دەقی شعری… کانیاوێک پەیڤی وشک.. موراد عەلی
وشەکان لە ناخم ھەڵدێن
خۆیان بە دووکەڵ دەفرۆشن
پەنجەکانم لە جەستەم ڕادەکەن و
لەسەر ملی « با» ڕادەکشێن
ھەموویان بە ڕابردووم دەگۆڕێتەوە ئەویش
کە ڕابردووشم دەگات بە ژوانت، دەمرێت.
٭٭٭٭
دەمگوت: شاعیرانە ژیان، تەنێ بۆ باڵندەکان دەلوێ
بۆچی بریندارت کردم؟
٭٭٭٭
ئارەزووم بوو ببم بە قەرەج
فاڵم بۆ کەسیش نەدەگرتەوە
تەنیا تۆ نەبی!
لەوەشدا درۆم دەکرد…
ھەموو شتێکی خۆمم
بە چارەنووسی خۆت بۆ باس دەکردی.
٭٭٭٭
ئێستا خەریکی تۆڵەکردنەوەم
تۆڵە لەو کاتانە دەکەمەوە
لە خۆمم خیانەت دەکرد
لەگەڵ تۆدا
ھێندەشم بەسە کە لەگەڵ خۆمدا
لەتۆ خیانەت بـکەم.
٭٭٭٭
زووتر دێمە ماڵەوە شەوانی ئێستا
هەمووان پێیان وایە گۆڕاوم
ژیرترم لە جاران
نامەوێ بڵێم:
گیرفانم بەشی شەوی ئەم وێرانە سەرمایەدارییە ناکات!
٭٭٭٭
شەوە،
درەختەکان پـشوویانە و
ئاسمانیش تەنگەنەفەس
چارەسەری ھەموو ئەوانە لای تۆیە
وەرە بەر دەرگـا…
گەر بە قژی تەڕیشەوە بیت!
نوسینی: موراد عەلی