سیاسه‌ت و ناسیاسه‌ت له به‌رانبه‌ر ڕۆشنبیردا … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
– ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت له بواری كار و جوڵه‌ی خۆیدا شكست بێنێ، به‌شی هه‌ره زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی كولتووره.
– ئه‌گه‌ر ئابووری له بواری مامه‌ڵه و دانوستانی خۆیدا داڕمێ و هه‌ره‌س بێنێ، به‌شی هه‌ره زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی كولتووره.
– ئه‌گه‌ر دین له فه‌زای هه‌ڵسووڕان و كایه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆیدا زیاد یا كه‌م بێنێ، به‌شی هه‌ره زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی كولتووره.
– ئه‌گه‌ر هاڕمۆنیه‌ت و نه‌زمی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگه شێوانی تێبكه‌وێ و له‌سه‌ر ئاوازێكی سیمفۆنیك نه‌بێ، به‌شی هه‌ره زۆری ئۆباڵه‌كه‌ی له ئه‌ستۆی كولتووره.
– ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده نه‌یتوانی له ده‌رچه‌ی كرده‌كانی خۆیدا كه‌سێكی هوشیار به خۆی و به كۆمه‌ڵگه و به نه‌ته‌وه و به دنیا و به……..تاد به‌رهه‌م بێنێ، ئۆباڵی هه‌ره زۆری له ئه‌ستۆی كولتووره.
– ئه‌گه‌ر هونه‌ر و وه‌رزش و ئه‌ده‌ب و ……… نه‌یانتوانی له بازاڕی نێوخۆی كورده‌واریدا ڕه‌واج بۆ خۆیان په‌یدا كه‌ن و نه‌شتوانن بپه‌ڕنه‌وه ئه‌ودیو سنووره‌كانی خۆیان و له بازاڕی نێو نه‌ته‌وه‌ییدا ببنه ده‌نگ و ڕه‌نگ، دیسان ئۆباڵی هه‌ره زۆری له ئه‌ستۆی كولتووره.
كولتوور بۆ هه‌ر ده‌سته و تاقم و كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌یه‌ك مه‌رجی بوون و هه‌ڵبڕینی ده‌نگی سه‌لماندنی بوونێكی ئینسانی دیاریكراوه. كێشه‌كانی ئێمه هه‌ر له بنچینه‌وه له نێو كولتوورماندا ڕیشه‌یان هه‌یه و هه‌ر بۆیه‌ش له هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ڕیزمانكردن له ئاستی ڕه‌زامه‌ندی نه خۆمانین نه ده‌ره‌وه‌ی خۆمان.
سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی خۆی له قه‌ره‌ی كولتوور و وه‌به‌رهێنه‌رانی كولتوور كه ڕۆشنبیرانن نه‌دا و هیچ كاتێك چاره‌ی ڕۆشنبیری جیددیان نه‌ویست و فیشه‌كێك و ده‌مانچه و تفه‌نگێكیان له ڕۆحی ڕۆشنبیرێك پێ بایه‌خدار تر بوو.
سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی نه‌یتوانی كه‌سێتیه‌كی سیاسی كوردی بێنێته ئارا بۆ چه‌ند خوله‌كێك قسه له‌سه‌ر كێشه و دۆزی گه‌له‌كه‌ی بكا له‌و ئاسته‌ی به‌رانبه‌ره یار و نه‌یاره‌كانی له‌وه بگه‌یه‌نێ كه دۆزی كورد نه‌ك په‌یوه‌سته به كورد خۆیه‌وه بگره به ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌یی و جیهانیه‌وه به‌ند و په‌یوه‌سته.سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی نه‌یتوانی به‌رنامه بۆ بایه‌خی په‌روه‌رده‌ی سیاسی و شۆڕشگێڕی دابنێ و تاكی خۆی بكاته بوونه‌وه‌رێكی سیاسی هوشیار توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ به‌رانبه‌ره یار و نه‌یاره‌كانی به دۆزی خۆی سه‌رسام بكا.
سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی چه‌كی خسته پێش كتێب و قه‌ڵه‌م و هه‌رده‌م عه‌قڵ كه له‌م دوانه ده‌چۆڕێ له دوای كوته‌ك كه له تفه‌نگه‌وه نمایش ده‌بوو ده‌ڕۆیشت و ده‌هات و ئه‌مه‌ش له خۆیدا هاوكێشه‌ی عه‌قڵ و كوته‌كی به‌ره‌واژوو كردبۆوه و هه‌میشه كوته‌ك و كوته‌ك به ده‌ست هۆكاری چاره‌سه‌ر و بردنه پێشه‌وه‌ی پرسه‌كان بوون و قه‌ڵه‌م و كتێب به ده‌سته‌كان له دواوه‌ی ئه‌وان هه‌وڵی جوانكردنی ڕه‌فتار و گوفتاری ئه‌وانیان ده‌دا.
سه‌د ساڵ سیاسه‌تی كوردی له هه‌رێمێك یا به‌شێكی بچووكی كوردستاندا ماڵێكی ئارامیان چ له شاخ و چ له شار پێ ئاوا نه‌كرا و نه خۆیان و نه كوردستانیانیشیان له دڵه‌ڕاوكێی مانه‌وه و سه‌قامگیری خاترجه‌م كرد.
سیاسه‌تی كوردی جگه له دۆخێكی سایكۆلۆژی نارسیزم و كارگه‌یه‌ك بۆ هێنانه ئارای كه‌سێتی هه‌لپه‌رست و هه‌ڵلووش كه بۆ نوێنه‌رایه‌تی دۆزێكی ڕه‌وای ئاوه‌ها گه‌وره و جیهانی نه‌ده‌شیان چی‌تریان نه‌كرد.
زانست هه‌میشه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌نجام و ده‌ركه‌وته‌ی هۆكاره‌كان ده‌كات و ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌نجامه خه‌مناكانه پێمان ده‌ڵێن بریتین له ڕێچكه گرتنێكی په‌رت و بڵا و شێواوی ئه‌وتۆ كه هیچمانی نه‌گه‌یانده جۆرێك له ڕازیبوون چ له ئه‌نجامی كاری خۆمان وه‌ك تاك و چ له ئه‌نجامی كار و خه‌باتی خۆمان وه‌ك جوڵانه‌وه‌ی چه‌كداری و سیاسی.
په‌رته‌وازه‌یی له سیاسه‌تی كوردی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فورموله نه‌بوونی كولتووری كوردیه له هۆشێكی ده‌سته‌جه‌معیدا كه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بوایه هه‌موو ده‌نگه‌كان بخاته سه‌ر ڕیتمێكی سیمفۆنیك به هاڕمۆنیهتهكهی هه‌م خۆی و هه‌م دنیاشی سه‌رسام كردبایه.
په‌رته‌وازه‌یی ده‌نگ و ڕه‌نگی سیاسی قالبنهگرتوو له فۆڕمێكی ناسیونالیستی مۆدێرن به درێژایی ئه‌م سه‌د ساڵه كردوونیه‌ته هه‌م گاڵته جاڕی خۆمان و هه‌میش گاڵته‌جاری ده‌ر و دراوسێ و دنیا.
سیاسه‌تی كوردی بۆ سه‌ده‌یه‌ك ده‌چێ دوژمنایه‌تی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیران ده‌كا، ڕۆشنبیره جیدیه‌كان هه‌ر به‌ته‌نها قوربانی نه‌یارانی نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆمان نه‌بوون به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له نێو خۆی فۆڕمه بێ ده‌موچاوه سیاسیه‌كه‌ی خۆشمان‌دا دژایه‌تیان كراوه و هه‌میشه سیاسه‌ت و سیاسی كورد تاوه‌كو ئه‌مڕۆ فۆبیای ڕۆشنبیریان هه‌یه و ئه‌مه‌شیان به دڵنیاییه‌وه له گرێی كێماسی زانستی و ڕۆشنبیریه‌وه بووه.
