
هەڵبژاردنی سوریا.. عوسمانی حاجی مارف
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل لە سوریا، دواخستنی هەڵبژاردنی ئەندامانی سێ پارێزگای سوریای ڕاگەیاند، لەوانە سوەیدا و ڕەقە و حەسەکە. بڕیارە لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ی ئەیلولدا هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ* بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێی گەل ئەنجام بدرێت، کە یەک لەسەر سێی ئەو ئەندامانە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان دەکرێن. ئەو ٢١٠ ئەندامە بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراون، هەڵبژاردنەکان لە چوارچێوەی ئەو ناوچانەدا بەڕێوەدەچن کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدان.
ئەو دواخستنەش لە سویدا و ڕەقە و حەسەکە بەو بیانوە ڕاگەیەندراوە کە لە ژێردەسەڵاتی دیمەشقدا نیە و گوایە ئاڵەنگاری ئەمنی هەیە، بەتایبەتی ڕەقە و حەسەکە کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە، لیژنەی باڵا بڕیاریداوە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانی پێشوودا دوابخرێت تاوەکو مەرجی گونجاو و کەشێکی سەلامەت بۆ پرۆسەکە لەبەردەستدا دەبێت. لەهەمانکاتدا دەڵێن کورسیە تەرخانکراوەکانیش دەمێنێتەوە تا ئەوکاتەی هەڵبژاردن لەو شوێنانە بەڕێوەدەچێت!.
بەگوێرەی ڕێنماییەکانی هەڵبژاردن، پێویستە ئەندامێکی دەستەی هەڵبژاردن لە دوای ساڵی ٢٠١١ خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری یان ئەنجوومەنی گەل کاندید نەکردبێت، مەگەر سەلمێندرابێت کە هەڵاتووە، هەروەها نابێت لایەنگری ڕژێمی پێشوو یان ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان بێت!
هۆکاری گرتنەبەری سیستمی ناڕاستەوخۆ لەبری دەنگدانی ڕاستەوخۆ، گوایە لەبەرئەوەیە زۆرێک لە خەڵکی سوریا، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سوریا، بەهۆی ئاوارەبوون و وێرانکاری و سووتاندنی تۆمارە مەدەنیەکان لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە، خاوەنی کارتی ناسنامە نین، ئەمەش وایکردووە میکانیزمێک دابڕێژن کە ڕێگە بە ئەنجومەنی گەل بدات سیستمەکە بکات بە ناڕاستەوخۆ.
گومان هەیە کە ئەو ١٤٠ ئەندامەی پەرلەمان کە ماونەتەوە ڕاستەوخۆ هەڵنەبژێردرێن، بەڵکو لەلایەن ئۆرگانەکانی هەڵبژاردنی ناوخۆییەوە دەستنیشان دەکرێن. لەڕاستیدا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ لە ئێستاوە جێگەی پرسیارە، بە لەبەرچاوگرتنی لاوازیە بەرچاوەکانی دۆخی سوریا، ئەحمەد شەرع پابەندە بە وادەی هەڵبژاردن، سەرەڕای توندوتیژیەکانی ئەم دواییەی ناوچەی دروز، تاوەها نیشاندات کە سوریا بەرەو دۆخێکی ئارام هەنگاو دەنێت.هەروەها شەرع لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە، بەهۆی توندوتیژیەکانی ئەم دواییەوە، حکومەتەکەی متمانەیەکی زۆری لەدەستداوە، شەرع دەیەوێت ئەو متمانەیە بەدەست بهێنێتەوە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە، هەڵبەتە تەواوی هێزە میلیشیاکان لە دنیادا دەیانەوێت ئەوە نیشان بدەن کە پەرلەمانیان هەیە!.
گومانی تیا نیە کە هەڵبژاردنەکان شاهیدی بەشداریەکی شەفاف و دادپەروەرانەی گروپە نەتەوەیی و ئایینیە جۆراوجۆرەکانی سووریا نابێت، جۆری مامەڵەی سیستمی هەڵبژاردنەکە و باڵادەستی شەرع و نەبوونی متمانە بە حکومەت و نەبوونی متمانە بە تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن ڕێگری لەم کارە دەکات، لەهەمانکاتدا ڕەنگە لەداهاتودا نەک دواخستنی هەڵبژاردن لەو ناوچانەدا، بەڵکو دواتر ڕێگری تەواو بکات لە بەشداریکردنی خەڵکی ئەو ناوچانە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناخۆوە.
