Skip to Content

بـووکی دەریـا – ی کورد، قوربـانیی نـائـومێدی.. بكر عويضة.. وەرگێڕانی: فازیل شـەوڕۆ

بـووکی دەریـا – ی کورد، قوربـانیی نـائـومێدی.. بكر عويضة.. وەرگێڕانی: فازیل شـەوڕۆ

Closed
by December 1, 2021 General, Opinion

“بووکی دەریا”، وەک دەزانین، زادەی خەیاڵدانی فۆلکلۆری میلـلەتانە، داستان و ئەفسانەکانی میللی پڕن لە سیمای ئەو “بووکە”. لە فەرهەنگی ئینگلیزیشدا، پێی دەگوترێ(Mermaid) . لێ، لە نێوان شەوی سێشەممە و سەحەری چوارشەممەدا، لە حەفتەی ڕابردوو، قەدەر، لە چاوەڕوانی “بووکی دەریا”یەک بوو، لە کۆشی ژیانێکی حەقیقیدا، بەڕاستی، خوێن لە نێو دەمارەکانی ئەو بووکەدا گڤەی دەهات و گۆشتی نەرم و ناسک ئێسقانەکانی داپۆشیبوو. خەونی ئەو قەدەرە ئەوەبوو، ئەو بووکە بفڕینێ و بیخاتە باوەشی دەستگیرانەکەی لە بەریتانیا. بۆ ئەو مرازە، بووک خۆی دایە دەستی بەلەمێک، کەسەوڵەکانی لەدەستی بازرگانەکانی ڕۆحی مرۆڤن بوون. خەون و خەیاڵێک، بووکی لە ئامێز گرتبوو، کە لە کەناڵی ئینگلیزی(دەریای مانش) دەپەوڕێتەوە و دەگاتە کەناری ئاسوودەیی و ئامێزی خۆشەویستەکەی! بەڵام، ئاخ! قەدەر، پێشوەخت قەڵەمی لە چارەنووسدابووە و مەرگ دەمێکە بوو، لەوێ، لەچاوەڕوانی ئەو بووکەدا بوو، مەرگێک، کە حەقە، لێ زۆر بە نامرادی نۆشکرا. بەڵام هەر ئەم (حەقە)شە کە پڕ بە دەم هاواردەکا:(ولا تُلقوا بأيديكم في التهلكة). ئێستا، کێ هەیە نهێنیی عوزری قوربانییەکانی ئەو بەلەمە نغرۆبووە بزانێ، لە پێش هەمووشیان هی ئەو “بووکە کوردە”؟ عوزری، مریەم نوری محەمەدی، (٢٤)بەهاری، کە یەکەم کەس بوو لە نێو قوربانییەکاندا ناسرایەوە؟

بەڵام، تێکڕای عوزرەکان، دەکرێ لە یەک تاکە عوزوردا چڕبکەینەوە، ئەوەیش تاریکستانی نائومێدییە، کە تێیدا هەموو چراکان خامۆشکراون، هەرچی پەیوەندیی و ئیحساسە بە ژیان و بوون، وجوودیان نەماوە! ژیان لە (هیچ) بەوەلاوە شتێکی دیکە نییە.

جا لۆژیکی ژیانی ڕۆژانەمان، پێمان دەڵێ، ئەم بێئومێدییە بەردوام بوونی هەیە، نەک هەر بۆ ئەو کەسانەی، لە دۆزەخەدا ڕادەکەن بەرەو کەنارەکانی ئەوروپا کە گۆیا بەهەشتە و نێرگزجاڕ و گولستان و باخەکانی، گەزۆ و هەنگوێنت بەسەردا دەبارێنن، بەڵکو بۆ ئەو کەسانەی کە نغرۆش نەبووین و هیوایان لێ ون بووە و بۆ سۆدرەی سەران ترووسکاییەک ڕۆناکی لەو سەری تۆنێڵەکەدا بەدی ناکەن! ئەمەش بۆ تێکڕای کۆمەڵگایەکان هەر وایە، بۆ هەموو چین و توێژەکان، بە هەژار و دەوڵەمەندەوە، هەمووان یەکسانن، لە نێو گەرداوی نامرای و بێمرازی و جیاوازیی چینایەتی و کەلتوور و پاشەگەردانیدا. بێئومێدی، هێندە بێ ڕەحمانە دەست دەنێتە بێنە قاقایان، تا نەیانخنکێنێ دەست شل ناکا.