ترس له ڕۆشنبیری له نه‌ستی ئه‌واندا ڕیشه‌ی هه‌یه و هه‌ر بۆیه‌ش نه له شاخ و نه له شار ئیشیان بۆ پڕۆژه‌ی بونیادنانی كه‌سێتی كولتووری كوردی كه دواتر كه‌سێتی سیاسی كوردی و نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانی لێ درووست ده‌بێ نه‌كردووه. (ترس له ڕۆشنبیری) لای سیاسیه‌كان بازنه‌یه‌كی پارێزه‌ری له دژی ڕۆشنبیرانی جیددی به ده‌وردا كێشاون نه‌وه‌كا به ده‌نگ و ڕه‌نگیان قه‌ڵس بن و تووشی ئیشی عه‌قڵ و عه‌قلانیه‌تیان كه‌ن و بیانخه‌نه نێو پڕۆژه‌كانی بیركردنه‌وه له پێناو بونیادنانی دامه‌زراوه‌ی عه‌قلانی درووستكردنی عه‌قڵی سیاسی و ئابووری و كولتوری و دینی كوردی.
ڕۆشنبیر كه‌سێكی سیستماتیكه و سیستم به‌رهه‌م دێنێ، ئه‌وه‌ی خۆشیی له ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیری نه‌یه‌ت ئاره‌زووی سیستم ناكات و ئارهزوونهكردنی سیستمیش له نه‌ستی ناڕۆشنبیری سیاسی‌دا هێشتنه‌وه‌ی مه‌ودایه‌كی دوور و درێژه له‌گه‌ڵ عه‌قلانیه‌ت و به‌مه‌ش زۆرترین خزمه‌ت ته‌نها به (ئاید- ئه‌نباری غه‌ریزه) ی خۆی ده‌كات و منێكی فوودراوی ههوكراومان ده‌خاته پێش هه‌موو گیانی نه‌خۆشی و په‌تایه.
ڕۆشنبیره دوور بینه‌كان بۆ ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ له كاردان نیتشه وته‌نی دوای سبه‌ینێ ئه‌نجامی ئیشه‌كانیان ده‌رده‌كه‌وێ، ڕۆشنبیری زانا و وه‌به‌رهێن له‌سه‌ر كولتوور ئیشی ئه‌وه نیه هه‌ڵه‌كانی ئه‌م تایپه له سیاسیه‌كان پینهكات و هات و چوونه‌كانیان شیبكاته‌وه، ئه‌وان ئیشیان ڕێكخستنی بوونێكی سرووشتی كوردیه له فۆڕمێكی ڕێكخراوی سیستماتیكدا، بوونی به‌سته زمانی نه‌ته‌وه‌یی كوردی تا ئێستا هه‌ر له بوونه سرووشتیه‌كه‌ی نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش له ڕاستیدا هه‌ڵه‌ی ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی كوردایه‌تیه و هه‌ر بۆیه‌ش عه‌قڵی ڕۆشنبیر ده‌توانێ ئه‌م ڕۆحه زیندووه چالاكه كه عه‌قلانیه‌ت و هۆشه بخاته جه‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌وه و له وه‌همه خه‌ته‌رناكه‌كانی پاڵه‌وانبازی و شۆڕشگێڕی ده‌ربازی بكا.
ئه‌م هه‌ڵه سیاسیانه‌ی ئه‌مڕۆ ڕوویانداوه تازه نین كاره‌كته‌ره سهبهبكارهكانیان په‌روه‌رده‌ی كه‌ڵچه‌رێكی كاڵی ئیش له‌سه‌ر نه‌كراون، په‌روه‌رده‌ی دۆخێكی ناسیاسی ڕێك نه‌خراون، هه‌ر بۆیه هه‌ڵه‌كان به دوا یه‌كدا و له دیمه‌نی جیاجیادا ده‌رده‌كه‌ونه‌وه و ده‌بن به شۆك بۆ ئه‌وانه‌ی یادگه‌یان ڕووداوه‌كانی دوێنێیان نه‌پاراستووه.