ئەم دواخستنەی هەڵبژاردن لە سویدا و رەقە و حەسەکە تەریککردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەم هەڵبژاردنەدا، مایەی نیگەرانی وتوڕەیی دانیشتوانەکە و لایەنە سیاسیەکانیەتی، هەربۆیە هەسەدە بەئاشکرا بەیانیکردووە کە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە نادیموکراسی وەسف دەکات، چونکە ڕێگری دەکات لە خۆکاندیدکردن بۆ پۆست و بەشداریکردن لە دەنگدان، داواش دەکات دان بە هەڵبژاردنەکاندا نەنرێت.
لە بەیاننامەیەکدا، گروپە سیاسیە کوردەکانی سوریا ڕەخنەیان لە میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی نوێی ئینتقالی گرت و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو میکانیزمە نادیموکراسیە، چونکە لە خۆکاندیدکردن و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکان بێبەشیان دەکات. ئەم مامەڵەیەی شەرع مشتومڕێکی بەرفراوانی لەسەر ئایندەی پڕۆسەی سیاسی لە سوریا دروستکردوە ، کە ئەم جۆرە لە هەڵبژاردن نوێنەرایەتی هەنگاوێکە بەرەو قوڵبونەوەی قەیران و زیاتر دابەشبونی سوریا .
ئەم بڕیارە کەمتر پەیوەندی بە ئاسایشەوە هەیە وەک لە فەرمانێکی سەرۆکایەتی کە ڕێگری لە کاندیدکردنی کەسایەتی کورد، دروز، یان عەلەوی دەکات کە پێشتر هەڵوێستیان ڕاگەیاندووە و داوای جیابوونەوە و دابەشکردنی سوریایان کردوە. ئامانج، ڕێگریکردنە لە کەسایەتیە دیارەکانی سویدا و حەسەکە تا نەبنە ئەندامی ئەنجومەنی گەل.
ئەم جۆرە لە هەنگاونان بۆ هەڵبژاردن نەک هیچ پەیوەندیەکی بە دیموکراسی و جێگیری سیاسیەوە نیە، بەڵکو هەوڵی ئەحمەد شەرعە وەک هێزێکی میلیشیا و داعشی و ئەوپەری کۆنەپەرست و دڕندە، بازاڕی دیموکراتیەت دەفرۆشێتەوە، بەم شێوەیە دەیەوێت کۆنترۆڵی تەواوی سوریا بکات، ئەم هەنگاوەی شەرع نەک بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە دەورو ئیرادەی گەلی سوریا ناکات، بەڵکو وەستانەوەیە لەبەرامبەر ئیرادەی خەڵک و هەر لایەنێکدا کە هەڕەشەو مەترسی بێت بۆ دەسەڵاتەکەی. لەهەمانکاتدا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمکاتەدا لە سوریا و بە بەرنامەڕێژی شەرع، گومانی تیانیە واتای دەرکردن و دورخستنەوەی نزیکەی نیوەی خەڵکی سوریایە لەم پرۆسەیە و بێئیرادەکردنی دەوردەخالەتی خەڵکە لە دیاریکردنی ئایندەی سوریا، جا چ لەڕێگەی ئاوارەبونی زۆرەملێ یان لە ڕێگەی سیاسەتی سیستماتیکەوە بێت، بە ئامانجی ڕێگریکردنە لە بەشداریکردنی پێکهاتەکان و هێز ولایەنەکان لە داڕشتنی داهاتووی حکومرانی لە سوریا، هەروەها هەنگاوێکە بۆ جێکەوتنی دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق بە باڵادەستی شەرع.
ئەگەرچی بەیاننامە دەستوریەکەیان سەرەڕای ئەوەی بنەمای “جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان”ی تێدابوو، بەڵام دەسەڵاتێکی نزیک بەڕەهای بەخشی بە یاسای شەریعەت، لە پێکهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریدا، ئەمەش نیگەرانی و ڕەخنەی، لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پێکهاتەکانی سوریاوە لێکەوتەوە، بەتایبەتی لای کوردەکان.