ئەو نائومێدییەی کە قوربانییەکان ڕادەستی کارەساتەکانی بەلەمی بازرگانانی مرۆڤ فرۆش دەکا، تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە: یەکەم: وێرانکاریی لە ڕادەبەدرەی، وڵاتانی ئەو قوربانییانە. چەندە جێگەی داخە، وڵاتێکی وەکو عێراق، ئەوە چارەنووسی بێ! لە کاتێکدا، تا دوینێ لە هەرچوار ئیقلیمی دونیا بۆ نان پەیدا کردن ڕوویان تێدەکرد و بۆ ژیانی شەڕەفمەندانە ئۆقرەتیان تێدا دەگرت و لە دیوەخانی گەرم و گوڕ پێشوازیان لێدەکراو، ژن و ژنخوازی تێدا دەکرا و لەگەڵ یەکتریدا دەبوونە دۆست و ئاشنا. ئێستاش، بڕوانن، چۆن ئەو هەموو عێراقییە، لە نێو زوخم و سەهۆڵبەندانی سنوورەکانی ئۆکرانیا و ڕوسیای سپی لە ژێر دەواری شڕدا، لانەوازانە، دەتلێنەوە. ئەدی سوریا؟ ڕەنگ بێ نەوێ نوێ سەیری پێ بێ، گەر بڵێین تا شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، عەرەبەکانی درواسێ دەچوون لە دیمەشق کار و کاسبیان دەکرد، ئیمرۆ، وا پتر لە (١٠) ملیۆن سووری ئاوارە و دەربەدەری زێدی خۆیانن یان پەناهەندەی وڵاتانن. وڵاتێکی وەکو لیبیا، کە سەرچاوەی عەیش و ڕزقی چەندان ملیۆن کریکاری میسری بوو لەسەردەمی عەقید موعەمەر قەزافیدا، ئێستا ئەوانیش پەرتەوازەی وڵاتانی ئەوروپا بووین و وڵاتەکەیان بووەتە کاروانسەرای کۆچکەرانی ئەفریقیا. راستە، لیبییەکان نەبوونەتە قوربانی بازرگانەکانی ڕۆحی مرۆڤ ، بەڵام بە درێژایی ئەو (١٠) ساڵەی شەڕوشۆریش، ئەوانیش هیچ خیرو خۆشییەکیان لە خۆیان نەدیوە.

پرسیارەکە، ئەوە: هیچ چارەیەک بەدی دەکرێ؟ کەژەکە تا ئێستا هیچ روون نییە. بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە وڵاتانی ئەوروپا لە نێو خۆیاندا مشت و مڕیانە چۆن ڕووبەڕووی ئەو کارەساتە مرۆییانە ببنەوە، کە لەڕێی دەریای ناوەند یان لە ئەفریقیاوە کۆچ دەکەن. سەیرکە چۆن. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ــ بۆیرس جۆنسۆن، سەرکۆنەی سەرۆکی فەرەنسی ـ مانوێل ماکرۆن دەکات و گلەیی لە یەکتری دەکەن، گۆیا پەیوەندیی نێوانیشیان خۆشە، کە ڕییایەکی سیاسییە! بێگومان بۆ ئەوان بەرژەوەندیی خۆیان بە پلە یەکەم دێ، بەڵام بووکە جوانەمەرکی کوردی، تەنیا قوربانییەکە لە بەلەمێک کە نائومێدی لەسەر دەڕژێ. لە حیساباتی ئەو سیاسییانەدا تەنها (نائومێدییەک) بوونی هەیە کە ئەوان ئەسەفی بۆ دەخۆن و بەس!

—————————————

• ئەم بابەتە لە نووسینی ڕۆژنامەوانی فەلەستینی (بکر عويضة) کە لە ژمارەی ١٥٧٠٩ی ڕۆژنامەی شرق الاوسط ـ چوارشەممە ١/١٢/٢٠٢١، بڵاوکراوەتەوە

عروس البحر الكردية ضحية يأس

Previous
Next