: نه‌ژاد و تۆ و من دانیشتبووین. دانیشتنێكی ئێجكار ڕۆشنبیریی بوو، هه‌رسێكمان به هێمنییه‌كی ئه‌ده‌بییه‌وه له ئه‌زموونی یه‌كتری و شیعری كوردی ده‌دواین، بۆ خۆپاراستن له‌م و له‌و نموونه‌شمان ده‌هێنایه‌وه. هیچ بارگرژییه‌ك له گفتوگۆكانمان ڕووی نه‌دا. ته‌نیا تۆ گلهییهكت له ده‌سه‌ڵات هه‌بوو، كه گه‌نده‌ڵی ناقۆڵا له به‌ڕێوه‌بردن كراوه و سته‌م و كه‌مته‌رخه‌میش له خانه‌نشینییه‌كه‌ی تۆ. ده‌سه‌ڵات وه‌ك تراژیدیایه‌ك تێكه‌ڵ به كۆمیدیا ده‌بێت.
قه‌ت خه‌م له‌و كه‌مته‌رخه‌مییه مه‌خۆ، كه به‌رانبه‌ر یه‌ك له داهێنه‌ره‌كان ڕووی داوه و قوربانی زۆریشی داوه و زیندانیش كراوه. بێ هیچ دڵ له دڵدانێك ئه‌وان سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسین و تۆش سه‌ركردیه‌كی ئه‌ده‌بیت. ئه‌وان به بڕیار بوونه‌ته سه‌ركرده. تۆش به به‌هره و سرووش. ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ده‌بی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی زۆر گرینگتره. به‌ختیار به و فیكه‌یه‌ك به ڕوویاندا بكێشه. شاعیرم دیوه له ئاست به‌رپرسی پله پازده‌دا لێوی ته‌ته‌ڵه‌ی كردووه. ئه‌مانه نه‌ك ناتوانن بێگه‌رد و خاوه‌ن خۆبوونی خۆیان بن، به‌ڵكو ناتوانن له‌ناو پانتۆڵه‌كه‌ی خۆشیاندا تڕێكی به ئیسراحه‌ت بكه‌ن و ته‌ماشای ده‌وروبه‌ری خۆیان نه‌كه‌ن.
كوردستان وڵاتێكی ژیان گرانه، نه‌ك هه‌ر له ڕووی ئابوورییه‌وه، به‌ڵكو له ڕووی قسهوقسوڵۆكی نامه‌ردانه‌وه‌ش، جۆره ژیانێكی سۆفیانه‌م بۆ خۆم هه‌ڵبژاردووه و له ده‌وروبه‌ر دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه. خۆم كردووه به ناوه‌ندێك هه‌میشه بۆ ئه‌و ناوه‌نده ده‌گه‌ڕێمه‌وه و به‌رده‌وامیش له جووڵه‌ی ڕۆحیدام و لهَگهڵ خۆمدا كار ده‌كه‌م. واته: له‌گه‌ڵ نووسین و خوێندنه‌وه و خودادا، نه ته‌ورات، نه ئینجیل، نه قورئان نه‌یانتوانیوه خودا بۆ بوونه‌وه‌ر ئیكتیشاف بكه‌ن. هه‌میشه‌ش ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه خولیام گه‌رم و هه‌ستیار ده‌كات، هه‌موو داهێنه‌رێك وه‌ك كۆلاره هه‌ڵده‌ده‌مه ئاسمان تا له ئه‌سێره‌كان نزیك ببنه‌وه، داهێنه‌ر ئه‌گه‌ر بێگه‌رد و خاوه‌ن خۆبوونی خۆی بوو، نه‌ببووه پێخوستی ده‌سه‌ڵات، ده‌توانێت ببێته ئه‌ستێره.
له‌م ڕۆژانه‌دا: (دڵشاد عه‌بدۆڵڵا) له ژماره (3)ی گۆڤاری (باران)دا شیعرێكی پڕاوپڕی بڵاو كردووه‌ته‌وه و خۆگۆڕینێكه له خۆی، ورده‌كاریی گه‌رم و هه‌ستیاری تێدا به‌كار هێناوه، دڵم پێی خۆش بوو. حه‌زده‌كه‌م تۆش هه‌وڵ ده‌ی بیبینی و له‌و بڕوایه‌دام وه‌ك نموونه‌یه‌كی باش دڵت پێی خۆش ده‌بێت.
هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا هه‌لێك وه‌رده‌گرم و قسه‌یه‌ك ده‌كه‌م: هیچ وشه و ده‌سته‌واژه و دانهپهیڤێك ناسوێ و له سوانیدا بێزراو نابێت. ده‌بێ ڕوانینێكی تر بۆ ئه‌م بۆچوونه به‌رهه‌م بهێندرێته‌وه. سوان و نه‌سوان له هێزی به‌كاربردنیدا ده‌رده‌كه‌وێت. دڵشاد ناونیشانێكی یه‌كجار سواوی بۆ شیعره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه: (گۆرانییه‌ك بۆ باوكم)، كه چه‌ندان ساڵه ترپه و ئاوازی ئه‌م ناونیشانانه دووباره ده‌بێته‌وه. تا ئاستی سوانێكی بێزاركه‌ر، به‌ڵام ناونیشان له‌م شیعره‌دا هێزێكی ئه‌فسووناوی لهبابهتهوه وه‌رگرتووه و كردوویه‌تی به خوێ و ڕۆنی نانێكی تر و له هه‌موو سوانێك ده‌ربازی كردووه، ده‌ڵێی یه‌كه‌م جاره ئه‌م ڕسته‌یه ده‌بیندرێت و گیرۆده‌ی ئه‌فسوونی خۆیت ده‌كات، شاعیری دۆخگۆڕ هێز ده‌داته وشه و ئه‌فسوون له په‌یوه‌ندی نێوان وشه‌كان په‌یدا ده‌كات
كاكه جه‌لال: ساڵی 1985، كه كۆشیعری: (گه‌رم نه‌بوونه‌وه)ت چاپ كرد. هه‌ڵه‌ی چاپی تێدابوو، داوات له من و فه‌یسه‌ڵ دیهاتی كرد یارمه‌تیت بده‌ین و هه‌ڵه‌كان له‌سه‌ر كتێبه‌كه ڕاست بكه‌ینه‌وه، ئه‌وجا دابه‌شی سه‌ر كتێبخانه‌كانی بكه‌ی. به سێ دانیشتن به هه‌موو كتێبه‌كاندا هاتینه‌وه و هه‌ڵه‌كانمان به‌قه‌ڵه‌م ڕاست كرده‌وه. ئه‌و كات (ئێوار) منداڵێكی بچووك بوو، وه‌ك كه‌روێشكێكی خرپن له‌ناومان ده‌هات و ده‌چوو. خودی تۆیه، ئومێدم ئه‌وه‌یه به قووڵی پێبگات و له هه‌موو ته‌مه‌نی لهڕووناكیدا ئۆقره بگرێت و وزه‌ی پێ بدات. وا به‌ره‌به‌یانه. خه‌ریكه نامه‌كه ئیمزا ده‌كه‌م و به‌سه‌ر دڵمدا دێمه‌وه، گه‌رمایی ئه‌و ئاگرم پێ ده‌گات، كه داهێنه‌ریی تێدا ده‌سووتێت. قاوه‌م خستووه‌ته سه‌ر ئاگر، كتێبی سۆفیگه‌رێتی نیكۆس كازانتزاكیس، كه جه‌لیل كاكه‌وه‌یس وه‌ریگێڕاوه داده‌نێم. بۆ جاری دووه‌م ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی بكه‌م. ئای ئه‌فسوونی ئه‌و كتێبانه چه‌ند بكوژن. ئاگاشت له خۆت نییه ناچارت ده‌كه‌ن دوو جار و سێ جار بیانخوێنیته‌وه، یان ده‌بنه كتێبی هه‌موو ته‌مه‌ن. ته‌نیا ئه‌و كتێبانه‌ن ده‌توانن وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دڵ بده‌نه‌وه و به‌سه‌ر دڵیشماندا بێنه‌وه.
19/4/2017 هه‌ولێر