هەرچەندە لای دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە ئاماژە بەوەدراوە کەئیدارەی ناوچەی کوردەکان نائارامە، بەڵام کوردەکانی سوریا ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە بەئارامترین شوێن لە سوریادا وەسف دەکەن. لەهەمانکاتدا دەڵێن ئەمە پاساو هێنانەوەیە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی تەریکخستنەوە و بەشدارینەکردنی زیاتر لە پێنج ملیۆن سوری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەم هەڵبژاردنەدا.
ئیدارەی خۆسەری کورد کە پارێزگاکانی ڕەقە و حەسەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، لەلایەکی ترەوە پەیوەندیەکی ئاڵۆز و ناتەندروستیان لەگەڵ دەسەڵاتی شەرعدا هەیە. سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ١٠ی ئازاردا واژۆیان کرد بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکان، بەڵام تائێستا مەرجەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ نەکراون بەهۆی ناکۆکی نێوان هەردوولا. هەسەدە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە یەکگرتنەوەکە یەک بلۆکی سەربازی بێت لەناو وەزارەتێکی بەرگریدا، لەکاتێکدا دیمەشق بە پاڵپشتی ئەنکارا پێداگری لەسەر هەڵوەشانەوەی هێزەکانی هەسەدە دەکات.
ئەم مەرجانەی شەرع بۆ بەشدارینەکردنی دروزیەکان لە سوەیدا، ئاماژەیەکی ڕوونە بەوەی کە لەم دواییانەدا دروزەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و داوای چارەنووسی خۆیان کرد و ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵکرد، هەروەها بۆ هەسەدەش کە کۆنفرانسی کەمینەکانی لە شاری حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا سازکرد و داوای پەسەندکردنی دەستوورێکی دیموکراسیان کرد کە گەرەنتی حوکمڕانی لامەرکەزی و بەشداری کاریگەرانەی هەموو پێکهاتەکان بکات. ئەمەش دیمەشقی تووڕە کرد و وای لێکرد ئەو کۆبونەوانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بڕیار بوو لە پاریس ئەنجام بدرێت.
پرۆسەی ئەم جۆرە هەڵبژاردنە لە سوریا نەک چارەسەری دۆخێکی ئاڵۆزی پڕگێژاوی سیاسی نیە، بەڵکو سوریا بەرەو نائارامی زیاتر کێشدەکات، بەرهەمهێنانەوەی هەمان سیاسەتە کۆنەکانە بە مەترسی زیاترەوە، لەلایەکی ترەوە ئەوەی بەهەند وەرنەگیراوە لە حساباتی تەواوی لایەنەکاندا، دەورو دەخالەتی خەڵکە وەک هاووڵاتی لەتەواوی پرۆسەی سیاسیدا، بەدور لە هەر پێناسەیەکی دینی و رەگەزی و تائیفی و نەتەوەیی، یانی زیاتر باس لە دابینکرنی بەشداری پێکهاتەکانە، تا ئەوەی ناساندنی هاووڵاتی بوون بێت. بەفەرمی ناسینی هاووڵاتیبونیش مەبنایە بۆ پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر کە سوریا بتوانێت بەرەو ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی هەنگاو بنێت.
——————————————
- دەنگدانی ناڕاستەوخۆ سیستەمێکە کە تێیدا هاوڵاتیان ڕاستەوخۆ نوێنەرەکان هەڵنابژێرن، بەڵکو کۆمەڵێک دەنگدەر هەڵدەبژێرن یان دادوەر دیاری دەکەن کە لە بەرامبەردا ئەوان سەرکردە یان نوێنەرەکان هەڵدەبژێرن. بە واتایەکی تر دەنگدەران نوێنەرایەتی کۆمەڵێک هاوڵاتی دەکەن و دواتر ئەو دەنگدەرانە نوێنەرەکان یان سەرکردەکان هەڵدەبژێرن. ئەم سیستەمە جیاوازە لە مافی دەنگدانی ڕاستەوخۆ، کە تیایدا ڕاستەوخۆ دەنگ بە کاندیدەکان دەدرێت.